ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

دوای یەکەمین شەڕی جیهان و دابەشکردنی میراتی ئیمبراتۆری عوسمانی و دامەزراندی بەناو دەوڵەتی نیشتمانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کە بە گوێرەی ئاکام و مانۆڕەکانی سایکس بیکو و سیڤەر و لۆزان و گۆنگرەی ێلحی پاریس بوو، نەخشەیەکی شێواو لەم ناوچەیەدا درووست بووە، کە تا ئێستا دوای تێپەربوونی سەدەیەک لە سەر ئەو پلان و نەخشانە نە ئاشتی و دیموکراسی و گەشەپێدان هاتۆتەکایەوە و تەنانەت نە دەوڵەتیش لەم ناوچەیەدا درووستبووە.

کە دەڵین دەوڵەت درووست نەبووە مەبەستمان ئەوە نییە کە کۆمەڵیک پێکهاتە یان کیان لەم ناوچەیەدا بە ناوی دەوڵەتەوە ئەندامی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان نین. بێ گومان بە شێوەی شەکلی و لە چوارچێوەی ئەوەی پێی دەڵێن شەرعیەتی نێودەوڵه‌تی دەوڵەت هەیە و خاوەن سەروەرییشن، بەڵام چ دەوڵەتێک وچ سەروەرییەک؟!

ئەوەی لە واقیعدا لەم ناوچەیەدا درووست بووە کۆمەڵێک دەسەڵاتە کە وڵاتە زلهێزەکان و جەمسەرە هەرێمایەتییەکان وەک دەوڵەت رایانگرتووە، ئەگینا لە راستیدا هیچ بنەمای دەوڵەت لەم پێکهاتانەدا ئامادە نیە، و ئەوەی پێی دەڵین سەروەری نیشتمانیش لەم کیانانەدا گاڵتەجارییەکی گەورەیە، و ململانیی زلهێزەکان سەبارەت بە سەرچاوەکانی وزە، نەخشە وتابلۆی سیاسییان لەم ناوچەیەدا هێشتۆتەوە، کە دوور لە ئیرادەی گەلان بۆتە گۆرەپانی فرۆشتن و تاقیکردنەوەی چەک لە چوارچێوەی پێشبرکێیەکی نوێ پڕچەککردن لەسەر حسابی چارەنوس و سامانی گەلانی ئەم ناوچەیەیە.

بزوتنەوەی رزگاریخوازی نیشتمانی گەلی کوردستان لەم ژینگە پڕ ئاڵۆز وململانییەی رۆژهەلاتی ناوەڕاستدا تێکۆشانی ئەنجامدا و قوربانی پێشکەشکرد وپەرەی سەندوە. ئەم بزوتنەوەیە لەگەڵ دانوستان و گفتوگۆکانی دوای یەکەمین شەڕی جیهان باسی لە سەربەخۆیی دەکرد و دەیویست ئەم داواکارییە بخاتە بەردەم براوانی شەڕەوە کە لەدابەشکردنی ناوچەکە حسابێ بۆ گەلی کوردستان و مافەکانی بکەن. بەڵام دوای دابەشکردنی دەوڵەت لە ناوچەکەدا و دابەشکردنی کوردستان بە سەر ئەم دەوڵەتانە بەشێک لە بزوتنەوەی رزگاریخوازی گەلەکەمان و لەژێر پەردەی قایل بوون بە ئەمری واقیع وایان دەبینی کە مافەکانیان لە چوارچێوەی ئەو دەوڵەتانە مسۆگەر دەکەن کە کوردستانیان بەسەردا دابەشکراوە. لێرەوە دەبینین زۆر جار لە جیاتی بەکارهێنانی دەستەواژەی بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی نیشتمانی کوردستان کە جەختە لەسەر ئەوەی کوردستان نیشتمانە و کولونیالزمی تیادا پاکتاونەکراوەتەوە، دەستەواژەی بزوتنەوەی رزگاریخوازی نەتەوەیی کورد بەکاردەهێنرا، وئەمەش لە گوتاری سیاسیدا مەسەلەی کوردستانی لە نیشتمانەوە کرد بە مەسەلەی مافی ئیداری و رۆشنبیری نەتەوەیک نەک سەربەخۆیی.

لە هەرێمی کوردستاندا ئەرکی شۆڕشی نیشتمانی دیموکراتی بۆ چاکسازی سیستمی سیاسی و سیاسەتی ئابوری و کۆمەڵایەتی و رۆشنبیری وحوکمڕانی باش و دەوڵەتی دامەزراوەکان و کۆمەڵگای مەدەنی و هاوڵاتیبوونی کوردستانی گرێدراوە بە ئەرکی رزگاری نیشتمانی کوردستانی باشور، کە ئەمەش بەشێکی گرنگی پرۆسەی گۆرانکاری کۆمەڵایەتییە.

هەر بۆیە لە بەرنامەی حزبی شیوعیدا ئاماژە دەکرێ کە حزبمان بەشێکە لە بزوتنەوەی رزگاریخوازی نیشتمانی گەلی کوردستان و باوەڕی بە مافی چارەنوسی گەلی کوردستان لە سەرجەم بەشەکانی وڵات هەیە، بە مافی دامەزراندنی دەوڵەتی نیشتمانی یەکگرتوو و پەیوەندییەکانیشی لە گەڵ هێزەکانی بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستانی لە سەر بنەمای کاری هاوبەش و ڕه‌چاوکردنی تایبەتمەندییەکان و تێکۆشانە لە پێناوی دیموکراسی و مافی مرۆڤ و پیشکەوتنی کۆمەڵایەتییە.

سەربەخۆیی کوردستان رێگاچارەی نەهێشتنی چاوگەکانی بارگرژی و ئاشتی و بەیەکەوه‌ ژیانی گەلانی ئەم ناوچەیەیە.

بۆ ئەمەش دەبێ خۆمان بە بزوتنەوەیەکی نیشتمانی رزگاریخوازی کوردستان کە دەڕبڕی بەرژەوەندی سەرجەم نەتەوە و پیکهاتەکانی کوردستانە، ببینین وکوردستان نیشتمانە و قۆناغی مێژووی ئێمەش قۆناغی رزگاری نیشتمانییە و چارەسەرەکانیش دەبێ پشت بە ئیرادەو خواستی گەلی کوردستان ببەستێ کە سەربەخۆییە، نەک فەرزکردنی شێوازێک یان چارەسەرێکی سواوو بنبەست.

  • 1