ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

حیزبی شیوعی کوردستان، لەمێژ ساڵە جەخت لەسەر بوونی"حوکمڕانێتی باش" دەکاتەوە لەناو کایەی سیاسی، ئابووری و ئیدارەدانی وڵاتدا.

مەبەست لە چەمکی"حوکمڕانێتی باش" چییە و بۆچی حیزبی شیوعی کوردستان ھەمیشە جەختی لەسەر دەکاتەوە؟.
بۆچی حیزبی شیوعی کوردستان، بۆ ھەڵبژاردنی ئەم جارەی خولی پێنجەمی پاڕلەمانی کوردستان، لەچوارچێوەی بەرنامەی ھەڵبژاردنی لیستی(ئازادی)دا خاڵێکی گرنگی بەرنامەکەی خۆی بۆ "حوکمڕانێتی باش" تەرخان کردووە؟.
لێرەدا لەچوارچێوەی ئەو کورتە نووسینەدا،بەپێی تێگەیشتنی خۆم لە چەمکی"حوکمڕانێتی باش"، قسە لەسەر ئەوباسە گرنگە دەکەین. 
باسێکی گرنگ کە بەداخەوە لەناو پڕۆسەی سیاسی ئەم ھەرێمەدا بوونی نییە، بەمەش کۆمەڵگای کوردستانی لەو ھەرێمەدا خستۆتە ناو زەلکاوێکی قووڵی پڕ لە نادادپەروەری و چەوساندنەوە و گەندەڵی و مشەخۆری و برسی کردنی خەڵك.

"حوکمڕانێتی باش" لەسەر چوار کۆڵەکەی سەرەکی وەستاوە، ئەوانیش بریتین لە:

یەکەم: ھەستکردن بە بەرپرسیارێتی.

مەبەست لە ھەستکردن بە بەرپرسیارێتی ئەوەیە کە کاربەدەستانی حکوومەت لە شوێن و پێگەی فەرمی و حکومی خۆیاندا، خۆیان بە بەرپرسیار بزانن و وەڵام دەرەوەی کار و کردەوەکانی خۆیان بن لە بەشی کارکردنی خۆیاندا.
بە ھەر ئەندازەیەک کە بەرپرسانی حکوومەت وەڵام دەرەوەی کار و کردەوەکانی خۆیان بوون و خۆیان لەبەردەم ئەو ئەرکەی کە کەوتووەتە سەرشانیان بە بەرپرسیار زانی، بەھەمان ئەندازە و زیاتریش کارەکانی حکومەت جوانتر و باشتر بەرەو پێشەوە ھەنگاو دەنێن کە دواجار بۆ خزمەتکردنی خەڵک و وڵات قازانجی زۆری دەبێت.

دووەم: بەشداری پێکردن.

مەبەست لە چەمکی"بەشداری پێکردن" ئەوەیە کە خەڵک ناوەند و چەقی گەشەپێدان و بەرەوپێش بردنی وڵاتە لە ھەموو ڕووەکانەوە.
خەڵک جگەلەوەی سوودی گەورە لە گەشەپێدان و پێشخستنی وڵات وەردەگرن، ھاوکات داینەمۆ و ھەڵسوڕێنەری پڕۆسەی گەشەپێدانیشن.
بە مانایەکی تر، کۆمەڵانی خەڵک دەتوانن لە چوارچێوەی سەندیکا و پارتی سیاسی و ژوری بازرگانی و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنییەوە، بەشێوەی ئەکتیڤ لە پڕۆسەی سیاسی و بەرەوپێش بردنی وڵات بەشداری بکەن، کاری ئاسانییان بۆ بکرێت و ڕێگای کارکردنیان لەبەردەمدا بەرتەسک نەکرێتەوە.
بەشداری پێکردنی خەڵک لە پڕۆسەی سیاسی وڵاتدا، نیزیکایەتی لەنێوان دوانەی (دەسەڵات - خەڵک) درووست دەکات، ھەستی متمانە لەلای ھاووڵاتیان بە دەسەڵاتی سیاسی وڵات زیاتر دەبێت. خەڵک خۆی ھەست دەکا کە بەشێکی دانەبڕاوە لە پڕۆسەی برەوپێش بردنی وڵات.
ھەتاکوو بازنەی بەشداری پێکردنی خەڵک لە پڕۆسەی سیاسی و گەشەپێدانی وڵات فراوانتر بێت، ھێندەش ھەستی نیشتیمانی و ئینتیما بۆ خاک و وڵات لەلای تاکەکانی کۆمەڵگا زیاتر دەبێت.

سێھەم: سەروەری یاسا.

