ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

تیمەی بەشێکی زۆری ئەو ڕۆمانانەی نووسەرانی فارس نووسیویانە، بەلایەنی کەمەوە ئەوانەی من خوێندوومنەتەوە، تیمەیەکی سادە، بابەتێکی ساکاربوونە. ڕووداو لەو ڕۆمانانەدا، ڕەنگە ڕووداوێک بێ، ئاڵۆز نەبێت کەهەموومان پێی ئاشنا نەبین، بەڵام ئەم ڕووداوانە دەبنە جێگەی سەرنجی خوێنەر و هەڵوەستەکردنی. ئەمە وێڕای ئستاتیکای گێڕانەوە لەو دەقانەدا، کە هونەرکارییەکی هێندەجوانی تێدایە، کە سەرنجی خوێنەر ڕابکێشن. خوێنەرکە ڕۆمانی (لەمەککە)دا دەخوێنێتەوە، سەرسام دەبێت لەو هەموو هونەرکارییەی لەوەسفی شوێن و کەرستە و کارەکتەرەکان، بەزمانێکی سادە کراوە. وەک ئەوەی خوێنەرخۆی کارەکتەری ئەو ڕووداوانە بێت و لە پەیوەندی دابێت لەگەڵ شتەکان. من وام هەست دەکرد، ئەوە خۆمم سواری ئەو جێبە بوومە کە مەترێک لە ئۆتۆمبێلەکانی دیکە بەرزترە. شیعریەتی گێڕانەوە لەو ڕۆمانەدا لەئاستێکدایە، کە خوێنەر چێژ لە خوێندنەوەی هەموو ئەو دیمەنانە دەبینێت کە ڕۆماننووس باسیکردوون. ڕۆمانی لە مەککە، لەو جۆرە ڕۆمانانەیە کە سادەن، وەلێ لەکاتی خوێندنەوەیاندا خوێنەرچێژیان لێدەبینێت و وشە و دەربڕینەکانی دەبنە جێگەی هەڵوەستەکردنی. بێگومان نابێ ئەوەشمان بیربچێت، کە ئەمە پەیوەندی بەئاست و توانستی وەرگێڕەوە هەیە، بەتایبەتیش لەزمانی هۆڵەندی کە لە ڕەگەزی زمانە قوڕسەکانە. بەڵام وەرگێڕی ڕۆمانەکە، توانایەکی زمانەوانی دیاری لەمیانەی وەرگێڕانەکەدا، بەرجەستە کردووە. ڕۆمانی لەمەککە، باسی پەیوەندی نێوان دایک و کوڕێک دەکات، کە ڕەنگە هەرخودی ڕۆماننووس خۆی پاڵەوانی ڕۆمانەکە بێت. پاڵەوانی ڕۆمانەکە، لەئێران دەژیت و قوتابی زانکۆیە. لەسەروبەندی شۆڕشی گەلانی ئێراندا لەکۆتایی هەفتاکان، وەک ڕۆژنامەنووسێک چەند ڕاپۆڕتە هەواڵێک بەنهێنی ئامادە دەکات و پەیوەندی بە بزووتنەوەیەکی گەریلاییەوە دەکات. هاوکات کتێبێکیش لەبارەی کوردەکانەوە دەنووسێت. دەستنووسی کتێبەکەی لەماڵەوە، دەشارێتەوە لەدووتوێی کتێبەکانی، تا ڕۆژێکییان پیاوانی ڕژێم، بەمەبەستی پشکنینی ماڵەکەی، کە پێشتر هەستیان بەوە کردووە کە لەبارەی کوردەکانەوە کاری نهێنی دەکات، بەسەرماڵەکەی دادەدەن. ئەگەرچی خۆی هەرچۆنێک بێت هەڵدێت و ڕزگاری دەبێت، بەڵام پسمامێکی دەگیرێت، دواتر لەسێدارە دەدرێت و هاوکاتی مەحبووبەی خوشکیشی، ئیتلاعات زیندانی دەکات. بەشێکی زۆری تەمەنیشی لە زیندان دەباتە سەرو دواجاریش وەک غەریب و گۆشەگیرێک و تێکشکاوێک ئازاد دەکرێت. پاڵەوانی ڕۆمانەکە، ئیدی دەزانێت ژیان بۆ ئەو لە ئێران، بەمانای کوشتن و لەسێدارەدان. بۆیە وڵات جێدێڵێت و لە هۆڵەندا، بۆ ماوەی سی ساڵ ئاوارە دەبێت. لەو ماوەیەدا، چەند جارێک دایک و خوشک و باوکە خاوەن پێداویستییە تایبەتییەکەی (کەڕ و لاڵە) سەردانی دەکەن. دوای ساڵانێک جارێکی دیکە، دایکی دەیەوێت تاکو نەمردووە، بەدیداری شادبێتەوە. بەڵام بەداخەوە دایکی تووشی نەخۆشی (زەهایمەر_خەڵەفان)بووە. ئەمەش بۆ ئەو سەختە شەش کاتژمێر بەفڕۆکە گەشت بکات تا دەگاتە لای کوڕەکەی لە هۆڵەندا. بۆیە کوڕەکەی بڕیار دەدات لەوڵاتێکی نزیک ئێران، لەگەڵ دایکی یەکتری ببینن، بۆ ئەم مەبەستەش میرنشینی عەرەبی، واتە دوبەی دیاری دەکەن، کە تەنیا چل خولەکێک بەفڕۆکە لەئێرانەوە دوورە. ئەمیان لە ڕۆژهەڵاتی کەنداوی فارسییە، ئەویشیان لە ڕۆژهەڵاتی کەنداوی عەرەبییە. چونکە فارسەکان بەکەنداوی فارس و عەرەبەکانیش بە کەنداوی عەرەبی ناوی دەبەن. بۆیە هەردووکییان بۆ دوبەی زێدی شێخ زاید، گەشت دەکەن و لەوێ یەکتر