ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

لە جوغزی سەربەخۆییدا

مەسەلەی سەركییمان ریفراندۆمە یان سەربەخۆیی؟!

لە دووای دامەزراندنی دەوڵەتی عێراق تا كو ریفراندۆمی 2017، داواكارییەكانی بزوتنەوەی رزگاریخوازی گەلی كوردستان لە چوارچێوی چارەسەر لە چوارچێوەی دەوڵەتی عێراقدا بووە، و تەنانەت لە پرۆسەی سیاسی عێراق دوای روخاندنی رژیمی بەعس داواكارییەكان لە چوارچێوەی ئەو فیدرالیزمە بوو كە سەرجەم حكومەتەكانی دوای 2003 و تاكە ئێستا توانای جێبەجێكردنی نییە، هەرچەندە دەستوری 2005ی عێراق ئاماژەی پیكردوە. 

لێرەدا پێویستە لایەنە سیاسییەكانی كوردستان پرسیارێكی گرنگ لە خۆیان بكەن. ئەوەش ئایا وەزعی قانونی هەرێمی كوردستان بە نیسبەت كوردستانییەكان و بە نیسبەت دەوڵەتی عێراقەوە، چییە؟!

دەستوری دەوڵەتی عێراق لە كۆمەڵێك پرنسیپ و ماددەی قانونیدا، ئاماژەی بە بوونی پێكهاتەیەك كردووە كە ناوی هەرێمی كوردستانە، بەڵام تا ئێستا ئەو دەستورە سنووری ئەم پێكهاتەیەی دەستنیشان نەكردوە، چونكە تا ئێستا ماددەی 140ی دەستور و ناوچەی ناكۆكی لەسەر لە دوو توێی ئەم دەستورەدا تۆماركراوە. هەر ئەو دەستورە كە كۆمەڵێك ماف بۆ هەرێم وەك پێكهاتەیەك دەستنیشان دەكات، بەڵام بە شێوەیەكی كردەیی و دوای 15 ساڵ پەیوەندییەكانی ئەم هەرێمە و دانیشتوانی لە چوارچێوەی بەشداری كۆمەڵێك نوێنەرانن لە ئەنجومەنی نوینەرانی عێراق، و دانانی پشكی سەرۆك كۆمار بۆ كورد كە وەزیفەیەكەی تشریفاتییە و دەسەڵاتی نییە و دەستوری عێراق بە پارێزەری دەستور ناوی دەبات ب،ێ ئەوەی بلێت چۆن حمایەی ئەم دەستورە دەكات كە هەر لایەنێك لە روانگەی بەرژوەندی خۆی لێكی دەداتەوە، و تەنانەت داداگای ئیتحادی كە خۆی بە گۆێرەی ئەم دەستورە دەستوری نییە هەر رۆژێك بە جۆرێك، و هەر بابەتێك لە ژێر فشاری سیاسییدا لێكدەداتەوە. هاوكات لە گەڵ ئەمەشدا بۆ دامەزراندنی حكومەتی عێراق بەشبەشێنەیەك لە نێوان شیعە و سوننە و كورد لە دابەشكردنی وەزارەتەكان دەكرێت، كە هەریەك لەو وەزارەتانە حكومەتێكی سەربەخۆیە بۆ خۆیی، و لە كۆتایشدا سەرۆكی ئەم حكومەتە بە دەست ماچكردنی مەرجعیەتی دینی لە نەجف بریار دەدرێت. 

ئەم تابلۆ سیاسییەی كە دەخەینە ڕوو ئەنجامێكی لۆجیكی قەیرانی دەوڵەتی عێراقە، كە لە سەرەتاوە بە بریاری دەرەكی درووست كرا و لە ژێر فشاری دەوڵەتیشدا بەردەوامە.

