ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

مارکسیزم لەجەوهەردا هزرێکی دیموکراسیە، ئەوە ڕاست نییە کە زۆر جار چ بەهەڵە یاخود بۆ شێواندن شۆسیالیزم وەک بەدیلێکی دیموکراسیەت یاخود بەپێچەوانە بەرامبەر یەکتر دادەنرێن. هەڵبەت دیموکراسیەت لای ئێمە تەنها ئامرازێکی سەتحی نییە بۆ حوکم، بەڵکو گرێدراوە بە سیستەمێکی گشتگیری ئەوتۆ کە کەرامەت و ژیان و ئازادی مرۆڤی تێدا دەستەبەر بکرێت، بەلای ئێمەوە دیموکراسیەت نابێت تاک ڕەهەندانە مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت، بەڵکو پێویستە هەموو ئینسانێکی ئەم کۆمەڵگایە ڕۆڵ و بەشداری هەبێ لە پرۆسەی بڕیاردان، بێگومان تەنها له بڕیاری سیاسی نا، بگرە لە بڕیاری ئابوری و کللتوری و کۆمەڵایەتییش. تەنانەت ڕەهەندە کۆمەڵایەتیەکەی دیموکراسیەت هیچی کەمتر نییە، لە ڕەهەندی سیاسی ئەگەر گرنگتر نەبێ، چونکە ڕێڕەوێکە بۆ زیندوێتی کۆمەڵگا و گەشەی شارستانیەتی.

دیموکراسیەتی فرە ڕەهەند مێتۆدێکی ڕاستەقینەیە بۆ جێبەجێبوونی ماف و داخوازییەکانی زەحمەتکێشان، بەمەرجێک زەحمەتکێش و پرۆلیتاریا کە زۆرینە پێکدێنن، بەفۆرمێکی تۆکمە خۆیان ڕێکبخەن. لەم سۆنگەیەوە لەسەرەتاکانی دامەزراندنی حزبی شیوعی عێراق گرنگیدان بەدیموکراسیەت و تاگەیشتنی ئەو چەمکە بەیەکێک لەدروشمە پڕ بایەخەکانی خەباتمان و ئیلهامبەخشی ڕۆژانی سەختی ڕووبەڕبوونەوەی ڕژێمی کۆنەپەرستی و بۆ دیکتاتۆریەتی بەعس، بەڵێ ئەوەش ناشارینەوە کە لە مێژووی حیزبماندا گفتووگۆی قوڵ و تەنانەت مشتوومڕی توندیش هەبووە لەبارەی ئەوە چەمکەوە و رای پێچەوانەش هەبووە، بەڵام ئەو دیدو بۆچوونە جیاوازانە ڕێزلێگیراو بوونە و نەبوونەتە بەربەست لەپشت مامەڵەکردن لەگەڵ چەمکی دیموکراسیەت و تەنانەت لەڕێکخستنی ژیانی ناوخۆیی حزبماندا ساڵەهای ساڵ بەو میکانیزمە گەشە بەژیانی حزبمان دراوە.

بە ڵی، ئەو پێشەکیەم بۆ ئەوەیە، خوێنەری ئازیز ئەوەی بۆ ڕوونبێتەوه مامەڵەی ئێمەی شیوعیەکان لەگەڵ چەمکی دیموکراسیەت هی ئەم یەک، دوو، دەیەی ڕابردوو نییە، بە ڵکو ئێمە کە دەچینە نێو پرۆسەی هەڵبژاردن، هەرگیز وا سەیری دیموکراسیەتمان نەکردووە کە تەنها بریتیبێ لە سندوقەکانی دەنگدان، ئەگەرچی ئەوەش پرۆسەیەکی هەرە گرینگە، یان بۆ بە دە ستھینانی کۆرسی پەرلەمانی کە دیسان ئە ویش گرنگی خۆی ھەیە بەڵکو ئیستیحقاقیك و مافیكه كه پیویسته له كاتی خۆیداجێبە جیَبکریت.

