ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

ئاژانسێکی UN ی تایبەت بە بەرهەمهێنانی مادە هۆشبەرەکان لەکۆتاییەکانی ساڵی ٢٠١٧ ڕاپۆرتێکی ناوی(ڕووپێوی ئەفیون لە ئەفغانستان لە ساڵی ٢٠١٧دا)بڵاوکردووەتەوە. ئەم ڕاپۆرتە ئاماری گرنگ و ترسناکی تێدایە لەبارەیچاندنی ئەفیون لەئەفغانستان،لەم ڕاپۆرتە ئاماژە بەوە کراوە؛ لە کۆی ئەو ئەفیونەی چانراوە دەکرێ لە نێوان ٥٠٠ بۆ ٩٠٠ تۆن مادەی هیرۆیین بەرهەم بهێنرێت!

تەشەنەی بەرهەمهێنانی ئەفیون گەشەی بە ئابووری(نایاسایی) داوەو بەهای ئەو بەرهەمە لە نێوان ٤.١ بۆ ٦.٦ ملیار دۆلار خەمڵێندراوە لە ساڵی ٢٠١٧دا. لە ئێستای ئەفغانستاندا؛لە دێهاتەکانی باکوور و ڕۆژئاواسێ لە چواری خەریکی چاندنی ئەفیونن،لە دێهاتەکانی ڕۆژهەڵات ٥٠%، لە دێهاتەکانی خوارووش گەیشتووەتە لە ٨٥%.لە ساڵی ٢٠١٧دالە بواری چاندنی ڕووەکی خەشخاش و دوورینەوەی ئەفیون ٣٥٤ هەزار کەس وەکو فول تایم کاریان کردووە، ئەگەریش بەراوردێك بکرێت لە نێوان ڕادەی بەرهەمهێنان لە دووساڵی جیاوازدا دەبینین:- لە ساڵی ٢٠١٧دا ١٣١٢٠٠٠ دۆنم زەوی بەکارهاتووە بۆ چاندنی مۆرفین کە بە بەراورد بە ساڵی ٢٠١٦ دەکا ٦٣% زیادی کردووە. قازانجی بزووتنەوەی تاڵیبان لە چاندنی ڕاستەوخۆ و بەرهەمهێنانی داتایەکی ڕوون نییە، بەڵام لە ڕووی دانانی باج لەسەر چاندن وبەرهەمهێنانی ڕاپۆرتەکە ئاماژە بە تا ١٨٤ ملیۆن دۆلار دەکات!

یەکێك لە بەردەوامییەکانی تیرۆر بوونی سەرچاوەی داهاتە، بەبێ بوونی داهات تیرۆر ناتوانێ ئەکتیڤ بێت.بوونی ئەو سەرچاوە داهاتە هاوکاتە لەگەڵ سەرلەنوێ بوژانەوەی تاڵیبان لە ڕووی سەربازی وفراوان بوونەوەی ناوچەکانی دەسەڵاتی لە ئەفغانستان، هەروەها هاوکاتیشە لەگەڵ ئەو دەنگانەی کە لە ناو دەسەڵات و پەرلەمانی ئێستای ئەفغانستان داوای ئەوە دەکەن کە وتووێژ بکرێت لەگەڵ تاڵیبان و شەرعیەتیان پێبدرێ و بەشداری بکەن لە حکوومەت وپەرلەمان دا.

دەرکەوتنەوەی تاڵیبان پێش ئەوەی ئەفیون بێت، شکستی پڕۆژەی ئیمپریالیزمە لە ئەفغانستان،کاتێك تاڵیبان دەرکرا لە چەند شارێکی سەرەکی، ئەوانەی هاتنە شوێنی لۆردەکانی شەڕی ناوخۆ بوون کە تەنیا وەلائیان گۆڕی لە ئێران و پاکستان و سعودیە بۆ ئەمریکا. لەگەڵ دەست بەکاربوونی حکوومەتی دوای تاڵیبان چەشن و هاوشێوەی عێراق و هەرێم گەندەڵی و مشەخۆری لەسەر جەستەی داودەزگاکانی دەوڵەت بووە کولتووری جێگیرو تەنانەت هەشت ساڵێك بەر لە ئێستا سکانداڵی ئاودیوکردن و سپی کردنەوەی پارەو گواستنەوەی بۆ قەتەر مانگانە خۆی دەدا لە چل ملیۆن دۆلار!

هەموو ئەو نموونانەی سەرمایەداری بە ناوی هێنانی دیموکراسی جێگیری دەکات؛ بریتییە لە پاڵپشتی کردنی دواکەوتووترین و نامۆترین ئەو هێزو تاقمانەی کە نامۆن بە دابین کردنی ئایندەی باش و شایەن بە کۆمەڵگەو ئەو مرۆڤانەی لەو وڵاتانەی بە ناوی ئازادی داگیر دەکرێن، ئەفیونێك کە ترسناکترە لەو ئەفیونەی تاڵیبان پارەی پێ پەیدا دەکات بریتییە لەو وەهمەی کە عەوداڵ و سەرسام بی بەو دیموکراسییەی وەکو پڕۆژەی ئازادی هێزە ئیمپریالییەکان بەسەرتدا ساغ دەکەنەوە.

 

  • 1