ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

ئەم نووسینە پێشکەشە بە هاوڕێیان (( محمد مشیر , محمد چۆمانی , سەلام عمر , کریم کاکە , حەمە عباس" بەختیار شەعبی" ))کە رۆژی ١٤ی تەموز ئەرکیان کێشا و لە هەولێرەوە هاتن و سەردانیان کردم و پڕ بە دڵ سوپاسیان دەکەم . من هەرگیز ئەوەم لە بیر ناچێتەوە کە لە رۆژانی لێ قەوماندا لە هە ولێر رۆژنامەی ( رێگای کوردستان) ی ئازیز باوەشی بۆ کردمەوە و داڵدەی دام.

سەرکردەی وڵات چەند لە هاونیشتمانییان نزیک بێتەوە , ئەوندە خۆشەویست دەبێ , بەڵام ئەگەر لە کەلوویەکی (بورجێکی) عاجیدا بژیت و جەماوەر هەر لە تەلەفزیۆنەوە بیبینن و لە دوورەوە فەرمان دەرکات و ئاگای لە ژیانی خەڵک نەبێت , ئەوا خەڵکیش ئاگایان لەو نابێ . شاعیرێک دەڵێ :

مرۆڤ ئەوەیە شێوەی شەمعی بێ // بۆ خۆی بسووتێ و نەفعی حەمعی بێ

خۆ بە دوور گرتن لە جەماوەری گەل , جا بە هەر بیانوویەک بێت , خۆشەویستیی جەماوەر بۆ سەرکردەی وڵات کەم دەکاتەوە . ئەوانەی لە نێو ریزەکانی میللەت هەڵقوڵاون و کاریان گرتۆتە دەست , زیاتر هەست بە خواست و ئازاری جەماوەر دەکەن .

ئەوانەی عەبدولکەریم قاسمیان دیبێ و, تەنانەت ئەگەر لە هەندێک کردەوەی رازی نەبووبن , ئەوە دەزانن کە لەوەتی ئەو عیڕاقە عاجباتییە دروست بووە , سەرۆکێکی وەک ئەو پیاوەی تێدا هەڵنەکەوتووە , نزیک لە خەڵک و دوور لە دەست نائەیمینی لە کاتێکدا هەموو عیڕاقی لەبەر دەستدا بوو. راستە هەندێک کاری تاک لایەنانەی دەکرد , بەڵام کاری زۆر باشیشی کردووە کە تا ئێستا شوێنەوارەکانیان ماوە , بە پێچەوانەی ئەوانەی دوای ئەو هاتن بە ئێستاشەوە , کە هەر خەریکی تاڵان و دزین و ئەمەش لای هەموو کەس روونە .

عەبولکەریم قاسم حەزی بەوە دەکرد کە بچێتە نێو خەڵک و تێکەڵی جەماوەر بێت . دەگەڕاو زۆر جار ئەگەر کاری خرپی بدیایە , هەوڵی نەهێشتنی دەدا . حەز دەکەم لێرە باسی چەند رووداوێک بکەم لە بارەی ئەو پیاوەوە و دەمەوێ ئەوەش دووبارە بکەمەوە کە ئەو چاکترین سەرۆکی عیراق بووە کە تا ئێستا فەرمانڕوایی گرتبێتە دەست و ناشڵێم کە ئەو فریشتە بووە , بەڵام لەچاو ئەوانەی دیکە کە خۆمان دیومانن , لە هەموویان باشتر بوو . ئەو شەوانە , کە کاری نە دەبوو , بە ناو بەغدادا دەگەڕاو گەلێک شوێنی بەسەر دەکردەوە . جارێکیان , ئێوارەیەک دەچێت بۆ کاڤمیە , سەیر دەکا لە سەموونخانەیەک , خاوەنەکەی وێنەیکی گەورەی ئەوی هەڵواسیوە , ئەویش ئەنگوتکەکان دەکێشێ , سەیر دەکا زۆر لەو کێشە کەمترە کە دانراوە و بە کابرا دەڵێ : وێنەکەی من بچووک کەوە , بەڵام سەنگی ئەنگوتکەکان زیاتر بکە .

