ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

گەورەمرۆڤێک دەڵێ : مێژوو دووبارە دەبێتەوە ، جاری یەکەم وەکوو تڕاژێدیا و جاری دووەم وەکوو کۆمیدیا .

کێ بڕوای دەکرد رۆژێک لە ڕۆژان لەم کوردستانەی خۆمان ، گۆڕێک هەڵبدڕێتەوە و تیایدا ئێسک و پروسکی کەسانێک بدۆزرێتەوە کە بکوژەکانی کەسی ژێرخاککراو و ئەنجامدەرەکانی تاوانەکە سەرباز و ئەفسەر و پلەدار و بەکرێگیراوی ڕژیمەسەردەستەکان نەبن بەڵکوو ئاڵاهەڵگران و چەک‌لەشانانی بزوتنەوەی کوردایەتی و دەم‌وچاوە دیارەکانی شۆڕشی کوردی بن .

دۆزینەوەی تەرمی پێشمەرگەیەکی شیوعی پاش ٣٥ ساڵ لە گوللەباران‌کردنی بەدەستی ئاڵاهەڵگرانی ئەوکاتی شۆڕشی نوێ ، ئەو نیگەرانییە دروست دەکات کە بێسەروشوێنەکانی پێکدادانە نێوخۆیی و خۆماڵییەکانی سەردەمی خەباتی شاخ و دواتر شار چییان بە سەر هاتووە ؟ ئایا ڕۆژێک ئێسقانەکانی ئەوانیش لە ژێر زەوی دا دەدۆزرێنەوە و مێژوو کۆمێدیابوونی خۆی دەسەلمێنێ ؟

کارەساتەکە بەمجۆرەیە کە ڕۆژی دووی گوڵانی ساڵی ١٩٨٣ لە میانەی شەڕی نێوان لایەنە بەرهەڵستکارەکانی ئەوکات ، هێزێکی بەژمارە زۆری یەکیەتیی نیشتمانی کوردستان لە گوندی "پشتئاشان"ی بناری قەندیل هێرشیان کردە سەر ئەو بنکە و بارەگایانەی حیزبی شیوعی عێڕاق کە شوێنی حەوانەوە و مانەوەی پیر و پەککەوتە و منداڵ و خێزانی پێشمەرگە بوون و لە ئەنجام دا نیزیک بە ٧٠ کەس لە شیوعییەکان کۆمەڵکوژ کران . ئەمە لە کاتێکدا بوو کە ژمارەیەکی زۆر لە قوربانییەکان بە دیلی کەوتبوونە دەستی لایەنی هێرشبەرو لە ماوەیەکی کەم دا بە بڕیاری سەرپەرشتکاری شەڕەکە هەر لەوێ گوللەباران کران . 

دوای زیاتر لە ٣٥ ساڵ تێپەڕبوون بەسەر ئەو کارەساتە دا ، ھاووڵاتییەکی دانیشتووی ئەم گوندە ئاشکرای کردووە کە لەناو کێڵگەکەی خۆیدا ، تەرمی پێشمەرگەیەکی بەخاک سپاردووە کە لەو شوێنە ئیعدام کراوە و تاکوو ئێستاش گۆڕەکەی ھەرماوە.

لەم چەند ساڵەی دواییدا و بە تایبەت دوای ڕووخانی ڕژێمەکەی سەددام حوسێن ، ڕۆژانە گوێبیسی دۆزینەوەی گۆڕی بەتاک و بەکۆمەڵ لە هەموو بەشەکانی عێراق دەبووین و وردەوردە وای‌لێهاتبوو کە دۆزینەوەی گۆڕەکان ئیتر تازەیی نەمابوو و دووپاتەبوونەوەیەکی بەردەوامی پێشتر بوو ،هەر بۆیە تاکی ئێمە دەگەڵ بیستنی دەستەواژەی "گۆڕی بە کۆمەڵ" هەر زۆر زوو دەیزانی بکەر و بەرکار کێن و پێویستی بە لێکدانەوە و بەدواداچوونی زیاتر نەبوو بۆ لێتێگەیشتنی هەواڵەکە . زۆربوونی ژمارەی ئەو گۆڕانە حکومەتیبەغدای ناچار کرد تاوەکوو بە دەرکردنی بڕیارێک ڕۆژی ١٦ی گوڵانی هەر ساڵێک وەکوو ڕۆژی گۆڕە بەکۆمەڵەکان دیاری بکات . 

