ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

(١) 

ساڵی ١٩٨٨ لە نیوەشەوێکی تاریک و تنووکدا، خۆم و چەند قوتابیەکی کورد، لەپاسێکی، کە ئەوسا پێیان دەووت (مونشەئە)، لە گەراجی (ساحەی سەعد) لە ناوەڕاستی بەسڕا دابەزین. ئاخر لەزانکۆی بەسرا لە کۆلێژی زانست بەشی فیزیا ناوم بۆ خوێندنی زانکۆ دەرچووبوو، بۆ منێکی ١٦ ساڵ کە هیوای هەموو دونیام بە خوێندن بوو، ئەم ناو دەرچوونەم لە زانکۆی بەسرا، بەبێ ئەوەی لە فۆرمی وویستەکانمدا نووسیبێتم، پتر لە دوور خستنەوە دەچوو وەک لە خوێندن. 

دەرچوونی ناوم لە زانکۆی بەسرە هێندەی چاوەڕوان نەکراو بوو، بەڵام لێکدانەوەی ئاسان بوو. ئەوێ رۆژێ کە فۆرمی پڕ کردنەوەی وویستەکانمیان پێدا ناردمە (مونەزەمەی) حزبی بەعس لە شەقامی سالم لە سەهۆڵەکە، یەکەم ساڵ بوو بڕیاری ئەوە دەرچوو بوو دەبێت قوتابی دەرچووی پۆلی شەشەمی ئامادەیی لە مونەزمەی حزبی بەعسی سنووری قوتابخانەکەی فۆرمەکەی پەسند بکرێت کابرای رەفیق حزبی رووی تێکردم و دوای ناوپرسین سەیرێکی لیستی ناوەکانی بەردەمی کرد، پاشان وەک ئەوەی بیەوێت لەشتێک دڵنیابێت لێی پرسیم: بەعسی نیت؟ ووتم: نەخێر، ئیتر لەخانەیەکی سەرفۆرمەکە کە بۆ ئەو مەبەستە دیاری کرابوو، بەخێرایی و بێ دوودڵی، ژمارە (٣)ی لێ نووسی و مۆری کردو ووتی بۆ دەرەوە.

نەمزانی ماناو دەلالاتی ئەو ژمارەیە چی بوو؟ بەڵام دوایی بەهۆی هەندێک کەس و قوتابیەوە بۆمان دەرکەوت کە ژمارە (١)کان واتا بەعسین و دۆستن، ژمارە (٢)کان واتا بەعسی نین و بێ کێشەن، ژمارە (٣)یەکان واتا بەعسی نین و بەکێشەشن بۆ بەعس. ئەوە بۆ (نزار)ی مامیشم کە لەهەمان قوتابخانە لەگەڵ خۆم قوتابی بوو، هەروابوو، بۆیە دڵەڕاوکێی ئەوەمان گرت کە ئەگەر زۆرە ناومان لەهیچ زانکۆیەک دەرنەچێت و بەدەردی (نەژاد)ی ماممان بەرن، کە هەروا سێ ساڵێک پێشتر، لەگەڵ ئەوەی بەرزترین نمرەی ئەدەبی پۆلی شەشی ئامادەیی لە قەڵادزێ هێنابوو، کەچی لەهیچ زانکۆیەکی عێراقی، لەبەر هەڵوێستە کوردپەروەرانەکانی، ناوی دەرنەچوو، لەکاتێکدا نمرەکەی لەو ساڵەدا لە بەرزترین کۆلێژی ئەدەبیەکان (کۆلێژی یاسا) وەرگیرابوو، ناحەقمان نەبوو دڵەڕاوکێمان هەبوو، مارانگاز بووین و ترسی ئەوەمان هەبوو وەک ماممان لێ بکەن. بۆیە کاتێک ناومان لەبەسرا دەرچوو، هەرچەند زۆریش دووربوو، بەڵام هەر شوکربووین.

