ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

یاسین برایم _ ڕواندز

بەشی یەكەم 

لە خوێندنەوەی هەر ژانرێكی ئەدەبی ، پێویستی بە سەلیقەو تێڕامان و قووڵبوونەوە و دۆزینەوەی وێنە و كۆد ومانا و واتای نێو دێرەكانە ولە هەمانكاتدا ، كردنەوەی دەرگایەكی ترە بە ئاشنابوون بە جوانی و دونیای نێو دەقەكان. بۆئەمەش خوێنەر ، دەبێت خاوەن دیدەیەكی ڕەخنەیی و ئەزموونی بێت و بەردەوام لە جیهانی ئەدەبدا نزیك بێت وخەریكی خوێندنەوە و خۆڕۆشنبییركردن و توانەوە و ڕووچوون بێت بە نێو دونیا گەورەكەی ئەدەب . جا قسەكردن لە سەر هەر ژانرێكی ئەم ئەدەبە ، دەیان تیۆر و ڕێبازو قوتابخانە و دید و بۆچوونی (كۆن و تازە) ، دەبنە كلیك و دەروازە بۆ كردنەوەی دەقەكان . هەموو ئەمانە بەرهەمی مرۆڤن و بۆئەمەش دەكرێت ، لەگۆشەنیگایێكەوە و بە تێڕوانین و تێگەیشتنی خۆمان ، شتێك لەو جیهانە هەڵێنجین و ڕاو بۆچوونی خۆمان بخەینە ڕوو ، ئێمەش بۆ بابەتێكی ئەوها ، ئاوڕێك لە رووداو و نمونەی نێو ڕۆمانی (پاكیزەی شنگال)(1) دەدەینەوە . ئازارو خەمەكانی كچ و ژنانی ئێزدیی نێو ڕۆمانەكە ، بەدیدەیەكی مرۆڤدۆستانە وخەمخۆرانە ، ئاشنایان ببین و هەڵگری خەم و ئازارەكانی ئەوان بین ، بۆئەوەی ئەم تاوانە قیزوەنە، لە بیر تاكەكانی كۆمەڵگە بە زیندووی بمینێتەوە و لە بەرچاوان بێت.