دیاریکردنی ئەم ڕۆژە وەکوو رۆژی وەبیرهێنانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە لە ڕۆژی ١٦ ی گوڵانی ساڵی ٢٠٠٣ ، لە ناوچەی "محاویل"ی سەرڕێگەی نێوان بەغدا و بابل گۆڕێکی مەزن دۆزرایەوە کە تەرمی هەزاران هاووڵاتی کورد و عەرەبی شیعەی راپەڕیوی (1991) ی تێدا شاردرابۆوە . 

بە ڕێکەوت بێت یان بە ئەنقەست ، ڕاست لەم ڕۆژە دا بەڵام لە ساڵێکی جیاوازتر دا ، واتە ١٦ی گوڵانی ١٩٩٧ ، هێزەکانی سەر بە پارتی دیموکراتی کوردستان لە ناو جەرگەی شاری هەولێر ، پەلاماری سەرجەم بارەگاسیاسی و ڕاگەیاندن و نەخۆشخانەکانی سەر بە "پارتی کرێکارانی کوردستان"یان دا و لە ئاکامدا دەیان کادر و گەریلای بریندار و ڕۆژنامەوان و هونەرمەندی ناوەندی چاندی میزۆپۆتامیا بێسەروشوێن کران و هەتا ئێستاش کەس چارەنووسیان نازانێ . 

دیرۆکی بێسەروشوێنکران و شاردنەوەی جەستەی نەیاران لە نێو بزوتنەوەی کوردی دا لەمانە کۆنترە و پێشتریش هەبووە ، بۆ نموونە پەنجا و چەند ساڵیک لە مەوبەر، سەرکردە و ڕووناکبیر و شۆڕشگێڕ و هەڵسوڕاوی ناسراوی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ، سەدیق ئەنجیری ئازەر لە ناوچەی ژێر دەستەڵاتی کاربەدستانی شۆڕشی ئەیلوول ، لە کاتێک دا میوانی کەسەدیارەکانی شۆڕش بوو ، شوێن‌بزر کرا و سەرەڕای بەدواداچوونی بنەماڵە و هاوڕێ و هاوسەنگەرەکانی هەتا ئێستاش تەرمەکەی نەدۆزراوەتەوە ، هەرچەندە لە بیرەوەری هەندێک تێکۆشەری ئەوکات دا باس لە دۆزینەوەی تەرمێکی سەربڕاو لە لایەن شیوعییەکانەوە کراوە بەڵام لە ڕاستی‌دا ئەو ڕووداوە قەت پشتڕاست نەکرایەوە هەر بۆیە پێدەچێت جەستەی بێ‌گیانی کاک سەدیق لە شوێنێک شاردرابێتەوە . 

ئەو هێزە نەریتی و تەقلیدییانە دوای ڕاپەڕینی خەڵک لە ساڵی ١٩٩١ و ڕزگارکرانی بەشێکی بەرچاو لە خاکی کوردستان ، هەموو زەهنییەت و بیرکردنەوەکانی شاخیان دەگەڵ خۆیان هێنایە شارەکان و بە هەمان عەقڵییەت ویستیان سیاسەت و حکومەتداری و تەنانەت دەوڵەتداری بکەن ، هەر بۆیە دیسان بە وێنەی دوو خێڵ لێکتر هەڵبەزینەوە و تەحەمولی یەکتریان نەکرد و شەڕێکی ماڵوێرانکەریان بە سەر خەڵک دا سەپاند . لە میانەی ئەم شەڕەدا لە نێوان ساڵەکانی ١٩٩٤ هەتاوەکوو ١٩٩٨، دەیان پێشمەرگە و لایەنگری هەردوولا بێسەروشوێن کران و ئێستاش کەس نەیزانی چییان بەسەرهات.