بەوشەوە تەکسیەکمان بە عەرەبیەکی شڕو شەپڕێو گرت و بردینی بۆ شەقامی ئوتێلەکانی شارەکە ناوی(عەششار)بوو. لەڕێگا هێندەی دیکە لە خوێندنەکەم و شارەکە بێ ئومێد بووم، شارێکی تارک و وێرانە، ئەوە تەنها دوو مانگ بوو شەڕی عێراق و ئێران وەستابوو، لەسەر شەقامەکان تەنها سەنگەری شەڕ و تانکی شکا و زەلکاوی ئاوەڕۆ ودەبینرا، کە تێکەڵ بەبۆگەنێکی قورس ببوو، لە فێنکی شەودا بۆنەکەی وەک ئازاری شوڵکێکی تەڕوابوو کە لەسەری لووتتی بدەن، جا دەبێت لە گەرمای نیوەڕۆدا چۆن چۆنی بووبێت؟!!

گەیشتینە شەقامی عەشار و لەبەردەم ئوتێلێکدا دایبەزاندین، پرسگەکەی هێندە ئاوی تێدا داوەستابوو!!! لەبەردەمی ئوتێلەکەوە لە دیوی ژوورەوە بەردەبازیان دانابوو تا بەردەم مێزی پرسگەکە. لەبەر ئەوەی ناچاربووین و بێ جێگا و نەشارەزابووین، بۆیە چاوی خۆمانمان لێ نووقاند و داوای ژوورمان کرد، کە بردینیە ژوورەکان دەرچوو لە پرسگەکە باشتر نەبوون. بەیانی یەکەم شوڵکی دیکەی تەڕ کە لەسەری لووتمی دا، سوێری ئاوی بەراددی پرسگەکە بوو، نەمزانی چەندم خواردەوە و چۆنم خواردەوە؟ ئیتر بەرەو زانکۆ کەوتینە ڕێ، ئەوە یەکەمجارم بوو لەناو شاردا گۆماوی گەورەی ئاوببینم کە قەراغەکانی هەمووی لەبەر خوێی ووشکەڵاتوو سپی دەچووەوە. 

کێشەی گەورەم لەگەڵ گەرما نەبوو، هێندەی کێشەم لەگەڵ ئاوە سوێرەکەی بوو، وامزانی هەر ئەوەندەیە، بەڵام نیوەڕۆ بۆم دەرکەوت کێشەم لەگەڵ نانەکەشی هەیە، ئەوەبوو کە لە چێشتخانەیەکی ڕێکوپێکدا داوای برنج و شلەمان کرد، کاتێک هێنیان، لەبەر ئەوەی بەئاوی سوێر و چارەسەرنەکراو لێیان نابوو، بۆنێکی وەک بۆگەنی لێ دەهات و پێمان نەخورا، هەروا هەستاین و نانەکەمان نەخوارد و هاتینە دەرەوە. برسی و هیلاک و غەریب و دڵشکاوبووین، ناچار سەمونی حەجەری و ترێی سپیمان کڕی و نان و ترێمان خوارد، بەڵکو خوایە ئەوە لەگەڵ ئەو دۆخە ڕابێین و بتوانین بخوێنین.

بەسرا یەکپارچە بێ خزمەت بوو، ژیان تێیدا وەک لەناو زێرابدا بژیت، ئاوەڕۆی بەردەم ماڵان و گۆماوی زەلکاوی ئاوەڕۆ و خوێوا و خۆڵی بیابان و گەرمای شێدار و شەقامی وێرانە و پاشماوەی تانک و زریپۆش و تۆپ و سەنگەر، بێ دارو بار و سەوزایی.

بەڵام هەموو ئەم پیسیانە نەیانتوانیبوو زەفەر بە دەروونی خەڵکەکەی بەرن، خەڵکێکی دەروون خاوێن و مەرد و پیاوانە، لەهەرکوێیەک کۆلێژ، بازاڕ، کۆڵان، پاس، ...هتد تەنها بتووتایە کوردم (بە ووتەی ئەوان ئەهلی شمال) بەس بوو بۆ ئەوەی بەهەموو شێوە و توانایەکیانەوە خزمەتت بکەن و چیان لەدەست بێت بۆتی بکەن. تا ئەوەی هەمیشە لەچاوەڕوانی ئەوەدابووم پرسیاری ئەوەم لێ بکەن: (وین أهلک) خەڵکی کوێی؟ ئیتر بۆمن بەس بوو تا بڵێم کوردم و هەموو ئیش و وویستێکم جێبەجێ ببێت.

