ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

(شکستناسیی)

بەشی بیست و یەک

منی خێڵ، منی نەتەوە

۱

لێرەدا و لە ئاستە ئیپستمۆلۆژیی و ئۆنتۆلۆژییەکەیشدا قسەو باس لە (من)، منێکە وەک بکەرو منێکە وەک بەرکارو کارتێکراو. منێکی بکەر کە دەجوڵێت و جۆرێک ئۆتۆنۆمی هەیە لە پەراوێزی منێکی گەورەتردا کە منێکی پێکهێنراو دروستکراوە کە دەتوانین بڵێین (خودـ ئێمەیە). خودێکی گوزارشتکراو، خودێک کە دەربڕی ئێمەیە. کام ئێمە ؟ ئێمەیەک لە ناو جۆرێک لە کوللیەت کە ناسنامەیەکی گەورەترە لە ناسنامەی منی کەسیی و تاک. لێرەوە ئێمە هاوڕێی (من)ێکین لە ئاستگەلێکدا وەک منی بیرکەرەوە و بکەر، منی کارتێکراو بەرکار. لێرەدا من هەردەکاتەوە ئێمەو ئێمەش دەکاتەوە من. منێکی ڕووت و قوت و ئەبستراکت بوونی نییە، منێک هەیە لە ناو منگەلێکدا کە ئێمەو هەلومەرج و کۆنتێکستەکە پێکیدێنن. ئێمەیەکی گەورەترو کوللیتر، ئێمەیەک کە منی تاک تێیدا شکڵ و فۆرمیولەبوونێکی وەرگرتووە کە سەر بە ناسنامەو نوێنەرایەیکردن و نواندنەوەی ئێمەیە.

۲

منێک لە خێڵداو، منی خێڵ، بکەرو کارتێکراوێکە لە ناو ئینتیماو خەیاڵدان و ناچاریی خێڵ و سنوورو تخۆبەکانی خێڵدا. وەک لە بەشەکانی ڕابووردودا باسمانکرد، ناسنامەی خێڵ بە گشتی کۆلێکتیڤییەو سەر بە ناسامەو دەربڕێکی (پێشدەوڵەتییە). ئێمەیەک کە تاکبوون و تاکێتی تەنیا لە چەند کەس و ڕەمزو کارێکتەرێکی نوخبەو دەستەبژێرێکی هیرارکیدا گەمارۆدراوە( منی سەرۆک خێڵ، منی ئاغا،منی شێخ، منی پیاوی ئاینیی، منی کوێخا، منی نوێنەری سەرۆک چێڵ، منی کەس و کاری کەسە باڵاکانی خێڵ....). واتە لە ناو خێڵ و خەیاڵدان و دەسەڵاتی خێڵدا هیرارکییەتێک هەیەو، بەرمەبنای ئەم هیرارکییەتە بونیادیی کەسگەلێگ لە ناو کردەو ئەکتی (منی بکەردا) ڕۆڵ دەگێڕن. بەڵام ئەمە ناکاتە ئەوەی ئەم منگەلە تەواو سەرەخۆو ئۆتۆنۆم بن چونکە ڕۆحی خێڵ بە پلە ئیمتیاز ڕۆحێکی کۆلێکتیڤییە، لێرەوە بە ناچاری منی خێڵ لە ناو هەلومەرج و ئەو نەزمە ڕەمزییەی بۆ کەسەکان دانراوە لە ئاستە هیرارکییەکەیدا جۆرو ئەندازەی جیاواز لە کڕدارو ئەکت هەیە. بەمشێوەیە منی خێڵ، منی ناو خێڵ منێکە لە ناو ئاگایی و وشیاریی و خەیاڵ و وێناکردنێکی لۆکاڵی سنووربەندی بچووک

۳

لە گەڵ منی مۆدێرنەدا، منی بیرکەرەوە، منی ئەقڵانی و ناو کردە ئەقڵانییەکان، منی خولقێنراوی دەوڵەتیی و دەزگا دەوڵەتییەکان، ئێمە ئاستی دیکەمان هەیە لە منی بکەرو منی کارتێکراو. مۆدێرنەو ئەو دەرکەوتانەی لکاون بە مۆدێرنەوە بڕێکی زیاتر و گەورەتر لە ناو جوگرافیایەکی ڕۆحی و ناسنامەدان. لە گەڵ مۆدێرنەدا بە پێچەوانەی خێڵەوە، ئێمە منێکمان هەیە کە گەردوونیتر و یونیڤێرساڵترە. ئەم منە گەورەو فراوانترە بەرهەمی کردەی بیرکردنەوەگەلێکن کە خەیاڵ و ناسنامەی بچووک و لۆکاڵیی ناوچەو جوگرافیایەکی تێپەڕاندووەو قسەوباس لە جیهانیبوون و گەردوونیبوونێکە لە ئاستێکی ئۆنتۆلۆژی گەورەتر. منی فەڕەنسی، منی ئەڵمانی، منی ئینگلیزی... منگەلێکن لە ناو وێناکراوێکداو، لە ناو بەریەککەوتنی گەورەتر لە خێڵ. ئاگاییەک بەرهەمهاتووە کە گەورەترو بەرینترە لە ئاگایی خێڵ.

