ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

لەم هەرێمەدا پەرلەمان کراوە بە ئامێرێک, هۆکارێک بۆ زامن کردنی دەسەڵات. جا ئەگەر حزبە گەورەکان خۆیان ئامادەکردبێ, تەگبیروڕای خۆیان کردبێ, جەماوەری خۆیان تەیارکردبێ بۆ بە دەست هێنانی دەنگی پێویست. ئەوا بڕیار ئەدەن هەڵبژاردن ئەنجام بدرێ... خۆ ئەگەر لەناو یەکدا ناکۆک بن, لایەنێک خۆی بۆ هەڵبژاردنەکە سازدابێ و بڕیاری ئەنجام دانی دیاری بکرێ. لە کاتێکدا چەند حزبێکی تر ئامادەکاریان یان کۆمەک کردنیان لە ئاستی پێویست دا نەبێ, ئەوا هەوڵ ئەدەن کە دوای بخەن. چونکە ئەزانن ئەوەی کە خۆی بۆ ئامادە کردوە زۆرینەی کورسیەکان مسۆگەر ئەکات و ئەبێتە خاوەنی دەسەڵات.

ئەمڕۆ ئەم حاڵەتە لە هەرێم دا ڕوی داوە, پارتی ئامادەیە و جەماوەرەکەی تەیارکردوە, لەکاتێکدا ئەوەکانی تر لەبەر ناکۆکی ناوخۆیان و لەگەڵ یەکتریش دا وەک پێویست ناتوانن بێنە کایەکەوە. ئەوا نایەنە کایەکەوە. چونکە پارتی گرەوەکە ئەباتەوە و کورد واتەنی ((دەستیان لەو سەری هەمانەکەوە دەرئەچێ))!!

ئەمە ئەو ڕاستیە ئەگەیەنێت کە پەرلەمان مەبەست نیە, بەڵکو ئەنجامەکەی مەبەستە.

ئەمە لەکاتێکدا ئەگەر هەڵبژاردن نەکرێ ئەبێ تەمەنی پەرلەمان و حکومەت/ یش درێژبکرێتەوە. کە لە لایەکەوە حکومەت تەنها پارتی و یەکێتی / یە. پەرلەمان / یش ناتوانێ تەمەنی خۆی درێژبکاتەوە. بەگوێرەی دەستوری عێراق. چونکە هەرێم خۆی دەستوری بڕیاردراوی نیە.... ئەوەبو پێش هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق پەرلەمان ویستی تەمەنی خۆی درێژە پێ بدات. بەڵام دادگای باڵای فیدراڵی بەگوێرەی دەستور بواری پێنەدان.. لەم حاڵەتەیشدا پەرلەمانی هەرێم شەرعیەتی نامێنێ وحکومەتیش بێ متمانە ئەمێنێتەوە و سبەی ڕۆژ مانەوەی حکومەتیش بەو جۆرە کێشەیەکی تر دروست ئەکات, ئەمە لەلایەک.

لەلایەکی ترەوە ئەو حزبانەی کە دژی هەڵبژاردنن لەکاتی دیاریکراودا بەشداری تێداناکەن, مەبەستیان ئەوەیە کە شەرعیەت نەدەن بە پەرلەمانی داهاتو هەروەها بەو حکومەتیش کە ئەو پەرلەمانە ممتمانەی پێ ئەدا.

ئەم کەین و بەینە لەکاتێکدایە کە عێراق لە کەف کوڵی قەیرانێکی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی سەخت دایە و هێزە دەرەکیە دورو نزیکەکان دەستیان لەکاروباری ناوخۆی وەرداوە. هەرێمی کوردوستان بوە بە چەقی (مەرکەزی) ململانێکان و کورد واتەنی ئایندەی لە قورگی شێر دایە. چونکە بەرژەوەندی تایبەتی لێرەیش و لە خواروی وڵاتیش فەرزکراوە بەسەر بەرژەوەندی گشتی دا...

هەرێم لە سایەی دوبەرەکی و لە ئەنجامی ـ ڕیفراندۆم ـ فیدراڵی نیوەی ناتەواو کرد. وا دیارە هەمان هۆ فیدراڵیەکە یەکجاری لە کیس ئەدا.

 

  • 1