ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

جەلال دەباغ

مامۆستا مەلا نەجمەدین- گەورە نووسەرو رۆژنامەنووس و ئەدەب پەروەر

 

مەلا نەجمەدین کوڕی مەلاغەفور کوڕی مەلا عەلی کوڕی مەلا ئیبراهیم ساڵی ١٨٩٨ لە سلێمانی لە دایکبووەو لای باوکی زانستە ئاینییەکانی خوێندووەو، توانیویەتی تاقۆناغی ناوەندیی خوێندن تەواوبکات، بەڵام بە خوێندنەوە خۆی پێگەیاندووە.

بایەخێکی زۆری بە کەلەپوری ئەدەبی کوردی داوەو وتارو شیعرو چیرۆکی ، بەتایبەتی چیرۆکی منداڵان و بابەتی ئەدەبی و کەلەپورو مێژویی زۆری لە گۆڤارو رۆژنامە کوردییەکانی وەک زاری کرمانجی وژیان وژین وزۆریتردا  بڵاوکردۆتەوەو بەدەیان شاعیری کلاسێکی کوردی  زیندوکردۆتەوەو نمونەی شیعرەکانیانی بڵاوکردونەتەوەو لەسەر ژیان و سەربوردەیان وتاری بەنرخی نووسیوە.

مامۆستا نەجمەدین مەلا بەپەرۆشەوە هەوڵی لەناوبردنی نەخوێندەواریی داوەو بۆ ئەو مەبەستەش قوتابخانەیەکی دووژووری خۆی کردەوە بەناوی (کەشتیی نوح) ولەو رێگەیەوە پتر لە دەهەزار کوردی نەخوێندەواری فێری نووسین و خوێندنەوەکرد کە هەندێکیان لە بواری خوێندندا زۆر پێشکەوتن، بەتایبەتی لە کرێکاروپیشەگەرو شاگردو خەڵکی هەژاروزەحمەتکێش کەتوانای تەواوکردنی خوێندنیان لەقوتابخانەو پەیمانگەو کولێژەکاندا نەبوو.

مامۆستا مەلا نەجمەدین لە رۆژێکی ناخۆشی قەدەغەکردنی هاتوچۆدا لەلایەن رێژیمی دیکتاتۆری ئەو سەردەمەوە، لەناو دوکانەکەی خۆیدا، واتە لەناو (کەشتیی نوحدا) لە رۆژی ٢٣ی نیسانی ١٩٦٢دا کۆچی دواییکردو چەند رۆژێک کەس ئاگاداری نەبوو، هەر لە قوتابخانە گچکەکەیدا بەتەنیاو رەبەن دەژیا و پشیلەیەکی هەبوو ناوی نابوو جەمال، لەبرساندا بەری دەستو روومەتەکانی خواردبوو، کە چوبوونە ژوورەوەوە تەماشا دەکەن "جەمال" لەسەر مێزەکەی هەڵتروشکاوەو مامۆستاش لەسەر کورسییەکەی بە گیاندەرچوویی ماوەتەوە.

خۆی ئامۆژگاری و داوای کردبوو کە ئەگەر کۆچی دوایی کرد لەسەر بەرزترین لوتکەی چیای ئەزمەڕ بنێژرێت. بۆیە لەو رۆژگارە سەختانەدا بەشێوەیەکی کاتیی لەشار، لە گردی سەیوان نێژرابوو، تا دوای رێکەوتنەکەی ئاداری ١٩٧٠نێوان حکومەتی بەغداو شۆڕشی کورد، لە خۆپێشاندانێکی مەزنداو لە مەڕاسیمێکی شایستەدا کە منش تێیدا بەشداربووم، تەرمەکەی لەسەر بەرزترین لوتکەی چیای ئەزمەڕنێژراو وەسێتەکەی بەجێ گەیەندراو دواجار باشە کە کەشتییەکیش لەسەرمەزارەکەی دروستکراوە وەک نیشانەیەکی دیاری(قوتابخانەی کەشتیی نوح) بەرزکراوەتەوە.

