ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

ماوەی چەند رۆژێكە بەو گەرمای هاوینە كە پلەكانی گەرما نزیكەی 50 پلەیە هاوڵاتیانی ناوەراست وباشوری شارەكانی عێراقی بە دەست نەبونی خزمەتگوزاری وتەزووی كارەباوكەمی ئاو، سەبری گەلانی عێراقی پچراندو خۆپیشاندەرانی هێنایە سەرشەقام ودروشمی بەسە ئیتر بێدەنگیان بە رووی حكومەت بەرزكردەوە بۆ كۆتایی هێنان بەژیانی شاهانەی بەرپرسان ژیانی كولەمەرگی ئەوان كە جیاوازیەكەی ئاسمان و رێسمانی نێوانە.

خۆپیشاندانی خۆپیشاندەران لە كاتێكدایە كە لە زۆر رووەوە بگرە عێراق لە پێشەوەی هەرێمی كوردستانیشە وەك رۆلی پەرلەمان ودامەزراوەكان وشەفافیەتی كەرتی نەوت، ئەمە جگە لەوەی كە فەرمانبەرانی شارەكانی باشوری عێراق مووچەكانیان مانگانە لە كاتی خۆیو بەبی پاشكەوت وەردەگرن.

لە گەڵ ئەوەشدا تا ئێستا چەندین بەرپرسی باڵالە پۆستە جیاكان لە سەر كەیسی گەندەڵی وبەهەدەردانی سامانی نەتەوەیی وڵات دادگایكراون.

وەڵامدانەوەی خۆپیشاندەران بەگوللە لە جیاتی داوای لێبوردن و جێبەجێكردنی داواكاریەكانیان بە پێوەنانی گوللە بەسنگیان لە لایەن هێزە چەكدارەكانیان وكوژرانی خۆپیشاندەران لە بەرامبەر داواكردنی سەرەتایترین ماف وباشتركردنی گوزەران ودابینكردنی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەكانی ژیان وكەرتی تەندروستی ئەو پەری بێ باكی ئەو حكومەتە كەمتەرخەمە دەنوێنێت.

خۆپیشاندانی هاوڵاتیان لە كاتێكدایە كە هاوڵاتیانی عێراق بەو گەرمای هاوینەو بڵاوبونەوەی جۆرەها پەتای نەخۆشی كوشندە، كە بە پێی ئامارەكانی رێكخراوی هیومان رایس وۆچ لە ماوەی چواردە ساڵی رابردوو لە عێراق (39) جۆرپەتای نەخۆشی كوشندەوشێرپەنجەو ئیفلیجی لە عێراق بە هەرێمی كوردستانیشەوە بڵاوبونەتەوە، كە سەرەنجام بونەتە هۆی گیان لە دەستدانی دەیان هاوڵاتی.

ئەمە ئەوە دەردەخات كە بەرپرسانی عێراق لە خەوی غافلەتی ماونەتەوەوبێ‌ ئاگان لەوەی كە "هەموو شتێك لە باریكی دەپسێ‌ تەنها زوڵم لە ئەستووری"دیارە ئەو بێ‌ باكیەیی كە بە درێژایی ئەو هەموو ساڵەی بەرامبەر بە ژیان وچارەنووسی گەلانی عێراق دەكرێت زولمَێكەو لەوە زیاتر بەرگەی پێنەگیرا بۆیە وا ئەمرۆ رقی بوركان ئاسای خەڵك دەتەقێتەوەو بەرووی ئەوانەی كە جڵەوی دەسەڵاتیان بۆخۆیان ودەوروپشتیان گرتۆتە دەست وهیچ باكیان بە خراپی گوزەرانی خەڵك نیەوهیچ پرۆژەیەكیان نیە بۆ كەمكردنەوەی نەهامەتیەكانی خەڵك. 

گەر سەرنج بدەین دەبینین ژیانی شاهانەی بەرپرسان وكولە مەرگی گەلانی عێراق ئەو جیاوازییە چینایەتیەی كە كەلێنێكی گەورەی لە نێوان دەسەڵاتداران وهاوڵاتیان دروستكردووە،رۆژ لە دوای رۆژ لە فراوان بووندایە.

رێكخراوی هیومان رایتس وۆچ لە راپۆرتی ساڵانەی خۆی رایگەیاندووە، نەبوونی هەلی كاروبەرزبونەوەی رێژەی بێكاری لە عێراق گەیشتۆتە 25% ولە هەرێمی كوردستانیش 16%، بۆیە بە سەرنجدان لە بارودۆخی گوزەرانی گەلانی عێراق لە دوای ساڵی 2003 وهەرێمی كوردستانیش لە دوای ساڵی 1991، بە ئاشكرا پێیەوە دیارە كە عێراق بۆتە بە هەشتی بەرپرسان كە تیایدا بە دەستهێنانی پۆست وپلەو پایەو بوون بە خاوەن كۆشك وتەلاروبروانامەو كۆمپانیا بۆ خۆیان ودەوروپشتیان مسۆگەروسانایە.

بەبەرچاویشیان گەلانی عێراق بونەتە سوتەمەنی مەرام وسەركێشیەكانی دەسەڵاتداران وباجی هەڵەكانیان وكەم ئەزموونی لەبەرێوەبردنی وڵات دەدەن.

خۆپیشاندەران بە دەست نەبوونی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەكان موم ئاسا دەتوێنەوە، كەچی لە جیاتی داوای لێبوردن ووازهێنان ودەست لە كاركێشانەوە لە پۆستەكانیان بە گوللە وەڵامی داواكاری خۆپیشاندەران دەدەنەوە ئامادە نین شوێنەكانیان بۆ كەسانی تەكنۆكرات وخاوەن پرۆژەوئەكادیمی چۆل بكەن.

لە وڵاتانی پێشكەوتوو كاتێك خۆپیشاندان دەكرێت هێزە ئەمنییەكان ئەركیان تەنیا پاراستنی خۆپیشاندەران و دامەزراوەكانی دەوڵەت و سەروماڵی خەڵكە، دەسەڵاتدارانیش بەپەلە بەدەم داواكارییەكانی خۆپیشاندەرانەوە دەچن، زۆر جاریش سەرۆك یان سەرۆك وەزیران وەزیرانی كەمتەرخەم بەهۆی ئەوەی نەیانتوانیوە داواكاری خەڵك جێبەجێبكەن دەستیان لە كار كێشاوەتەوە.

بەڵام بێ‌ باكی ئەم دەسەڵاتە كەمتەرخەمە لە جیاتی دابینكردنی ژیانێكی شایستە بە هاوڵاتیان، خەڵك ناچار دەكات رۆژانە سەری خۆیان هەڵبگرن وزێدی باب وباپیرانیان جێبهێڵن.

ئەوانەی كە دەشمێنەوە وەك ئەوەی ئەمرۆ دەگوزەرێ‌ رقی ئەستوریان هەڵدەستێ‌ وهیچ هێزولەنگەر نیە بتوانی خۆی لە بەرامبەریان رابگرێت، بۆیە ئەو گەلە ستمدیدەیە شایستەی زۆر لەوە زیاترە كە ئێستا لە پێناوی دەكوژرێ‌، بۆیە دەبێت دەسەڵاتداران ئەو ژیانە بەهەشتەیەی تیایدا دەگوزەرێن بكەنە چەترێك بۆ هاوڵاتیان، ئەگینا بەهەشتەكە دەبێت بە دۆزەخ بۆیان.

 

 

  • 1