بەسراویەکان هەمیشە هەستیان بەچەوساندنەوەی بەعس دەکرد، بۆیە دەیانووت ئێمە و ئێوە لەوەدا وەک یەکین کە یەک دوژمنمان هەیە، ئەویش بەعسە، بۆیە بۆمن زۆر ئاسان بوو، کە لە کوردستان ئازادتربووم لەوەی لەدژی بەعس و بێ ترس قسە بکەم، بەڵکو قوتابیە بەسراویەکانی کە نەیاندەوێرا لەلای یەکدی قسە بە بەعس بڵێن، لەلای ئێمەی کورد بەکەیفی خۆیان قسەیان دەکرد.

لەڕاستیدا ئەوەی توانای پێ بەخشیم کە دووساڵی ماوەی مانەوەم لەو شارەدا، بەرگەی دووری و گەرمی و خۆڵ و بێ خزمەتگوزاری و بۆگەنی زەلکاوی شەقامەکانی بگرم، دڵسۆزی و پاکی و بێگەردی و مەردیی خەڵکەکەی بوو. تا ئەوەی ئەگەر گرتنی کوێت لەلایەن عێراق و مەترسی شەڕی عێراق و ئەمریکا لەو ناوچەیە نەبووایە، بیرم لە بەجێهێشتنی نەدەکردەوە و خوێندنەکەم هەر لەوێ تەواو دەکرد و نەمدەگواستەوە بۆ موصڵ.

(٢)

بەسڕا یەکێکە لەو ناوچانەی کە لەدێر زەمانەوە شار و ژیانی تێدابووە، بەڵام وەک شاری بەسرە لەسەرەتاکانی هاتنی ئیسلام بۆ عێراق، ساڵی ٦٣٦ زایینی لەسەردەمی خەلیفە عومەردا دروستکراوە. سەرەتا شارێکی سەربازی بووە، پاشان گەشەی کردووە و ئێستاش بە پایتەختی ئابووری عێراق دادەنرێت.

گرنگی بەسرە بۆ عێراق لە ڕووداوە مێژووییەکانەوە دەردەکەوێت، بەوەی کە ناکرێت دەسەڵاتێک لەبەغدا حوکم بکات و بەسرای بەدەستەوە نەبێت. بەڵکو هەمیشە حاکمی بەغدا و بەسرا دەبێت یەکبن. ئەوەش لەسەردەمە هەرە دێرینەکانەوە هەروابووە، لەسەردەمی ئەمویەکان و عەباسیەکان و صەفەویەکان و عوسمانیەکان و ..هتد

لەمێژووی نوێشدا، لەساڵی ١٩١٤ دا لەبەسراوە ئینگلیزیەکان دەستیان بەداگیرکردنی عێراق کرد و لە ساڵی ١٩١٧ دا گەیشتنە بەغدا. لەشەڕی عێر اق - ئێرانیش، هەموو هەوڵی ئێران بۆ ئەوەبوو کە شاری بەسڕە بگرێت و لەوێوە بەرەو سەرەوە بکشێت، شەڕی عێراق-ئەمریکای ساڵی ١٩٩١ یش هەر لەبەسرا ئەنجامدرا و یەکلایی کرایەوە، ساڵی ٢٠٠٣ یش سوپای بەریتانیا و ئەمریکا لە بەسراوە هاتنە ناو عێراقەوە و پاشانیش بەغدایان گرت.

شاری بەسرە هەمیشە سەنتەرێکی ئەدەبی و رۆشنبیری گەورەی عێراقیش بووە و شانی داوە لەشانی بەغدا و کوفە. خەڵکەکەی سرکن و رۆحی ڕاپەڕین و شۆڕشگێڕیان بەڕاددەیەک بەرزە، تەنانەت دڵڕەقی و بێبەزیی سەدامیش نەی ترساندون، بۆیە چەخماخەی ڕ اپەڕینی ئازاری ١٩٩١، کە لەدوای شکەستی عێراق لەکوێت سەریهەڵدا، لەشاری بەسرا لێدرا و بووبە سەرتاسەری و شارو شارۆچکەکانی پارێزگاکە و پاشان بۆ سەرجەم پارێزگاکانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق پەرەیساند، کە بەدڕندانەترین شێوە لەلایەن بەعسەوە سەرکوتکرا. هەروەها لە ١٧ ئازاری ١٩٩٩ جارێکی تر لەتۆڵەی شەهید کردنی ئیمام (محمد صادق الصدر) خەڵکی شارەکە ڕاپەڕین و بەسەدانیان لە چەکدارەکانی ڕژێم کوشت.

