ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

حیزبی شیوعی کوردستان، وەکوو ھێزێکی چەپ و پێشکەوتنخواز، لەبەرنامەی ھەڵبژاردنی خۆیدا بۆ ھەڵبژاردنەکانی خولی پێنجەمی پاڕلەمانی کوردستان، بایەخێکی زۆری بە کەرتی گەشتیاری داوە.

حیزبی شیوعی کوردستان، وای دەبینێت کە تاک سەرچاوەی داھات بۆ ھەر وڵاتێک، شتێکی مەترسیدارە، دەبێ سەرچاوەکانی داھاتی نیشتیمانی جۆراوجۆر بن بۆ ئەوەی پێگەی ئابووری وڵات بەھێزبێت.

ڕاستییەکی حاشا ھەڵنەگرە کە پیشەسازیی گەشتیاری لە جیھاندا، گرنگترین سەرچاوەی داھات و دابینکردنی ھەلی کار بۆ زۆرێک لە وڵاتانی جیھانە.

پیشەسازیی گەشتیاری کە بە"داینەمۆی گەشەسەندن" ناوی دەھێنرێت، بەھۆی ئەو بایەخەی کە لەڕووی ئابووری و کۆمەڵایەتییەوە ھەیەتی، لەڕێگای دانانی پلانی "کورت ماوە" و درێژ ماوە" ڕۆژبەڕۆژ گەشەی زیاتری پێ دەدرێت.

لەڕێزبەندی جیھانیدا، لەدوای پیشەسازی نەوت و ئۆتۆمبێل سازیدا، پیشەسازیی گەشتیاری لە ڕیزبەندی سێھەم دایە کە بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ دەتوانێ سەرجەم چالاکییە ئابووری و فەرھەنگییەکان بخاتە ژێرکاریگەری خۆیەوە.

لەڕێزبەندی جیھانیدا، لەدوای پیشەسازی نەوت و ئۆتۆمبێلسازیدا، پیشەسازیی گەشتیاری لە ڕیزبەندی سێھەم دایە کە بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ دەتوانێ سەرجەم چالاکییە ئابووری و فەرھەنگییەکان بخاتە ژێرکاریگەری خۆیەوە.

شارەزایانی بواری گەشتیاری پێیان وایە کە گەشەپێدانی پیشەسازیی گەشتیاری لە وڵاتانی جیھانی سێھەمدا، دەتوانێ فاکتەرێکی گرنگ بێ بۆ کەمکردنەوەی ئەو ھەژاری و بێکارییەی کە ھەنووکە بەرۆکی ئەو وڵاتانەی گرتووە.

پیشەسازیی گەشتیاری لە دوو لایەنی گشتییەوە بایەخێکی زۆری ھەیە:

یەکەم: دەبێتە ھۆی ئەوەی نەتەوە جیاوازەکانی جیھان لەگەڵ فەرھەنگ، کولتوور و زمان و دیرۆکی یەکتر ئاشنا بن و سوود لەیەکتری وەربگرن.

دووەم: لەڕووی ئابووریشەوە بە ھۆکاری دابینکردنی سەرچاوەی داھات و زیادکردنی ھەلی کار ئەژمار دەکرێت.

وڵاتانی جیھان لەسایەی ھەبوونی پێداویستی جۆراوجۆر و ناوچە و شوێنی سەرنجڕاکێش، بەدوای ئەوەوەن کە سەرنجی گەشتیاران بەلای خۆیاندا ڕاکێشن، چونکە بواری گەشتیاری نەک ھەر لە ئابووری نیشتیمانیدا ڕۆڵێکی گەورەی ھەیە، بەڵکوو پشەسازییەکیشە کە ھەلی کاری زۆرتر بۆ کۆمەڵگا دەڕەخسێنێ و داھاتوویەکی ڕۆشنیش بۆ وڵات بەدیاری دێنێت.

بێگومان، ئەمڕۆکە پیشەسازیی گەشتیاری وەکوو پیشەسازییەکی جیھانی، ڕۆڵێکی گەورەی لە ئابووری جیھانیدا ھەیە کە دەرەنجامیش نرخ و ئاستی گەشەی ساڵانەی بەرھەمی ناپوختەی نیشتیمانی لەسەر ئاستی جیھان، ھەناردە کردن، بازرگانی جیھانی و خزمەتگوزاری و وەھەروەھا پشکی گەشتیارانی نێودەوڵەتی لە چالاکی ئابووری جیھانیدا بەشێوەیەکی بەردەوام بردۆتە سەرەوە.

سەرمایە گوزاری جیھانی لە سێکتەری پیشەسازیی گەشتیاریدا، دەرخەری ئەو ڕاستیەیە کە پیشەسازیی گەشتیاری ھەنگاوێکە بۆ دەربازبوون لە "تاک سەرچاوەی داھاتی نیشتیمانی".

