ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

 ئەنجامەكانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە ڕەوشی سیاسی سەرتاپای دەوڵەتی عێراق و سەرجەم ناوچەكە جیا ناكرێتەوە. ئەم هەڵبژاردنە لە كاتێكدا ئەنجام درا سادەترین پێداویستییەكانی لە ئارادا نەبوون. زیاتر لە دوو ملیون ئاوارەی ناوخۆیی شەڕِی تیرۆر كە شەڕی دژ بە داعش و شەڕی تایفەگەری دەگرێتەوە لە ئارادا بوون. چەندین شار و ناوەندی پارێزگا كە ملیۆنەها دانیشتووانی دەگرتە خۆ، لەگەڵ زەویدا تەخت كران. ئەوانەی كە مافی دەنگدانیان هەبووە بە زیاتر لە سێ تا چوار شێواز دەنگیاندا. ژێرخانی ئابووری عێراق بە تەواوی پەكی كەوتووە كە ئەمەش هەژاری و برسێتی و بێكاری لەگەڵَ خۆیدا هێناوە. پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكوومەتی ناوەند لە دۆخێكی ئێجگار خراپدایە. پەیوەندییەكانی نێوان هێزە سیاسییەكانی عێراق لەوپەڕی بارگرژیدایە. بەهەمان شێوە پەیوەندی خراپی نێوان لایەنەكانی كوردستان و دواكەوتنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و بوونی قەیرانی ئابووری بارگرژی نێوخۆیی هەرێمی كوردستانی ئاڵۆزتر كرد. دەستێوەردانی وڵاتە هەرێمایەتییەكان و وڵاتە زلهێزەكان كە هەریەك لەوانە سیناریۆی خۆیانیان دا ناوە و لەڕوانگەی بەرژەوەندی خۆیان و ململانێی نێوانیان مامەڵەیان لەگەڵ دۆخی بارگرژی عێراق و ناوچەكە دەكەن زۆر بە نەرێنی كاری كردە سەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق. لە میانەی ململانێ ناوخۆیی و دەرەكی و وەزعی ئاڵۆزی ناوچەكە كە ڕەوشی سوریا و ئاكامی هەڵبژاردنی لوبنان و خۆئامادەكردن بۆ هەڵبژاردنەكانی توركیا و هەڵوەشاندنەوەی ڕێككەوتننامەی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران لەلایەن ئەمەریكاوە و دابەزینی نرخی لیرەی توركی و تومەنی ئێرانی و ناكۆكی نێوان وڵاتانی كەنداو و ئێران و بوونی دەوڵەتی ئیسرائیل لەم هاوكێشانە، دەگرێتەوە، لە12ی ئایاردا هەلبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئەنجام درا. وڵاتە زلهیزَەكان و كۆمەڵگای نێودەوڵەتی لە جیاتی دەست لەسەر برینە سەخت و دژوارەكانی دەوڵەتی عێراق دابنێن و یارمەتی گەلانی عێَراق بۆ دۆزینەوەی چارەسەری واقیعی و بەردەام بۆ قەیرانی دەوڵەت دابنێن، تەنها ئەوەیان لاگرنگ بوو كە لە كاتی خۆیدا هەڵبژاردنەكان بكرێ و هەروەكو چۆن پێشتر لایان گرنگ بوو سازشێكی لەرزۆك لەسەر دانانی دەستور بە هەموو كەموكوڕیەكانییەوە بكەن.

هەر بۆیە مافی خۆمانە پرسیار بكەین ئایا پێداویستی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی عادیلانە و دیموكراسی و بێگەرد لە ئارادابوو!؟

كارێكی چاوەڕوانكراوە كە لەم هەلومەرجەدا و لەگەڵ پەرەسەندنی بارگرژی و ململانێیە ناوخۆییەكان و هەژموونی دەرەكی، هەموو ئەگەرەكانی فرتوفێڵ و دزینی هەڵوێستی دەنگدەر بەتایبەتی لەسایەی بوونی كۆمسیۆنی بەشبەشێنەی زلهێزەكان و قانونی هەڵبژاردنی ناعادیلانەی سانتلیگۆی هەمواركراو كە بۆ دەستبەسەراگرتن و بەرژەندی زلهێزەكان، داڕێژراوە، لە ئارادابن. هەر بۆیە دەبینین ژمارەی بەشداربووان لەم هەڵبژاردنە بە بەراورد لەگەڵ ئەوانەی پێشتر كەم بوو و تەنانەت ئەو ڕێژەیە لەڕێگای دەنگی ساختەوە بەرز كرایەوە. ئەو ساختەگەرییەی كە لە سەرتاپای پرۆسەكە لە عێراق و هەرێمی كوردستان كراوە و شێوازی دەستكاری پرۆگرامی ئامێرەكانی دەنگدان و بەكارهێنانی هەزاران كارتی ئەلیكترۆنی ئەوانەی وەریان نەگرتۆتەوە و دەنگكڕین و دانانی وێستگەی دەنگدانی وەهمی و تەنانەت هەوڵدان بۆ دەستكاری دەنگەكان و فشاركردنی جۆراجۆر لەسەر دەنگدەر و چەندین شێوازی دیكەی ساختە، كۆمەڵێك دیاردە و ڕووداوی ئەم هەڵبژاردنە بوو.

