ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

یەكێك لەدیاردە سەیرەكانی سیاسەت ئەوەیە كە هەركاتێك هێزە نێودەوڵەتییەكان ئارەزوویان لێبوو، بەپێی بەرژەوەندی خۆیان پڕۆژە دادەنێنن و فەزاكە تاقیدەكەنەوە و دواتر ئایدیاكان پێچەوانە دەكەنەوە، ئەوەی كە ناوی لێنرا بەهاری عەرەبی و تەنها تونس و میسر و لیبیای گرتەوە و سیناریۆكانیش بەكۆتاكردنی دیكتاتۆر و سەركەوتنی مۆدێلێكی نوێی ئیسلامی سەرخست و لە وریا سیناریۆكە درێژەی خایاند و داعشی بەرهەمهێنا، سەرەنجام شكستی هێنا و هێزە چەپەكان بوونە ئەلتەرناتیڤی سیستمی سیاسی، چونكە دەركەوت نەجەماوەری ناوچەكە دەتوانێ‌ بەرگەی ئەو تاقیكردنەوەیە بگرێ‌، نەئەو هێزە دۆگمایانە دەتوانن باڵانسی سیاسی رابگرن و رێز لەمافی مرۆڤ بگرن، نە بەبەرژەوەندی وڵاتانی زلهێزیش دەكەوێتەوە.

ئەگەرچی تائێستاش ئەو ئاڵوگۆڕانەی كە بەسەر وڵاتانی عەرەبیدا هاتوون بە بەهاری عەرەبی ناوزەد كران و بۆخۆی بەهارێكی كورتی ئیسلامی توندڕەو بوو، بەڵام دەركەوت تێگەیشتنێكی نالۆژیكی و وەهمێك بوو سیاسەتی نێودەوڵەتی خوڵقاندی، من بەشبەحاڵی خۆم هەر زوو ئەو هاوكێشە سیاسیەی كە لەپەراوێزی پڕۆژەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست كاری لەسەر دەكرا، بەجۆرێك تاقیكردنەوەی سیاسیم دەزانی، بۆیە پێموابوو كە ئەم تاقیكردنەوەیە دوای ئەوەدێت كە لەسەدەكانی سیانزە تاكو سەدەی هەژدە مەسیحیەتی توندڕەوو و دواتریش ئیدیۆلۆژیای سۆسیالیستی بوو، ئەوەبوو زیاتر لەحەفتاودوو ساڵ تەمەنی بوو و دواتر شكستی هێنا، بیانووشم بۆ ئەمە ئەوەبوو كە بۆیە دیكتاتۆرێك دەڕوخێنرێت و جۆرێكی دیكەی دیكتاتۆر جێكەوتە دەكرێت، ئەوەیە كە ئەمجارەیان مۆدێلێكی نوێ‌ لەئیسلامی تاقیدەكرێتەوە و تەمەنیشی كورت دەبێت، دواجاریش هەروا دەركەوت، لەمیسر هەرزوو ئیخوان پاشەكشەی كرد و چەپەكان دەنگی ناڕەزاییان هەڵبڕی بەرامبەر بەو جەماوەرە درووستكراوەی كە بۆ ئیخوان موسلمین كرا بەهێزێكی كاتی، لەكەمبۆدیاش شیوعیەكان لەهەڵبژاردن سەركەوتن و خەریك بوو لەسوریا هێزە پێشكەوتووخوازەكان جڵەوی بزووتنەوەكە بگرنە دەست و لەتونسیش بەهەمان شێوە ئیسلامیەكان ناچار بوون پاشەكشە بكەن لەو یاسا و عورفانەی كە لەسەرەتای هاتنیان بەیانیان كردبوو، كەواتە دوور نییە لێرە بەدواوە هێزە نێودەوڵەتیەكان، چەپەكان نەكەن بەئەلتەرناتیڤی هەم دیكتاتۆریەتی پێشوو و دیكتاتۆریەتەكەی ئێستا، چونكە هیچ نەبێ‌ چەپەكان ئەو مەترسییە نین كە جەهەنم درووستبكەن بۆ كۆمەڵگە.

پێچەوانەبوونەوەی هاوكێشە سیاسی و ئایدیاكان لەرۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەگەر بەشێكی بۆ ئەوە بگەڕێتەوە كە دەركەوت ئیسلامی ئسوڵی ناتوانێ‌ درێژە بەو بەرژەوەندییە بدات كە هەر یەك لەئامریكا و بەریتانیا و فەرانسە هەیانە لەناوچەكە، لەگەڵ ئەوەشدا بەشێكی واقیعی سیاسی تێدایە كە بزووتنەوەی چەپ و شیوعیەكان، هەم دەتوانن رێز لەپلۆرالیزمی نەتەوەیی و فكری بگرن كەساڵانێكە مافی نەتەوە و كەمینە مەزهەبیەكان پێشێلدەكرێت، هەم دەتوانن نموونەیەكی نوێی بەناو دیموكراسی بن لەناوچەكە كە خەونی گەلانی ژێردەستەیە، ئەگەرنا لۆژیكی نییە پڕۆژەیەكی سیاسی گەورە هەبێت بۆ گۆڕینی جوگرافیای سیاسی و ئابوری لەناوچەكە، كەچی خاوەنی پڕۆژەكە هێزێكی سیاسی مەترسیدار بهێنێت و بیكات بەمەترسی بۆ دواڕۆژی خۆی، دواتریش هەرزوو بەسیناریۆیەك زۆرینەی دەنگ بەدەست بهێنێت، بەڵام لەكورترین ماوەدا شكست بخوات، بۆیە دەركەوت ئەوە واقیعی سیاسی نییە كە دیكتاتۆر ببێتە ئەلتەرناتیڤی دیكتاتۆر، بەڵام وەختێك هاوكێشەكە دەبێتە واقیع كە ئایدیاكان پێچەوانە دەبنەوە.

  • 1