کۆمەڵکوژییەکەی هەولێر و پشتئاشان لە زۆر بوار دا وەکوو کوشتنی دیل و ژن و منداڵ و کەسانی پەککەوتە و کەم ئەندام وەک یەک دەچن بەڵام لە خاڵێکی جەوهەری دا وەک یەک ناچن ئەویش ئەوەیە کە لە هەولێر لایەنی هێرشبەر ببوو بە دەستەڵاتدار و لە پێگە و جێگەی دەستەڵاتەوە هێرشی بردە سەر ئەو کەسانە بەڵام لە پشتئاشان هێزی هێرشکار دەگەڵ هێزی هێرشبۆکراو هەردووکیان لە بارودۆخی بەرهەڵستکارانە دابوون و بەرامبەر ڕژێمێکی دیار چەکیان کردبووە شان .کەواتە کەسایەتی ڕاپەڕیو و چەک‌بەدەستی کورد لە هەر دوو کات و هەردوو حاڵەت‌دا هەڵگری جۆرێکە لە بیرکردنەوە و هەڵسوکەوت کە جیاوازییەکی ئەوتۆیان پیکەوە نییە .

وادیارە ئەو تێگەیشتنەی عێڕاقی کردە وڵاتی قەبرستانە نهێنی و گۆڕە بەکۆمەڵەکان ، هەر بەرهەمی دەستەڵات و بەعس و کۆمەڵێک سەرکردەی دیاری ئەو وڵاتە نەبووە بەڵکوو لە ناو بەرهەڵستکارانی سیستەمیش دا بە شێوازی‌تر ژیانی کردووە و ڕەگ و ڕیشەی هەبووە و زۆر بە ئارامی بەڵام بە تێروتەسەلی خەریکی خۆپێگەیاندن و خۆبەرهەمهێنانەوەی خۆی بە سیمای تازە بووە دەنا ئەگەر وانییە ئەدی چۆن هێزگەلێکی بە ناو شۆڕشگێڕ و ئاڵاهەڵگری کوردایەتی دیل دەکوژن و دواتر بێ سەر و شوێنیان دەکەن ئەویش نەک دیلی دوژمن بەڵکوو دیلی خۆمانە؟ سەیری ڕۆژگار لە مە دایە کە هەر هەمان ئەو پاڵەوانە دیلکوژ و منداڵکوژ و ژنکوژ و پیرکوژانە ، بۆ ئەوەی سیمایەکی شارستانیانە و سەردەمیانە لە خۆیان و سەرهەڵدانەکەیان نیشانی جیهان بدەن ، دیلەکانی سوپای داگیرکەریان بەڕەڵڵا دەکرد ، جاری واش بووە کە خەلکەکەی خۆیان ڕادەستی ئەو دڕندانە دەکرد و ئەوانیش جوابی چاکەیان دەدایەوە . ( ئەنفال و هەڵەبجە و شەنگال و مەخمور و کەرکووک و .... ) . 

ئەوەی جێی سەرنج بێت ئەوەیە کە دوای رووخانی رژێمی بەعس شوێنی گۆڕە بەکۆمەڵەکان دۆزرانەوە، کەچی دوای تێپەڕبوونی ٥٥ ساڵ بە سەر دیارنەمانی سەدیق ئەنجیری ئازەر و ٢٥ ساڵ بە سەر شەڕی نێوخۆی نێوان پارتی و یەکیەتی و بیست‌ویه‌ك ساڵ بەسەر کۆمەڵکوژییەکه‌ی هەولێر دا ، تاکوو ئێستاش نازانرێت جەستەی قوربانیەکانی ئەو کۆمەڵکوژییانه لە کوێ و بەدەستی کێ شاردراونەوە ؟کەس‌وکارە ماندوو و بێنازەکانیان بە دەیان‌جار نوسراوەیان ئاراستەی دەزگا ئەمنیی و یاساییەکانی حکومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان کردووە بۆ ئەوەیهەواڵێکی ڕۆڵەکانیان بزانن و تەنانەت لە ئەگەری نەمانیان دا شوێنێ شاردنەوەیان پێبڵێن تاوەکوو سوکناییەکی بچووک بکەوێتە دڵی دایک و باوک و ژن ومنداڵیان بەڵام سەرجەم ئەو هەوڵانە بێ ئەنجام ماونەتەوە.

