ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

ئەم هەڵبژاردنەی پەرلەمانی عێراق لە خراپیدا هەموو سنوورەکانی بەزاند. بە ڕوونی دەریخست کە خەڵکی ڕۆژهەڵاتی نێوین شایانی ژیانی دیموکراتی نین و ڕێزی لێناگرن و ناتوانن لەگەڵیدا بژین.

گەر لە کۆمسیۆنەوە دەست پێبکەم، دەتوانم بڵێم ئەم دەزگایە سەرچاوەی زۆربەی کێشەکانە، دەرکەوت گەندەڵترین دەزگایە، بەهیچ جۆرێک ڕێزی لە یاساکانی خودی کۆمسیۆنەکە نەگرتووە، جگە لەمە ئاشکرا بوو کە کۆمسیۆن بەپێی باڵادەستی هەر لایەنێک و کاریگەری لەسەر کۆمسیۆنەکە مساوەمەی کردووە و بە خواستی ئەوان و لەسەر حسابی دەنگی لیستەکانی دیکە دەنگی بۆ هەژمار کردوون، نامۆترین شت ئەوەیە کە پێکهاتەی ئەم کۆمسێۆنە لەسەر بنەمای حزبی پێکهێنراوە. لە هیچ شوێنێکی گەردووندا ڕووینەداوە کۆمسیۆن کە سەرپەرشتکار و بەڕێوەبەری پڕۆسەیەکی وا هەستیار بێت لە کەسانی حزبی پێک هاتبێت.

دیارە کە دەستی حزب لە هەر دامەزراوەیەکدا بوو ئەوە بە ئاکاری بەرژەوەندی حزبەکان ڕادەکێشرێت و لە ناوەڕۆکە [بێلایەنییەکەی] دادەماڵڕێت.

بە ئەلیکترۆنیکردنی ئەم پڕۆسەیەش لە هەڵخەڵەتاندنێکی مەزن بەولاوە هیچی دیکە نەبوو. 

بڕێک لە لایەنەکانی نێو کۆمسیۆنەکە بەر لە دەستپێکردنی پڕۆسەکە وایان بڵاو کردەوە کە متمانەی 100٪ بە ئامێرکان هەیە، بەمەش نەوەستان گوتیان گەر هەر ئامێرێک لەکاربکەویت ئەوە گرووپی چاککردن هەن و بەخێرایی چاکی دەکەنەوە، وێڕای ئەوەش ئامێری یەدەگیش هەن.

بەڵام هەندێک لایەنی بەشداربووی پڕۆسەکە ئەوەیان دا بەگوێی خەڵک کە ئامێرەکان جێگەی متمانە نین و گومان لە دەستکاریکردنیان زۆرە. کە هەرواش دەرچوو، هەربۆیە داوای جیاکردنەوەی دەستیان کرد.

لە هەمووی سەیرتر ئەم کۆمسیۆنە گرێبەستی لەگەڵ کۆمپانیایەکدا کردووە بێ ئەوەی حکوومەت ئاگاداربێت یان لانیکەم لەلایەن پسپۆڕانی کۆمپانیا بییانییەکانەوە بڕێک لەو ئامێرانە تاقیبکرێنەوە.

کیشەیەکی دیکەی جدی کە کۆمسیۆن پشتگوێی خست و نەیویست چارەسەری بکات، بێبەش کردنی زۆرێک لە دەنگدەران بوو لە دەنگدان، ئەوەیش بەهۆی دروستبوونی کۆمەڵێک ئاستەنگەوە کە لێرەدا جێگە باسکردنیان نابێتەوە.

لەسەرەتادا کۆمسیۆن وا پڕوپاگەندەی کرد کە ئەنجامەکان کاتژمێر دوای کاتژمێر دەردەچن، دەنگدان ڕووی لە کۆتایی دەکرد هیچ ئەنجامێک ڕانەگەیەنرا، دەمێک هەڵبژاردنەکان کۆتایی هات گوتیان پاش [48] کاتژمێر ئەنجامەکان بەیان دەکرێن، بەڵام [48] کاتژمێر بوو بە شەش ڕۆژ.

