ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

یاسین برایم / ڕواندز

بەشی دووەم 

"لەشەرمی نامووسی خۆمدا خەریکە دەمرم، هیچم ناوێت لە مردن بەولاوە....بەناوی دینەوە بە قەحبە بووم...هەموو ڕۆژێک جاشێک بە ناوی دینەوە لاقەم دەکات...هەرچی پاکی و خاوێنی لە جەستەمدا هەبوو هەموویان مژی و پڕیان کردووم لە ژار....ل309".

بوێری ئەو کیژانە زۆرن، نایەنەوێت بە زۆر وەک دەسکەوتی شەڕ و لەلایەن ئەو هێزە دەستدرێژیان بکرێتە سەر، یان لە ڕێگای مارەکردنێکی ناچاری بچنە باوەشی دوژمنەکانیان، نەخاسمە کەسانێک پیر و گەورەی وەک باوکیان بۆ تێرکردنی حەز و ئارەزوویان بەردەبنە گیانی ئەم کچ و ژنە دیل و داماوانە. نموونەی وەها زۆرن، لەم ڕۆمانە پەنجە بۆ ئەو کیژۆڵەیە دەبەین، کە گوندەکەیان تووشی سەربڕین و کۆشتارگەی مەزن هاتووە، "کچێکی تازە هەڵچووی دانیشتووی گوندی (کۆجۆ) خۆی کوشت، کە زانیی وەکو دەسکەوتی شەڕ بە ئەمیرێکیان بەخشیوە... ئازایانە خۆی خنکاند....ل339"(**).

ڕووداوە سەیرەکان

ڕووداو و هەواڵی سەیر لە سەر کار و کردەوەکانیان گوێمان لێ بووە، یان لە گرتەی (ڤیدیۆ و ئینتەرنێت)، هەواڵی پڕ شۆک و جەرگبڕمان پێش چاو هاتووە. لەم ڕۆمانەش، شتی وا زۆرە، کاتێک کەسێک، کارێک ئەنجامدەدات کە بەدڵی ئەوان نییە، تووشی سزای توند دەبێتەوە، کارێک پێش هاتنی ئەوان ئاسایی بووە، هیچ شەرم و تاوان و ناشیرین نەبووە. بەڵام ئەوان کاری وا نیشانی بکەری کارەکان دەدەن، زۆر قیزەوەنترە.. منداڵێک لە سەر گۆرانی عەرەبی و پانتۆڵ و جگەرە و مەی و نوێژنەکردن.. بە قامچی و دار و پەت، دۆزەخی بۆ دروست دەکەن...

"گەنجێ بە هۆی تاوانی جگەرەکێشانەوە لە یەکێک لە چایخانەکان پێستی بەدەم قامچیەوە دادەماڵرێ، دوو ڕیشداریش هەریەکە و سەرێکی پەتەکەیان گرتووە، دارەکەش بۆ شکاندنی قاچی گەنجێکی دیکەیە، چونکی تاوانێکی گەورەی کردووە و پانتۆڵی جینزی لە پێدا بووە... هەینی ڕابردوو ژنێکیان هەڵواسی، چونکی ملکەچی مێردە مجاهیدەکەی نەبووە. ... ل66".

لەسەر مەیخواردنەوەش، بە نەعل و پێڵاو لە مەیخۆران دەدەن، گوایە فەرموودەی پێغەمبەری لە سەر جێبەجێ دەکەن.

" ئەمە مەیخۆرە، نەفرەتی خودای لێ بێت و شەرمەزاری بکات... بە نەعل و لقی دارخورما لە مەیخۆران بدەین.... ل69" .

دەستدرێژیکردنە سەر ژنان

هەر شوێنێک لە لایەن ئەو هێزە داگیرکرابێت و دەستیان بەسەرداگرتبێت، ئەگەر بۆ کاتژمێرێکیش بێت، کارەسات و تاوانی خوێناویان ئەنجام داوە، کوشتن و ڕفاندن کاری سەرەکییان بووە، کچ و ئافرەتە بە شووەکان و بگرە پیرەکانیش، وەک دەسکەوت و خەڵات و پاداشتی سەرکەوتنیان ڕەپێش خۆیان داون . دەستدرێژیان کردووەتە سەریان و لاقەیان کردوون. تەنانەت بەزۆری زۆرداری لە بەرچاوی خێزان و باوک و براکانیان یان دایکیان! دەستیان بۆ بردوون و جەستەی پاکیان پڕ ژەهر و پیسایی و شەهوەتی بۆگەنی خۆیان کردووە.. کچانیان بە دیاری بۆ گەورەکانیان بردوون و ئەوانیش وەک گورگی هار، چڕنۆکیان لە جەستەی ناسکیان گیرکردووە. زۆریشیان لە بەرچاویان هاوسەرەکانیان کوشتوون و سەریان بڕیون. یان لەدایکیان جیاکردوونەتەوە و بۆ کڕین و فرۆشتن و بازرگانی پێکردن ڕەوانەی شوێنی تایبەت بە خۆیان کردوون. بۆ ئەمە کچ و ژنانی ئێزدیی و مەسیحی بە بیانووی ئایینی جیاواز و کافربوونیان هەرچی خوا پێی ناخۆشە، لە بەرانبەریان ئەنجامی دەدەن.. چیرۆکی ئەو دەستدرێژیانە ئەوەندە زۆرن، هەموو کۆڵان و گەڕەک و گوند و شار و ئۆردوگایەک، چیرۆکگەلی وا، سەیر و قیزەوەن و سووک و ویژدانهەژێن و توقینیان تێدا ئەنجامدراوە.. مرۆڤ لە بیستن و بینین و گێڕانەوە، شەرمەزار دەبێت.. مێژووێکی ڕەش و تاریک و خوێناویی و پڕ کارەسات کە تێدا ژنان قوربانی گەورەن، لەسەر زاری ئەو ژنە دۆزەخدیوانە، ئەوها باسی تاوانەکان دەکەن...

"خەڵکێکی زۆریان کوشت، بەبێ هۆ، دەستدرێژیان کردە سەر کچ و کچۆڵەکان و ژنە بەشووەکان. ل25".

"لە پێش چاوی باوک و برایانەوە دەستدرێژییان کردووەتە سەر کچەکان، ئەمە لە سەرەتای داگیرکردنەکەدا ڕووی دا، ئیسلامی دڕندە نازانین لە کام بیابانەوە پەیدا بوون.... ل58".

|زۆر بە ئاسانی هاوسەرەکەمیان کوشت، لەبەر ئەوەی دووگیان بووم و مانگی خۆم بوو، وازیان لێ هێنام.... ل74".

"هاوسەرەکەمیان سەربڕی، بە بەرچاومەوە، وەکو بەرخ سەریان لە لەشی جیاکردەوە.... ل76".

  • 1