سەروەری یاسا بەشێکی گرنگە لە گەشەپێدانی چەمکی "حوکمڕانێتی باش"لە وڵاتدا. مافی یەکسانبوون لەبەرامبەر یاسادا، یان پارێزگاریکردنی یەکسان لە لایەن یاساوە وەک ئەوەی کە زۆر جار بەم شێوەیە دایدەڕێژن، بۆ ھەر کۆمەڵگەیەکی دیموکراتی دادپەروەر شتێکی بنچینەیی و سەرەکییە، جا دەوڵەمەند بیت یان ھەژار، نەتەوەی زۆرینە بێت یان کەمینەیەکی ئایینی بیت، ھاوپەیمانێکی سیاسی دەوڵەت بێت یان ڕکابەربێت، ھەموو شایستەی پارێزگاریکردنی یەکسانن لەبەرامبەر یاسادا.
شتێکی ئاشکرا و ڕوونە کە بەشێکی سەرەکی و بنچینەی کێشە ھەنووکەییەکانی کۆمەڵگای ھەرێمی کوردستان، نەبوونی سەروەری یاسا و ژێرپێ خستنی یاسایە. 
زۆرینەی بەرپرسانی حکوومەت خۆیان گەورەتر لە یاسا دەبینن و بایەخێکی ئەوتۆی پێ نادەن.
سەروەری یاسا و ڕێز گرتن لە یاسا،لایەنێکی گرنگی بواری گەشەپێدان و پێشخستنی وڵاتە لە سێکتەرە جیاوازەکاندا.
نەبوونی یاسا لە وڵاتدا، بێ سەروبەرەیی و پەشێوی درووست دەکات، ڕێگری و بەربەستێکی گەورە لەبەردەم ڕەوتی گەشەپێدانی وڵاتیشدا درووست دەکات.
بۆئەوەی یاسا سەروەر بێت، پێویستیمان بە دەزگایەکی قەزایی سەربەخۆ ھەیە کە دوور بێ لە دەستوەردانی سیاسی بەرپرسانی حکوومەت، ئەو دەزگا قەزاییە خاوەنی دەسەڵات بێت بۆئەوەی ئەرکە یاساییەکانی خۆی بەجوانی پڕاکتیزە بکات.
کێشەی سەرەکی ئێستای ھەرێمی کوردستان ئەوەیە کە حیزب و حکوومەت، لەسەروی یاسا دان دادگاکان سەربەخۆ نین.
نەبوونی دادگای سەربەخۆش، واتای ئەوەیە کە یاسا وەک ئەوەی پێویستە بەچەسپێت، ناچەسپێت.

چوارەم: شەفافییەت.

شەفافییەت لە بەڕێوەبردنی ئیدارە و سیاسەتدا، بنەمایەکی گرنگی ھەر حکوومەت و وڵاتێکە. 
بەشێکی گرنگی چەمکی"حوکمڕانێتی باش" لەسەر پڕۆسەی شەفافییەت لە وڵاتدا وەستاوە. بوونی شەفافییەت، بەرچاو ڕوونی زیاتر لەلای ھاووڵاتیان لەسەر کارە سیاسی و ئابووری و ئیدارییەکانی وڵات درووست دەکات و ڕێگری و بەربەستێکی گەورەش لەبەردەم بەڵای گەندەڵیدا درووست دەکات.
بەپێچەوانەشەوە، نەبوونی شەفافییەت، دەروازەکانی گەندەڵی بۆناو کایەکانی ئابووری، سیاسی، ئیداری وڵات واڵاتر دەکات و سیستمی حوکمڕانێتی ئەو وڵاتەش لەبەریەک ھەڵدەوەشێنێت.
شەفافییەت زۆر بواری ھەیە، لەوانە: حکوومەت کار ئاسانی بکات بۆ ئەوەی خەڵک بەئاسانی دەستیان بە زانیارییەکان بگات، خەڵک بزانن کە حکوومەت پلان و بەرنامەی ئابوری چییە بۆ گەشەپێدانی وڵات.
چەندە دەسەڵاتی سیاسی شەفاف و ئاشکرابێ لە کار و کردەوەکانی خۆیدا، ھێندەش بازنەی بەشداریکردنی خەڵکیش لەناو کایە جۆربەجۆرەکانی کۆمەڵگا زیاتر دەبێت، لەم ڕێگایەشەوە متمانەی نێوان دوانەی(دەسەڵات - خەڵک) زیاتر دەبێت.

ئەو چوارخاڵانەی باسمان کردن، پەیوەندییەکی لێک دانەبڕاویان بەیەکەوە ھەیە، وەکوو کەلووی زنجیر وان، بەشێوەیەک ئەگەر کەموکوڕی لەھەربوارێک لەو بوارانەدا ھەبێت، ئەوا کەموکوڕی لەتێکڕای ئەو چوارخاڵەدا درووست دەبێت.
کەواتە، بۆئەوەی چەمکی "حوکمڕانێتی باش" بچەسپێت، پێویستە ئەو چوار ڕەگەزەی سەرەوە بەشێوەیەکی باش بوونیان ھەبێت، ئەگەریش ئەم چوار ڕەگەزە سەرەکییە بوونیان نەبوو، بێگوومان دەسەڵاتی سیاسی دەبێتە دەسەڵاتێکی زاڵم و ستەمکار و چەوسێنەری خەڵک، وڵاتیش پڕ دەبێ لەدزی و تاڵانی و بەھەدەردانی سامانی سەرزەوی و ژێرزەوی خاک و وڵات.

 
 
 
  • 1