دیارە ئەم دواخستنەش بۆ ئەوە بووە تا لایەنە غەدرلێکراوەکان بە چەند کورسیەکی زیادە ڕازی بکەن، بەتایبەتی ئەو لایەنانەی خاوەن سەنگن، کە هەر واش دەرچوو [نموونەی زیادکردنی کورسییەکانی لیستی دەوڵەتی یاسای سەر بە نووری مالیکی].

ئەمە یەکەم هەڵبژاردنە لە عێراق و کوردستاندا زۆرترین ناڕەزایی لێدەکەوێتەوە چ وەک لیست و لایەنەکان چ وەک هاووڵاتیان.

پاش ئاشکراکردنی ئەنجامە بەراییەکان، زۆرێک لەو لایەنانەی کە دڵنیابوون لەوەی زۆرێک لە دەنگەکانیان دزراوە، داوایان کرد بە دەست دەنگەکان جیا بکرێنەوە، کۆمسیۆن گوێی بەو داوایە نەدا. پاشان داوایان کرد 25٪ی بەدەستی جیا بکرێتەوە تا لەگەڵ ئەنجامەکانی ئەلیکترۆنی بەروارد بکرێن، ئەوەش نەکرا، لەکۆتایدا داوا کرا تەنها 5٪ی بەدەست جیا بکرێتەوە [سەعید کاکەییش] ئەندامی باڵای کۆمسیۆن لەگەڵ ئەم پێشنیارەدا بوو، دیسان ئەو داوایەش پەسەند نەکرا.

بەڕێز هۆگر چەتۆ بەرپرسی تۆڕی شەمس و چاودیری هەڵبژاردنەکان، ئەویش ڕەخنەی جدی لە کۆمسیۆن گرت، کە هەنگاوە یاساییەکانی هەڵبژاردنی پێشێل کردووە، بەوەی دەبوو ئەنجامی وێستەگەکان یەک بەیەک ڕابگەیەنرێت نەک هەموو ئەنجامەکان بەیەک جار ڕابگەیەنرێت.

ئەوەی ئەم داوایانەی زیاتر کرد ئەو کۆمەڵە ڤیدیۆیانە بوون کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و کەناڵە تەلەفزیۆنەکان پەخشکران، کە بە زەقی ساختەکاری لە وێستگەکانی دەنگدان لە باژێڕەکانی عێراق و دەرەوە و لە کوردستان نیشان دەدەن.

لەگەڵ ئەوەی لە پەیڕەوی کۆمسیۆندا لە بڕگەی شەشدا، لە کاتی بوونی گوماندا لە ئەنجامەکان، ئاماژە بە دووبارە کردنەوەی ڕێژەیەک لە دەنگەکان کراوە، بەڵام کۆمسیۆن ئەو بڕگەیەشی پشتگوێ خست. چونکە کۆمسیۆن باش دەیزانی گەر ئەو کارە بکەن ئەوە ڕاستییەکان دەردەکەون و بەمەش سکانداڵێکی گەورە بۆ خۆیان تۆمار دەکەن و متمانە لەدەست دەدەن.

وەک لە میدیاکانەوە باسکران پتر لە هەزار سکاڵا بە بەڵگەوە بەرز کرانەتەوە بۆ کۆمسیۆن و تا ڕاگەیاندنی دوا ئەنجامەکانیش کۆمسیۆن خۆی لەم سکاڵایانە نەداوە. تەنها هێندەیان دەربڕیوە کە سکاڵاکاران دەتوانن سکاڵاکانیان بگەیەننە دادگای باڵای عێراقی، وەک ئەوەی خەڵک سەیارەی لێدزرا بێت نەک دەنگ.

