ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

  سه‌ره‌نجام سیاسه‌ت بەهۆكارى نەبوونى كارێكتەرى دەوڵةت لە عێراق كرا به‌ كۆمیدیا و نوكته‌ و پێكه‌نین، ئه‌و سیاسه‌ته‌ی‌ جگه‌ له ‌ده‌رهاویشته‌ ئابورییه‌كانی‌ خۆی‌ و ڕه‌نگدانه‌وه‌ی‌ به‌سه‌ر ڕه‌فتاری‌ كۆمه‌ڵگه‌وه‌، له‌بری‌ به‌شداری پێكردنی‌ خه‌ڵك له‌ چاره‌سه‌ركردنی‌ دۆخی‌ سیاسی‌ و سيستم، له‌بری‌ به‌شداریكردنی‌ گشت له‌و چاكسازییه‌ و بنبڕكردنی‌ گه‌نده‌ڵی لە ئاستى لۆكاڵى‌، نه‌ك هه‌ر موفره‌ده‌ی‌ جیاوازی‌ به‌زاری‌ عه‌وام به‌رهه‌مهێنا، به‌ڵكو بوو به‌ پێكه‌نین هەم بۆ گشت و نه‌گبه‌تی‌ هەم بۆ گه‌نده‌ڵكاران، به‌مه‌ش به‌شێك له‌و ترسه‌ی‌ ڕه‌وانده‌وه‌ كه‌ ڕووبه‌ڕووی‌ ده‌سه‌ڵات و سیاسه‌تی‌ هه‌موو هێزه‌ سیاسییه‌كان ده‌بووه‌وه‌، به‌كارهێنانی‌ نوكته‌ له‌بری‌ توڕه‌بوون و له‌بری‌ ناڕه‌زایه‌تی‌ ڕاستەقينة و له‌بری‌ بیركردنه‌وه‌ له‌ ئه‌لته‌رناتیڤی‌ سیاسی بۆ عێراقى بوون يان كوردستانى بوون‌، پێكه‌نین جێگه‌ی‌ به‌هه‌موو شتێك گرته‌وه‌ كه‌ سیاسه‌ت ترسی‌ لێنیشت بوو نەگۆڕێت، له‌به‌رامبه‌ریشدا نه‌هاتی‌ بۆ خواپێداوانی‌ مشه‌خۆر، بەڵام سياسەت ئەمجارەيان لەسايەى سيستمى نوێ و هاتنى شێوازێكى نوێ، دابڕانێكى ديكەى بەخۆيەوە بينى، ئەويش پێکەنینە بە سیاسەت.

 هه‌ڵخه‌ڵه‌تان و فرێودانی‌ خه‌ڵك له‌لایه‌ن میدیاوه‌، كه‌ره‌سته‌یه‌كی‌ دیكه‌ی‌ سه‌یروسه‌مه‌ره‌ی‌ ده‌سه‌ڵات و به‌ناو ئۆپۆزسیۆنه‌، ئەمەش هۆكارەكەى  نەبوونى هۆشيارى چینایەتی و ململانێی چینایەتییە. باشترین سه‌لماندن ئه‌وه‌یه‌ كه‌ به‌رله‌وه‌ی‌ قه‌یرانه‌ سیاسییه‌كه‌ دروستبێت، گوێمان له‌هیچ جۆره‌ ناڕه‌زایه‌تییه‌ك و هیچ جۆره‌ زاراوه‌یه‌ك به‌ناوی‌ بايكوت نه‌بوو كە  دواجار بەناكامى مايەوە و منداڵان زيانيان لێكرد و ژيان دواكەوت، ئێستا كه‌ دۆخه‌كه‌ تێكه‌ڵه‌یه‌كه‌ له ‌قه‌یرانی‌ دروستكراوی‌ سیاسه‌تی‌ نێوخۆ و ئابووری‌ كه‌ له‌ ئه‌سڵدا قه‌یران نییه‌ و هەڵبذاردنيشى هاتە سەر، مەبەستەكە ئەوەيە بيانەوێ بڵێن گواستنه‌وه‌ی‌ دۆخێكی‌ ئابورییه‌ بۆ دۆخێكی‌ دیكه‌ كه‌ ڕه‌نگه‌ ناوهێنانی‌ پاره‌ تێیدا یاساغ بێت، میدیا به‌شێوه‌یه‌كی‌ ئاشكرا له‌لایه‌ن حزبه‌ سیاسییه‌كانه‌وه‌ هه‌م ئاراسته‌ ده‌كرێن دژ به‌یه‌ك و خه‌ڵك فریوده‌ده‌ن و هه‌م له‌بری‌ حزبه‌كانیش جه‌نگه‌كه‌ سارد ده‌كه‌نه‌وه‌، ئه‌مە شێوه‌یه‌كی‌ دیكه‌ی‌ نوكته‌یه‌ كه‌ میدیا قه‌یران دروست بكات و هه‌م خۆشی‌ چاره‌سه‌ری‌ بۆ بدۆزیته‌وه‌ و دواجاریش بیكات به‌ نوكته‌ له‌هه‌واڵ و ریپۆرتاژه‌كانیاندا .

