ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

 لە نێو فەیسبوکدا یاریەك هەیە کە خەڵکێکی زۆر بە سەعات بە دیاریەوە دادەنیشن و موتابەعەی دەکەن، کە دەبیتە یاریکەر ، ڕۆڵی جوتیارێك دەبینیی کە لە سفرەوە دەست پێدەکات. سەرەتا پارچە زەویەك، دواتر چاندن، پەیداکردنی ئاژەڵ وپەلەوەر، فرۆشتنی میوەو سەوزەو بەروبومی باخچە، ڕاگرتنی ئەسپ ..هتد. واتا لەو یاریە وردەکاری ژیانی جوتیارێکی ئاسایی هەمووی تیایە، یاریەکەش ئەو چانسەشت پێدەدا کە خەڵکیتر ببینی بزانی ئەوان لە بنیات نانی کێڵگەکەیان بە کوێ گەیشتن دەتوانن شت لە یەکتریش وەرگرن و بفرۆشنەوە .

 لەم یاریەش هەموو شتێك بە خۆڕایی دەست ناکەوێ بەڵکو هەندێ جار ناچار دەبی بە کڕین و پارە سەرف کردن، خەڵکانێك بۆ ئەوەی بتوانن لە بنیات نانی کێڵگەکەیان بەردەوام بن و شتی بۆ زیادکەن و پێش برادەرەکانی خۆیان بکەون ئێستا لە ڕێ ی بانکەکانەوە خەریکی دابین کردنی ڤیزاکارتن بۆ ئەوەی بتوانن شتەکان لە فەیسبوک بکڕن. دۆستانێکی نزیکی خۆم کە دەچمە لایان دوا پێشکەوتنی کێلگەکانی خۆیان باس دەکەن و کە گوێیان لێ دەگری تۆش حەزدەکەی وەکو ئەوان ببیتە باخەوان وجوتیار لە فەیسبوك. ئەم یاریە بە زۆربەی زمانە سەرەکیەکانی دونیا دەست دەکەوێ و خەڵکی هەرێم و عێراقیش بە زمانی عەرەبی تیا بەشداران، لەسەرتاپای دونیا بە ملیۆنان خەڵك بەشدارە لەم یاریە .

بۆچوونێك پێیوایە کە ئەم یاریە بە سودە و سەرقاڵت دەکا، خۆت و کۆمبیوتەرەکەت بێ ئەوەی زیان بە کەس بگەیەنن خەریکی کێلگەکەی خۆتی. هەندێک بیروڕا(سەرەڕای پارە سەرف کردن) لەو بڕوایەدان کە ئەمە زۆر باشترە لە هاتوچۆی گازینۆ یان لە قومارکردن..هتد .

 ڕەنگە ئەمانە ڕاست بن بۆ ئەو حاڵەتانەی کە مرۆڤەکان لە بەینی دوڕیانەکاندا پێویستیان بەوە بێت لە جیاتی شتە خراپەکان خو بدەنە شتێکی تر کە داڵدەی بێ ئۆقرەبوون بدات . بەڵام، ئەمە تەنیا لایەکی بابەتەکەیە. لایەکانیتری ئەو بابەتە پەیوەندیەکی قوڵی بە سەرمایەگوزاری و پارە پەیداکردن هەیە کە فەیس بووك و هاوچەشنەکانی لە ڕێگەی ئینتەرنێتدا پەیدای دەکەن، ئەمەش لە سروشتی کاپیتالیزمدا ئاساییە چونکە ئامانجی سیستەمەکە تەنیا پارەیە. بەڵام، کێشە بنەڕەتیەکە کە ئامانجی ئەم نووسینەیە لە شوێنێکی حەساسترەوە ئیش لەسەر مرۆڤەکان دەکا و مرۆڤەکان دەرك بەوە ناکەن کەئەوان گیرۆدەی بەڵایەکیترن لەو داگیرکردنانەی کە تەکنەلۆژیا ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لە ژیانیان دەکا، یان لە هەمووشی ترسناکتر چی لە خەونەکانیان دەکا !

    بۆ ئاسان کردنی تێگەشتن لە ڕۆڵی مەترسیداری تەکنەلۆژیا لە خەون و لە حەزەکانی مرۆڤ، نموونەی ژیانی خۆمان دەهێنینەوە. باخچەی دەوڵەمەندەکان لە دەرەوەی شارەکان، لە دەشتەکان، لەسەر شاخ و داخ و لە هەموو شوێنێك بە تەلبەندە دورودرێژەکانیان سیگناڵە نەک تەنیا بۆ موڵکداری کەسێك بەڵکو بۆ بێ موڵکی کەسێکیتریش . ئەم خۆ جیاکردنەوەیە ڕەنگە لە توێ ی پێویستیەکی ئیداری خۆ بنوێنێ، بەڵام لە ڕاستیدا چێژێکی گەورەی سەرکەوتن بەیان دەکا لەوەی " من زوتر لە ئێوە گەیشتم " 

باقی ئەو خەڵکەی کە موڵکی نیە، کە پارەی کێڵگەی نیە، بە تایبەتی لە گەڵ ڕۆژلە دوای ڕۆژی سترێسی بە شار بوونی ژیان و خۆزگەی هەڵمژینی هەوایەکی پاك و ژیانێک کە خۆت سەروەری خۆتی قوڵتر دەبێت. پارە لە بن دەستی هەموان نیەو خاکیش بەشی ئەوە ناکا هەر هاوڵاتیەک کێڵگەیەکی هەبێ، لە نێوان ئەم هەموو حەزە پەنگ خواردوەدا میتۆدی سەرمایەو دیجیتاڵ دێتە پێشەوە، دێ لە نێو شاشەی کۆمپیوتەرەکەت ئەم خەون وئارەزوەت وەکو کۆپیەك لە واقیع بۆ فەراهەم دەکا، ئەم ڕۆڵەی دیجیتاڵ کردنی خەون ڕوویەکی سەرمایەگوزاریە، ڕووەکەیتری دزینی خەون و پرسیارە بنەڕەتیەکانی نایەکسانیە .

 

  • 1