گەر لە هەڵبژاردنەکانی ڕابردوودا ئەم کۆمسیۆنە بڕێک متمانە و ڕێزی لە کن هاووڵاتیان هەبووبێت، ئەوە ئێستا ئەوەشی لەدەستدا، بەجۆرێک ئەم دەزگایە دووچاری مەزنترین سکانداڵ بووە، کە بووەتە مایەی گاڵتەجاڕی.

لەپای ئەم کارە ئابڕووبەرانەی ئەم دامەزراوەدا، پێویستە ئەو دەزگایە هەڵبوەشێتەوە، نەک هەر ئەمە، بەڵکو وا دەخوازێت ئەندامە باڵاکانی بدرێنە دادگا.

لە هەموو عێراقدا کەم تا زۆر ساختەکاری کراوە، بەڵام ئابڕووچووترین و قێزەوەنترین ساختەکاری لە کوردستان ئەنجامدرا، کە یەکێتی و پارتی دوو پاڵەوانەکەی بوون.

لەو دوو زۆنە و کەرکووک و مووسڵ دا هەردوولا گەر بە نهێنی بێت یا بەهەر جۆرێک بێت لەسەر ئەوە ڕێککەوتوون کە هەریەکەیان دەستی ئاوەڵا بێت بۆ تەزویر کردن.

ئەم دوو حزبە بە ئارەزووی خۆیان زۆرینەی ڕەهایان بۆ خۆیان داناوە، وەک خێر و سەدەقەش چەند کورسییەکیان بە هەندێک لە حزبەکانی دیکە بەخشییەوە.

دەبێ ئەوەش لە یاد نەکەین کە کاراکتەرە بە هێزەکەی ئەم ساختەکارییە بە تایبەت لە کوردستان، ئێرانە و بە دیاری کراوی [قاسم سلێمانی]یە.

ساختەکاری کوردستان لەوەدا دەردەکەوێت کە بەر لە هەڵبژاردنەکان شەپۆڵی ناڕەزایی و خۆپیشاندان زۆربەی شارەکانی کوردستانی گرتەوە، دروشمی خۆپیشاندەران لە جاران ڕادیکاڵتر و گوزارشتتر بوون، ئەمەش دەریخست کە ئاستی جەماوەری هەردوو حزب لە نزمترین ئاستدا بوو. ئێ دەچێتە ئەقڵەوە کەسێک دەنگ بە حزبێک بدات کە تا دوێنێ خۆپیشاندانی دژی کردووە؟ یان لۆژیک قبوڵی دەکات خەڵکانێک دەنگ بە حزبێک بدەن کە ماوەی [27] ساڵە دزیان لێدەکات و ژیانکی دۆزەخ ئاسای بۆ خولقاندوون؟

ئەم دوو حزبە باڵادەستەی کوردستان، بۆ درێژەدان بە ژیانی خۆیان و مانەوە لە دەسەڵات و بەردەوامبوون لە دزینی سەروەت و سامانەکەی، سڵ لە هیچ جۆرە کارێکی نادیموکراسی، ناشارستانی و نائەخلاقی ناکەنەوە.

بەمەش ئەم دوو لایەنە سەلماندیان کە ڕێز لە پڕۆسەی هەڵبژاردن ناگرن و بۆ هەتاهەتایە ئەم پڕۆسەیەیان شێواند و لە پەیام و ناوەڕۆکە جوانەکەی خۆی بەتاڵیان کردەوە و قێزەوەندیان کرد.

باش دەزانن گەر هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد و شەفاف بکرێت، بێگومان ئەو دوو حزبە هەرگیز ئەو دەنگانە ناهێنن کە بە ساختە بەدەستی دەهێنن، چونکە چاک شارەزای قەوارە و جەماوەری خۆیانن.

ئەز هیچ ئومێدێکم بە هەڵبژاردن نەماوە چ لە عێراق و چ لە هەرێمی کوردستان دا، چونکە ئەستەمە ئەم دەنگدزانە ڕێگە بدەن بەبێ سەختەکاری ئەو پڕۆسەیە بەڕێوە بچێت.

  • 1