ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

کەناڵەکانى ڕاگەیاندن, خۆوڵاتى و جیهان, وێنەى جوانى کاندیدەکان لافتەو پەڕو پاتاڵ و کاغەزى سەوز و زەرد و شین و مۆر شەقام و کۆڵان و ساحەو ستونەکانى کارەباى ڕازاندۆتەوە. فڕکان فڕکان ئۆتومبیلى ڕازاوە بە موکەبەرەى دەنگەوە. بە هەراو هۆریاى چەند مێرد منداڵێکەوە بە خێرایەکى سەیرەوە بە شەقامەکاندا فڕکەیان دێت. بەزم و هەرایەکە کەس بەکەس نیە!!

کۆمەڵانى خەڵکى بێ لایەن. لە هەمو هەڵبژاردنەکاندا ئەم دیمەنە ئەم هەیتو هوتە ئەبینین. بەبێ ئەوەى هیچى لێ حاڵى ببن!! چونکە ئەم حزبە خاوەن لیستانە شتێکى تازەیان پێ نیە بەو خەڵکەى بڵێن. لەلایەکەوە خۆیان گێل کردوە لەو هەمو مەینەتى و دەردى سەریەى کەلەماوەى ٢٧ ساڵى ڕابوردودا بەسەر زۆرینەى خەڵکى ئەم هەرێمەیان دا هێناوە کە خاوەن دەسەڵات بوون. کورد واتەنى نەبایان دیوە نە باران!!

لەلایەکى ترەوە هیچ بەرنامەیەکى ڕۆشنیان پێ نیە سەبارەت بە چارەسەرکردنى کێشەو گرفتە سیاسى و ئابورى و کۆمەڵایەتیەکانى هەرێم. کە هەر خۆیان دروستیان کردوە!! لە هەموى سەیرو سەمەرەتر ((کەتەنها ئەمەیان سودى جەماوەرەکەى تێدایە)) بەربونەتە سەرو پۆتەڵاکى یەکترى و ئابڕوبردن و ئاوەڕوتکردن... یەک ئەوەى تر تاوان بارئەکات بە دزو تاڵانچى و گەندەڵ و ملیاردێر و پیاوى بێگانە ...هتد.

چونکە ئەگەر ئەم پڕوپاگەندەیە, ئەم دوبەرەکی و ناکۆکیە نەبوایە. خەڵکى ڕەش و ڕووت ئەم هەمو نهێنیانەى نەئەزانى؟ نەى ئەزانى هۆکارەکانى مەینەتیەکانى کامانەن و کێ لێى بەرپرسیارە؟

لەلایەکى ترەوە وەک ئەبینین ئەو خاوەن لیستانە ناوێرن جەسارەت ناکەن ڕاستەوخۆ لەکۆڕ کۆبونەوەى فراوان دا ڕوبەڕوى جەماوەرەکە ببنەوە, تا چییان لە هەگەبە کە دایە بیگەیەنن بەو خەڵکە. ئەیانەوێ چى بکەن و چۆن ؟ ئینجا بە شێوەیەکى دیموکراسیانە بوار بدەن بە خەڵکى پرسیاریان لێ بکات و مشت ومڕیان لەگەڵ بکات... چونکە وەک وتم لەلایەکەوە ناتوانن باسى لەمەو پێشى خۆیان بکەن ئاخۆ بەرهەمیان, دەسکەوتیان بۆ خەڵکى هەرێم چى بوە؟ جگە لە هەژارى و بێکارى و نەخۆشى و دەربەدەرى (خەڵکى لادێکان کۆچ ئەکەن بۆ شارەکان و خەڵکى هەردوکیشیان کۆچ ئەکەن بۆ ئەوروپا!! لەلایەکى تریشەوە هیچ چارەسەرێکیان پێ نیە بۆ ئەو کێشە و گرفتە سیاسى و ئابورى و کۆمەڵایەتیە کەڵەکە بوانەى کە ژیانى جەماوەرەکەى تاڵ کردوە.

ئەم حزب و خاوەن لیستانە کە هەوڵ ئەدەن دەنگەکان لەیەکترى زەوت بکەن!! جەماوەرەکە تەفرەبدەن!! تەنها و تەنها لەبەر ئەوەیە کە دەستیان لە کورسى دەسەڵات گیر ببێ. یان خاوەن کورسیەکانى پێشو دەسەڵاتیان لە دەست نەچێت!!

جاتۆ بڵێى ئەو خەڵکە بەش و ماف خوراوە ئەم ڕاستیانە بزانێت. هەڵوێستى ڕاست و دروستى هەبێ؟!

 

                                               

   

 

 

 

  • 1