بڕیاری ئێمە بۆ هەڵبژاردنی ئایندەی پەرلەمانی کوردستان ئەوەیە بەلیستێکی سەربەخۆ بەشداری هەڵبژاردن بکەین، ئەو سەربەخۆییە بەمانای ئەوە نایەت ئێمە دژی هاوپەیمانین لە پرۆسەی هەڵبژاردندا، نا، بەڵکو دەستپێشخەریمان کرد بۆ هێزو کەسایەتیە چەپەکان و تەنانەت سازشی زۆریشمان کرد تاوەکو ئەو هەنگاوە سەربگرێت، بەڵام پاش چەندین کۆبوونەوە ئەوان ئەو پرسەیان ڕەتکردەوە دوای ئه وه ی ده ستخۆشیان لێکردین لە سە ر دە ستپێشخە رییە کەمان، پاشان ڕوومانکردە هێزە لیبراڵەکان وبەهۆی کۆمەڵێک پێش مەرجی قورسی ئەوانیش، نەمانتوانی ئەو هاوپەیمانییان لەگەڵ دروستی بکەین، هەر بۆیە دواجار بەلیستێکی سەربەخۆ و کۆمەڵێک کاندید تێکۆشەر و شارەزا،بەشداری ململانێی هەڵبژاردن دەکەین، بەبەرنامەیەکی جیاواز و تۆکمە، کە هەم سنورێک بۆ قەیرانە کەڵەکەبووکانی ٢٦ ساڵی ڕابردوو دادەنێت، هەم دۆخی هەرێمەکەمان لەم قوناغە دەباتە باردۆخێکی باشتر.

لەبەرنامەی ئێمە بۆ هەڵبژاردن چەمکی فرەیی سەرچاوەی ئابووری و داهات و هەڕاجنەکردنی کەرتە گشتیەکان و گۆڕانکاریی لە کەرتەکانی تەندروستی و پەروەردە و چاککردن و بەرەو پێشبردنیان و پەرەپێدانی کەرتی کشتووکاڵ و یارمەتیدانی جوتیاران لەلایەن حکومەت و دۆزینەوەی دەرفەتی کارو دابینکردنی یەکەی نیشتەجێبوون بۆ کرێنیشینان و خەڵکی کەمدرامەت وچەسپاندنی مەبدەئی شەفافیەت لەداهات و خەرجی حکومەت و بنەبڕکردنی گەندەڵی بەیاسا و دامەزراوە لەئەولەوێتی کارەکانمان دەبێ، ئەمە جگە لەوە لەبواری سیاسیدا جەخت لەسەر سیستەمێکی پەرلەمانی، عیلمانی، مەدەنی و زامنی ئازادی سیاسی و فرەیی دەکەینەوە کە تێدا بەشداری ئافرەتان و گەنجان بەشێوەی کرداری بچەسپێنریت و ئەمە جگە لەچەندین پرۆگرامی تر کە لەکاتی خۆیدا بلاوی دەکەینەوە. ئەو پرۆگرامە زانستی و واقیعەیە کە واپێویست دەکات دەنگدەری کوردستان متمانەو دەنگی خۆی ببەخشێتە حیزبێکی ڕەسەن و پێشکەوتووخوازی وەک حزبی شیوعی کوردستان.