ڕۆمانێك ، تژی لە كارەسات و هاوار و خەم و فڕمێسكڕشتن. خوێناوی لە خوێنی بێتاوانان و ڕەش لەلایەن هێزی تاریكپەرست و شمشێر بەدەست. شەڕی ناشیرینكردنی هەموو جوانییەكان و لەكەداركردن وسوكایەتیكردن بە بەهایەكانی مرۆڤ. وێرانكردن وسڕینەوەی سومبلە ئایینییەكان و مزگەوت و پەرستگەو كەنیسەكان وگۆڕی پیاو چاكان و تەنانەت تەقاندنەوەی گۆڕی پێغەمبەران و ماڵی خواش! لە لایەن ئەوانەی خۆیان بە نوێنەری خودا دەزانن. جا هێزێك ئەمە كار و كردەوەی بێت ، دڕندەیی و بێبەزەیی ئەوانە دەردەخات ، كە چ هێزێكی ترسناك و پیس و قین لە دڵن. دەبینین سەرجەم مافەكانی مرۆڤ ، پێچەوانە جێبەجێدەكرێت. مافی منداڵ و ژن و بەساڵاچوان و ئاژەڵان و دارو درەختیش لە ژێرخانەی سفر خۆی دەدۆزێتەوە. لە جێبەجێكردنی فەرمانێكی خودا (بەقسەی ئەوان) ، سەدان فەرمانی خودا پێشێل دەكرێت. ڕۆمانێك ، پڕە لە وشەی غەمناك ودێری خوێناوی و وێنە و چیڕۆكی ناخهەژێن. گێڕانەوەی مێژووێكی ناشیرینی ئەم سەدەیە ، كە تێدا نەتەوەی ژێردەست وئایین و مەزهەبەكان و دووچاری چەوسانەوەو ڕەگەزپەرستی وسڕینەوە ولە ناوبردن دەبنەوە. تاوانگەڵێك لە پێش چاوی هەموو وڵاتان و گەلانی دونیا ئەنجامدەدرێت. تا نهۆش بە چەندین شێواز و رێگا و ئایدیا و دەستە و هێزی دەمارگیرو نەتەوەپەرست و تەوژمی سیاسیی وئایینی توندڕەو و بەرگی جۆراوجۆر، درێژە بەم مێژووە ڕەش و قیزەونە دەدەن. كارەساتی شنگال و ئێزدییەكان لەم ڕۆمانە رەنگیداوەتەوە . چەندین لایەن و ڕەهەندی ئاڵۆزو جیاواز لە خۆ دەگرێت. لە هەر گۆشەنیگایێكەوە، بڕوانینە بنیات و داڕشتن وكاكڵ و كرۆكی بابەتەكانی ڕۆمانەكە. قسەو باس و وردبینی قووڵ وشڕۆڤەكردنێكی تێروتەسەڵی دەوێت.. ڕۆمانێكە ، مێژوو ، سیاسەت ، ئایین ، كۆمەڵایەتی ، دەرووناسی و ئایدیا و فكری توندرەو و نادادی وچەوسانەوەی مرۆڤ و ژێردەستی و زوڵم و ستەمی ناڕەواو دەیان رووداو و دیاردەی ناشیرین وتاوانی بەكۆمەڵ و سەیر ، لە نێو ڕۆمانەكە خۆیان نمایش دەكەن. هەر ئەم تاوانانە بووە وای لە (سەلیم بەرەكات)(*)ی ڕۆماننوسی گەورە كردوە ، ئازارو چەوساندنەوەی ئێزدییەكان بكاتە هەوێنی ڕۆمان و پێشانی جیهان بدات.

لە ڕۆمانی (پاكیزەی شنگال) ، ئاه وخەم و كۆژانی سەدان منداڵ و كچ و ژنی تێدایە. پاكی و فریشتەیی ئەوانەیە كە هێزێكی پیس و دڕندە و لە بەهاو ڕەوشتی مرۆڤ بوون، دایان دەماڵن و دەیانكەن بە كویلە. دەنگی خۆڕاگری و بوێری و چاونەترسی ئەو كچ و ژنانەیە كە بە (نا)یەكانیان. ملكەچی حەزو داواكاری ئەو هێزە نابنەوەو (مەرگ) بە شانازییەوە هەڵدەبژێرن ، نەك دیلی و ژێردەستی. ئەم ڕۆمانە ، ژان و ئازاری ژنە دوو گیانەكانە. خەمی منداڵی بێ لانەو بێ سەرپەرشتیارە. دەنگ و هەناسەی دایكە جەرگ سووتاوەكانە. فرمێسك و گریانی ژنە مێردكوژ وكچە بە زۆر فرۆشراوەكانە. ڕۆمانێك پڕە لە تاوان وچەوسانەوە وخوێن و فرمێسكی مرۆڤە بێتاوانەكانی دەڤەری شنگالە.

بڕیاردەركردن

هێزێك ، پیشەی خوێنڕشتن و سووتان و گرتن و كوشتن بێت. بۆ ئەمەش هەمیشە بڕیار بەدەستن و هەرچی بیانەوێت دەیكەن و شەرعییەت بەكارەكانیان دەدەن ، تا هێزو ترس لە نێو خەڵك بڵاوبكاتەوە. بڕیارو یاسا و فەرمانە بە پەلە وتوندەكانیان ، ژیانی خەڵك دەكەنە دۆزەخ. كاتێك دەڤەرێكی زۆر دەكەوێتە ژێردەستیان و هەموو مرۆڤەكان بەبێ جیاوازی دەگرن وئازاریان دەدەن. ئەمیرو گەورەكانیان ئەوها فەرمان بە چەكدارەكانیان دەكەن. كە بەچ شێوەیەك مامەڵە لەگەڵ ئەو مرۆڤانە بكەن ، كە لە ژیرَدەستی ئەوان دان. چۆن فەرمانی كوشتن وگرتن و فرۆشتنیان دەدەن .