جارێکیان , لەو گەڕانانە منداڵێکی رووتەڵە دەبێنێ و لە ئۆتۆموبیلەکەی دادەبەزێ و دەچێ بۆ لای منداڵەکە . منداڵەکە کە دەێبینێ , تفێکی لێ دەکا . یاوەرەکەی کە ئەفسەرێکە , بۆ منداڵەکە دەچێ بە نیازی ئازاردانی , بەڵام عەبدولکەریم دەڵێ : وازی لێ بێنە . لێی دەپرسێ : بۆ تفت لێ کردم ؟ منداڵەکە دەڵێ : باوکم لەگەڵ تۆ بوو لە فەلەستین و لەوێ شەهید کرا. سەیر دەکا نەعلەکانی زۆر شڕن و هەر یەکەی جۆرێکە . پێی دەڵێ ئەی پێلاوەکانت بۆ هەر تاکەی جۆرێکە ؟ منداڵەکە دەڵێ : دایکم لە نێو زبڵدان بۆی دۆزیومەتەوە . ئەی لەماڵەوە چەند کەسن ؟ منداڵەکە دەڵێ : خۆم و دایکم و خوشکێکم . عەبدولکەریم دەڵێ : شتێکت پێ دەڵێم بیکە , ئەگەر نا زیندانیت دەکەم . منداڵەکە سەیری دەکات و دەڵێ : باشە , عەبدولکەریم پێی دەڵێ : تفێکی دیکەم لێ بکە . بەڵام منداڵەکە ئەوە ناکا . دوا جار عەبدولکەریم منداڵەکان دەخاتە قوتابخانەو دایکەکەیان دادەمەزرێنێ و خانوویەکیشیان بۆ دابین دەکات .

پیاوێک دەڵێ : لە ناوچەی کەڕادە لەسەر عەرەبانە کاهوو(خاس) م دەفرۆشت . رۆژێکیان کاتی عەسر ( أبو دعیر) , ئەو وای بە عەبدولکەریم دەگوت , لە ئۆتۆموبیلەکەی دابەزی و هات و داوای کاهوویەکی کرد . منیش سەلکە کاهووەکەم دایە , دوای ئەوەی گەڵا خراپەکانم لێ کردەوەو لە تەنەکە ئاوەکەم هەڵکێشا . ( زەعیم ) گوتی : ناوت چییە ؟ وەڵامم دایەوە : جەنای زەعیم ناوم جەعفەرە . کە هەستی کرد شڵەژاوم , پێی گوتم : بابە , نەترسە . بۆ شڵەژاوی ؟ وەڵامم دایەوە من پێم خۆشە بەو ناوە ی خۆم حەزی پێ دەکەم بانگت بکەم . گوتی : ئەو ناوە چییە ؟ گوتم : ( أبو دعیر) . گوتی : گوێ مەدەیەو بیڵێ . دوای ئەوەی رووخۆشییەکەی عەبدولکەریم ترس و شڵەژاوییەکەی رەواندمەوە , زەعیم گوتی : تۆ دەزانی دانیشتووی نەخۆشی وژەهر بە عیراقییان دەفرۆشیت ؟ گوتم نا وەڵلا , چۆن ؟ گوتی : دەبێ تۆ ئاوی پاکت لابێ و لەبەری بڕوا ئینجا پێش ئەوەی بیفرۆشی , بیشۆیتەوە . وەڵامم دایەوە : (أبو دعیر ) من لێرە لەو گۆڕە عەرەبانەم راگرتووە , ئاو لە کوێ بێنم ؟! گوتی : سبەینێ بەللوعەیەکی نزیکت لەو قوفڵەوە بۆ رادەکێشم و بە شارەوانیش دەڵێم هەقیان نەبێ بە سەرتەوە , بەڵام ئەگەر بێرەدا تێپەڕم و ببینم کاهووی نەشۆراوە دەفرۆشی لێت عاجز دەبم و من هەموو حەفتەیەکیش دینارێکت د ەدەمێ , بەڵام بە تەنگ لەشساغیی خەڵکی عیراقەوە بە . بۆ سبەینێ بەللوعە لە تەنیشت شۆستەکە قیت کرایەوە و ئەو مووچەیەم لە لایەن زەعیمەوە هەر بەردەوام بوو تەنانەت هاوینیش کە شووتیم دەفرۆشت . هەندێک جار زەعیم بۆ ماوەیەک , کەم یان زۆر بەپێی خشتەی کارەکانی , بەوێدا تێ نەدەپەڕی و کاتێک کە دەهات لە ئۆتۆموبیلەکەی دادەبەزی و بە پێکەنینەوە دەیگوت : ها جەعفەر چەندت قەرزارم و هی چەند حەفتەیە ؟ ئینجا بە گاڵتەوە دەیگوت : وریابە , من خۆم حیسابم کردوون .

(( چەند راستیان گوتووە :(( لە نیشتمانپەروەر مەپرسە چەندت دەست کەوتووە , لێی بپرسە چەندت بەخشیوە )).

  • 1