ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

ئافرەت بەنیوەی كۆمەلگا ئەژماركراوە ,روونە ئاست و رێژەی ئەم نیوەیە لە پێگە كۆمەلایەتی وئەركە حكومییەكاندا ,یا لەكارو چالاكییە جەماوەرییەكاندا لە ئاستیكی نزم وپەراوێز دایە ,لە لایەكی تریش ,لە لەبەردەست نەبوونی داتایەكی وردو ئەكادیمی ,گەر خوێندنەوەیەكی سەرپێیی بۆ ڕێژەی بەشداری دانیشتوانی هەرێم ,لە پرسەچارەنووس سازەكانی پەیوەند بەگەلی كوردستان و ئایندەی ژیان وگوزەرانی خەڵكەوە بكەیت , بەتایبەتی بەشداریكردنیان لەهەڵبژاردنەكان ودیاریكردنی نوێنەرەكانیان لە ئەنجومەنەكانی نوێنەران و پارێزگاكاندا,ئەمە لەو حاڵەتەدا كە هەڵبژارنەكە پاك و بێگەردو, بەبێ‌ هەر جۆرە فشارو ترس وپاڵەپەستۆ یەكەوە بۆ سەر دەنگدەران بەرێوە ببرێ‌ ,لە پرۆسەیەكی وادا , بەڕێژەیی , مەزەندەی بەشداری خەڵك لەهەڵبژاردنەكاندا لە سەدا چل تا پەنجا تێپەر ناكات ,لە بەشدارییەكی لەم چەشنەشدا , دیارە كە پێكهاتەی هێزە سەربازی وئەمنییەكان چۆنە و , بەچ شێوازوسەپاندنی چ پێش مەرج و ڕێنماییەكی سەیرو سەمەرە, بۆ سەر سندوقەكانی دەنگدان دەبرێن ,سەرباری ئەمەش رێژەیەكی بەرچاو , دەنگی سووتاوی بێزاری وناڕەزایی دەئاخنرێنە ناو سندوقەكانی دەنگدانەوە,ئەم كەمینەیەش بەلاوە نێ‌ ,كە دەسەلاتی بنەماڵە ئیرادەی زەوت كردوون و, هەر كاتی بیانەوێ‌ بۆ مەرامێ حزبی وبنەماڵەیی وخێڵداری بەكاریاندێنی و,دەسەلاتێكی خاڵی خاڵی لە ئاكاریان پێ بەرێوەدەبات ,راستە لە هەرپێگە وپێكهاتەیەكی كۆمەلایەتی ولە هەر قۆناخیكی تێكۆشانی سیاسی گەلی كوردستاندا خەڵكانێك بەوپەری ئیرادە ولەخۆبوردە ییەوە ,لەپێناوی بەرژەوەندی گشتی و ئازادی و ئایندەیەكی باشتردا ئامادەی قوربانیدان بوون , ئێستاش كەمنین , ئەوانەی بە دەنگێكی بوێر و زیندووی گۆرانكاری ئەژمار دەكرێن ومایەی شانازی میللەتەكەیانن ,بەلام هێشتا بێدەنگی وخۆ بەدوورگرتنی زۆرینەی هەرە زۆری دانیشتوانی هەرێمی كوردستان لەهەمبەر پرسە چارەنوسسازەكاندا ,بەتایبەتی لە هەڵبژاردنەكاندا خەلەلێكی گەورەو دەردێكی كوشندەی كۆمەڵگایە , ئەم بێدەنگییەش كۆسپێكی تری بەردەم هەوڵەكانی وەرچەرخان وگۆرانكارییەكانن , ئەمەش هەڵوێستێكی سلبی و دیادەیەكی ناتەندروستە , لە بەردەم چڕكردنەوەی هەوڵەكانی گەلاڵەبوونی كۆدەنگی وئەو كارو چالاكییانەی دەدرێن لە پێناوی گۆرانكاریی و بەدیهێنانی حكومرانییەكی رەشید وخاوەن دامەزراوەیی لەكوردستاندا , خەمساردی ودڕدۆنگی بەم ئاستە فراوانە , بەپاساوی كاردانەوە بەرامبەر زولم وستەم وگزی و فزی ئەم دەسەلاتە , هەم خزمەت بەویست وخەونەچەپەڵەكانی ئەم دەسەلاتە دەكات , هەم بەسەركەوتنی نەخشە و ئەجێندا نامەدەنی ودژە گەلییەكانی ئەم دووحزبە تەواو دەبیـت, كە هەوڵی پەراوێزخستن و زەوتكردنی ئیرادەی خەلك دەدەن ,بەمەبەستی جێگرتنەوەی دەنگە قەڵپەكانی خۆیان وچۆلكردنی گۆرەپانەكە بۆ كەمینە خۆبەدەستەوەدەر و مێگەل ئاساكەی نێوبازنە گەندەڵكارییەكانیان.