" هەر كافرێك لەمانە ، بووە مایەی زەڵەزەڵ و دەنگەدەنگ بیكوژن، ئەو منداڵەی دەگری و كپ نابێتەوە پەلی بگرن وبەدیوارەكەیدا بدەن... كچە وشەڕكەرەكان لە ولایەتی موسڵ بنێرن.... ئەو منداڵانەی نێرینەن بیانخەسێنن، تاكو لەسەر بێ جاهێڵەكان لە بەتەمەنەكانیان جیابكەنەوە و بۆ ماڵەكانی خەلیفە و موجاهید ئەمری خودا گەورە نەبن، ئەوانە كۆیلەی ئێوەن، بە پێی شەریعەتی ئیسلامی دەسكەوتەكانیان ژنە لە نێو خۆتاندا دابەش بكەن، ئەوانەی دەمێننەوە بۆ فرۆشتن بۆ بازاڕیان بنێرن....ل262"

بە پێی ئەو لێكۆڵەر وشارەزایانی لەسەر (داعش) ئەنجامیان داوە ، ئەو زانییاریانەیان پشت ڕاستكردۆتەوە، یەكێك لە ئامانجەكانی داعش ، لە ناوبردن و سڕینەوەی یەكجارەكی ئێزدییەكان و ئایینەكەیان بووە ، بۆئەمەش ئەوەی لە دەستان هات كردیان. بەڵام خەونەكانیان نەچووە سەر.

خەساندن

كرداری خەساندن بۆ ئاژەڵە نێرینەكانی وەكو (جوانەگا وگا و كەرو ئەسپ) بەكاردێت بە مەبەستی بەهێزبوونی جەستەو سوود وەرگرتن لە كاروباری جووتكردن و بارهەڵگرتن . ئەگەر ئەمە بۆ ئاژەڵ ئازاربەخش بێت. ئەی بۆمرۆڤ چ تاوانێكی گەورەیە ، نێرینەكان بخەسێندرێن و لە پیاوەتیی و شەهوەت و وەچەیان بكەن.دەسەڵاتدارو شارستانیەت و نەتەوە زلهێزەكان . مێژووێكی ڕەشیان لەم كارە تۆمار كردووە. پاشا و میرو سوڵتان و خەلیفە و والی و بازرگان و پارەبەدەست و شمشێربەدەستەكان . لە كۆشك و تەلار و حەرمسەراكانی(2) خۆیان، سوپایەكی زۆریان لەم خەساوانە هەبووە، بۆمەبەستی تایبەتی خۆیان. ئەگەر بۆ سەردەمی كۆیلایەتی ئەمە ڕەوا بێت ، هەرچەندە ڕەواش نییە. كەچی لە سەردەمی ئێستادا ، ئەمە تاوانێكە لێخۆشبووونیان بۆ نییە ، بە بێ هیچ هۆكارێك كۆمەڵێك منداڵ ، بخەسەندرێن. لەم ڕۆمانە ، دیمەنی بەكۆمەڵخەساندنی تێدایە ، بۆ ئەوەی تا مردن ، دیل و رەزیلی دەستی ئەوان بن!

