ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

رۆژی 22/9 لەدەرەنجامی ئەو ناكۆكییە سیاسییەی نێوان رێكخراوە بەناو مەدەنییەكان بۆ هەڵبژاردنی نوێنەرێك، دەركەوت كە كوردستان رێكخراوی ناحكومی و كۆمەڵگەی مەدەنی تێدانییە، بەپێچەوانەوە وەكو سەندیكا و یەكێتیەكانی دیكە حیزبی و نەشارەزان، بگرە ناشتوانن هەرزی ئەو دونیایە بكەن بۆ ئەوەی وەكو هیگڵ فەرموویەتی هەم پاڵشت و هەم رەخنەگری دەوڵەت بن، رەنگە هەر ئەو هۆكارانەش بن كە هۆشیاری فكرییان نییە، بۆیە لەبری رێكخراوی ناحكومی و كۆمەڵگەی مەدەنی، رێكخراوی حیزبی و حكومیین. 

ئەو رەفتارەی كە لە هۆتێل ڤان رۆیاڵ روویدا لەنێوان ئەو بەناو رێكخراوانە، لە رەفتاری ئینسانە فاشیل و بێ‌ ناونیشانەكان دەچوو، قەبوڵ نەكردنی دەرەنجامی هەڵبژاردنی نوێنەر و شەڕكردن و بەتاڵكردنی دەنگەكان و ماف بەفیڕۆدانی كۆمەڵێك رێكخراو و سوكایەتی كردن بەیەكتر، دورن لە رەفتاری شارستانی كە بەرهەمی مۆدێرنەیە، چونكە ئەوان بیریان چووە كە رێكخراوی ناحكومی زمانی زبر و جنێوی نەشیاو و قین لەنێوانیان مەحاڵە، لە كاتێكدا رێخراوە عەرەبییە عێڕاقیەكان نە نەتەوەی جودا لە عەرەب و نە كەسێكی جیاواز لە مەزهەبەكەیان بوونی هەیە، كەچی بەرگرییەكی لەرادەبەر لەو گەندەڵكارییە دەكەن كە نەك هەر نەوت، بەڵكو گەندەڵی لە شوێنە پیرۆزەكانیشیان دەكرێت و قسەی لەسەر ناكەن، چونكە هەم عیچڕاق و هەم مەزهەبێكی ئیسلامی بە گرینگتر دەزانن لە مەدەنییەتێك كە پەیوەندی بە مافی هەموو تاكێكی عێڕاقییەوە هەیە. 

گروپگەلێك كە لەریگەی فكرێكەوە رێكخراوەكەیان بونیات نەنابێت، یان خەمی دەوڵەت یان نەتەوە و هەرێم نەبووبن یان هەڵگری كێشەیەكی قووڵی سیاسیی نەبن، هەر ئەو توندڕەوییەیان لێ چاوەڕوان دەكرێت كە بەدەمارگرژی حیزبیانەوە مامەڵە لەپرۆسەیەكی وەها بكەن، چونكە ئەوان نە شارەزای مێژووی سەرهەڵدانی ئەم بزووتنەوە مەدەنییەن و نە شارەزای ئەو كێبەركێ مەدەنییەن كە لەنێوان رێكخراوە مەدەنییەكان سەرهەڵدەدات، بۆیە بەبێ‌ مەرجەعییەتی سیاسی و حیزبی ناتوانن دەرەنجامی دیموكراسییەتێك قەبوڵ بكەن كە ئەركێكی نائەخلاقییە و پێیان سپێردراوە. 

ئەوەی كە پرسیارە لەو بەناو رێكخراوانە كە لەفەزایەكی وەها كراوەدا گەرەكیانە نوێنەرێك بنێرنە بەغدا بۆ ئەوەی چاودێری گەندەڵكاری لە كایەی سیاسی و ئابوری و بەتایبەتی نەوت و هەموو كایەكانی دیكەدا بكات و بڕوایەكی تەواویان پێی هەبێت، ئەوەیە كە هەر پێشهاتێكی لەو بابەتانە ئەگەری نەخوازراو بەرهەمدێنێ‌، بۆ نموونە با ئەو ئەگەرە وەپێش چاو بخەین رێكخراوێك بەتوانای خۆی دەنگی هێناوە و ئەویتر قبوڵی ناكات، پرسیارەكە ئەوەنییە كێ‌ مافی كێی پێشێل كردووە، بەڵكو ئەوەیە بۆچی ئەو رەفتارە دەرهەق بەیەكتر دەكەن لەبەرچاوی گروپێكی دیكە كە حاڵیان لەحاڵی ئەوان باشترە، ئەی هۆكاری چییە قبوڵی ناكەن رێكخراوێكی دیكە بڕوات نوێنەرایەتی رێكخراوەكانی بەناو كۆمەڵگەی مەدەنی هەرێم بكات، كەواتە پرسیارەكە ئەوەیە بۆچی لەبری ئەوەی شەڕی نەتەوەیەك بكەن بەزمانی خۆیان دەرهەق بە گروپێكی تر كە هەمان شوناسی سیاسییان هەیە و سەر بەهەمان مەنزوومەی سیاسی و حیزبین، بەڵام مەزهەبگەرایی عەرەبی نەك كوردی، بەلام ملكەچ و پەیوەست ترن بۆ حیزبەكانیان و وەكو رێكخراوە بەناو حكومییە كوردییەكان نیین. 

 

  • 1