٤

منی خێڵەکی کە قسە دەکات، کە کردەیەک دەنوێنێت، کە ژێستێک ئەنجام دەدات، بچووک و لۆکاڵییە. خاڵێکی گرنگ لە نێوان منی خێڵ و منی نەتەوادا لەوێدایە منی خێڵەکی کە دەڵێت من، مەبەست و نییەتی منێکی خێڵەکییەو خەریکی گشتاندنیەتی بە سەر نەتەوەدا، هەرچی منێکی نەتەوەییە، منێکە لە نەتەوەوە ئۆکسجین و ڕەوایەتی خوێن وەردەگرێت و پاشان دەگەڕێتەوە ناو ناسنامەو دەزگا بچووکە کۆمەڵایەتییکانی دیکە. منێکی نەتەوەیی ناو ڕۆحی ئاگایی و وشیاری لێرەبوون و ئامادەیی نەتەوە، منێکە لە گەورەکراو و گەورەییەکدا، منێکی بچووک و لۆکاڵی خێڵ بییەوێت یان نەیەوێت، شاراوەو زیمنی و نەبینراو بێت، یاخود کە لە زۆربەی کاتدا نەستیی و نائاگاییە، لە ناو ئینتیمایەکیبچووکی سەپێنراودا بەر مەبنای بنەماو بنچینەکانی خزمخواهیی، هاوسەرگیری، خوێن، خەیاڵکراو،نەسەب و شەجەرە.... هەمیشە دەربڕو مانیڤێستبوونی ئەم ڕۆحە کۆلێکتیڤییە نا ئەقڵانییە سەپێنراوایەو ناەوانێت گەردوونی و جیهانیی بێت. منێکی گەمارۆدراو ئاشنایە بە سنووری خێڵ. زۆر کات منی خێڵەکیی و منی خێڵ لێرەو لەوێ دەیەوێت وەک منێکی گەورەتر، وەک منێکی نەتەوەیی دەرکەوێت، جا یان ماسک و درۆو فێڵە بە ناچاریی دەکەوێتەوە سەر بوونە حێڵەکییەکەی خۆی لە دەیان هەڵوێست و ڕەفتاری جیاوازا، یان بونیاد و خەیاڵدانە حێڵەکییەکە ڕایدەکێشتەوە، یان ستراتیژی خۆ بەرهەمهێنانەوەی ئەم هابیتوسە خێڵەکییە بە جۆری جیاواز لە ڕێگەیەوە خۆی دەردەخات و خۆی درێژ دەکاتەوە. لێرەوەیە ئێمە لە لۆکاڵیبوونەوەی ڕەمزو کاریزماکانمان تێدەگەین کە لە ناو هەلومەرجێکدا (دەکرێنەوە) بە موڵک و ماڵی خێڵ، جا یان لە ژیانی خۆیاندا، یاخود لە پاش مەرگ.

٥

بەرکەوتنی خێڵ لە گەڵ مۆدێرنەدا، لە گەڵ دراو و پێدراوەکانی مۆدێرنەدا بە ناچاری فاکتێکی دیکە دەخوازێت و فاکتێکی دیکە دەخولقێنێت : شەڕی دوو چیرۆک و دوو خەیاڵدانی جیاوازو دژ بە یەک. خێڵ هەرچی تواناو پۆتۆنسیالیتێ و هێزی خۆیەتی بە کاری دێنێت تا جێنەمێنێت و بێتە ناو ئاگایی و بوونێۆی کەورەترەوە لە فەزاگەلکدا، لە ناشوێنێکدا کە سەر بە فەزاو ئاگایی خێڵ نییە، وە ڕاکێشان و درێژکردنەوەی بووێک کە بچووک و لۆکاڵییە. لێرەدا خێڵ، منی خێڵ ئەندازەیەک دێت، جا یان دۆخێکی سکیزۆفرینی نێوان دوو بوون ڕوودەدات، یان نیفاق و خۆگونجاندنێک کە زۆر فشۆڵ و لاوازە.

لە بەشەکانی ڕابووردوداو لە ناو خێڵ و مۆدێرنە، خێڵ و دەرکەوتن، خێڵ و دەرکەوتنی نیفاقییانەی خێڵ ... باسمان لێوە کردووە.

بەشی داهاتو لەسەر گەڕانەوەی خێڵ دەبێت

  • 1