ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

ئەوەی پرۆسەی بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەمجارەی لەبانگەشەی هەڵبژاردنەكانی تر جیاكردەوە بریتی بوو لەوەی كە لە سەرەتادا ساردو سڕییەكی پێوە دیاری بوو، و ئەونەی لەناو تۆرە كۆمەڵایەتیەكان بانگەشە گەرم بوو هێندە بەواقعی لەناو شەقامەكان بانگەشەی لایەنەكانمان نەدەبینی بۆیە بەبەراورد بە بانگەشەكانی هەڵبژاردنەكانی پێشووتر بانگەشەی ئەم جارە لەپاڵ بوونی پێشێلكاری بەڵام توندو تیژی گەورەی بەخۆیەوە نەبینوە تاوەكو ئێستا.

بەنزیكبوونەوە لەكۆتای پرۆسەی بانگەشەی هەڵبژاردن ووردە ووردە پرۆسەی بانگەشەی هەڵبژاردن لە تۆرە كۆمەلایەتیەكانەوە بۆسەر شەقامەكان گوازرانەوە بەمەش ئەگەری رووبەرووبوونەوەی راستەوخۆی نێوان بانگەشەكارانی لایەنە جیاوازەكان هاتەئاراوە .

دەكرێت بڵین كاتێك بەرەو كۆتای هاتنی بانگەشەی هەڵبژاردن دە ڕین و رۆژ بە ڕۆژ پەیامی لایەنە سیاسیەكانیش توندتر و بەهێزتر دەبێت بەرامبەر بەیەكتری ئەمەش كاریگەری راستەوخۆی كردۆتە سەر بانگەشەكاران و دەبێتە هۆی دروستبوونی پێكهەڵپژان لە نێوان بانگەشەكارانی لایەنە سیاسیەكان .

ئەوانەی كە ئەمرۆ بەشێوەیەكی توند لەرێگەی پەیامە ئاگریەكانیانەوە دەیانەوێت زۆر ترین كاریگەری لەسەر جەماوەری پارتەكەیان و هەوەها دەنگدەرەی خۆڵەمێشی دروست بكەن بۆ ئەوەی كە دەنگیان پێبدەن بەشێوەیەكی زۆر نابەرپرسانە مامەڵەدەكەن چونكە ئەوان هێندەی لەخەمی كۆكردنەوەی دەنگندان هێندە خەمی ئەوە ناخۆن كە چی بەسەر بانگەشەكارەكانیاندا دێت و لەحاڵەتی دروست بوونی توندو تیژیدا خۆیانی لێبَبەری دەكەن و دەیخەنە ئەستۆی خەڵكی كە دوای پەیامە ئاگریەكانی ئەوان كەوتوون.

ئەوانەی ئەمرۆ بەحەماسەوە دژی یەكتری پەیامەكانیان دەگەیەنن و هەوڵی سرینەوەی لایەنەكانی تر دەدەن و پێیان وایە كە خۆیان راستن و تەواوی لایەنەكانی تر هەڵەن، بێگومان لەماوەی كە متر لە یەك مانگی ئایندەدا دەیان بینین كە بەهەمان فرۆكەی هێڵی عێراقیە بەپێكەنینەوە لە گەڵ ئەندامانی ئەو لایەنەی كە ئەمرۆ دژایەتیان دەكات گەشت دەكەن بەرەو ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق. 

پرسیارە بنەرەتیەكە لێرەدا ئەوەیە كە كۆكردنەوەی دەنگ ئەوە دەیەنێت كە خەڵكی پێچەواشە بكەیت و بیاندەی بەیەكدا؟

لە ئەزموونی پێشوەوە بینیمان ئەو ئەندام پەرلەمانانەی كە پەیامی ئاگریان بۆ هەردوو پارتی دەسەلاتدار دەنارد، لە بەغداد بوونە شەریكی یەكێتی و پارتی و چەندین جار لە ژێر ناوی پاراستنی پرسی كورد دەستیان تیكەڵی دەستەكانی كاندیدانی یەكێتی و پارتی دەكرد ئەمە لە كاتێكدا بوو كە ئەوان هەرخۆیان فێریان دەكردین كە دەبێت كۆتای بەوە بهێنرێت كە دوو پارتی سیاسی دیاری كراو كۆنترۆڵی پرسی كورد بكەن لە بەغداد.

بەداخەوە ئەو عەقڵیەتەی كە هەندێك لە سەرۆك لیستەكان و زۆریك لە كاندیدەكانی لایەنە سیاسیەكان هەیانە بەكەڵكی ئەوە نایەت كە بەهیچ شێوەیەك رێگەیان پێبدریت مومارەسەی دەسەڵات بكەن چونكە كەلتوری سرینەوەی لایەنی بەرامبەر و نەفی كردنی كلتورێكی ناشیرنە و لەگەڵ هیچ بنەمایەكی سەردەمیانەی سیاسەت كردن ناگونجێت .

لە ئەزموونی هەڵبژاردنەكانی پێشوەوە ئەوە فێر بووین كە لایەنە سیاسەیەكان چەند رۆژی بەر لە كۆتای هاتنی بانگەشەی هەڵبژاردن زۆر ترین و توندترین پەیام ئاراستەی یەكتری دەكەن ئەمەش هەمیشە رووداوی توندوتیژی و هەندێك جار كارەساتباریشی لێكەوتۆتەوە.

پێویستە خەڵكی هۆشیار بێت نەكەوێتە ژێر كاریگەری پەیامە توندەكانی لایەنەكانەوە چونكە ئەو لایەنانەی كە ئەمرۆ دژی یەكتری دەوەستنەوە سبەینێ‌ هەموویان پێكەوە دەبن بەهاوری و دۆستی نزیكی یەكتری و بەیەك فرۆكە گەشت بەرەو بەغداد دەكەن زۆر جار بەیەك سەیارەی مۆدێل بەرزیش لەناوشەقامەكانی بەغداد پیاسەیەكی ئێواران دەكەن.

 

  • 1