من لەدەنگدەری کوردستان دەپرسم بۆچی حزبی شیوعی کوردستان نەبێتە مایەی متمانەیان لەکاتێکدا بەرپرسیاری هیچێک لەو نەهامەتیانە نەبووە کە حیزبە دەسەڵاتدار و کۆنەپەرستەکان بەسەر ئەم هەرێمەیان هێنا؟ من دەپرسم ئێمە بووین لەسەر دەسەڵات وسامان و داهاتی گومرگ شەڕی ناخۆمان کرد؟ ئێمە بووین کوردستانمان پارچە پارچە کرد؟ ئێمە دوو ئیداریمان داهێنا؟ یەک سەرۆک جاش و موستەشارمان گرتە خۆمان؟ رێگربووینە لەدادگاییکردنیان؟ بۆ یەک چرکەش بیستووتانە حزبی شیوعی سەر بەوڵاتێکی ئیقلمی بێت و ئەجنداکانی ئەو وڵاتانە جێبەجێ بکات؟ ئێمەین دەستمان سوورە بە خوێنی پێشمەرگەو گەریلای پارچەکانی تری کوردستان؟ پایەکانی خیڵ و عەشیرەتبازی و دوێخانمان زیندوو کردۆتوە؟

ئایین و باوەڕی خەڵكمان بۆ مەبەستی گەوجاندن و حزبایەتی بەکارهێناوە؟ ناڕاستگۆبووین لەگەڵ گەلەکەی خۆمان؟ لەشەری ناخۆدا ئاڵا هەڵگری ئاشتی نەبووین؟ دەبابەی بەعسمان هێناوەتە سەر پەرلەمانی کوردستان؟ ئێمە بەرپرسیاری ١٦ی ئوکتۆبەرین؟ قەت بیستووتانە حزبی شیوعی کۆمپانیای دەرمانی هەبووبێ؟ یاخود پشکمان هەبووە لە نەوت؟ یا شیرینی نەوت؟ یا کارگەی چیمەنتۆ و ئاسن؟ یەک بەنزیخانەمان هەیە؟ هیچ گردێکمان داگیرکردووە؟ هاوکاری و پەیوەندی ژێربەژێری وڵاتانی ئیقلیمیمان بەتوندی ڕەتنەکردووەتەوە کاتێک موبادەرەمان بۆ کراوە؟ دژی خەسخەسەو هەڕاجکردنی کەرتە گشتیەکان لەپەرلەمان و لەشەقام نەوەستاوینەتەوە؟ بێدەنگ و بێهەڵوێست بووین لە پێشلکارییەکانی تورکیا و ئێران بۆ سەرخاکی هەرێم؟ کەس هەیە هاواری شیوعییەکانی لەشەقام و خۆپیشاندانەکاندا نەبیستبێ؟ کام حیزب بوو دژی بەحیزبی کردنی کۆمسیۆنی هەڵبژاردن و ڕاپرسی وەستایەوە؟ حیزبی شیوعی نەبوو؟ کام حیزب بانگەوازی ڕەتکردنەوەی عەقڵیەتی براوەو دۆڕاوی کرد لەپەرلەمانی کوردستان؟ کام حزب یەکەمین حیزب بوو داوای موحارەبەکردنی گەندەڵی کرد بەیاسا ودامەزراوە؟ ئێمە بەرپرسیارین لەپاشەکەوتکردنی موچەی فەرمانبەران؟ یەک ناڕەزاییم پێبڵی لەبادینانەوە تاوەکو گەرمیان هاوڕێیانی ئێمە ڕۆڵکی کارایان تێدا نەبووبێ؟ کام حیزب یەکەمین حیزب بوو لەهەولێر خۆپیشاندانی بۆ هەڵوەشاندنەوەی پاشەکەوتی موچە کرد؟ کام حیزب بوو لەپەرلەمانی کوردستان وتی: کابینەی هەشتەم کابینەی پشکپشکێنەیە، دەرئەنجامەکەی فەشەلە؟ کام حیزب بوو لە ساڵی٢٠١٥ داوای هەڵبژاردنی پێشوەختەی کرد؟

بەڕیزان! ئەم سیاسەتانە چ نەگیەکی تێدایە، هەمووی هەنگاوی مێژوویی و شەرەفمەندانە نین؟

بۆیە حزبێک ئەوە مێژووەکەبێ، ئەوە هەڵوێستەکانی بێ، شایانی دەنگپێدان و متمانەی جەماوەرە.

  • 1