بە لەبەرچاوگرتنی ئەم زۆرینە خۆ بەدوورگرە و,پێگەی حزبی وجەماوەری پارت ولایەنە سیاسییەكانی تری هەریم , جگە لە كەمینە بالا دەستەكەی هەردوو زۆنە سەوزو زەردەكەی كەئەم بەشەی كوردستانی پێلەتكراوە ,ئەوە روون دەبێتەوە ,كەچ كەمینەیەكی نەك هەر بێكەڵك بەڵكو مەترسیدار بۆ سەر ئایندەی كوردستانیان یاری بەچارەنوس وقووتی ئەم خەلكەوە دەكەن , زۆرینەیەكی فراوانیش ناراستەوخۆ لەژێركاریگەری و هەوڵە نەزۆكەكانی ئەم دوو حزبەن و,لە رێی خۆ بەدوورگرتن و بێدەنگی ,هەوڵی بەرپەرچدانەوەی گەندەلكاران دەدەن , كە ئەمەش نەك هەر بەتەنها هەڵوێستیكی بێئاكام ونابابەتییە , بەلكو بەپێچەوانەوە , خزمەت بە ئەجێندای ئەم دوو بنەماڵە خۆسەپێنە دەكات .

مێژووی گەلان و كۆمەڵگای كوردستانیش پێمان دەڵێن ,گۆرانكاری كۆمەلایەتی وسیاسی بە ئاراستە پێشكەوتنخوازەكەی و لەبەرژەوەندی خەڵكدا,پرۆسەیەكی مێژووكردی بابەتییە ,لە ڕابردووی نزیكدا ,لە سەردەمەكانی مەلەكی ,دەرەبەگایەتی , صەدام و بگرەو بەردەی نێوخۆیی دوای ڕاپەرین و ,هەنگاوە تیژرۆكانی گۆانكارییە كلتوری و نەریتییەكانیش ئەوە دەردەخەن . كە ویست وئیرادەی كەمینەی دەسەلات بەهیچ شێوەیەك ناتوانن لەرێی زولم و چاوسووركردنەوە بەر بەم گۆرانكارییە حەتمییە بگرن ,یا تاسەر ئاستەنگی بۆدروست بكەن و, قەیران بەقەیرانیكی تر بسپێرن ومیللەت بەتەنگژەو برسییەتی دروستكراوەوە سەرقاڵبكەن ,كە ئەمە بەسەدام وقەزافی ومبارەك و...نەكرا !! بەڵام دیارە خەبات وتێكۆشانی گەلان لەپێناوی ئازادی ومافی ئاسایی تاكەكانیان و ژیانێكی باشتردا ,ململانی و بەرخۆدانێكە مرۆڤەكان رۆلی تێدا دەگێرن ,سەرەڕای كاریگەری هۆكارە ناوچەیی ودەرەكییەكان بەسەر كێشە لۆكالییەكانەوە, هێشتا هۆكارە خودییەكان واتا ڕۆڵی هاولاتییان مەرجی هەرە لەپێشینەی ساخكردنەوەی كێشەكانە,ئەو گۆرانكارییەی كە لە كوردستاندا چاوی لێدەكرێ‌, ویست وداخوازیی كۆمەلانی خەلكی كوردستانە , زۆرینەی هەرەزۆری خەلك و لایەنە سیاسییەكان كار بۆ بەیهێنانی دەكەن ,لەم پێناوەدا , هێزە بەرهەڵستكارەكانی كوردستان دەبێ‌ هەوڵەكانیان یەكخەن و, ئەو كەشە هیواكوژ و بێزاركەرەی ئەم دوو دەسەلاتە سەپاندوویانە تێپەرێنن و,سیحری ئەم دورەپەرێزی و بێدەنگییە فراوانە بەتاڵبكەنەوە ,حیكمەتی هەڵوێست وهیممەت وبەدەنگەوەهاتنی جەماوەر, لە هەڵتەكاندن ومل پێكەچكردنی ستەمكاران ڕەگاژۆ بكەن,ئەمیش لە رێی هاولیستی لە هەڵبژاردنەكان و فراوانكردنی بەرەی ناوخۆیی و بەرنامە ڕێژی بۆ بەدیهێنانی ئامانجە هاوبەش وهەنووكەییەكانەوە دەبێت , كە هەوڵی گێڕانەوەی ئیرادە و متمانە بۆ بەشە فراوانە پاسیڤەكەی كۆمەڵگا بدات ,بەبێ‌ بەشداری و هۆشیاركردنەوی ئەم چین و توێژە فراوانە ئەركی گۆرانكاری پێشكەوتنخوازانە قورستر و ئامانجیش دوورمەوداتر دەبێت .

 

  • 1