ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

زۆرم پێیە لەسەر مام زرار ئەگەر هەمووی بنووسم کتێبێک دەردەچێت ، بەڵام لێرە بەم بۆنە خەمناکە ئەوەی پێویستە دەیخەمە ڕوو. زۆر یادگاریم لە گەلیدا لە ناو مێشکم پارێزراوە، باش شارەزای مێژووی ژیانیم، لە نزیکەوە ماوەی چل وشەش ساڵە دەیناسم، زۆر بە یەکەوە دانیشتووین، گەلێک جار گفتوگۆمان لەگەل یەکتر کردووە، لە زۆر کاتدا هاوڕابووین،هەندێ جاریش هەرلایەکمان بۆچوونی جیاوازی هەبووە...

سەرەتا وەکو مامۆستا لە سەرەتای ساڵی 1972 لە قوتابخانەی دەرگەڵە بۆ یەکەمجار یەکترمان ناسی و بەیەکەوە مامۆستا بووین، شەهید تەحسین دەرگەڵەییش بەڕێوەبەری قوتابخانەکەبوو، ئینجا وەکو هاوڕێ چونکە من ئەوکات ئەندامی (حشع) بووم ئەویش ئەندامی مەکتەبی قەزای ڕواندزی حزب بوو، بوو بە بەرپرسی حزبیم لە دەرگەڵە، لە شانەیەک داینام کە هاوڕێ عەلی برایم بەگ بەرپرسی بوو. دواتر وەکوو مامۆستای مێژوو و نووسەریش شارەزای بووم، هەر لە سەرەتاوە خۆم وەکو یەکێک لە ئەندامانی خێزانەکەی بینییەوە، ئەمە چوار ساڵ بەرلەوەی ببم بەزاوایان، چونکە جاران پەیوەندی هاوڕێیەتی پاک و بێگەرد لە خزمایەتی زیاتر هاوڕێیانی بەیەکەوە دەبەستەوە، ئینجا ئەوکات و هەمیشە گوێم بۆ گێڕانەوەی بیرەوەریەکانی دەگرت، پەیتا پەیتا شارەزای ڕابرد وو وتێکۆشان و ژیان و پەیوەندیەکان و ڕۆڵە قارەمانێتییەکەی بووم، هەر لە چوونی بۆ مەهاباد بە هاوڕێیەتی سلێمان بەگی باوکی و حەمەدەمین فەقێ حەسەنی ئامۆزای، ڕۆڵی لە سوپای کۆمار تاکو بەشداری لە شەڕە ناودارەکانی کۆڕەک و هەندرێن لە چوارچیوەی شۆڕشی ئەیلوولدا و ڕۆڵی بەرچاوی لە داستانی هەندرێن لە ساڵی 1966 دا..

شارەزای بووم یان هاوڕێی بووم لە هەڵبژاردنەکانی مامۆستایان لە هەردوو ساڵی : 1972 ،1992 کە پاڵێوراوی لیستی پیشەیی بوو، بوو بەئەندامی کۆنگرەی مامۆستایانی عێراق لە ساڵی 1972 . 

مامۆستا زرار لە پایزی 1973 بە ماڵەوە چوونە بەغدا، لەوێ لەیەکێک لە ئامادەییەکان بە مامۆستا دامەزرا، وابزانم ئامادەیی جمهوری بوو ، مامۆستا شکور مستەفاش لەو ئامادەییە مامۆستای زمانی عەرەبی بوو ، هاوڕێتیان بەتین بوو. منیش ماڵی باوکم لە بەغدا بوو بۆیە لەوێش بەردەوام هام و شۆم دەکردو ئاگاداری ڕۆڵ وچالاکی و پەیوەندیەکانی بووم. لە ناوەڕاستی حەفتاکان کە داوای دەستی پاکیزەخانم کرد بێ یەک و دوو ڕەزامەندی دەربڕی، چونکە زۆر باش شارەزام ببو، منیش ئەوکات زۆر خۆشحاڵ بووم کە لەگەڵ ئەم بنەماڵە بەڕێزو تێکۆشەرە تێکەڵ بووم. ئەو جارە نزیکتر لە جاران ئاگاداری مام زرار بووم لە بەغدا، برادەرایەتی زۆری لەگەل هاوڕێیان عەزیز محەمەدو محەمەد کەریم فەتحوڵلاو جەلال دەاغ و شکور مستەفاو حەسەن و حوسێنی حاجی تاهیر ڕواندزی هەبوو،. 

