ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

   

لە هەموو چین و توێژەکان، کەسانی واهەبوون کە لەرۆژانی خەباتی سەختی ژێرزەمینیدا، یان لەکاتی شەڕی پێشمەرگایەتیدا دژی رێژیمە دیکتاتۆرەکان، هاوکارو یارمەتیدەری هاوڕێیانی ئێمەی شیوعی و حزب و لایەنە نیشتیمان و نەتەوەپەروەرەکانی دیکەبوون، کە بێترس خزمەتی زۆریان کردووەو ژیانی خۆیان خستۆتە مەترسییەوەو، مایەی رێزوشانازییمانن، بەڵام کاتی خۆی لەبەر ئەوەی زانیاریان نەکەوێتە دەست دوژمنان نەماندەتوانی ئەو هاوکاری و هەڵوێستی یارمەتیدانە یادداشت وتۆماربکەین. بەش بەحاڵی خۆم زۆر نمونەی جۆربەجۆری ئەو هەڵوێست و یارمەتیدانەم لەلایە کە ئەگەر ئەوکاتانە لای دارودەستەی رێژیم ئاشکرابوونایە ئەوکەسانە دەکەوتنە بەر مەترسیی لەناوبردن و ماڵ روخاندنەوە.

نمونەیەک لەوکەسە نەترسانەی هاوکارییانکردووین ولە داپڵۆسین وسزای سەخت نەترساون، کە دەمەوێ لێرەدا زۆر بەکورتی و چڕوپڕی باسی بکەم کاک حەمە جەزا عەبدوڵایە.

کاک محەمەد جەزا عەبدوڵا پلەدارو پاشان ئەفسەری پۆلیس بوو لە وەزارەتی ناوخۆ و لەچەندشوێنی گرنگ کاری کردووە وەک فڕۆکەخانەی بەغداو دایەرەکانی رەگەزنامەو پاسپۆرت و..تاد.

ئەم پیاوە دڵسۆزە بەپێی زانینی من ئەندامی هیچ حزبێک نەبوو، دۆستی حزبی ئێمەبوو، بەڵام بەپێی توانا یارمەتی زۆر کەسانی تێکۆشەری دەدا، بەتایبەتی لە هاوڕێیانی ئێمە، وەک هاوڕێی کۆچکردو سەرکردەی ئازا ئەحمەد بانیخێڵانی کە خۆی لای من باسیکردووەو بەرز یارمەتییەکانی ئەم دڵسۆزەی هەڵسەنگاندووەو نووسەری ئەم چەند دێڕە کە چەندانجار یارمەتیی خۆمیداوە.

ئەوەی لە یادمدا مابێ و لەبیرچوونەوەی نەبێ ئەوەیە چەند جارێک لە کاتی زۆر پێویستدا لەفرۆکەخانەی بەغدا یارمەتیداوم، بەوەرگرتنی پاسپۆرت و تەواوکردنی کارەکانم بەخێرایی، بێگومان لەو بارودخانەدا بەتەنیا هاتنەلات و رێزلێگرتنت و بەدەورتداهاتن کارێکی گەورەو یارمەتیە کە چاوت لەسەر نەبێ. هەروا پیشاندانی ئامادەیی خۆی بۆ هەر یارمەتییەک ئەگەرداواو پێویستبێ، لە کاتێکدا باشی دەناسیم کە کێم و چ کارەم.

دەمەوێ لێرەدا کارو یارمەتیەکانی ئەم پیاوە ئازایە باسبکەم و بەرز هەڵسەنگێنم، نەک تەنیا بۆ خۆم بەڵکو بۆزۆر لە تێکۆشەرانی حزبی ئێمەو خەڵکی تێکۆشەریتر. بۆ نموونە: توانی هاوڕێ محەمەد زخۆک- شەقڵاوەیی یادی هەمیشە نەمربێ، لە زیندانەکانی رژێمی بەعس بدۆزێتەوە کە ئەشکەنجەیەکی زۆر درابوو، پاشان لە نەخۆشخانەیەکی سەر بە ئەمنی گشتیی رێژیم لای خەستەخانەی (إبن النفیس) کارێکی وابکات لەپێش شەهیدبوونیدا بە هەفتەیەک شادبێ بە کەس وکاری و کە هەر پێست و ئێسکبوو..ماچێاندەکرد.

