ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

ئەمەی سەرەوە، ناونیشانی وتارێكی كورتی جۆرجیۆ ئاگامبێنە كە فەیلەسوفێكی چەپی ناسراوە. وتارەكە، باس لە گرنگییەكانی "نەكردن" دەكات. واتە مرۆڤ هەر خاوەنی توانای ئەنجامدان و كردن نیە، بەڵكو خاوەنی توانایەكی تریشە كە نەكردن و ئەنجامنەدانە. واتە مرۆڤ سامانێكی تری هەیە و دەبێت دەستی پێوەبگرێت كە ئەویش "توانای نەكردن"ـە. نەكردن لێرەدا بەو مانایە نایەت كە بۆ ئەبەد دانیشین بەڵكو بەو مانایە دێت "چۆن بتوانین نەكردنەكان بەكاربێنین"، چونكە ئەم سیستەمەی ئێستا بەناوی دیموكراسییەوە بەردەوام پێت دەڵێت: دەتوانیت شت بكەیت، شت ئەنجامبدەیت. ئاگامبێن لەو نوسینەدا، پێی وایە دیموكراسییەكەی ئەمڕۆ ستەمكارە كۆنەكە نیە كە نەهێڵێت شتێك بكەیت، بەڵكو ئەو ستەمكارە فێڵبازەیە هەموو كارتەكانت دەسوتێنێت و ڕێت پێدەدات "شتێك بكەیت"(هاوشێوەی سوقراتی ناو دایالۆگەكانی ئەفلاتوون كە هێندە ڕێی بە بەرامبەرەكانی دەدا قسەبكەن، تا هیچیان پێ نەدەما و دەستەپاچە دەبوون و دەكەوتن). ئاگامبێن واتەنی، ئەمڕۆ مرۆڤ لەخۆڕا و نابەرپرسیارانە دەڵێت: دەتوانم ئەم كارە بكەم. ئەم دیموكراسییە، بەو دیوەی تریشدا پێت دەڵێت ئازادیی دەربڕین هەیە و دەتوانیت هەمووشت دەرببڕیت، لەكاتێكدا بەشێك لە ئازادیی مرۆڤ لە بێدەنگی و دەرنەبڕیندایە، لە شاردنەوەدایە، لە دەستگرتندایە بە "نەوتن و پاراستنی توانای نەوتن"ـەوە. چونكە وتن چیتر لێكتێگەیشتن درووستناكات، بەڵكو بەدحاڵیبوون درووستدەكات(تا ئەو جێیەی كە ژان لۆك گۆدار فیلمەكەی ناودەنێت: ماڵاوایی لە زمان-  لەبەر ڕۆشنایی ئایدیاكەی ئاگامبێندا، دەتوانین سەرنجێك لەم قۆناغە بدەین كە بەگشتی مرۆڤی تیادەژی. قۆناغێك كە هەموان دەیانەوێت وا خۆیان دەربخەن كە دەتوانن شتێك بكەن، بەپێچەوانەی ئایدیاكەی ئاگامبێنەوە كە "دەشتوانیت شتێك نەكەیت". هەموان قسەدەكەن، ژێستی كردار دەنوێنن، بەشداری لە هەمووشتدا دەكەن، هەر ساڵێك یادێكی زیاتر دەبێتە بار بەسەر ساڵەوە و شت دەكرێت و هتد. ئەم هەڵبژاردنەی ئەمجارەش، نمونەیەكی ترە بۆ ئەو فێڵە دیموكراسییەی كە "هەموان دەتوانن شتێك بكەن!". گەر پێشتر حیزب و گرووپ و قەوارەی تر ویستبێتی شتێك بكات، ئێستا ئەم توانا/وەهمە پەڕیوەتەوە بۆ ئاستی تاكەكەسی و شەخسەكان وا خۆیان دەردەخەن كە شتێك دەكەن. چەپ لە هەمووی زیاتر تووشی ئەم فریوەی دیموكراسی بووە كە گوایا دەتوانێت لەناو ئەم سیستەمەدا شتێك بكات(یەكی ئایاری هەمووساڵێك، ئەم نمایشە كاریكاتێرییە دەبینینەوە كە جگە لە دەرخستنی شكستی چەپ هیچی تر نیە). ڕەنگە دەرسێكی بچوك كە لەم قۆناغەدا سودێكی بۆ هەمومان هەبێت، ڕستە ناودارەكەی بارتیلبی بێت. واتە ئەو كارەكتەرەی ناو چیرۆكەكەی هێرمان مێلڤێل كە لە ئۆفیسێكدا ئیشی میرزایی و نوسیاری دەكات و دەرهەق بە فەرمانی سەرۆك كارەكەی و زۆر فەرمانی تریش بەردەوام دەڵێت: «وام پێ باشترە كە نە[یكەم]». واتە نەفییەكی خوێنساردانە و تەمومژاوی...

  • 1