ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

بۆ ماوەیەکی کەم جموجۆڵ و چالاکییە سەربازی تیرۆریستییەکانی داعش کەم بوو. لەم دوو مانگەی دوایدا لە چەندین ناوچەی جیاوازدا سەر لەنوێ دەستی بە چالاکی کردووەتەوە. داعش بە ئازاد کردنەوەی شارەکانی ڕەقە و مووسڵ بوونی خۆی وەکو "دەوڵەت" لە ئێستادا لە دەست دا، بەڵام ئەوە بەو مانایە نییە کە بە شیوەیەکی یەکجارەکی لە ناو بچێ، بەڵکو ماوەیەك سڕ دەبێت و دوایی دەست بە چالاکی دەکاتەوە.

سەرهەڵدانی داعش بە چاوپۆشین لەهەر فاکتێکی ناوخۆیی، پڕکردنەوەی ڕۆڵێك بوو لە تێكدانی هاوکێشەو ڕیزبەندییەکی سیاسی و هێشتنەوەشی وەکو دەوڵەت بۆ چەند ساڵێك، بەهەمان شێوە وەڵامی ئارایشدانەوەی قۆناغێکی ناوچەکە بوو. بارودۆخی داگیرکردنی مووسڵ لە ساڵی ٢٠١٤ بارودۆخێك بوو کە هەڵگری چەند ئاماژەیەك بوون کە ئەمریکای ناچار کرد یاساکانی شانۆکە بگۆڕێت. بارودۆخی ٢٠١٤ بەشێکی گرنگی بریتی بوو لە باڵادەستی ستراتیژی ئێران بەسەر هاوکێشە سیاسییەکانی ناوخۆی عێراق، لە ئەمڕۆی ٢٠١٨ دا ئەگەر هاوپەیمانی شیعەکانیش لە پێکهێنانی حکوومەتی عێراقدا بە جۆرێك بێت کە باڵا دەستی پلاتفۆرمی ئێران بکاتە واقیع ئەو کاتە دوور مەبینن داعش وەکو دێوەکەی ناو کتریەکەی سندباد پەیدا بێت و لە پڕ شارێك یان قەزایەك نانی بەیانی لەگەڵ داعش بخۆن!

داعش تا پەیدا ببێتەوە، پێویستی بەوە نییە هیچ نەرمییەك بنوێنێ، نەك بە دڵخوازی خۆی، بەڵکو تایبەتمەندی ڕۆڵەکەی ئەوەیە کە کارو کردەوەکانی تەنیا ئەو داعشە بێت کە لە ٢٠١٤ بینیمان، بەڵام ئەوەی جێگای سەرنجە کە هەمان نەغمەی تۆمەتباری لە چەند دەنگێکی فەرمی وغەیرە فەرمی دێت لە بەغداوە کە ‌هێزەکوردییەکان تاوانبار دەکەن بە کارئاسانی بۆ داعش و ڕێگاپێدانیان، وەڵامی هێزە کوردییەکانیش لە وردەکاری نا، بەڵام لە هێڵی گشتی هەمان وەڵامی ساڵی ٢٠١٤یە! ئەمە ئاماژەیەکە بۆ دووبارە کردنەوەی دۆخی ئەو ساڵەی مووسڵ گیرا لە شوێنێکیتری عێراق یان تەنیا "هەڕەشەی" دووبارەکردنەوەیەتی، ڕەنگە لە هەفتەو مانگەکانی داهاتوو وەڵامەکەی بە ڕوونی دیاربێت، بەڵام ئەوەی ڕوونە کە داعش دەستی بە جموجۆڵێکی زۆرکردووە.

خەڵکی عێراق خولیای پشوویەکیان هەیە لەو هەموو تراژیدیاو ئاشی جەنگ وماڵوێرانییە، بەڵام ئەم خولیایە هەمیشە بە دیواری پلانێكی پێچەوانەی ئەم خولیایە کەوتووە کە ئەگەر نیوەی بلۆکی ئەم دیوارە ناوخۆ بووبێت نیوەکەیتری دەرەکی بووە. ماستەر مایندی یان ئەقڵی سەرەکی پەنای نەبوونی پشوو بۆ عێراق دەکرێ لە ڕووی سیاسی و سەربازی تەنانەت ئایدیۆلۆژییەوە ئەدرێس بکرێت و پشکی پێکهێنەرەکانی دەست نیشان بکرێت، بەڵام ئەوە هێشتا نیوەی وەڵامەکەیە، نیوەکەیتری ئەوەیە بەرژەوەندخوازییەکی جیهانی، بەریەكکەوتنی تەماحە ئیقلیمییەکان دیار نییە کەی دەگاتە سنووری خۆی! بۆیە خولیای پشوودانێك لەو مێژووە پڕ نەهامەتییە لەوە دەچێ یان نەگا، یان زۆر دوور بێت!

 

 

 

 

 

 

  • 1