" ....ئەو منداڵانەی نێرینەن بیانخەسێنن، تاكو لەسەر بێ ئەمری خوداگەورە نەبن، ئەوانە كۆیلەی ئێوەن...ل262"

خەتەنەكردن

كارێكی سووك و قیزەون ، كە مرۆڤ لە باسكردنا شەرم دەكات، كەچی ئەوان پاكییەتی ئافرەت لەو سونەتكردنە دەبینەوە. دەستدرێژی بكەنە سەركچان و ژنان و خەتەنەكردنیان بە كارێكی پیرۆز بزانن ، وەك جیهاد سەیربكەن. ئەوانەی لە سەربڕین رزگاریان بووە و نۆرەی بنبڕینیان دێتە سەر!. ئایا ئەمە كاری پیاو وكەسانی ئایینییە ، دەست و پەنجەی لێ هەڵدەكەن و روو دەكەنە نێو گەڵیان. دەبێ ئەو چەقۆ بە دەستانە، پرسیاریان لە خۆیان كردووە، ئاخۆ دایك و خۆشك و كچی خۆیان خەتەنەكراوە وخۆیان خەتەنەی دەكەن؟ یا جورئەت و ئازایەتیان تێدایە ، دەرپێ لە خوشك و دایكی خۆیان بێنە خوارو خەتەنەیان بكەن؟! ئەی خەتەنەكردن و كوشتنی شەهوەت و حەزی ئەم هەموو كچ و ژنانە لە پێناوچی!! خۆ ئەوان بەخێوكەرو ڕێپێدراوی ئەوان نین ، تا ئەم كارە بكەن. لێرەشدا باس و گێڕانەوەی ئەوانە دەخەینە روو ، كە هەموو مرۆڤایەتی شەرمەزار دەكات.

" لە خەتەنەكردنی دوو مانگ لەمەوبەری ، هەربەتەنیا ئەو خەتەنە نەكرا، گەلێ ژنی لادێی دیلی دیكەشیان لە گەڵ ئەو دا خەتەنەكرد.... ل258"

" تۆ ئێزدییەكی قەحبەی كافری... بڕیار دراوە خەتەنەت بكەین، ئەو پنتكە زیادەیەت ببڕن. سوپاسی خودا بكە كە ناتسووتێنین و هەڵتناواسین. ل266"

" بەسەزمانە ... باسی بۆكردم چۆن بە زۆر لاقە كراوە لە لایەن ئەمیرێكی شیشانییەوە... دواجار هەلاتبوو، بەڵام گرتیان و بردیانەوە.... بەزۆر و بەشێوەیەكی سەرەتایی و دڕندانە خەتەنەیان كردبوو.... ل196"

لاقەكردن و سوكایەتیی پێكردن پیشەی هەمیشەیان ، بڕوانە ئەو كیژو ژنانە ، لاقەدەكەیت وخەتەنەی دەكەیت و وەك قەحپە سەیری دەكەیت دواتر وشەی كافربوونی دەدەیە پاڵ . ئەوجا سوپاسی ئەوان بكەیت كە (نەیانسووتاندووە و هەڵیاننەواسیووە). ئایا ئەم سوكایەتییە ، گەورەترین كوشتن نییە ، ڕۆح و كەسایەتی بۆ هەتا هەتایە پارچە پارچە دەكەیت! بە ڕۆژ سوكایەتیی و بەشەویش ، خۆیان بە قوربانی ناو گەڵیان دەكەن . بە كافرو قەحپە ناویان دەبەن ! لەلایەكی تریش پێشبركێ دەكەن لە سەر كچ و ژنەكان لە خۆیان مارەدەكەن و كە تێردەبن و دەیفرۆشنەوە بە هاوڕێیەكی خۆیان و هەوڵ بۆ بەدەستهێنانی یەكێكی تردەدەن.. لەوانەیە جوانترین پێناسە بۆ ڕەوشت و كاروكردەوەی ئەو دەستەیە ، هەر ئەوە بێت ئافرەتێك بەم شێوەیە باسی دەكات.