لەدوای کەوتنی سەددامیش شارەکە بووە پایەگای سەرەکی هێزەکانی سەدر کە هەمیشە لەشوڕ و شۆڕدا بوون لەگەڵ هێزی هاوپەیمانان تا ئەوەی لەسەردەمی حکومەتی مالیکیدا، سوپای عێراقی لە پرۆسەی (صولە الفرسان)دا کۆنترۆڵیان کرد.

(٣)

بەسرە بە پایتەختی ئابووری عێراق لەقەڵەم دەدرێت، هەر لەسەرەتای دۆزینەوەی نەوت لەعێراقدا تا ئێستاشی لەگەڵدابێت، ئابووری عێراقی لەسەر بەندە، نزیکەی ٦٥ ملیار بەرمیل نەوتی خاو لەژێر خاکەکەیدایە، کە دەکاتە نزیکەی ٦٠% یەدەگی نەوتی عێراق و دەوڵەتەکەشی کردووە بە چوارەم دەوڵەتی خاوەن یەدەگی نەوتی ژێر زەوی. لەبەسرا ١٥ ناوچەی بیری نەوتی هەیە کە ١٠ یان نەوتی لێ دەردەهێنرێت و ئەوانی تر هێشتا پێوویستیان بە وەبەرهێنانە. ئەوە جگە لەوەی بە شادەمار و دەرگای هاتووچۆی دەریایی و بازرگانی عێراق لەگەڵ جیهاندا لە قەڵەم دەدرێت. سەرەڕای ئەوەی کە ناوچەیەکی کشتوکاڵی بەپیتە و زۆربەی هەرەزۆری دارخورماکانی عێراق لەو پارێزگایەدابوون.

بەسرە بەجوانی و دەوڵەمەندی و رۆشنبیریەکەی ناسراوبوو، تا شەڕی عێراق-ئێران هەڵگیرسا و وێرانی کرد. لەو ساتەوە شەڕێک دەیداتە دەست شەڕێکی ترو، پشتگوێخستنی حاکمێک دەیداتە دەست پشتگوێ خستنی لەلایەن حاکمێکی ترەوە، تا ئەوەی بەپێی ڕاپۆرتێکی نەتەوەیەکگرتووەکان لە ساڵی ٢٠١٤ دا ئاستی هەژاری تیایدا بۆ ١٦% بەرزبۆتەوە، لە ئایاری ساڵی ٢٠١٧ دا ڕێژەی بێکاری دەرچووانی زانکۆ تیایدا نزیکەی ٤٨% بووە.

خەڵکی بەسرە وەک زۆربەی شارەکانی دیکەی ناوەڕاست و باشووری عێراق بەدەست بێ ئاوی و بێ کارەبایی و نەبوونی خزمەتگوزاریەکانی پاکوخاوێنی و خوێندن و تەندروستیەوە دەناڵێنن، تا ئەوەی نزیکەی ٦٠ هەزار کەسی بە ئاوی پیس ژاراوی بوون. سەرەڕای دووریشی لە شەڕوشۆڕی داعش و ڕووداوەکانی تیرۆر، کەچی لەبارێکی تووندی نائارامی و نەبوونی ئاسایشدایە، تا ئەوەی وەک دەڵێن (کڕینی چەک تیایدا لە کڕینی کۆلایەک ئاسانترە). پڕبووە لە باندی دزی و پیاوکوژی، باندەکان دەستیان بەسەر دەروازە ئابووریەکانیدا گرتووە و گەندەڵی تێدا گەیشتۆتە ئەوپەڕی، ماددەی هۆشبەری بەفراوانی تێدا بڵاوبۆتەوە. ئەوە لەکاتێکدایە کە بەسرە لەڕووی ئابووریەوە لە هەردوو دەوڵەتی دەوڵەمەندی عەرەبی کوێت و بەحرەین بەسەر یەکەوە دەوڵەمەندترە و نزیکەی هێندەی ئیمارات نەوتی هەیە.