لە ساڵی 1978 بەماڵەوە گەڕایەوە هەولێر، وەکو مامۆستا لە ناوەندی چیمەن لە گەڕەکی سەیداوە تاکو ناوەڕاستی هەشتاکان وانەی مێژووی دەوتەوە، زۆر قوتابی بە هەستی کوردپەروەری پەروەردەکرد، لە حەفتاکان تاکو ئەم ساڵانەی دوایی ناوەناوە وتاری لە ڕۆژنامەکان بڵاودەکردەوە،جگە لە کتێبی بیرەوەریەکانی زۆر بابەتی دیکەی نووسیوە،چەند نامیلکەیەکی بە چاپگەیاندووە .

لە هەولێر بەر لە ڕاپەڕینی بەهاری 1991 بە نهێنی پەیوەندی لەگەل حزبی شیوعی عێراق هەبوو،وابزانم لە ڕێگای هاوڕێ جەلال دەباغ بوو، لە ڕاپەڕینی بەهاری 1991 لە گەل کوڕەکانی لە پڕۆسەی ڕزگارکردنی هەولێرو کەرکوک بەشدار بوو، دوای ڕاپەڕین وەکو پێشمەرگەو کادیرێکی چالاک لە بارەگای محەلی هەولێر دەست بەکەر بوو، دوای کۆڕەوو جێگیربوونی لە قەزای سۆران بوو بە نوێنەری حزبی شیوعی لە بەرەی کوردوستانی لە سۆران، لەوێش ڕۆڵی بەرچاوی بینیوە، هەمیشە لە بەرامبەر کەم و کوڕی و لە ڕێ لادان بێ دەنگ نەدەبوو، خاوەن هەڵوێستێکی ڕەخنەگرانە بوو، هەرگیز ئامادەنەبووە وەکو کۆیلەی حزب کاربکات، گیانی بەرەنگاری و ڕەخنەگرانەی بەهێز بوو، باجی ئەم هەڵوێستانەشی داوە، تەنانەت وەکو یەکێک لەیاوەرانی مەلا مستەفا بارزانی بۆ سۆڤییەت ومامۆستاو پێشمەرگەیەکی دیرین کەمترین مووچەی خانەنشینی بۆ تەرخانکراوە.

لە ساڵانی1993ـ1992 لەگەل ژمارەیەک لە هاوڕێیانی لە حزبی شیوعی دابڕان و پارتی کاری سەربەخۆیان دامەزراندو بوو بە ئەندامی بیرۆی سیاسی پارتی کار، هەرلەسەر بیروباوەڕی مارکسیش بەردەوام بوو، هەر بۆیە دواجار لەگەڵ بەشێک لە هاوڕێیانی گەڕایەوە ناو حزبی شیوعی کوردستان،جێگای ڕێزو خۆشەویستی بوو لەلایەن هاوڕێ و دۆستانی، هەمیشە بە چاوی پڕ لە بایەخەوە لە مێژووی ئەم مرۆڤەیان ڕوانیوە، بەڵام بەداخەوە تا لەژیاندابوو مافی خۆی پێنەدرابوو ، ئاوڕی پێویستی لێنەدەدرایەوە، هەندێ جار ململانێی ناڕەواشی لەگەڵ کراوە، بەڵام دواجار مام زرار ڕێزو خۆشەویستی زۆرینەی خەڵکی کوردوستانی بردەوە. 