" لەم دونیایەدا لە كوشتن و گان وگوللە و پارە وسامان بەولاوە، هیچی دیكە نازانێت.... ل186"

سووكایەتیی و مردنی هەمیشەیی

كچ و ژنانی ئیزدیی بەوە ناسراون ، خاوەن ڕەوشتی بەڕز و داوێنپاكی و بوێری و ڕاستگۆن. پابەندی ئایینی خۆیانن و لە یاساو ڕێسایەكانی خۆیان لانادەن و پێگەو بەهاو كەسایەتیی خۆیان هەیە. ئەمانە بە ئاسانی ئایینی خۆیان ناگۆڕن ، تووشی كوشتن و هەڵواسین دەبن ، یان بە زۆری ئایینەكەیان پێدەگۆڕن و سووكایەتییان پێدەكەن. لەوانەیە دیمەنی ئەو هەرزەكارو كیژۆڵە ئیزدییانە ، ئەوەندە ئازارهێن و خەمهێنەر بێت ، هەر لە ڕۆژیی دوایی بچێت ، كاتێ نایانەوێت ئایینەكەیان بگۆڕن ، لەبەرچاوی خەڵك (نێوبازاڕ) ، بە ڕووتی داركاری دەكرێن وپرچیان دەتراشن و هەتكیان دەكەن. بەڵام ئەوان سوورن لە سەر ئایینە پیرۆزەكەی خۆیان و بەرگەی هەموو سووكایەتیكیش دەگرن.. ئەم رووداوە ، هەر لە رووداوەكانی كۆمەڵكوژی جووەكان دەچێت كە زمان ناتوانێت بگێرێتەوە و چاو توانای بینیین نییە ، چونكە ئەوەندە قیزەوەنە.

"ئۆتۆمبێلەكە لە لە ناوەڕاستی بازاڕەكە ڕاوەستا و چوار چەكداری لێ دابەزین، لە پشتی پیكابەكە شەش كیژۆڵەی ڕووتو قووت ، تەمەنیان نزیكی یەكە ، هەردەڵێی جمكن و لە یەك ڕەحمەوە دەرچوون. لە شەرم و ئابڕووی خۆیاندا هەر ئەوە نییە بتوێنەوە.... هەموو بە یەك زنجیر بەستراونەتەوە.... ل35"

" روخسار ئاوەڵیینەكە چووە ناو پیكابەكەوە ، یەكە یەكە دەستی لە سمتیان دەدا، وەك گرانی هەڵسەنگێنێ، بە شێوەیەكی شەرمەزارانە و بێئابڕوانە ئەوەی دەكرد، بزەی سەركەوتنی دەخستە سەر لێوی، بەوەشەوە نەوەستا نووكی دارەكەی بە كۆمی یەكێ لە كچەكاندا كرد..... ل41"

" كە قامچییەكەیان بەرزدەكردەوە ، شوێنەكەی گورجێ خوێنی لێ دەچۆرا، كە قامچییەكەیان دادەهێنایەوە، پریشی خوێنی جەستەیان بەملاوبەولادا دەپرژا، سێیەم كچی ڕیزی یەكەم سەری لاربووەوە و لە هاواركردن كەوت، پێستی بووبووە نەخشەیەك لە خوێن ولە ناو گەڵیشیەوە میز بە ڕان وقاچیا هاتە خوارەوە. ل42"

بوێری كیژ و ژنان هەمیشە سوورن لە سەر ئایینی خۆیان ، دەزانن لە لایەن ئایینێكی تر ئەم سوكایەتییەیان پێدەكرێت. ئەوان خۆڕاگرن ، لەبەردەم راسپاردەو بڕیارو یاساكانی ئەوان (نا) دەڵێن. بەڵام ئەوان بێتاوانن لە بەردەم هێزێكی وا ، كە دیلی دەستی ئەوان و ئەوانیش دڕێخی ناكەن لە لێدان و ئازار و كوشتن و ملكەچكردنیان بە زۆرەمڵی .. كەچی ئەوان مردنیان پێخۆشترە ، بە سەربەرزی و شكۆیی دەزانن ، نەك مل بۆداواكارییە سەپێندراوەكانی ئەوان دابدەن.. بۆ ئەمەش نمونەی ئازایەتی و هەڵوێستجوانی ئەوان دەبیندرێت. مەرگ هەڵدەبژێرن نەك ژینی ژێردەستی و چەوساندنەوە.

  • 1