دەگرنەوە. دایکی کەدەگاتە ئەوێ و لەهوتێلێک دادەبەزێت، هەروا هەست دەکات چۆتە ئەمستردام. بۆیە ژینگە و کەلوپەل و شوێنی مانەوەیانی جیاواز دێتە بەرچاو. ئەگەرچی چەند جارێک کچی و خوشکەکەی، دەیانەوێت تێی بگەیەنن کە ئێرە دوبەیە نەک ئەمستردام، وەلێ ئەو هەر بەهەمان ڕیتمی بیرکردنەوە و تێگەیشتنی خۆی دەڕوانێتە دەوروبەر. واهەست دەکات ئەوە کوڕەکەی و ژنەکەیەتی دیزایینی ماڵەکەی و شوێنەکەیان لە ئەمستردام گۆڕیوە. کوڕەکەشی ئەمجارەیان هەوڵدەدات، بەپێی بیرکردنەوەکانی دایکی درێژە بەو گەشت و مانەوەیە بدات. چونکە ئەو لەبەر دایکی هاتۆتە ئێرە. بۆیە ژنەکەی و مەحبووبەی خوشکیشی ئاگادار دەکاتەوە کە شابانووی دایکی، هەراسان نەکەن و ڕەچاوی باری سایکۆلۆژی و هزری بکەن. بەتایبەتی کە ئەو نەخۆشی خەڵەفانی هەیە. ئیدی پاڵەوانی ڕۆمانەکە، بەپێی ئاست و تێگەیشتنی دایکی دەیەوێت چێژ لەو گەشتە و یەکتربینینە ببینێت. تا ڕۆژێکییان بەڕێکەوت دایکی لە هوتێلەکەوە سەیری بیابان دەکات و لەخۆیەوە بێ هیچ توانایەکی هزری، وشەی مەککەی بەخەیاڵ دادێت. چونکە خۆشی نەخۆشی هەیە، ئیدی واهەست دەکات پێشتر کوڕەکەی چەند جارێک بەڵێنی پێداوە بیباتە حەج، بەڵام بەڵێنەکەی نەبردۆتە سەر. هەرچەندە ئەمە ڕووینەداوە، وەلێ دایکی ڕژد دەبێت کە پێشتر وای پێ گوتراوە. کوڕەکەشی بۆ ئەوەی، ئەو ئاواتەی دایکی ئەگەر بەخەیاڵیش بێت بێنێتە دی، بڕیار دەدات گەشتێکی مزگەوتی شێخ زایدی پێ بکات لەشاری ئەبوزەبی. ئەم مزگەوتە مزگەوتێکی گەورەیە، وەک ڕۆماننووس دەڵێت:_ (پتر هێمابوو بۆ دەسەڵات و هەژموونی شێخ زاید نەک کارێکی خێرخوازی. بۆ ئەوەی دوای مردنیشی وەک هێمایەکی دەسەڵات بمێنێتەوە). بۆیە ڕۆژێکییان دایکی سواری ئۆتۆمبێلێک دەکات و بەرەو مزگەوتەکە دەکەونەڕێ. بەڕێکەوت ئەو ڕۆژە، ڕێککەوتی یادکردنەوەی ساڵڕۆژی مردنی شێخ زایدە. بۆیە هەزاران کەس لە ژن و پیاو بەجل و بەرگێکی سپی تایبەتییەوە، دێنە ناو مزگەوتەکە و دروشمی ئایینی دەڵێنەوە. دایکیشی بۆ ئەوەی بچێتە ناو مزگەوتەکە، دەبێ ئەو جۆرە پۆشاکە بپۆشێت. بۆیە لەگەڵ ئاپۆڕای جەماوەر دەکەوێت و چەند جارێک دەچێتە ناو مزگەوتەکە و پاشانیش بۆ سەر گۆڕی شێخ زاید. ئیدی دواترکە ڕێوڕەسمەکە تەواو دەبێت، دایکی بەو پۆشاکە سپیە، دێتە دەرەوە و بەدەم نزا و پاڕانەوە، بە تەسبیحێکی درێژەوە، واهەست دەکات حەجی کردووە، بەڵام لەڕاستیدا بەخەیاڵ. بەتایبەتیش کەخۆی نەخۆشی خەڵەفانی هەیە. بەم شێوەیەش کۆتایی بەڕووداوەکانی ڕۆمانەکە دێت. لەپەراوێزی ئەو ڕووداوەشەوە نووسەر ئاماژە بەژیانی مرۆڤەکان و ڕەنگدانەوەی جیاوازی چینایەتی و چەند بابەتێکی سیاسی دەدات لەمیرنشینی عەرەبی، وەک ململانێی ئێران و بەشێک لە وڵاتانی کەنداو، یاخود ئەو ڕووداوانەی لەسەروبەندی حەجکردنی ئێرانییەکان بۆ سعودیە، ڕوویانداوە. لێرەدا بەپێویستی دەزانم لەبارەی وەرگێڕانی ئەو ڕۆمانەوە، سەرنجێک دەرببڕم. لەڕاستیدا، بەبڕوای من وەک خوێنەرێک، وەرگێڕ ڕۆِمانەکەی وەرنەگێڕاوە، بەڵکو (کورداندوویەتی). یەکەم جارە ڕۆمانێکی وەرگێڕدراو لەزمانی هۆڵەندی دەخوێنمەوە، کە وەرگێڕەکەی هێندە بەزمانێکی جوان و سەرنجڕاکێش، ناوەڕۆکەکەی وەرگێڕابێت. خوێنەر کە ڕۆمانەکە دەخوێنێتەوە، واهەست دەکات بە کوردی نووسراوە. وشە و دەربڕینەکان سادەن. بەجۆرێک هەرکەسێک ڕۆمانەکە بخوێنێتەوە، بەئاسانی لەڕووداوەکان دەگات. ئەو زمانە جوانە لەوەرگێڕان، بەلامەوە لەنگییە بچووکترین خەوشی هەبێت. بۆیە بە ئامانجی بەبڕشتکردنی زیاتری زمانی وەرگێڕەکەی، چەند سەرنجێکی کورت دەخەمە ڕوو. ئەوانیش:_

