ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

حیزبی شیوعی کوردستان، بۆ ھەڵبژاردنەکانی خولی پێنجەمی پاڕلەمانی کوردستان، لیستی"ئازادی"پێکھێناوە و بەشداری ھەڵبژاردنەکان دەکات کە وابڕیارە لە ٣٠ سێپتامبەری ٢٠١٨ لەسەرتاسەری ھەرێمی کوردستاندا بەڕێوەبچێت.

درووشمی ئەو جارەی "لیستی ئازادی"، سێکوچکەی (خاک، نان، ئازادی)یە کە درووشمێکی سەرنج ڕاکێشە و لەزۆر ناوەندی جۆراوجۆرەوە قسەی لەسەر دەکرێت. لێرەدا ئەمنیش بەپێی توانا و تێگەیشتنی خۆم، ھەوڵی شیکردنەوەیەکی ئەو سێ چەمکە دەدەم.

 

بەشی دووەم، "نان".

"نان" پێویستییەکی سەرەکی ژیانی مرۆڤەکانە، بەبێ نان شتێک نییە ناوی ژیان بێت.

لێرەدا مەبەست لە"نان" تەنھا ئارد و ئاوەکە نییە کە دەکرێ بە ھەویر و پاشانیش نانی لێ درووست دەکرێت، بەڵکوو مەبەست سەرجەم ئەو خۆراکانەیە کە ژیانی مرۆڤەکانی پێوە پەیوەست کراوە و مرۆڤ دەبێ لەژیانی ڕۆژانەی خۆیدا بۆ خواردن کەڵکیان لێ وەربگرێت بۆئەوەی بتوانێ بە تێری بژیت.

پرسە ھەرە گرنگەکەش لێرەدا ئەوەیە کە سیستمی سیاسی وڵات دەبێ ھەلێکی یەکسان و گونجاو بۆ ھاوونیشتیمانییەکانی خۆی بۆ بەدەست ھێنانی "نان" دەستەبەر بکا و جیاوازی نەکات لەنێوان چینە جیاوازەکانی کۆمەڵگادا.

لەچوارچێوەی سیستمێکی سیاسیدا"نان" چۆن دەستەبەر دەکرێت؟

ئەرکی حکوومەت و سیستمە سیاسییەکە چییە بۆئەوەی "نان"بۆ ھاووڵاتییەکانی خۆی دابین بکات و ھەلی وەکوویەک لەبەردەم ھەموواندا بۆ دەستەبەرکردنی نان بڕەخسێنێت؟

لێرەدا، زەق کردنەوەی ئەم پرسیارانە، پرسێکی گرنگی وەکوو چەمکی"دادپەروەری کۆمەڵایەتی"مان بیردەخاتەوە. چونکە دەستەبەرکردنی نان و دادپەروەری کۆمەڵایەتی، پەیوەندییەکی زۆریان بەیەکەوە ھەیە و لێک جیا ناکرێنەوە.

ھیچ شتێک بەقەدەر نەبوونی دادپەروەری ڕۆحی کۆمەڵگا ئازار نادات. نەبوونی دادپەروەری، کۆمەڵگا لەبەیەرک ھەڵدەوەشێنێ و سیستمی سیاسی ئەو وڵاتەش بنکۆڵ دەکا و بەرەو داڕمان و داڕوخانی دەبات.

بێ گوومان "خەڵک" بڕبڕەی پشتی دەسەڵات و حکوومەتە. خەڵک، گرنگترین فاکتەری مانەوەی ھەر حکوومەتێکە لەناو کۆمەڵگادا. بەبێ خەڵک و پشتیوانی خەڵک ، ھیچ دەسەڵاتێکی سیاسی ڕەوایەتی(مەشروعیەت)لەناو کۆمەڵگا وەرناگرێت.

واتا، "دەسەڵات" و "خەڵک"، پەیوەندییەکی دیالێکتیکییان بەیەکەوە ھەیە و ناکرێ دابڕاو لەیەکتر مامەڵەیان لەتەکدا بکەین.

حکوومەت یان دەسەڵات، ئەگەر بخوازێ ئامانج و بەرنامە و پلانەکانی خۆی لەسەر زەمینی واقع بەرجەستە بکات، پێویستە بەرلەھەموو شتێک، سەرنجی خەڵک بەلای خۆیدا ڕابکێشێت.چونکە بایەخی ھاویشتنی ئەو ھەنگاوە لەلایەن حکوومەتەوە، لێرەوە خۆی دەنوێنێ کە ھیچ چەشنە ئامانجێکی حکوومەت لەسەر زەمینی واقع جێبەجێ نابن ئەگەر پشتیوانی خەڵکی لەگەڵدا نەبێت.

