ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

نزیکەی دووساڵ و نیوێك لەمەوبەر، لە سەرەتاکانی ٢٠١٦دا حکومەتی هەرێم لە وۆرك شۆپێکی تایبەت بە تێپەڕاندنی قەیرانی ئابوری، دواتریش لە کۆوبونەوەی بەڕێوبەرانی دەزگا ئیعلامیەکانی هەردوو حیزبی سەرەکی داوایان لە دەزگا ڕاگەیاندنەکان کرد کە " بە لێپرسراوێیتیەوە مامەڵە لە گەڵ ئەم دۆخە بکەن”، ئەم داواکاریە ئەگەر وەریگێڕێتە سەر زمانی کردار مانای ئەوە دەگەیەنێ کە نابێ گوتارێك لە ئاست ئەم قەیرانە هەبێت کە ناکۆك بێت لە گەڵ ڕێگا چارەکانی حکومەت، یان ئەو حیزبە سەرەکیانەی کە بە ڕەهایی لە دەسەڵاتن، ئەو دەمی ئەم داوایە بەشێکی ڕۆتینێکی نەرمی چاوسوورکردنەوەیەك بوو کە خەڵك ومیدیا بەو شێوەیە بیربکەنەوە کە دەسەڵات بە دڵیەتی ، بەشەکەیتری ترس بوو لە کابوسی دۆخێك کە تووڕەیی ونەفرەتی چینە خاش کراوەکانی دەستی شکستی ئابوری لە کۆنتڕۆڵ دەربچێ ، خۆپیشاندانەکانی ٢٠١٧ و ٢٠١٨ لە شارو شارۆچکەکانی کوردستان گەواهی ئەوەن کە کۆنتڕۆڵ کردنی توڕەیی لە هێز نیە، بەڵکو گیرۆدەی کات و ئامادەکاری و ڕچەشکێنیە.

ڕاگەیاندنی کوردی هەروەکو مەعلومە ، چەشنی سیستەمی حوکمڕانی بەزۆر دەردو نەخۆشیەوە دەناڵێنێ . مینبەرێکی کەمی ڕاگەیاندن نەبێت دەنا بە گشتی دەزگا ڕاگەیاندنەکان بە تایبەتی ئەوانەی راستەوخۆ لە لایەن حزبە سەرەکیەکان پشتیوانی دەکرێن و لە کاتەگۆری دەزگای ڕاگەیاندنی حیزبیی پۆلیین دەکرێن. ئەو دەزگایانە نەك ئەمڕۆ بەڵکو هەمیشە بڵندگۆیەکی ڕاستەوخۆی حیزبەکانی خۆیان بوونە و بە موو لە بەرژوەندی حیزبەکانیان لایان نەداوە. لە پاڵ ئەم دەزگایەنەشدا کۆمەڵێك دەزگایتری سێبەر هەیە کە هەمان وەزیفەیان هەیە کە ئەویش گەیاندنی پەیامەکانی حیزبە .

ترس لە ڕاگەیاندنێک کە بە دڵی حکومەت و حیزبەکان کار نەکات لەوەوە سەرچاوە ناگرێت کە بڵێن دەزگایەکی ڕاگەیاندن ڕۆڵی بڵێسەیەك دەگێڕێت و دەبێتە ئاژاوە گێڕی و لە دەست دەرچوونی کۆنتڕۆل کردنی بارودۆخ . بەڵکو ترسێکی قوڵترە لە ئاژاوەگێڕیەك کە توڕەیی و نەفرەتی کۆمەڵایەتی جارێ وەکو خێو، وەکو شەبەحێك لە چاوەڕوانیدایە، کێشە لە راگەیاندنێك نیە کە یاخی بێت و بڵێ ئەم شەبەحە هەیە، بەڵکو ترس لەوەدایە کە ئەم خێوە کاتێ لەدەست دەردەچێ بە هیچ دەزگایەکی ڕاگەیاندن کۆنترۆڵ ناکرێ !

ڕەنگە هەڵبژاردنەکان و شەڕە جوێنەکان بەڵێنە بەتاڵەکان؛ ڕۆڵی ئەو پەنجەرانە دەبینن کە پڕبوونی توڕەیی لەوێوە دەم نادەم برێك وەردەگرێ هەناسەیەك دەدا، دوای خامۆش بوونی دەهۆڵی هەڵبژاردنەکان سەر لەنوێ پرسیارەکانی پرسی قەیرانەکان سەردەردەکەنەوە، چونکە شکستی ئیدارەدانی ئابوری پێش ئەوەی مادەیەکی ئیعلامی بێت بریتیە لە پارچەیەکی سەرەکی و بنەڕەتی ژیانی سەدان هەزار هاوڵاتی کە چاوەڕێ ی بەرنامەکانی ئێوارانی تی ڤی نین بۆ ئەوەی تێبگەن دۆخەکە چۆنە و چییە! ئەوان دەقە بە دەقەی ژیانیان لە ژێر فشاردایە، بەکەم گرتنی لێکدانەوەی قوربانیانی ئەم شکستە ئابوریەو سیاسیە لەوە سەرچاوە دەگرێ کە دەسەڵاتەکان تا دوا ساتی پێش کارەساتیش گرەوەیان لەسەر ناردنی سیگنالی فریودەرە!

 

  • 1