ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

ئێمەی تەقائود(خانەنشین) پێشتر بە دووسێ‌ مانگ و ئێستاش كەدەچین بۆ موچە وەرگرتن دەبینە ئەكتەری فیلمی هیندی، دونیا سارد بێ‌ یان گەرم چ بابێ‌ یان باران لە دەوری بانك وەكو مێگەل كۆمان دەكەنەوە.
وێنەی وەرگرتنی موچە ناوەرۆكی فیلمەكەیە.....بەسەدان كەس لە ژن و پیاو تێك دەچڕژێن و پاڵەپەستۆ بگرەو بەردەیەكە وەك دنیا خەرابوون، پۆلیسێك دێت و ناسنامەی خانەنشینیمان لێوەردەگرێ‌، ئیدی لە سەر شەقام دەبێت لە چاوەڕوانی مەرحەمەتی واندابین، سەرەتا ژنەكان دەخەنە ژوورێ‌، نزیك سەعات دووش كارمەندێك بە میكرۆفۆن بانگی پیاوەكان دەكات و یەك یەك ناومان دەخوێننەوە، لەوێش تووشی سەرەگرتنی پسولەی بانك دەبین، ئەوجار جارێكی دی سەرە بگرە بۆ مۆر كردن و واژوو، ئەوجار لە بەردەم كاكی كاشێر ئەوەی پارەكەی دەدات سەرە بگرەوە دوای هیلاكیەكی زۆر موچەكە دەكەوێتە ناو دەستت، رێك لەم كاتانەدا كۆتایی فیلمەكەیەو بەبێ‌ ئەوەی هەست بكەی ئەكتەرێكی بەجموجۆڵی و رۆڵی پاڵەوان دەبینی چوونكە دواجار سەردەكەوی و موچەكەت وەردەگری.
یەكێك پێی گوتم: بۆ رۆژێكی دی ناچی؟
منیش پێم گوت: یەكەم بەڵێنم بە دووكاندارەكان داوە قەرزەكانیان بدەمەوە، دووەم ئەو حكومەتە متمانەی نییە یەك كاتژمێریش پارەی ئێمەی لابێ‌، ئەدی ئەوە نییە دوای 45 ساڵ خزمەتكردنم و گێڕانەوەی پارەی تەقائودیم لەموچەكەم، ئێستا بە تڕومنەت و چەند مانگ جارێك دەمداتەوە، یان دەڵێ‌ ئەوانەی وەریشت نەگرتووە بۆت پاشەكەت دەكەم، ئەرێ‌ بابە كودەبی( پاشەكەوت لەنێو پاشەكەوت)؟

  • 1