ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

شەپۆڵ فەتحی كەریم 

1

لەكاتی دروستبوونی دەوڵەتی عێراقدا لەسەردەمی پاشایەتیدا ئەوكاتە كوردستان نەلكێندرابوو پێیەوە، عێراق بریتی بوو لەدوو ویلایەتی بەسڕا و بەغدا، لە فاوەوە تا جەلەولا لە عێراق و كوردستانیش یەك سیستەمی نیچە دەرەبەگایەتی هەبوو، بەشی زۆری زەوییەكانی بۆ كشتوكاڵ گونجابوون لە ژێر دەستی دەرەبەگ و موڵكدارە گەورەكان بوون، بەپێی سیستەمی (شكارتە) دەیاندا بە جووتیاران تا رەنێوی بێنن، دەرەبەگ و خاوەن موڵكەكان بە كردەوە هیچ بەشدارییەكیان لە بەرهەمهێنانی زەوییەكانیاندا نەدەكرد، زۆربەی كاتەكانیان لەشارەكان بەسەر دەبرد، كە لەڕاستیدا لەبنچینەدا خەڵكی شارەكان بوون فەرمانبەری گەورە و پاشماوەی مووچەخۆرانی دەوڵەتی عوسمانی بوون. (سەركارەكان) كاری دەرەبەگەكانیان بەڕێوەدەبرد، لەسەر حیسابی ماڵوێرانی و كوێرەوەری جووتیاران بەڕێوە دەبران.

زۆرجاریش ململانێ‌ لەنێوان جووتیارەكان و سەركارەكان كە ڕاستەوخۆ جێگری دەرەبەگەكان بوون ڕووی دەدا، سەرباری ئەو كرێیەی لە ئاغاكانیان وەردەگرت دەستدرێژیشیان دەكردە سەر جووتیاران، دەیانویست وەك ئاغاكانیان دەسەڵاتیان بەسەر جووتیاراندا بسەپێنن، لەو سەردەمە بەرهەمی كشتوكاڵی تاڕادەیەك زۆر كەم بوو، چەند جۆرێكی دیاریكراوی گەنم و جۆ و نۆك لەگەڵ هەندێ‌ بەروبوومی خۆراكی دیكە بۆ بازاڕی ناوخۆ رەنێو دەهێنران، لەو سەردەم و قۆناغەشدا ململانێی توندی چینایەتی لەنێوان جووتیاران و دەرەبەگ و موڵكدارە گەورەكان روویدەدا و لەپەرەسەندن دابوو، لەگەلێك ناوچەی كوردستان ڕاپەڕینی بەرفراوانی جووتیاران دژ بە ستەمی چینایەتی دژی دەرەبەگ و دامودەزگە حكوومییەكانی پشتگیریان لە ستەمەكانیان دەكردن.

لەو ڕاپەڕینانە ڕاپەڕینی هۆرین و شێخان و وارماوە و عەربەت و پشدەر و كۆیە و هەڵەبجە و دزەیی و ناوچەكانی دیكە رووویاندا.

دوای شۆڕشی چواردەی تەمووز یاسای چاكردنەوەی زەوی و زار ژمارە (30)ی ساڵی 1958 دەرچوو، بەپێی ئەم یاسایە لایەنی زۆری موڵكایەتی دیاریكرا، لە زەوی و زاری دێمەكار، لانی زۆر بە 2000 دۆنم، زەوی بەراویش 1000 دۆنم، ئەوەی زیاد دەبێت لەو ڕادەیە بەم ڕێژەیە دابەش دەكرێت بەسەر جووتیاراندا، 120 دۆنم دێمەكار، 30 تا 60 لە زەوی بەراو، سەرەڕای دەرچوونی ئەم یاسایە بۆ كەمكردنەوەی دەسەڵاتی دەرەبەگەكان و موڵكدارە گەورەكان، بەڵام بنچینەیەكی بۆ پەیوەندی نیمچە دەرەبەگایەتی هێشتەوە، واتە چەوسانەوەی جووتیاران لەلایەن دەرەبەگەكانەوە درێژەی هەبوو، زەوی و زاری دەرەبەگەكان بەشێوەی (شكارتە) لەلایەن جووتیارانی هەژارەوە كە زەوی و زاریان نییە و بنەمای موڵكایەتی جووتیارانیان فراوان بوو، هەرچەندە ئەو لایەنی كەمە لە زەوی و زاری دێمەكار بەشی دروستكردنی مەزرایەكی بۆ خێزانێكی جووتیار نەدەكرد، بەڵام لانی كەمی زەوی بەراو بەشی دروستكردنی مەزراكەی بۆ خێزانێكی جووتیار دەكرد بەمەرجێك چوار وەرزی ساڵ زەویەكەی بە بەروبوومی جیاواز بەپێی وەرزەكان رەنێو هێنابایە، سەرەڕای ئەم یاسایە كە تاڕادەیەك خراب نەبوو وەكو پێویست جێبەجێ‌ نەدەكرا، جووتیاران ڕووبەڕووی ئاستەنگ و كێشە دەبوونەوە، ململانێی چینایەتی لەنێوان جووتیار و دەرەبەگەكان بەردەوام بوو، لەساڵی 1970ش بەمەبەستی فراوانكردنی بنەمای موڵكایەتی زەوی و زاری بچووك و كەمكردنەوەی لانی زۆری موڵكایەتی ژمارە 17 دەرچوو.

  • 1