ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

حیزبی شیوعی کوردستان، بۆ ھەڵبژاردنەکانی خولی پێنجەمی پاڕلەمانی کوردستان، لیستی"ئازادی"پێکھێناوە و بەشداری ھەڵبژاردنەکان دەکات کە وابڕیارە لە ٣٠ سێپتامبەری ٢٠١٨ لەسەرتاسەری ھەرێمی کوردستاندا بەڕێوەبچێت.

درووشمی ئەو جارەی "لیستی ئازادی"، سێکوچکەی (خاک، نان، ئازادی)یە کە درووشمێکی سەرنج ڕاکێشە و لەزۆر ناوەندی جۆراوجۆرەوە قسەی لەسەر دەکرێت. لێرەدا ئەمنیش بەپێی توانا و تێگەیشتنی خۆم، ھەوڵی شیکردنەوەیەکی ئەو سێ چەمکە دەدەم.

یەکەم"ئازادی"....

ئازادی بەتەنیا مافێکی تاکەکەسی نییە کە تەنھا وابەستەی کەسێک بێت، بەڵکوو مافێکی گشتیی و دەستە جەمعییە، تێگەیشتنێکی کۆمەڵایەتییە و پێویستی بە ھەنگاوێکی بەکۆمەڵ ھەیە لەپێناوی بەدەست ھێنان و پاراستنیشیدا.

بەمانایەکی تر، ئازادی چ وەکوو ئازادی فەردی و چ وەکوو ئازادی گشتی، پێویستی بە تێکۆشانێکی گشتی و ھەمە لایەنە ھەیە بۆئەوەی بەدەست بێت.

ئازادی فەردی بەرجەستە نابێت ئەگەر ئازادییە گشتییەکان فەراھەم نەبن، بەپێچەوانەشەوە ئازادی گشتی بوونی نییە ئەگەر ئازادییە فەردییەکان لەناو کۆمەڵگادا بەرجەستە نەبووبێت.

ئەگەر "ئازادی" لە کۆمەڵگا وەربگرینەوە، بێگوومان ئەو کۆمەڵگایە دەبێتە کۆمەڵگایەکی ئاژەڵی، ئەگەر ئازادی نەبوو ناتوانرێ دادپەروەری و یاسا و خۆشگوزەرانی لەناو کۆمەڵگادا بەرجەستە ببێت.

بۆیە ھەم کۆمەڵگا دەبێ پارێزەری ئازادییەکان بێت و ھەمیش دەسەڵاتی سیاسی لەسەرشانیەتی کە پارێزەری ڕاستەقینەی ئازادییە گشتی و فەردییەکان بێت.

"ئازادی" چەمکێکی بەرفراوان و فرە ڕەھەندە، وەکوو ئازادی بیروڕا دەربڕین، ئازادی بیرکردنەوە، ئازادی ویژدان و ئایین دوور لە دەستێوەردان و تەنگ پێھەڵچنین، ئازادی بەشداریکردن لە ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و سوودمەند بوون لێیان و ھەروەھا ئازادی چێژ وەرگرتن لە ھوونەر و زۆر شتی دیکە.

حیزبی شیوعی کوردستان، لە ڕاپۆرتی سیاسی خۆیدا بۆ شەشەمین کۆنگرەی خۆی، باسی ئازادییەکانی زۆر بەجوانی وورد کردۆتەوە، سەرجەم ئازادییەکانیشی بەستۆتەوە بە پەیوەندی ئۆرگانیکی نێوان دوانەی چەمكی (سێکولاریزم) و (دێموکراسی) وەک پێویستییەکی کۆمەڵگایی و کاری ڕۆژانە بۆ زامنکردنی پێشکەوتنی کۆمەڵ و داھێنانی تازەگەری.

ھەردوو چەمکی سێکولاریزم و دێموکراسی، ئەگەرچی دوو چەمکی لێک جیاواز و خاوەن پێناسەی جیاوازيشن، بەڵام پەیوەندییەکی ئۆگانیکییان بەیەکەوە ھەیە و یەکتر تەواو دەکەن. ناکرێ باسى بوونی دێموکراسی بکەین ئەگەر سێکولاریزم بوونی نەبێت بەپێچەوانەشەوە ھەر ڕاستە.

کەواتە، ئەو ئازادییەی حیزبمان وەکوو یەکێک لە سێکوچکەی ئەو درووشمەی بەرزی کردۆتەوە بۆ ھەڵبژاردنە پاڕلەمانییەکەی ٣٠ی سێپتامبەری ٢٠١٨ (خاک، نان، ئازادی)، پەیوەندییەکی لێک گرێدراو و دانەبڕاوی بەو دوانەی دواییەوە ھەیە: سێکولاریزم و دێموکراسی.

بەرجەستەکردنی سێکولاریزم و دێموکراسیش لەناو کۆمەڵگادا، بەشێکی دانەبڕاوە لە خەبات و تێکۆشانی حیزبی شیوعی کوردستان. ئەم دوو چەمکەش زۆر بە ڕوونی لە دووتوێی پەیڕەوی ناوخۆی ئەو حیزبەدا باسی کراوە و وەکوو ئەرکێکی گرنگ لە ئەرکە سیاسییەکان تەماشای کراوە.

قەڵادزێ

١٣/ ٩/ ٢٠١٨

  • 1