رۆژێکیان لە هاوێنی ١٩٦١دا، لەسەر شەقامی کانێسکان کە بەرەو ماڵی شێخ لەتیفی حەفیدی نەمر دەچووم، یەکێک لەلاوە دەستی خستە سەرشانم کە ئاوڕمدایەوە تەماشامکرد مامۆستا نەجمەدین مەلایە، دوای چاک و چؤنی گوتم: "مامۆستا ئۆغربێ بۆکوێ دەچیت ؟ گوتی: " دەچمە ماڵی شێخ لەتیف"، ئینجا گوتی" جەلال داوایەکم هەیە، دەمەوێ لە ڕێگەی تۆوە کتێبخانەکەم بە حیزبی ئێوە، بە حیزبی شیوعی عێراق پێشکەش بکەم. لەوەڵامدا گوتم: "مامۆستا ئێمە زۆر سوپاستدەکەین و شانازی بەوهەڵوێستەتەوە دەکەین، بەڵام نەیدەیت بە ئێمە باشترە.." هێشتا قسەکەم تەواونەکردبوو پرسی بۆچی؟

گوتم: "چونکە رێگەی ئێمە سەخت وگرانەو مەکتەبەی خۆشمان بۆ پارێزگاری ناکرێت چ جای مەکتەبەیەکی گرنگی وەک ئەوەی بەڕێزت و باشتروایە بیدەیتە دەزگایەکی وەک مەکتەبەی گشتی. هەم دەتوانن پارێزگاریی بکەن و هەم خوێنەرانیش بەردەوام لێیسوودمەند دەبن، مامۆستا قانیعی شاعیریش داوایەکی  وای لێکردم بۆ مەکتەبەکەی خۆی، من هەر ئەو وەڵامەم بۆی هەبوو."ئیتر گوتی راستدەکەیت و بێدەنگبوو.

رۆژی ٢٧ی نیسانی ٢٠١٨بەسەردان چووینە سەرمەزاری ئەم رۆشنبیرە گەورەیە، لە زاڵگەی یەکەم گوتیان "سەردانی مەزاری ئەو شێخە!  قەدەغەیە بەڵام ئیوەبچن بەڵکو لەسەروتر رێگەتان بدەن.! لە سەروتر چەکدارێک لەبەردەمی زاڵگەی دووەمدا گوتی سەردانی کەشتیەکە قەدەغەیە!، بەڵام ناسنامەکەتم پیشانبدە، کەتەماشایکرد پێشمەرگەی دێرینم بەسوپاسەوە رێگەیداین و تا گەڕانەوەمان ناسنامەکەی لای خۆی گلدایەوە.

گەیشتینە سەر مەزارەکە، بەڕاستی شوێنەکەی یەکجار خۆشەو دروستکردنی ئەو کەشتییەش ئەوەندەیتر خۆشی کردووە، بەڵام بەداخەوە وەک وێرانەوایەو هیچ بایەخ بە پاکوخاوێنی ناو کەشتیەکەو دەوروپشتی نەدراوە، لەو دوودێر نووسینە پتر هیچ لەبارەی ئەو گەورە نووسەرەوە نابینیت.

پاش کەمێک، لەکاتێکدا من لەبیری ئەوەدابووم کەدەبێ وەزارەتی رۆشنبیری هەرێم و وەزارەتی شارەوانی وگەشتوگوزار لە خەوی غەفڵەتدابن و ئاگایان لەم شوێنە گرنگە نەبێ و ئەم شوێنە گەشتیارییەی سەر لوتکەی ئەزمەڕ بە شوێنی گەشتوگوزار نەزانن و لەو بیرەدا بووم،هەرلەوێ بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان مامۆستا خەلیل عەبدوڵالەگەڵ دوو برادەری پەیدابوون، کە بۆ سەردانی مەزارەکە هاتبوون، دوای یەکترناسین لەگەڵ بەڕێزیشیان پێکەوە وێنەمان لەسەر مەزاری نەجمەدین مەلاگرت.

ئەویش لە لاپەڕەی خۆیدا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەنووسێت: "بەداخەوەمەزارێکیپەڕپوتوفەرامۆشکراو،ھیوادارمبتوانینبەجوانترینشێوەنۆژەنیبکەینەوەکەلەئاستگەورەییئەوکەسایەتییەمەزنەیکوردستاندابێ"!

ڕاست دەڵێت"بەداخەوەمەزارێکیپەڕپوتوفەرامۆشکراوە"!

 بەڵام کەی ئەوکارە ئەنجامدەدرێت؟ ئەم پرسیارە لەرووی هەردو وەزارەتی (رۆشنبیری و لاوان) و (شارەوانی و گەشتوگوزار)دا قوتبۆتەوەو دەبێ بێدەنگنەبن و وەڵام بدەنەوە. لەلایەکیتریشەوە رەنگە پێویستبێ پارێزگای سلێمانیی (شاری رۆشنبیری) شتێک بڵێت؟!

یادی گەورە نووسەرو ئەدیب و رۆشنبیری کوردستان مامۆستا مەلا نەجمەدین بەرزو پیرۆزبێت!

 

 

 

 

  • 1