داهێنانی‌ زاراوه‌ی‌ سه‌یرو سه‌مه‌ره‌ی‌ بازاڕی‌ كه‌ پێشتر له‌گه‌ڵ هاتنی‌ داعش و دوای‌ داعش، وه‌كو (ئه‌منت لێ دیاره‌، معاشه‌كه‌ت جوانه‌، روبعە مه‌عاش  و قسەى نێو فەيسبوك) و ره‌نگه‌ زاراوه‌ی‌ دیكه‌ش به‌رهه‌م بێت و هه‌روه‌ها به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ی‌ بۆ سه‌ر زاری‌ خه‌ڵك، دوو ئامانجی‌ سیاسی‌ له‌پشته‌وه‌یه‌، یه‌كه‌میان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ توڕه‌بوونی‌ خه‌ڵك به‌و هه‌ناسه‌ كۆمیدیه‌ چاره‌سه‌ر بكه‌ن، دووهه‌م ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هێزه‌ سیاسییه‌كان جارێكی‌ تر خه‌ڵك تاقی بكه‌نه‌وه‌ له‌قه‌یراندا چۆن مامه‌ڵه‌ ده‌كه‌ن، ئه‌م داهێنانه‌ گاڵته‌جاڕییه‌ له‌مێژه‌ له‌نێو ژیانی‌ سیاسی‌ كۆمه‌ڵگه‌ی‌ كوردیدا هه‌یه‌، ئه‌و وه‌خته‌ی‌ كه‌ جه‌نگی‌ نێوخۆیی‌ بوو و پاشتریش كه‌ كۆتایی‌ هات، هه‌موو نه‌هامه‌تی‌ و گرانی‌ و بێڕێزی‌ كردن به‌كه‌سایه‌تی‌ كورد و تێكچوونی‌ شیرازه‌ی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ ده‌یان و سه‌دان ماڵی‌ كورد به‌هۆی‌ دووبه‌ره‌كییه‌وه‌، به‌ چه‌ند نوكته‌یه‌ك كۆتایی‌ هات و له‌بیر خه‌ڵكیان برده‌وه‌، ئێستاش به‌كارهێنانی‌ ئه‌و زاراوانه‌ ته‌نها به‌ نوكته‌كردنی‌ سیاسه‌ته‌ له‌لای‌ خه‌ڵك و بۆ تێپەڕاندنی دۆخەکە و هیچیتر.

 ده‌ست پێكردنه‌وه‌ی‌ ناڕه‌زایه‌تییه‌كان له‌ژێر چه‌تری‌ سیاسه‌تێكی‌ دیاریكراو كە لە داهاتوودا دەردەكەوێت ئەمجارەيان چى دەگوزەرێت، جۆرێكی‌ دیكه‌ی‌ كۆمیدیای‌ سیاسییه‌، پاساو بۆ ئه‌م قسه‌یه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ یه‌كه‌م نه‌ده‌بوو خه‌ڵك ته‌نها له‌بری‌ ئه‌وه‌ی‌ مووچه‌ی‌ پینادرێ‌ ناڕازی‌ بێت، به‌ڵكو ده‌بوو له‌سه‌ر‌وه‌ختی‌ پاره‌زۆریدا رێگه‌ی‌ له‌و خراپ به‌كارهێنانه‌ ئابورییه‌ بگرتبا، دووهه‌م نه‌ده‌بوو رێگه‌ بدات هه‌میشه‌ هێزێكی‌ سیاسی‌ بۆ مه‌رام و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی‌ خۆی‌ خه‌ڵك هه‌ڵبخڕێنێ‌ و دواجار به‌ نوكته‌ كۆتایی‌ به‌ سیناریۆكان بهێنن، هه‌روه‌ك بینیمان له‌رابردوودا چۆن له‌پێناو به‌شدارییه‌كی‌ سیاسی‌ و كه‌ڵك وه‌رگرتن له‌ناڕه‌زایه‌تی‌ خه‌ڵك، پۆستیان وه‌رگرت و گفتی‌ ئارامییاندا كه‌ ئه‌مه‌ نوكته‌یه‌كی‌ سیاسی‌ بوو دواجار كه‌وته‌ سه‌ر زاری‌ خه‌ڵك، نوكته‌یه‌ك كه‌ له‌هه‌ناویدا تراژیدیای‌ هه‌ڵگرتبوو، چونكه‌ سیناریۆكه‌ به‌ خوێنی‌ به‌ناهه‌ق رژاوی‌ كۆمه‌ڵێك گه‌نج و منداڵی‌ سه‌ر شه‌قامه‌كان كۆتایی‌ هات و خه‌ڵكی‌ له‌ ئومێدێكی‌ سیاسییه‌وه‌ كردووە به‌ كائینێكی‌ نوكته‌باز.

  • 1