ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

یەکێك لەو گرفتانەی بیروهۆش و زاکیرەی سیاسی قوڵتر دەکەن ئەوەیە؛ کە ڕێکۆردێکی ئاسانی هەڵوێستی نوخبەی ڕۆشنبیر لەبەردەستی ڕای گشتی نیە کە هەڵبەزو دابەزینەکانی هەڵوێست نیشان بدات، ئەگەریش هەبێت کەسانی ڕەخنەگر لە مێژووی ئەم هەڵوێستانە دەریخەن ئەو نوخبە یان "ڕۆشنبیر" کورد وەستایە لە پینەکردن و بیانووسازی. ئێوارەی ٢٩ لەسەر ٣٠ و بەیانیەکەی کە دەیکردە ڕۆژی دەنگدان چەندین هەڵوێستی ناکۆك نیشان درا لە لایەن چەندین کەسایەتی "ڕۆشنبیر" و چالاکوانی ناڕازی کە هەندێکیشیان بەوە ناسراوبوون کە ڕەخنەگری زۆر توندن لە وەهمەکانی هەڵبژاردن، کەچی لە نێوان ١٢ سەعاتێکدا هەموو شتێك بەتاڵ بوو کاکی "نوخبە" دیسان جیاواز لە ڕەخنەکانی خۆی جاڕی ئەوەی دا کە دەنگ بدرێ باشترەو چەندین بیانوویتر!

کێشە ئەوە نییە کە ڕێ لە هیچ کەسێك بگیرێ لەوەی ئیختیاری سیاسی چۆنە؛ چوونە پڕۆسەی دەنگدان بێت یان پێچەوانەکەی، قسە لەسەر هەڵوێست ڕوونی و ئیلتیزامە بەو پرەنسیبانە کە هەر تاکێك دەیکاتە شوناسی بیرکردنەوەی سیاسی و هەڵوێستەکانی. کاتێك نوخبە بە درێژایی ماوەی هەڵبژاردن قسەناکات، یان بە درێژایی هەڵمەتی هەڵبژاردن ڕەخنە لە بێ بەرنامەیی حیزبەکان دەگرێ، کاتێك سەرگۆنەی حیزبەکەی یان ئەو بزوتنەوە فیکریەی خۆی دەکات کە لەبەرخاتری پارتی و یەکێتی چوونەتە نێو دەنگدانەوە؛ کەچی لە ئێوارەی دەنگدان بیانوویەکی فەرمی بڵاو دەکاتەوە، یان بەیانیەکەی دەچێ پەنجەیەکی مۆر دەکات و ئەستۆپاکی دەکڕێتەوە ئەوە بێجگە هەڵپەرستی سیاسی و هەڵوێست فرۆشی چیتر نییە.

ئەو هاوڵاتیە توڕانەی کە لە ماوەی هەڵمەتەکانی هەڵبژاردن دەهاتنە سەر تیڤی و جوێنیان دەداو دەیانووت "قەت دەنگیان نادەینێ" لەگەڵ ئەو هاوڵاتیانەی کە ڕاستەوخۆ و بێ پێچ و پەنا دەیووت " دەنگم بۆ فڵان حیزبە" زۆر ڕاستگۆن لە گەڵ خۆیان و مرۆڤی یەك هەڵوێستن و چەشنی نوخبە هیچ پێویستیان بە بزنسی "هەڵوێست" فرۆشی نیە، چونکە ئەم بزنسە لە ڕووی بەراوردکاریەوە زۆر لە کاسبی تەڕەو میوە فرۆشتن دەچێ لە کاتی ئێواراندا! عارەبانەچیەکانی شێخەاللە لە هەولێرو بەردەم مزگەوتی گەورە لە سلێمانی کە ئێوارە هات بۆ ئەوەی میوەو سەوزەکانیان نەمێنێتەوە نرخ دەهێنەخوارەوەو لە زۆربەی جارەکاندا سەرکەوتوو دەبن و سەرعارەبانەکانیان خاڵیی دەکەنەوە، کە دێینەوە سەر عارەبانەکانی هەڵوێست ی نوخبە لە شەقامی سیاسەتدا دەبینین لە ئێوارەی ڕووداوە گەرمەکاندا هەرزان فرۆشی دەست پێدەکات و بەیانیەکەی بە تەواوەتی میوەیەکی جیاواز لەوەی دوێنێ لەسەر عارەبانەکەی دادەنێت.

کاتێك ئێدوارد سەعید کتێبی "خیانەتی ڕۆشنبیران" ی بڵاوکردەوە لە هیچ شتێکی کتێبەکە دڵنیا نەبوایە لەوە دڵنیابوو کە ئەم کتێبە تەنیایی و "پەراوێز" خستنی سیستیماتیکانە قوڵتر دەکا، هیچ ڕەقیبێکی ئیدوارد سەعید تایتڵی دوژمنی ئەکادیمیان بەسەر جێ بەجێ نابێت بەقەد ئەوەی دوژمنی سیاسی ئیلتیزام و فیکری بە پرەنسیب و هەڵوێستی بە کرداری ئەوبوون. کاتێك ڕەخنەی لە ناتۆ گرت لە سەر شەڕەکانی عێراق و ئەفگانستان دەست تێوەردان و ئاگرخۆشکردنی کۆمەلکوژی لە شەڕەکانی هەڵوەشاندنەوەی یوگسلافیا و داوای دەکرد کلینتۆن وەکو تاوانباری جەنگ مامەڵەی لە گەڵ بکرێ، کاتێك لە تەمەنی پیریدا وەکو هەر هەرزەکارێکی فەلەستینی لەسەر سنوور بەردی دەگرتە ئەوبەر، باجەکەی بریتی بوو لە گەمارۆی زیاتر بە دەوری کتێبەکان و چالاکیەکان و موحازەرەکانی! ئێدوارد سەعید بە زیندوویی مایەوەو دەمێنێ، چونکە وەکو نوخبە ڕازی نەبوو بە ڕۆڵی "مەڕ" چ بۆخۆی و چ بۆ خوێنەرانی.

 

 

  • 1