یەکەم:_ وەرگێڕ بە درێژایی ڕۆمانەکەی، مێشک ئاڵۆزی و وڕێنەی، لە جیاتی نەخۆشی خەڵەفان بەکارهێناوە. بەڵام بەبڕوای من، ئەم دوو بارە هزرییە جیان لە خەڵەفان. بۆنموونە: ئێمە زۆرجار دەڵێین:_ مێشکم تێکچووە، یاخو وڕێنە دەکەی، بەڵام لەبنەڕەتدا مێشکمان هیچ کێشەیەکی تەندروستی و دەماری نییە. بەڵام خەڵەفان جیاوازە، چونکە نەخۆشییەکی درێژخایەن و بێ چارەسەرە و وردە وردە مرۆڤ توانای دەربڕین وکۆنتڕۆڵکردنی ئاستی زمان و گوزارشتکردنی نامێنێت. بۆیە ئەگەر خەڵەفانی لە جیانی وڕێنە و مێشک ئاڵۆزی بەکارهێنابا، جوانتر ماناکەی دەپێکا.

دووەم:_ وەرگێر لە ڕۆمانەکەیدا، وشەی (ڕادان)ی لەبەرانبەر ئامادەکردن و سازکردن بۆ چەندین شت بەکارهێناوە. بەڵام لەزمانی کوردی، ئەم وشەیە بۆ هەموو بارێکی گوزارشتکردن نابێت. تەنیا لەیەک کاتدا نەبێت، ئەویش بۆنموونە دەڵێین:_ (قاتێکمان بەڕادان داوە). بەڵام نەمبیستووە لەزمانی کوردی بگوترێت: ژوورێکم بەڕادان داوە، خواردنێکم بەڕادان داوە.

سێیەم:_ وەرگێڕ لە ڕۆمانەکەیدا، لەچەندین شوێن وشەی (معمیل)ی بەکارهێناوە. خۆزگە لەبری ئەو وشە نامۆزیکی و نائستاتیکییە، وشەیەکی دیکەی کوردی هاوواتا دەکرد.

چوارەم:_هەرچەندە بەڕێزیان خۆشی ئاماژەی بەوە کردووە کە دەنگی حوشتر(بۆڕاندن)نییە. بۆیە ئەگەر هەڵەنەبم دەنگی حوشتر(پڕماندن)ە. بەپێچەوانەوە بۆڕاندن دەنگی گایە و بۆ ئاژەڵی حوشتر بەکارنایەت.

پێنجەم:_ ناونیشانی ڕۆمانەکە لەمەککەیە. بۆیە ئەگەر پاشگری(دا) لەناونیشانەکە هەبایە، لەڕووی ڕێزمانییەوە گونجاوتر دەبوو.بەم شێوەیە _لەمەککەدا).

جارێکی دیکە، دەستخۆشانە لە وەرگێڕی ڕۆمانەکە دەکەم. چێژم لە خوێندنەوەی بینی، هەرچەندە ڕۆمانێکی سادە و ساکاریشە. وەلێ هەمیشە بڵێسە لە پرووشک هەڵدەستێت..

پەراوێز: ڕۆمانی لەمەککە/ نووسینی (عەبدوڵا قادر)، وەرگێڕانی (شەفیقی حاجی خدر) 2018..

 

  • 1