سەرەڕای داواکاری و خۆپیشاندن و ناڕەزایی دەربڕینی خەڵک لەبەرامبەر ئەو بارە ناهەموارەی ژیانی دانیشتوانی شارەکە و دەووروبەری، کەچی هیچ هەنگاوێک بۆ چارەسەرکردن و جێبەجێ کردنی داوای خەڵکەکەی نەکرا. تا گەیشتە ئەوەی کە بەهۆی بڕینی کارەباوە لەسەرەتای هاوینی ئەمساڵدا خەڵکەکەی خۆپیشاندانێکی گەورەیان ئەنجامدا، بەڵام بەپیرەوە هاتنی حکومەت لەئاست داخوازیەکانیاندا نەبوو، تا گەیشتە ئەوەی ئەوە بۆ ماوەی نزیکەی دوو هەفتە دەچێت جارێکی دیکە خۆپیشاندان و نارەزایەتیەکانی خەڵکەکەی گەیشتوۆتە ئاستێک کە توندووتیژی و کوژراوی لێکەوتەوە و هێشتاش دیار نیە بەکوێ دەگات؟

(٤)

خەڵکی بەسڕا دەمێکە، ئەو کاتەی عێراق بووە دەوڵەت لە بیستەکانی سەددەی ڕابردووەوە، لە چەوساندنەوەی نەتەوەیی ڕزگاریان بووە. لە دوای ڕووخانی سەدامیش لە ساڵی ٢٠٠٣ و هاتنە سەرحوکمی شیعە لە عێراق، لە چەوساندنەوەی تایفیش ڕزگاریان بوو، کە لانی کەم لەسەردەمی دامەزرانی عێراقی نوێوە، کەموزۆر، بوونی هەبووە و هەستیان پێکردووە.

لەوانەیە لەماوەی ساڵانی ڕابردوو، کێشە و شەڕوشۆڕە تایفیەکانی عێراق و ناوچەکە، بووبێتە سەرقاپ و قەتماغی گەلێک داخوازی و برین و ئازاری بێ خزمەتگوزاریی خەڵکی بەسرا و ناوچەکانی دیکەی عێراق، بەڵام تا کەی ئەو بیانوانە بۆ حاکمەکانی عێراق دەچێتە سەر؟!

بێگومان بۆ کەس تاسەر ناچێتە سەر، ئەگەر لەسەرەتای دامەزرانی دەوڵەتی عێراقدا، گەلانی عێراق لە مەستیی ڕزگاربوون لە حوکمی چەوسێنەری تاقەت پڕوکێنی عوسمانیدا ژیابن، پاشان بۆ ڕزگاربوون لە حوکمی ئیستعماری بەریتانی و دارودەستە ناوخۆییەکەیدا سەرگەرم بووبێتن و بیری هەندێک ووردەکاری داخوازی خزمەتگوزاری و مافە تاکیەکانیان نەکردبێت، لە دوای ئەوەش لەژێر چەپۆکی تایفی و نامرۆڤانەی بەعسدا سەرقالبوون بە دۆزینەوەی ڕێگەیەک، ئەگەر لەو پێناوەدا دەست بخەنە دەستی شەیتانیش، کە ڕزگاریان بکات. پاشانیش شەڕی تایفی و تیرۆر کە مەترسی سەرەکی بوون لەسەر دەستکەوتەکانی شیعەی عێراق. ئەی ئێستا بەبیانووی چی دەبێت بێدەنگ بن؟

لەڕاستیدا بەهاری عەرەبی کە لە ساڵی ٢٠١١ دا سەری هەڵدا، سەرەتای سەرهەڵدانی ڕەوتێکی ناوچەکە بەگشتی و عەرەب بەتایبەتیە، کە تیایدا هاووڵاتی چیتر بایەخی لەپێشینە و سەرەکی ناداتە ناونیشانە بەکۆمەڵەکانی (نەتەوەیی و ئایینی و تایفی) بەڵکو دەگەڕێتەوە بۆ مافە تاکی و کەسیەکانی خۆی وەک مافە (سیاسیە تاکیەکان، خزمەتگوزاریەکان، ئابووریەکان)، لەوپێناوەشدا ڕێگاکانی پێشکەشکردنی داخوازی و خۆپیشاندن و سندوقەکانی دەنگدان و تەنانەت توندوتیژیش دەگرێتەبەر. 