وڵاتانی ئەووروپا و ئەمریکا، ھەموو توانا و وزەی خۆیان لە پێناوی گەشەپێدانی کەرتی گەشتیاری و ڕاکێشانی گەشتیاران تەرخان کردووە و توانیوویانە لەڕێگای دانانی بەرنامە و پلانی ستراتیژی، خۆیان لە تاک سەرچاوەی داھات ڕزگار بکەن و داھاتوویەکی گەشیش بۆ نەوەکانی داھاتویان بنیات بنێن.

ھەرێمی کوردستانیش وەکوو ناوچەیەکی سەرنجڕاکێش و خاوەنی بەرزی و نزمی و ئاو و ھەوای سازگار، توانا و وزەی ئەوەی تێدایە کە ببێتە جێگای سەرنجی گەشتیارانی جیھان. بەڵام بەومەرجەی حکوومەت لەڕێگای دانانی پلانی ستراتیژی و بەرنامەی "درێژ ماوە" و "کورت ماوە"، خەمێکی کەرتی گەشتیاری بخوات و ئاوڕێکی جدیانەی لێ بداتەوە.

ھەرێمی کورستان ناکرێ بۆ ھەمیشە پشت بە "داھاتی نەوت" ببەستێت."ھەڵبەت وێڕای ئەوەی سەرنجی زۆرمان لەسەر شێوازی فرۆشتنی نەوتی کوردستان ھەیە کە ناشەفافە و ئەو مەلەفە لەدەست چەند کەسێک دایە".

بەڵام دەکرێ فرۆشتنی نەوتی کوردستان "شەفاف"تر بکرێ و پیشەسازیی نەوتیش گەشە پێ بدەین، دواجاریش داھاتی فرۆشتنی نەوتی کوردستان بکرێتە بنەمایەک بۆ گەشەپێدانی سێکتەری گەشتیاری لە ھەرێمدا.

بە بۆچوونی من، ھەڵەیەکی گەورەیە کە دەسەڵاتدارانی ئەو ھەرێمە، بۆ ھەمیشە پشت بە داھاتی نەوت ببەستن و بوارەکانی دیکەش فەرامۆش بکەن. دەسەڵاتدارانی ئێمە دەبێ دوورتر بڕوانن و ئابووری ھەرێمی کوردستان لە تاک سەرچاوەی داھات ڕزگار بکەن.

کۆڵەکەکانی ئابووری ھەرێم دەبێ پتەوتر بکرێن و توانای ئەوەشمان ھەیە ببینە ھێزێکی ئابووری بەرچاو لەناوچەکەدا. بەڵام بەو مەرجەی بایەخی زۆرتر بە "پیشەسازیی گەشتیاری" بدەین و لەپاڵ داھاتی نەوتدا، سەرچاوەی دیکەی داھات بۆخۆمان مسۆگەر و دابین بکەین.

دەسەڵاتی سیاسی ئێمە دەبێ ئەوەیان لەبەرچاوبێ کە جوغرافیای سیاسی ھەرێمی کوردستان لەناوچەیەکدا ھەڵکەوتووە پڕیەتی لە قەیران و ئاشووب، ھەر قەیرانێک ئەو ناوچەیە بگرێتەوە، بەچاک یان خراپ کاریگەری بۆسەر ئێمەش دەبێ.

بۆیە دەبێ بیر لەداھاتوو بکەینەوە و بنەمایەکی ئابووری بەھێز بۆ نەوەکانی داھاتوومان بنیات بنێی.

ئەوەی لێرەدا دەمێنێتەوە ئاماژەی بۆبکەین ئەوەیەکە، ھەریەک لە "وەزارەتی پەروەردە" و "خوێندنی باڵا"ی ھەرێم، پێویستە لەڕێگای کاراکردنی سیستمی نوێی خوێندنی بواری گەشتیاری کە ھاوتای وڵاتە پێشکەوتووەکان بێت، ھەوڵی جدی بدەن بۆ پێگەیاندنی کادری شارەزا و پسپۆڕ بۆئەو بوارە. چونکە ئێستا لەزۆربەی ھۆتێل و مۆتێل و ڕێستورانت و شوێنە گەشتیاریەکانی ھەرێمدا، کادری بیانی ھەیمەنەیان کێشاوە و توانای مرۆیی ئێمەش لەوبوارەدا سودێکی ئەوتۆی لێ وەرنەگیراوە.

سەرکەوتن بۆ لیستی ئازادی، ژمارە ١٦٤ کە خاوەنی ڕوئیا و بیرکردنەوەیەکی جوانە بۆ بونیادنانی وڵاتێکی جوان و پێشکەوتوو دوور لە گەندەڵی و تاڵانکاری بۆ خزمەتی گەل و نیشتیمان.

  • 1