دیارنەبوونی تروسکاییەکی هەرچەندە کەم لەم بارەوە ئەوەمان پێدەڵێ کە کەسە ونبووەکانی باسکراو بەکۆمەڵ خراونە گۆڕەوە و شاردراونەوە دەنا دەگەڵ هیچ مەنتقێک یەکناگرێتەوە کە سەدان کەس بە جیا و هەر کامەو لە گۆڕێک دا شاردرابنەوە چوونکە ئەوە هەم کاتێکی زۆری دەوێ و هەمیش خەڵکێکی زۆر لێی ئاگادار دەبێت و وا بە ئاسانی ناشاردرێتەوە .

دۆزینەوەی تەرمیپێشمەرگەیەکی بە ڕەچەڵەک عەرەبی خەڵکی بەسڕا ، دەتوانێ سەرەتایەک بێت بۆ دەستپیکردنی هەڵمەتێکی شارستانیانە بە ئامانجی گوشارخستنە سەر لایەنە بەرپرسەکان بۆ تیشک خستنە سەر تاریکایی چارەنووسیی دیل و بێ‌سەروشوێنەکانی شەڕەکانی نێوماڵی خۆمان و لە هەمان کات دا دەتوانێ هوشیارکردنەوە و بەئاگاهێنانەوەی کۆمەڵگای کوردی بێت لە ئەگەری بەرهەمهێنانەوەی دیاردە تاڵ و دزێوەکانی لە شێوەی بەعسیزم و فاشیسم بە جل‌وبەرگی کوردییەوە چوونکە تۆمەتبارە سەرەکییەکانی بەکۆمەڵ‌کوشتن و گوللەبارانکردنی ئەو کەسانە و پاشان شرت‌وگومکردنی ئاسەوارەکانی ئەو کەیسانە ئێستا یان سەرۆک‌ و کاربەدستی خێڵ‌-حیزبەکانی کوردستانن و یان لە دەزگا یاسایی و شەرعییەکانی وەکوو پارلەمان سەرۆک لیستن و لە ڕیزی پێشەوەی دام‌و دەزگای یاسادانان دادەنیشن و هەندێ جاریش کەسایەتی دیاری ئابووری و کۆمەڵایەتی و تەنانەت ئەدەبین.

چەند جوان دەبوو ئەگەر دەزگای دادوەری هەرێم توانیبای و وێرابای کەسە ئاگادارەکانی ئەو ڕووداوانە پەلکێشی دادگا بکا تا لانیکەم لە ڕێگای لێکۆڵینەوە و لێپرسینەوە لەو کەسانە گۆڕی ئەو قوربانییانە بدۆزرێنەوە و لە هەڵمەتێکی نیشتمانی دا ئەو کردەوانە پڕۆتێست بکرێن و لەم ڕێگایەوە نەریتی نەشیاو و نامرۆڤانەی گۆڕی بەکۆمەڵ بخەینە گۆڕەوە و خۆمان و نیشتمانەکەمانی لێ بێبەری بکەین و ڕوخسارێکی تر نیشانی جیهان و دەوروبەرمان بدەین .

تێبینی : 

چوار ساڵ لە مەوبەر ترس و نیگەرانیی خۆم لەمەڕ پەیدابوونی دیاردەیەکی دزێو لە کۆمەڵگای کوردی بە ناوی گۆڕی بە کۆمەڵی کوردی لە میانەی پۆستێکی فایسبووکی دا دەربڕی کە ئەمە دەقەکەیەتیی : 

" زۆر دەترسم لە ماوەیەکی نە زۆر دوور دا خەڵک لەم کوردستانەی خۆمان گۆڕی بە کۆمەڵ ببیننەوە کە ئەنجامدەری جینایەتەکە ، رژێمی بەعس نەبێت و کۆمەڵکوژکراوەکانیش ، وونبوەکانیی شەڕە ناوخۆییەکانی کوردستان بن ... ئاخر دوای نیزیک ٢٠ ساڵ کەس چارەنووسی بزربووەکان نازانێت و تۆمەتبارە هەرە سەرەکییەکانیش سەرۆک لیستن و لە پەرڵەمان لە ڕیزی پێشەوە دادەنیشن ...." (٢٠١٤).

مەهاباد –گەلاوێژی ٢٠١٨

  • 1