هەرچەندە ئەم قۆناغە هێشتا لەسەرەتایدایە و گەلێک کێشە و بێشەی بۆ دروستکراوە، دەوڵەتانی وەک ئێران و سوریا و سعودیە و یەمەن و ...هتد تێکەڵی دەکەن بە شەڕە نەتەوەیی و ئایینی و تایفیەکان، بەڵام زوو زوو لێرەو لەوێ، لە بەغدا و بەیروت و ئەستەمبوڵ و تاران و .... لەسەر شێوازی نارەزایەتی و خۆپیشاندان زەق دەبنەوە و بگرە زۆر توندیش خۆیان دەنوێنن. تا ئەوەی رۆژ لەدوای رۆژ هەموو فیکر و هزرەکانی دژ بەخۆی نابوت و ڕیسوا و مایە پووچ دەکات. 

ئەگەر بمەوێت ئەو رەوتە پێناسە بکەم یان ئەو قۆناغە ناوبنێم، ئەوا لە دوای قۆناغەکانی مافە بەکۆمەڵەکان، ناوی دەنێم قۆناغی (سیاسەتە کۆمەڵایەتیەکان).

لەم قۆناغەدا هاووڵاتی داوای دادپەروەری و یەکسانی و خزمەتگوزاری دەکات. پێی وایە کە تەنها بە دیموکراسی سیاسی بەڕێوە ناچیێت و ژیان ڕازاوە نابێت، بەڵکو دەبێت دیموکراسی کۆمەڵایەتیش شان بەشانی دیموکراسی سیاسی بێت، کە تیایدا هەمووان لە خێرو بێری ووڵات بەهرەمەند دەبن.

(٥)

هەر چەندە وەک ڕاپەڕین وشۆڕشی گەلانی سوریا، یەمەن، عێراق، بەحرەین،...هتد دەکرێت ئێران یان ئەمریکا، ئەم یان ئەو تایفە و نەتەوەیە، هەوڵ بدەن کە ناڕەزایی خەڵک بقۆزنەوە و بۆ مەبەستی سیاسی و ئابووری خۆیان بەکاری بهێنن. دەکرێت ئێران ئەو ڕووداوانەی بەسرا بەئاقارێکدا بەرێت کە دەرهێنانی نەوت لە عێراقدا کێشەی گەورەی بۆ دروست ببێت، بەشێوەیەک کە بەوەستانی بەرهەمهێنانی نەوت لەبەسرە، نرخی نەوت زۆر بەخێرایی بەرزبێتەوە، لەوەشەوە گەمارۆ بڕیارلەسەردراوەکەی کە ئەمریکا دەیەوێت بیخاتە سەر هەناردەکردنی نەوتی ئێران، لە مانگی نۆڤێمبەری داهاتوودا، بۆ بازاڕەکانی جیهان، تووشی شکەست بکات. یان ئەمریکا لەباشوور و ناوەڕاستی عێراق بەڕێگەی ناڕەزایەتیەکانی خەڵکیەوە، ئێران و دەسەڵاتی ئێرانی لەعێراق شار بەدەر بکات، یان مالیکی بیەوێت لەڕێگەی ئەو ناڕەزاییانەوە چانسی عەادی بۆ دووبارە وەرگرتنەوەی حوکمڕانی بسوتێنێت، یان سەدر بیکاتە خاڵێک و هێز و توانای خۆیی لەڕێگەیەوە نیشان بدات یان ....هتد

بەڵام هێشتا، لەماوەی دوور یان کورتدا، گۆڕانکاریەکی گەورە لە زیهن و بیرکردنەوەی خەڵکی ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا ڕوویداوە و ڕەوتێکی عەدالەتخوازی تاکگەرایی سەری هەڵداوە، کە بنبڕکردنی ناعەدالەتی و گەندەڵی و بێخزمەتگوزاری و بێکاری و نایەکسانی و هەژاری لەپێشینەی داخوازی و داوا و بیرکردنەوەکانیەتی، و ئەگەر بێت و هەر حزب و حکومەت و دەوڵەتێک خۆیی لەگەڵدا نەگونجێنێت، بەدەنگیەوە نەیەت و حسابی بۆ نەکات، ئەوا درەنگ یان زوو لە شەمەندەفەری گۆڕانکاری دوادەکەوێت و لە وێستگەی مێژوودا بەجێدەمێنێت و دواجار دەکەوێت و لەبەین دەچێت.

کەواتە، بۆ کەس تاسەر ناچێتە سەر.

  • 1