ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

دوای ساڵێك لە ئازادکردنەوەی شاری مووسڵ لە دەستی داعش هونەرمەندی هۆلیۆد "ئەنجلینا جولی" وەکو باڵیۆزی نەتەوە یەکگرتووەکان سەردانی پاشماوەی وێرانەی ئێستای شاری مووسڵی کرد، ئەم سەردانەی کردە وتارێك و لە ڕۆژنامە جیهانییەکان بڵاوی کردەوە. وتارەکەی ئەو چەند ڕەگەزێکی گرنگی تێدایە کە دەکرێ لەسەر بوەستین؛ لە ڕووی گێرانەوەی کۆستەکان لە دەمی قوربانییانەوە، لە ڕووی تایبەتمەندی ئیستای ڕۆژئاوای شارەکە کە بۆنی تەرم ئاسمانی داگرتووە سەرەڕای ئەوەی بە بەردەوامی خەڵك خۆی وەکو کاری خۆبەخشی خەریکی دەرهێنانی تەرەمەکانیانن، هەروەها لە هەمووی گرنگتر ئەو ڕستەیە بوو کە ئەنجلینا جولی دەڵێ: "یەك خێزان داوای یەك شتی لێ نەکردم، ئەوان پشتیان بە یارمەتییەکانی ئێمە نەبەستاوە"!

ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دەمێکە لە زۆرشوێنی جیهان بە پێودانگی پرەنسیپەکانی خۆشی بێت ڕاستگۆیی لە دەست داوە، چونکە وەکو ڕێکخراوێکی جیهانی تەنیا لە دوای تراژیدیا پەیدا بێت و بەردەوام بوونیشی پەیوەستە بە بەردەوام بوونی تراژیدیاکان لەسەر ئەم گۆی زەمینە، جا لێرە زیاتر مەبەستمان ئەو کارەساتانەیە کە بەهۆی شەڕە دەستکردەکان دروست دەبن. ساڵانێکی زۆرە چەندین نوسەرو ئەکتیڤیستی جیهانی لێکۆڵینەوەو وتاریان بلاوکردۆتەوە لەسەر ئەوەی کە "کۆمەکی مرۆیی" بەمانا فراوانەکەی کە ڕێکخراوە جیهانییەکان بەکاری دەهێنن، خۆی لە خۆیدا بزنسێکی سەربەخۆیە لە کایەی گەورەی سیاسەتە جیهانییەکان بە تایبەتی کێبڕکێی زلهێزەکان و ئەو شەڕانەی ڕاستەوخۆ دەیکەن یان بە وەکالەت دەیکەن. لە بەشێکی وتارەکە ئەنجلینا جولی دەڵێ: "هەستم بە شکستەکانی سیاسەت کرد"، ئەم هەست کردنە وەکو کاردانەوەی هەر تاکێك کە بە ئەزموونێکی دیاریکراو تێکەڵ بە نوێنەرایەتی دۆخێکی گەورەتر دەبێت لەو ئەزموون و ڕوانگەی هەیەتی ناچاری دەکا ڕستەیەك، یان دانپیانانێکی ڕاستگۆ بدرکێنێ لەسەر تراژیدیایەك کە گەورەترە لە دەستەواژەی گشتگیری "شکستی سیاسەت". تایبەتمەندی ئیشەکەی ئەو هونەرمەندە کە (دوور نییە زۆر ڕاستگۆیانە دەیەوێ خزمەت بە دۆزێکی مرۆیی بکات) زەمینەی ئەوەی تێدا نییە وێنە گەورەکە ببینێ، واتا سبەی لە شوێنی ئەو هونەرمەندە هەر نوسەرێکیتر،هەر گۆرانیبێژیتر، هەر شاجوانێکیتری جیهانی دابنێیت ناتوانێ لەو چوارچێوەیە زیاتر بدوێ، چونکە ئەسڵەن ناگاتە ئاستی وەرگرتنی ئەو وەزیفەیە ئەگەر ڕوانگەو جیهانبینی واوەتر بێ لە ئاستی ڕەخنەیەکی گشتگیری وەکو "شکستی سیاسەت"، چونکە کێشەکە ئەوەیە کە ئەو بزنسە جیهانییە ڕێکخراوە جیهانییەکان چەتریان بۆ هەڵداوە لە ڕووی ڕەخنەگرتنەوە سنوردارەو هیچ پێویستی بەوە نییە ڕەخنەی ڕیشەیی یان گەیاندنی حەقیقەتە ئەسڵەکە شوێنی بۆ بکرێتەوە. لە وتارەکەی ئەودا هەست دەکەی هاووڵاتییانی ئەو شارە سەرەڕای ئەو دۆخە نامرۆییەی تێی کەوتوون هێشتا بە ساردی هەڵوێست دەنوێنن بەرامبەر ئەو هونەرمەندە، دیارە نەك بەرامبەر بە کەسایەتی ئەو، بەڵکو بەرامبەر پیشەی بالیۆزی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەم ساردییە لە وێرانەیەکی وادا کە هیچ خەیاڵێك ناتوانێ بە تەواوەتی بیگوازێتەوە، هەڵوێستێکە ڕەنگە لە ڕووی بڵقی ئیعلامی یان قۆستنەوە سنوردارەکانی لایەنە سیاسییەکانی ناو عێراق گرنگییەکی وای نەبێت، بەڵام لە ڕووی دیالیکتێکی هۆشیاری مانایەکی "ڕەمزی" قوڵی هەیە، کە ئەمساڵ دووەم جارە ئەم جۆرە لە هەڵوێست دووبارە بێتەوە، جاری پێشووش لە دوای داگیرکردنی شاری عەفرین کە هێزەکانی ڕوسیا کۆمەکیان بۆ ئاوارەکانی عەفرین هێنا کە لە دۆخێکی زۆر خراپ بوون کەچی خەڵکەکە هیچیان لێ وەرنەگرتن و هۆیهایان لێ کردن. وتارەکەی ئەنجلینا جولی دۆکیۆمێنتێکی گرنگە، لە ئەنجامەکانی یارییە خوێناوییەکانی کێبڕکێی زلهێزەکان و ئیقلیمییەکان، دۆکێومێنتێکە لە سەر شکستی ئایندەیەك کە چارەنووسی بەشی گرنگی جوگرافیای دنیاو ژمارەی گرنگی دانیشتوانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەداتە دەستی کەلەیەکی پووچی ئیمپریالی کە بێجگە لە داتاکانی "بەرژەوەند" هیچ حەقیقەتێکیتر، بە تایبەتی مرۆڤ بوون بە فەرمی نازانێت!

 

 

  • 1