ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

بۆ ئەوەی پەیامەكانت بە دروستی بە بەرامبەر یا وەرگر بگات و, كاریگەری هەستپێكراوی هەبێ‌ ,كە ئامانجی لە پێشینەیە ,پێویستە تەواوی تەكنیك و هونەرەكانی ئەم ئەركە و, ژینگەی كۆمەلایەتی و كێشەو گیروگرفتی خەلكەكەو ئازارو خەونەكانی بەهەند وەربگریت و راستەو خۆ باسی بكەیت ,گوێگرەكەت بە شتێ‌ سەرقاڵ نەكەیت كە لەئیستادا بەلایەوە گرنگ نییە, یا بابەت وكێشەی تر لەم كاتەدا تەنگی پێهەلچنیوە و پانتایی فكرو هەستی داگیركردوە. .

ئەقل و هۆشیاری مرۆڤ رەنگدانەوەی ژینگەكەیەتی ,زیاتر لەم بازنەیەدا دەست وپەنجە لەگەل ژیان نەرم دەكات و لە ئاست وتوانای خۆی بۆ ژیانیكی باشتر قوربانی دەدات ,كاتێ‌ لە كوردستان بۆ گوێگر دەدوێی دەبی كرۆكی باس و ئامانجی لەپێشینەت خەم و ئاستەنگەكانی ئێستای كوردستان بێت و هۆكار ولایەنی سەرەكی و بەرپرس لە مەعاناتی خەلكەكە دیاریبكەیت ,

ئاشكرایە نەوەیەكی نوێ‌ لە دوای راپەرینەوە هاتۆتە پێش و كاراكتەری شانۆی ژیانە , رۆلی بنەرەتی لە هەر گۆرانكارییەكدا دەگێرێ‌ ,ئەم چینە, جگە لە دەسەلاتداریی ئەم دووحزبە یا راستتر ئەم دوو بنەماڵەیە, هیچ لایەنێكی تر یا دەوڵەتانیكی وەك عیراق وئیران وتوركیا بە مایەی نەگبەتی و بێئومیدییەكانیان نابینن,دوژمن وداگیركەرێك ماڵی نەسوتاندوون گەر ئەم دوو دەسەلاتە ئەقل خێلەكییەپەلكێشی كوردستانیان نەكردبێ‌ ,هەر لەداخی ئەمانەیە گەنجی كورد خۆی بەدەریاكاندا دەدات , یا پەتی نائومیدی ئەكاتە ملی ومەرگ بەخۆشتر لەژیان هەلدەبژێرێ‌ .

لەژینگەیەكی ئاوا پڕكراو لەنائومێدی و كورتبینی ,ناكرێ‌ بە پاساوی خۆلادان لەوروژاندنی سۆزی خەلك , بەگوتارو دەستەواژەی ناروون وئامانجی دوورمەودا كەلە هزرو چوارچێوەی ئەرك و ئامانجە هەنوكەییەكاندا نەبن , یا بەزمانی وانەیەكی زانستی بیركاری بەرامبەرەكەت سەرقال وبەلارێدا بەریت .لەم كاتەدا ناتوانی لەگەیاندنی پەیامەكەت سەركەتووبیت وبەرامبەرەكەت وابەستەی دیدگای خۆت وناوەرۆكی بابەتەكەت بكەیت ,لە كاتیدا بۆ سەركەوتن لە گەیاندنی پەیامەكانتدا ,وەك هونەریك پێویستە هەموو تەكنیكەكانی گەیاندنت لەبەرچاوبێت وپە یرەویان لێبكەیت ,لە جوڵەو دەنگ ومۆسیقای تایبەت بە ناوەرۆكی بابەتەكە و ئەو مەشهەدو وێنانەی خۆیان كرۆكی ژیان و دۆخەسیاسییەكەن و پەیوەندن بەم ژینگەیەو بەلای وەرگرەكانتەوە ڕیزبەندی سەروو وەردەگرن .

كاتێ‌ ئەوە لەبەرچاو بگرین كە مۆسیقا یا ئاوازی شیعری یا ئەو چیرۆكە هەستبزوێنانەی كە تابلۆیەكی شیوەكاری گوزارشتی لێدەكا ,چ كاریگەرییەكەك بەسەر ناخی تاك وكۆمەلگادا جێدەهێلێ‌ٍ ,بۆ یە ناكری لە باسكردنی بارودۆخی سیاسی و دەرخستنی جەوهەری دەسەلات و هۆكارەكانی نەهامەتییەكانی خەلك ,ناڵەی خیزانیكی داماو ,سەرهەڵگرتنی خەلك لە دەستی ئەو جەهەنەمەی ئەم دوو دەسەلاتە بۆخەلكیان سازداوە , لە وێناكردنی رەوشێكی وادا, بەتایبەتی لە سەروبەندی بانگەشەی هەلبژاردندا, كە لە دەرەنجامدا لایەنەسیاسییەكان هەڵپەی بەغدا دەكەن و لەپێناوی بەرژەوەندی بنەمالەكانیاندا لەخەمی یەكپارچەیی عیراقدان و,نمونەیەكی حكومرانی باشتریان نەك هەر لە حكومەتی ئیستای عیراق بەلكو لە رژێمەكەی بەعسیشیان پێشكەشنەكردووە , ناكرێ‌ هەردوو دەسەلاتی هەرێم وەك هۆكاری سەرەكی نەهامەتییەكانی خەلك و مەترسی بۆ سەر ئایندەی كوردستان زەقنەكرێتەوە و, لێكەوتەكانی جەنگی جیهانی سەد سال لەمەوبەرٍ وەك بابەتیكی رۆژەڤ بوروژێندرێ‌ , بۆیە كاتێ‌ بەعەقلەوە بۆ گوێگر قسە دەكرێت ,پێویستە ئەوە لە بەرچاوبێت كە زۆرینەی خەلك تراژیدیایانە ژیان دەگوزەرێنن و رۆژانە دەست و پەنجە لەگەڵ مردن و سوتان وخۆ هەڵواسین و تیرۆرو خیانەتكاران و دزو جەردەی كوردستانی نەرم دەكەن,ناكرێ‌ ئەوانە و هۆكارەكانی , بە پاساوی خۆلادان لە وتاری شەعبەویو وروژاندنی سۆزی خەلك بەلاوە بنرێت و , وێنا ناخهەژێن و سۆزدارییەكان لە خیتاب و ناخی تاك دابماڵریت ,لەو حالەتەدا خیتابی سیاسی نە بەباشی ئامانجەكەی دەپێكی ونە بەتەواوی عەقلانی وبابەتی دەبێت .

 

  • 1