لەم هەلومەرجەدا لەبارترین بیركردنەوەی سیاسی بۆ دەربازبوون لە قەیرانی دەوڵەت، دەستپێشخەری ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستانی باشور بوو كە دەرفەتێك بۆ رزگاربوون لە قەیرانی دەوڵەتی بوو. ئەمەش رێگا خۆشكەر بوو بۆ ئەوەی دەوڵەتی لەم ناوچەیەدا لە سەر بنەمای ئیرادەی سەربەخۆ و ئازادانەی گەڵان و نەتەوە و پێكهاتەكان درووست بێت نەك بە خورتی.

لە ربفراندۆمی ساڵی 2017دا گەلی كوردستان ڕاو بۆچونی خۆی دەڕبرێ و ئەمەش بە شێوەیكی بابەتی چەمكی سەربەخۆیی لە چەمكێكی حزبیوە كردە بابەتێكی كۆمەڵگایی. لە ئاكامی ئەم ریفراندۆمە سەربەخۆیی كوردستان رانەگەینراوە، و پەیوەندی نێوان كوردستانی باشور و حكومەتی بەغدا بە تەمومژاوی ماوەتەوە، و دەتوانین بلێن بوونی شەرعیەتی قانونی هەرێمی كوردستان و قایل بوونی حوكمرانانی عێراق بەم هەرێمە، تەنها شەرعیەتی شكلی لە دەستوری عێراقەوە وەرگرتوە، و لەراستیدا ئەوەی هەیە دەچێتە قاڵپی قایلبوون بە ئەمری واقیع و بوونێك بە ئیرادی گەلی كوردستان فەرزكراوە و جیهان مامەڵەی لەگەڵدا دەكات، و هەوڵدانی دەرەكی و ناوخۆیی بۆ نەهێشتنی بەردەوامە، و تا ئەنجام نەدانی سەربەخۆیی باشوری كوردستان بەردەوام دەبێت.

بە ئەنجامدانی ریفراندۆم مەسەلەی سەربەخۆیی كوردستان پێی نایە قۆناغێكی دیكەوە. هەڵبەتە ئەو ڕەوشە سەربازی و سیاسییەی دوای ئەنجامدانی ریفراندۆم هاتەكایەوە و بەتایبەتی هیرشی عێراق بە پشتگیری ئێران و قایل بوونی توركیا و پلانی دەوڵەتی ئینگلستان و بێدەنگی ئەمەریكا لەو هێرشە، زەمینەی بۆ ئەو پروپاگندانە خۆش كرد كە گوایە ئەو پەلاماردانە لە ئاكامی داوای بریاردانی مافی چارەنوس بووە، و ئەمەش تا ئێستا بە مەبەستی سیاسی و ململانێی حزبی بەكارهات، بەتایبەتی لە پرۆپاگندەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان.

ریفراندۆم وەك میكانیزمێك بۆ دەڕبرینی ڕای خەڵكی كوردستان ئەنجام درا، و مێژوو ئەوەی تۆماركرد كە 93%ی خەڵكی كوردستان دەنگی دا، و ئەم ئەنجامەش بوو بە بەڵگەنامەیەكی ستراتیجی مێژووی، بەڵام ئەوەی بەدی دەكرێت، لایەنە سیاسییەكانی كوردستان ریفراندۆمیان وەك بابەتێكی ململانی مامەڵەی لەگەڵدا دەكەن. مەسەلەی سەرەكی گەلی كوردستان مەسەلەی ئازادی و سەربەخۆیی كوردستانە، نەك ریفراندۆم كە یەكێكە لە میكانیزمەكانی مافی بریاردانی چارەنوس، بەڵام جێگای داخە بە هۆی ملمڵانێی حزبییەوە ئەم هەنگاوە مێژووییە كە گەلی كوردستان تۆماری كردوە بە عەقلیەتێكی بەرتەسكی حزبی بە ئەرێنی یان نەرێنی هەڵوێستی لێوەردەگیرێت. 

ریفراندرۆم ئەنجامدراو كۆتایی هات، بەڵام مەسەلەی سەرەكی ئێمە سەربەخۆییە كە پێویستە كار بۆ وەدیهێنانی زەمینەی گونجا و پێداویستییەكانی جێبەجێكردنی بكەین.

 

  • 1