کاتی پەلامارەکەی رێژیم بۆسەر حیزب دوای تێکچوونی"بەرەی نیشتیمانی" لەگەڵ هاوڕێ محەمەدی مەلاکەریم سێ هاوڕێی(طریق الشعب) مان برد بۆ فرۆکەخانەی بەغدا کە بۆ دەرەوەی وڵات سەفەربکەن، کاکە حەمە جەزا پاسپۆرتەکانی بۆئیمزاکردن و ئامادەی رۆیشتنبوون لە کاژێری سێی شەودا، بەڵام لە کاژێری یەکی شەودا بروسکەیەک لە "ئەمنی عامە"وە دەچێتە فڕۆکەخانە بۆ دەستگیرکردنیان، کاک حەمەجەزا هەرسێکیان بۆ دەرەوەی فڕۆکەخانە دەربازدەکات و لەبەر ئەوەی پارەی عێراقیان پێنابێت پارەشیان دەداتێ تا بگەنە هەولێرو لەوێوە رزگاریانبێ..

کاک حەمە جەزا یارمەتی هاوڕێ (عادل عەلاف) دەدات، کە فەرمانی دەستگیرکردنی هەبووە، لەبەغداوە بە ئۆتومبیلی پۆلیس بگاتە گوندی ئەحمەد ئاوا کەلەوێوە دەگاتە ناوچە رزگارکراوەکان.

کاک حەمە جەزا بەهۆی هاوڕێ(محەمەد مستەفا)ی ئامۆزایەوە کە بەڕێوەبەری گشتی بوو، هەروا بەیارمەتی خێزانێکی کوردی مەندەلی بەناوی (عەمید ج.ن) رەگەزنامەی عێراقی دەرکردووە بۆ سەلامی کوڕو حەیاتی کچی هاوڕێ بهاءالدین نوری کە هەردوکیان لەدەرەوەبوون و دایکیان جولەکەبوو، فایلەکەیان لەناو قاسەی ئاسنین دانرابوون وبۆیاننەدەکرا.

دەرهێنانی پاسپۆرت بۆ چەند هاوڕێیەک لە ساڵانی ١٩٧٩- ١٩٨٠دا کە بەڕێوەبەری دایەرەی پاسپۆرتبوو، سەفەرکردنیان قەدەغەکرابوو وەک هاوڕێ (قادر رەشید ناسک- ئەبو شوان). هەروا لە ساڵێ ١٩٧٩دا کە خۆم راکردوبووم پاسپۆرتی بۆ هاوسەرەکەم دایکی سەرکەوت و منداڵەکانم دەرهێنابوو. 

شایانی باسە بگوترێ کە دوای راپەڕینە شکۆدارەکەی ئاداری١٩٩١ کاک حەمە جەزا لەگەڵ بەڕێزعمید نیاز محەمەد سەعید بەڕێوەبەری دایەرەی رەگەزنامەی سلێمانی و کارمەندانیتر، رۆڵێکی باشیان گێڕاو چالاکی گەورەیان ئەنجامدا بۆ یارمەتیدانی خەڵکی پارێزگای سلێمانی بۆ ریکخستنەوەی تۆمارەکان و بەجێگەیاندنی کاروباری رەگەزنامەو ناسنامەکانیان کە پێشتر لەسەردەمی رێژیمی دیکتاتۆردا زۆریان تۆمارەکانیان سوتابوون یان تێکچووبوون.

بێگومان کاک حەمە جەزا رۆڵەی بنەماڵەیەکی تێکۆشەرانی شیوعییە کە هاوڕێیانی نەمر غەفورو عەزیزو قادرو جەلالی مێرزاکەریم وپارێزەر محەمەد مستەفا ئامۆزاین وگەلێک لە خزمەکانی دیکەیان لەخەباتی حزبی ئێمەو بزوتنەوەی نیشتیمانیدا رۆڵێکی دیاریان هەبووە.

کاک حەمەجەزا لەم ساڵانەی دوای راپەرینە شکۆدارەکەی ئاداری ١٩٩١دا بە پلەی عەمید خانەنشین کرا. ئیتر خۆی بە نووسینی پەندە شیعرەوە سەرقاڵکردو لەم بوارەشدا ئەم بەرهەمانەی بەچاپ گەیانووە: (نەوای ساز، رووماڵێک لە جوانی و پەندی ژیان).

ئێمە لەکاتێکداسوپاس و ستایش و رێزو پێزانێنمان بۆ هەڵوێست و هاوکارییەکانی ئەم بەڕێزە دەردەبڕین هیوای تەندروستی و تەمەندرێژی و ئاسودەیی بۆ دەخوازین و، ئاواتەخوازین نموونەیان زۆربێت.


  • 1