ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

دەركەوتووە كە ئیرادەی گشتی و ویستی گشتی لە مەنفەعەتی زۆرینەی گەل نییە، هاوكێشەی نێودەوڵەتی و سیاسەت چۆنیان بوێ‌ وا دەكەن، بەمانا فكریەكەشی هەڵوێستێكی گشتییە كە كۆمەڵگە لەتوڕەبووندا بڕیاری بەپەلەی لەسەر دەدات و دواتریش دەستەبژێر و هێزە نێودەوڵەتییەكان كەڵكی لێوەردەگرن، بەپێی تیۆری پارسونز بێت كە بیرمەندێكی بواری سیاسەت و ناسیونالیزمە، پێی وایە ئەوەی كە هاوكاری میكانیكی دەكات بۆ ژیانێكی خۆشتر و ئەوەش كە بەپێچەوانەوە بۆ خوشگوزەرانی خۆی دەیكات، یەك چوارچێوەیان هەیە، ئەویش لەپەراوێزی هاوكێشەكەدا خۆگونجاندنی سیستمە لەگەڵ خۆی كە ڕێگەی جیاوازی ساختەكارییە لە ویستی خەڵك، هەر ئەمەشە جارێكی تر دەبێتە هۆكاری نوێبوونەوەی سیستمێكی تر كە بۆ فەزای گشتی دۆخێكی سایكۆلۆژی خراپ بەرهەم دێنێ‌، بۆ دەستەبژێری سیاسییش مەنفەعەتی ئابووری، لەسەر بنچینەی ئەم هاوكێشەیەش وەهمی عەقڵی ئیرادەی گشتی و فەزای گشتی بونیات دەنرێت كە ئەنجام پەیمانی كۆمەڵایەتی بۆ كۆمەڵگە نییە، بەڵكو بۆ سیاسەتە. 

شۆڕشە بەردەوامەكان بەوانەشەوە كە لەسەدەی ڕابردوودا ڕیكلامی بۆ دەكرا، هەموویان یەك خەونیان بونیات نابوو كە بریتی بوو لەقوربانیدان بۆ ئامانجێك كە خۆشگوزەرانی بۆ گشت بێت، كەچی بەردەوامی بوو بە پڕ كردنەوەی كەلێنی سیستمێك بۆ سیستمێكی گەندەڵتر تەنانەت بۆ دەستەبژێرانی ڕۆشنبیریش هەمان ستایلی داواكاری بووە، بۆیە هەمیشە سیستمەكان بە هەر بیانوویەك بێت لە ڕێگەی هەڵبژاردنەوە خۆیان نوێ كردۆتەوە بۆ مانەوەی خۆیان و لینكە سیاسییەكانیان كە ئاستەكەی باڵاترە لە لۆكاڵییەكە، ئەم دژكارییە بە زۆر هاڕمۆنیی كراوە، فۆڕمێكی پێشكەش كردووە كە جەوهەری فاكتە كۆمەڵایەتییەكان لەبری فاكتە سیاسییەكان دۆخە گشتییەكە دیاری بكات، ئەم سیناریۆیە بۆیە خۆی بەرهەم دێنێتەوە لەسەر وەختێكدا كە گوایە سیاسەت بە تەكنیكی مۆدێرن دەكرێت و بۆ ئینسانی پۆست مۆدێرنە، بۆیە ناگونجێت، بەو پێیەی ئەگەر وەهمی دیموكراسی نەبێت بۆ پشتگیری ئەو فەزا خوڵقاوە، ئەوا سیستمەكە بەدژی خۆی دەگەڕێـتەوە، ئەویش قڵپ كردنەوەی پێناسە ساختەكەیە بۆ ئەو سیستمەی كە بەناوی بەرجەستەكردنی خەونەكانی بەر لە شۆڕش كە بەرهەمەكەی بۆ مافیاكانە، شۆڕشە دژە شۆڕشەكانی كوردستان كە ئەمڕۆی دروست كردووە باشترین سەلمێنەرە. 

ئەوەی لە ڕابردوودا بینیمان و ئەوەی ئێستا گەرەكمانە بە وەهم بیگۆڕین، عێراقێكە چارەنووسی لەدەست تاك و كۆمەڵگەدا دەرچووە لەهەموو ئاستەكاندا، تێكەڵنەبوونی خەڵكی باشور لەگەڵ باكور و كورد و عەرەب و شیعە و سونە و هتد، وەهمی پێكەوەژیان و لێبوردەیی درۆینە كە لەدەستووردا نوسراوە، وەهمێكە تەنیا لەسەر كاغەز جێگەی دەبێتەوە، لە كتێبێكی نەنوسراو و چاپ نەكراو دەچێت و پێمان بڵێن بیخوێننەوە و تاقیكردنەوەی لەسەر دەكەن، كۆمەڵگەی عێراق بەهەموو شتێك تاقیكراوەتەوە بە شانسی خۆی نەبێت، كورد لەوان بەدبەختتر، عێراقی بوون بە هەموو مانایەك بۆ شیعە لەباكوری عێراق و بۆ سونە لە باشوری عێراق و بۆ كوردیش لەهەردوو زۆنەكە هەمان دیمەنی دووبارەن، ئەگەر سێ‌ مانگ جارێك هەڵبژاردن بكرێت، هیچ لەو فەزا سیاسییە ناگۆڕێت كە لەهەر زۆنێك دەرهەق بە تائیفەیەك و بۆ نەتەوەیەك دەگوزەرێت، كەوا بوو ئەوەی كە لەڕێگەی سیناریۆی هەڵبژاردنەوە دیموكراسی كردووە وەكو وەهمێك لەزەینی تاكی عێراقی و كورددا چاندووە، لەئەنجامەكەیدا بەرهەمەكەی وەردەگرێتەوە كە دیمەنی پاش سیستمی ئەلیكترۆنی هەڵبژاردن لەسەرانسەری عێراق نیشانیدا.

 

  • 1