مام زرار تاکو ئەم ساڵانەی دوایی بەردەوام بوو لەسەر دەربڕینی هەڵوێستی سیاسی، بەردەوام خەریکی خوێندنەوەو نووسین بوو،بەڵام تاقەتی حزبایەتی نەمابوو، 

وەکو کەسایەتییەکی نیشتمانی کورد پەروەر، وەکو پێشمەرگەیەکی دێرین، وەکوو کەسایەتیەکی کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیری خاوەن هەڵوێست ناسراوە. 

مام زرار لە ساڵی 2007 کتێبی بیرەوەریەکانی چاپکرد، دەنگدانەوەی زۆری بەدواداهات، دەتوانم بڵێم لەماوەی دەساڵی ڕابردوودا زۆرترین فرۆش و خوێنەری هەبوو،سەرەڕای کۆکردنەوەی لە کتێبخانەکانی هەولێر، بەداخەوە، تاکو ئێستاش ئەوانەی نەیانخوێندۆتەوە بەدوایدا دەگەڕێن. 

مام زرار لەگەڵ گەورەو بچووک بەڕێز بوو، لەلایەن زۆربەی لایەنەکانی کوردستان ڕێزداربوو، هەرگیز ئامادەنەبوو لە پێناوی پلەو پۆست و پارە سەودا بە هەڵوێست و بیرو باوەڕی بکات، تاکو چەند مانگێک بەر لە کۆچی دوایی کە گفتوگۆی سیاسیم لەگەل دەکرد، سەرەڕای ڕەخنەو بۆچوونی تایبەتی هەر دەیگوت من مارکسی و شیوعیم. لە هەمان کاتیشداهەستی کوردایەتی زۆر بەهێزبوو، مێژووی هاوچەرخی کوردیش سەلماندوویەتی کە مارکسی و شیوعییەکان لە پێناوی مافە ڕەواکانی گەلی کوردداقوربانی زۆریانداوە. 

مام زرار هەمیشە باوەڕی بەگۆڕانکاری و چاکسازی هەبوو لە بواری سیاسی و لە ژیانی ناوخۆی حزبیشدا، هەرگیز بێ ڕەخنەو تێبینی و پێشنیاز نەبوو.

مام زرار لە ساڵانی نەوەتەکان و دواتر دژی شەڕی ناوخۆبوو، یەکێک بوو لەو کەسایەتییانەی هەوڵی ئاشتی و پێکەوە ژیانی ئاشتییانەی دەدا. 

مام زرار لەڕووی پەیوەندی لەگەل خزمەکانی هەمیشە سەردانی دەکردن بە تایبەتی کاک عیزەتی برای، هەموو براو خوشکەکانی خۆش دەویست، هەموو خزم و ناسیاوانی خۆش دەویست ، سەردانی یەکتریان دەکرد، بەڵام بەداخەوە حزبایەتی بەرتەسک و نەبوونی نەفەسی دیموکراسی هەندێ جار پەیوەندیەکانی سارد دەکرد، بەتایبەتی دوای بڵاوبوونەوەی کتێبی بیرەوەریکانی مام زرار . باشترین بەڵگەش لەسەر خۆشەویستی مام زرار بۆخزمەکانی و گوندی دەرگەڵە، چاپکردنی نامیلکەیەکی بوو لەسەر دەرگەڵە، هەروەها بەر لە کۆچی دوایی وەسیەتی کردووە لەدەرگەڵە بینێژن .هەر لەوێش لە بەرەبەیانی 2018ـ5ـ20 بە خاک سپێردرا، بۆ هەتا هەتاێی بوو بە دراوسێی شاخی هەندرێنی سەکەش..هەزاران سڵاو بۆ گیانی پاکی مام زرار ، یادی بەخێر.

 شاری کیمی ، فنلندا، 2018ـ6ـ26