هەرچۆنێك بێت هەڵوێستی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن سەبارەت بە سكاڵاكردن لەسەر ئەو پێشێلكارییەی كراوە و هەرچۆنێكیش بێ هەڵوێستی ئێران و توركیا و ئەمەریكا و نەتەوە یەكگرتووەكان، پێویستە لەسەر سەرجەم ئەو هێز و لایەنە سیاسییانەی خەمخۆری دیموكراتین و بەهەمان شێوە رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی و هەموو ئەو ناوەندانەی خەمخۆری دیموكراتی و هەڵبژاردنی بێگەردن، لە تۆماركردنی سكاڵا ڕانەوەستن و تەنانەت ئەگەر كۆمسیۆن ئەو سكاڵانە فەرامۆش بكات ئەوا دەبێ لە دادگادا سكاڵا لەسەر كۆمسیۆن تۆمار بكرێت.

گومانمان لەوەدا نییە ئەم هەڵبژاردنە كە بەم شێوازە ئەنجام دراوە و ئەو دەسەڵاتە حكوومی و جێبەجێكارەی لە ئاكامیدا هەریەك لە ئەمەریكا و ئێران بە ئەجێندەی جیاواز دەیانەوێ دروستی بكەن كە وا چاوەڕوان دەكرێت ئاسان نەبێت، ناتوانێ نەك قەیرانی بونیاتگەری دەوڵَەتی عێراق، بەڵكو قەیرانە هەنوكەییەكانیشی چارەسەر بكات. هەڵبەتە ئەم بۆچوونە ڕەنگدانەوی تەنها فشاری ناڕازیبوون لە ئاكامی هەڵبژاردن و ئەو فرتوفێڵ و ئەو دزی و شێواندنە نییە كە بۆ ئیرادە و خواستی دەنگدەران كراوە، بەڵكو ناڕەزاییە بەرامبەر سیاسەتی تایفەگەری و بەكارهێنانی هێزی سەربازی لە پێشتر و شێواندنی ئیرادە و خواستی دەنگدەر لە هەڵبژاردندا و لۆجیكی چارەسەری قەیران بە قەیرانی دیكەیە كە ئەمەش مانای بەردەوامبوونی قەیرانی دەوڵەتی عێراقە لە لایەك و بەفیڕۆدانی سامانی مرۆیی و ئابووری و دارایی عێراقە و لە بەرژەوەندی بۆرژوای مشەخۆری ناوخۆیی و سەرمایەدارانی وابەست بە عەقڵیەتی لیبرالیزمی نوێیە و لاپەڕەیەكی دیكەی ململانێی وڵاتە هەرێمایەتییەكان و زلهێزەكانی جیهانە.

لەم هەلومەرجەدا پێویستە هێزە چەپ و دیموكرات و پێشكەوتنخوازەكان كارێكی جدی بكەن بۆ ئەوەی ڕەوشی بێهودەیی نێوان جەماوەری گەلەكەمان ئەوانەی كە دەنگیان داوە دروست نەبێ، و بەكۆمەڵ دوور لە پەرتەوازەیی ڕووبەڕووی هەموو حالەتێكی فرتوفێڵ و دزینی دەنگی هاووڵاتی ببنەوە، و هەر لە ئێستاوە كار بۆ گۆڕانكاری لە قانونی هەڵبژاردنی ناعادیلانەی سانتلیگۆی هەمواركراو بكەن كە دەنگی هاووڵاتی و ئیرادەكەی لە بەرژەوەندی هێزی میلشیایی و هێزە دارایی، بە فیڕۆ دەدات.

دەمێنێتەوە ئاماژە بە ئەركێكی سەرەكی لایەنە كوردستانییەكان بكەین ئەویش كاری هەماهەنگی و هاوبەشە لە ئەنجوومەنی نوێەرانی عێراق بۆ داكۆكیكردن لە مافە ڕەواكانی گەلی كوردستان و جەختكردن لەسەر ئەوەی كە گرفتەكانی نێَوان هەرێمی كوردستان و حكوومەتی ناوەندی عێراق بە ڕێگای ئاشتی و دانوستانی دیموكراتی عادیلانە و لەسەر بنەمای مافی چارەنووسی گەلی كوردستان چارەسەر دەبێت.

جێگای شانازییە ڕێكخراوەكانی حزب و هاوڕێیانمان توانییان بە ڕاستگۆیی هەڵوێستەكانی حزب و گوتاری نیشتمانی و چینایەتی حزبەكەیان بە ڕاشكاوی و دوور لە وروژاندن و هاش و هووشی پڕوپاگەندەی ساختە، بە ناوەندێكی فراوانی جەماوەر، بگەیەنن... گوتارێك كە جەخت لە سیاسەتێكی نیشتمانی كوردستانی و تێكۆشان لە پێناو سەربەخۆیی و عەدالەتی كۆمەڵایەتی و مافی ڕەنجدەرانی بیر و بازوو دەكاتەوە.

  • 1