ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

گومانی بوونی ساختەكاری لەم هەڵبژاردنەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقدا، بابەتێكە تا ڕادەیەكی زۆر یەكلا بووەتەوە، بەڵام بەكارهێنانی ئەم پرسە بۆ بەرژەوەندیی حیزبی و كەسی، بۆ هەمووان ڕوونە و مەبەست و ئامانجیشی لە پشتەوەن، ئەمە لە كاتێكدایە پەرلەمانی عێراق چەند رۆژێكی ماوە تا دەسەڵاتی یاسادانانی نەمێنێت و حكوومەتی كاربەڕێكەر كاروبارەكان بەڕێوە دەبات، بەڵام بڕیاری هەژماركردنەوەی دەنگەكانی سەرجەم عێراق بە دەست و هەڵوەشاندنەوەی دەنگی تایبەتی كوردستان دەدات، ئەم بڕیارە بۆ هەر پێكهاتە و لایەنێكی سیاسی، زیاتر لە مەغزایەك هەڵدەگرێت، بێگومان بۆ كوردیش كۆمەڵێك دەرهاویشتە و دەرئەنجامی نێگەتیڤی هەن.

ئەگەر بە دیدگای پەرلەمانتارانی ئێستای عێراق سەیری ئەم بڕیارە بكەین، ئەوا بۆ مان ڕوون دەبێتەوە كە ئەمە جۆرێك لە تۆڵەكردنەوەیە لە دەنگدەری كوردستان و عێراق بە پەكخستنی پرۆسەی پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق، بە بەڵگەی ئەوەی، زۆرینەی ئەندامانی ئەم خولەی پەرلەمان، دەنگی پێویستیان نەهێناوە بۆ ئەوەی ببنەوە پەرلەمانتار.

 لە روانگەی پارتە ئۆپۆزسیۆنەكانی كوردستانیشەوە، ئەم بڕیارە هۆكارێكە بۆ پەردەپۆشكردنی كەمبوونەوەی دەنگەكانیان لەم هەڵبژاردنەدا و شكستیان لە بەرامبەر دەركەوتنی هێزی نوێ، لە هەمان كاتدا هۆكارێكیشە بۆ ئاشتكردنەوەی جەماوەرەكەیان لە كەمبوونەوەی دەنگەكانیان.

لە سۆنگەی گۆڕانەوە، پێشنیازی هەڵوەشاندنەوەی دەنگی تایبەتی كوردستان، سزادانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان بوو، چونكە لەم هەڵبژاردنەدا بە دەگمەن نەبێت دەنگیان نەداوە بە بزووتنەوەكەیان، ئەمە لە كاتێكدایە كە لە هەڵبژاردنەكانی ڕابردوودا، گۆڕان دەنگی پێویستی هەبوو لە نێو هێزە ئەمنییەكاندا، بە تایبەتیش لە دەڤەری سلێمانی.

هۆكاری سەرەكیی پاڵپشتیی پەرلەمانتارە عەرەب و توركمانەكانی كەركووك لەم بڕیارە، كەمكردنەوەی دەنگی كورد و بچووكردنەوەی قەبارەكەیەتی بە ئامانجی گۆڕینی دیمۆگرافی و دروستكردنی ئاستەنگ بۆ جێبەجێكردنی ماددەی ۱٤٠ی دەستوور، لەسەر ئەو بنەمایەی ئەنجامی هەڵبژاردن راستەوخۆ كاریگەریی لەسەر ئەم پرۆسەیە دەبێت.

با ئەوەش لە یاد نەكەین، بۆ دۆڕاوێكی وەك مالیكی و سەلیم جبووریی سەرۆكی پەرلەمان، تاكە ڕێگە بۆ دووبارە هاتنەوەسەر شانۆی سیاسیی عێراق، پاش دۆڕانە گەورەكەیان لە هەڵبژاردن، تەنیا دروستكردنی پشێوی و پەكخستنی پرۆسەی سیاسیی عێراقە و گۆرینی ئەنجامی هەڵبژاردنیش، باشترین ڕێگە بوو بۆ ئەم مەبەستە.

ئەگەر وەك سوننەیەك سەیری ئەم بڕیارە بكەین، هەر چۆنێك بێت ئەوان دۆڕاوی سەرەكیی ئەم هەڵبژاردنەن. دیقەت بدەن، لە مووسڵ عەبادی و پارتی یەكەم و دووەمن، لە كەركووك دەنگیان وەك پێویست نییە، هاوكات لە گشت پارێزگا سوننییەكان، شیعەكان دەنگی باشیان هێناوە، كە وا بێ دووبارە هەژماركرنەوەی دەنگەكان، خزمەت بە ئەوان دەكات و بەس.

لێرەوە دەردەكەوێت، كاراكتەرە شاراوەكەی پشت ئەم شانۆ سیاسییە، عەبادییە، هەرچەندە توانیویەتی لەسەر ئاستی عێراقدا بە پلەی سێیەم بێت، بەڵام لە ئاست پێگەكەی وەك سەرۆكوەزیران و ئەو پاڵپشتییە نەبوو كە ئەمەریكا و رۆژئاوا لێیان كرد، بۆیە بۆ درێژكردنەوەی ماوەكەی وەك سەرۆكوەزیرانی كاربەڕێكەر و هاوكات وەك گوشارێك بۆ سەر لایەنە براوەكان بەكاری دەهێنن، ئاماژەكانی پێش هەڵبژاردنیش ئەوە بوون، كە ئەگەر دووبارە دەنگی پێ نەدەنەوە، ئەوا دەستكاریی دەنگەكانیان دەكرێت.

خۆ ئەگەر وەك كوردێك و دوور لە بیركردنەوەی تەسكی حیزبی ئەم بڕیارانە شرۆڤە بكەین، جگە لە بچووككردنەوەی قەبارەی كورد، هیچ سوودێكی نییە، ئەمە سەرباری ئەوەی هەڵوەشانەوەی دەنگی تایبەتی كوردستان، لێدانە لە شكۆ و ناوبانگی پێشمەرگە و پێگەكەی، بۆ كەركووكیش بە مانای بێهێزبوونی كوردە، كە بێگومان پەرتەوازەیی كوردیشی نیشانی هەموو جیهان دا.

 

  • 1