ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

دوای دەرەکەوتنی ئەنجامە بەراییەکانی دەنگدان، هەندێك لە هێزە سیاسیەکانی کوردستان ڕەخنەی ئەوەیان گرت کە فرت و فێڵ کراوە و ئامێرەکانی دەنگدان هاك کراوە.ئەمە لە کاتێکدا بوو بەشی زۆری قسەکەران وئەندازیارانی پڕوپاگەندەی ژووری هەڵبژاردنی ئەو حیزبانە لە یەك مانگی ڕابردوو هانی خەڵکیان دەدا کە بەشداربن لە دەنگدان وبە قسەی ئەوان " فێڵ کردن " لە تەکنەلۆژیای دەنگدانی ئەمجارە ئەستەمە ! بەڵام سەرجەم ئەو هێزانە توشی شۆك بوون نەك تەنیا بەوەی دەنگی چاوەڕوان کراویان بە دەست نەهێنا، بەڵکو بە هۆی ئەوەی زیاد لە نیوەی ڕێژەی خەڵکی عێراق (ئەوانەی کە مافی دەنگدانیان) هەیە بە کوردستانیشەوە بەشدارایان نەکردو بایکۆتیان کرد، ئەمە ئەوە دەردەخا کە " وەهمی" دیموکراسی وەکو ڕێگا چارەی ژیان لای نیوەی جەماوەر بەهای نەماوە. بەشێك لەو هێزانە گازەندەی ئەوە دەکەن کە ئامێرەکانی دەنگدان هاك کراوەو هەندێکیتر دەڵێن سندوقەکانی دەنگدان براوەتە ماڵی ئەندامانی حیزبی دیاریکراو! لێرە قسە لەسەر ڕاست و دروستی ئەم گلەییانە نییە ، بەڵکو لەوەدایە کە دیموکراسی بە گشتی و هەڵبژاردن بە تایبەتی هیچی پێماوە بۆ باشتر کردنی ژیان لە عێراق و کوردستان ؟

سیستەمی سەرمایەداری لە کۆی خۆیدا فۆرمی جیاوازی داوە بە دیموکراسی ، لە ووڵاتانی ڕۆژئاوا بە هۆی خەباتی چینایەتی فشاری مافەکانی تاك توانراوە فۆرمێك لە دیموکراسی نەك تەنیا لە شێوازی هەڵبژاردن بەڵکو لە شێوازی دەستورو یاسای سەپێنراو جیگیر بکرێ کە دەتوانێ دەستاودەست کردنی دەسەڵات لە ئارادا بێت، بێ ئەوەی دەستکاری بەدەن وپەیکەری ئابوری-سیاسی سیستەم بکرێت، واتە چینە کۆمەڵایەتیەکان هەر لە شوێنی خۆیانن، تەنیا ئەوەیە کە ئەو توێژەی نوێیە دێنە سەر دەسەڵات ئەوانەی پێش خۆیان دەنێرن بۆ ماڵەوەو ئەوان درێژە بە بزنسسەکە دەدەن.

لە وولاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دیموکراسی تەنانەت وەکو گەمەیەکی دەستاودەست کردنی دەسەڵاتیش نەیتوانیوە پەردە ڕوکەشەکانی خۆشی لە فۆرمە هەرە لاوازەکەشی جێگیربکات. خەوشەکە بەشێکی پەیوەندی بە سروشتی هێزە سیاسیەکان هەیە کە کلتورو فەلسەفەی بونیان نامۆیە بە هەر ئیدەو سیستەمێك کە بیری بهێنێتەوە کە نۆرەی تۆ تەواو! بەشەکەی تر پەیوەندی بەوە هەیە کە " دیموکراسی " نەك تەنیا لەبەر ئامێرەکانی دەنگدان بواری هاك کردنی هەیە، بەڵکو خۆی وەکو چوارچێوەیەك بۆ دیاریکردنی ڕێگای بەڕێوەبردنی کۆمەڵگەی چینایەتی سیستەمێکە لە گەڵ لە دایك بوونی هاك کراوە لە لایەن ئەو هێزە کۆمەڵایەتیانەی کە ئابوری و دەسەڵاتی سیاسی و ئیعلامی و سەربازیان بە دەستە ! بڕیار بوو دیموکراسی فلتەرێکی کراوەو ئازاد بێ لە دیاریکردنی ئەو هێزەی کە شایەنی ئەوەیە " هەژموون"ی هەبێت، بەڵام ئەوەی کە دەگوزەرێ بریتیە کە " هەژموون" پێش فلتەری دیموکراسی کەوتوەو هەر ئەم هەژموونە سنورو فۆرمی ئەو دیموکراسیەش دیاری دەکا کە کێ شایەنی ئەوەی بێتە شانۆکە!

هێزەکانی چەپ هەڵوێستی جیاوازیان هەبوو بەرامبەر ئەو هەڵبژاردنەی ئەمجارەی پەرلەمانی عێراق، هەندێکیان بەشداربوون و هەندێکیتریان بایکۆتیان کرد. لە بەهاری ١٩٩١ کە حیزبە کوردیەکان لە کڵێشەی بەرەی کوردستانی هاتنەوە نێو ژیانی سیاسی و بێ سێ ودوو لەسەر کورسی دەسەڵات دانیشتن، هیچ پرسێك یان ڕاپرسیەکی سەرتاسەریان نەکرد بۆ ئەوەی ئیزن لە خەڵکی کوردستان وەرگرن کە بەڵێ ئەوان دەبنە حاکمی تازەی کوردستان، هێزو حیزبی سیاسی کە بۆ دەسەڵات کار دەکات دەبێ ئاوابێت!

چەپیش هێشتا دەرگای مێژوویی لێ دانەخراوە، بەڵام دەبێ پشت لەو شانۆگەریەی تەمەن درێژەیە، لەو " دیموکراسیە هاك کراوە " بکات و بگەڕێتەوە سەر سروشتی خەباتی کلاسیکی مارکسی کە بریتیە لە چین و لە حیزب. گرنگە چەپ بگاتە ساغ بوونەوەیەکی سیاسی کە ناکرێ ئیترپشتگیری لە سیستەمێك بکرێ کە مکیاژی ستەمی چینایەتی پێدەکرێ و قامچیەکانی بە تەڕی دەهێڵێتەوە ! زۆرجار چەند کتێبێك و چەند ئەزمونێکی مێژویی پڕ لە وانەی تاڵ ناتوانێ یەك نامەی سیاسی بگەینێ ، بەڵام ڕەنگە ووشەیەکی پڕ لە سیحر بۆ ئەمڕۆی چەپ ووشەی " خۆجیاکردنەوە" بێت لە دۆخی باوی شانۆیەکی چەند بارەی هاك کراو.

 

 

  • 1