لێرەدا پرسیارێک دێتەگۆڕێ کە ئایا حکوومەت چۆن دەتوانێ پێگەیەکی بەھێز لەناوخەڵک بەدەست بێنێت و ببێتە جێگای متمانەی خەڵک؟

فەلسەفەی بوونی حکوومەت، ھێنانە ئارای کەشێکی ئارام و خۆشگوزەرانی، دابینکردنی عەداڵەتی کۆمەڵایەتی و یەکسانی بۆ ھەمووان ، چارەسەرکردنی کێشە و گرفتەکانی خەڵک و ئاوڕدانەوە لەداخوازیەکانی خەڵک و وەک یەکی لەبەردەم یاسا و…

ھەر حکوومەت و دەسەڵاتێک نەیتوانی کێشە و گرفتەکانی خەڵک چارەسەر بکا و بەپێچەوانەی خواستەکانی خەڵک جووڵایەوە، ئەوا بێ شک ئەو حکوومەتە ھەرگیز نابێتە جێگای متمانە و باوەڕی خەڵک.

لەوەھا بارودۆخێکدا کە حکوومەت نەی توانی متمانەی خەڵک بەدەست بێنێ، لە دەرنجامدا زەمینەی لاوازبوونی ئەو دەسەڵاتە دەڕەخسێ و کێشە و ئاڵۆزی سیاسی و کۆمەڵایەتی ڕوو دەدات و لەکۆنتڕۆڵ دەچێتەدەر.

زۆرجار لە قۆناغە جیاوازەکانی مێژووی مرۆڤایەتیدا، ئەوەمان بەرچاو کەوتووە کە درووشمی سەرەکی بزووتنەوە ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان، درووشمی" ھێنانەدی دادپەروەری کۆمەڵایەتی و چەسپاندنی وەک یەکی"بووە لە کۆمەڵگادا.

کۆمەڵگا پێویستی زۆری بە چەسپاندنی دادپەوەری ھەیە لە سەرجەم ڕووەکانی سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئابووری.

چونکە لەھەر کۆمەڵگایەکدا، سیستمی سیاسی ئەو وڵاتە، توانی بەشێوەیەکی پڕاکتیکی، دادپەروەری لەسەرجەم ڕووەکانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوورییەوە بەرجەستە بکات، ئەگەر توانی بۆ ھەموو لایەک ھەلی یەکسان بۆ بەدەست ھێنانی خۆشگوزەرانی، سوود وەرگرتن لە سامانە سرووشتییەکانی وڵات، دابین کردنی کار، داینکردنی ئاسایش و ھێمنی بڕەخسێنێ، بێگوومان ئەو سیستمە سیستمێکی سەرکەوتوو و خزمەتگوزارە و توانای مانەوەی ھەیە لەناو کۆمەڵگادا.

چەندە دادپەروەری لەناو کۆمەڵگادا بوونی ھەبوو، بەو ئەندازەیەش پەیوەندی و لێک نزیکی لەنێوان دوانەی (دەسەڵات - خەڵک)دا ھەیە، نەبوونی دادپەروەریش سپەیسەکانی نێوان ئەو دوانەیە زیاتر دەکات، ئەوەش کارێکی مەترسیدارە لەسەر داهاتووى ئەو سیستمە سیاسیە.

جا لێرەدا، حیزبمان"حيزبى شيوعى كوردستان"، لەمیانی بەرزکردنەوەی درووشمی"نان"دا، دەیەوێ بڵێت، ھاووڵاتیان دەبێ کەرامەتیان پارێزراو بێت و خاوەنی "نان"ێکی شەڕافەتمەندانە بن بۆئەوەی بیخۆن.

نابێ لەو ھەرێمە دەوڵەمەندەدا برسی و ھەژار ھێندە زۆربن، دەبێ"نان"بۆھەموویان دەستەبەر بکرێت و داھاتی وڵاتیش بەیەکسانی دابەش بکرێت. بەشێکی گرنگی تێکۆشانی ئێمەش ھەر لەو پێناوەدایە.

"سەمەد بێھرەنگی" گەورە نووسەری ئێرانی لەو بارەوە دەڵێت:

"ئەگەر نانێک ھەبێ ئەوا دەبێ بۆ ھەمووان بێت، ئەگەر نانیش نەبوو، ئەوا دەبێ ھەموومان برسی بین، یان دەبێ تێکشانی بۆ بکەین بۆئەوەی نان بەدەست بێنین".

  • 1