ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

ئەوەی كە قسەی لەسەر ناكرێ‌ و سەرزەنشت ناكرێ‌، ئەو نموونە رۆشنبیرەیە كە بەناوی بەرگریكردن لەئازادی و دیموكراسی و درووستكردنی فەزای گشتی، ئەو بەناو رۆشنبیرانەن كە تێوەگلاون بەسیاسەتەوە، یان باشتر بڵێم بوون بەڕەواجپێدەری بۆچوونی مەترسیدار و كۆنەپەرست و بەرلەوەی خۆڵ بكەن بەسەری خەڵكدا، خۆڵ دەكەن بەسەرو چاوی خۆیاندا، بەتایبەتی ئەو چوارساڵ جارەی كە گاڵتەجاڕی عەقڵی كوردی بەیان دەكات و ناوی نراوە هەڵبژاردن، هەڵبەت مەبەستم لەو رۆشنبیرانەیە كە خۆیان كردووە بەدەمڕاستی هەموو رۆشنبیران و بەنائاگاییش لایەنگری ئیدیۆلۆژیای حیزبێكی دیاریكراون، لەحاڵێكدا ئەم تەرزە هەم تاكڕەهەندن و هەم خەریكن كۆمەڵگەش دەكەن بەكۆمەڵگەیەكی تاكرەهەندی. 

بۆ ئەوەی راستەوخۆ ئامانجەكەم بپێكم لەم باسەدا، چونكە زۆرجارم لەسەر چەمكی رۆشنبیری و خودی بەناو رۆشنبیری كوردی نووسیوە، بۆیە دەمەوێ‌ ئامانجەكە دیاریبكەم و جودای بكەمەوە لەوانی دیكە، كە باس لەو تەرزە رۆشنبیرە دەكەم بەبێ‌ ئەوەی ئاگایان لەخۆیان بێت، لەدەرنجامی رووداوێكی سیاسییدا لەنێوان دوو حیزبی عەلمانی و ئیسلامیدا كە بۆ خۆیان گەمەی سیاسی دەكەن نەك ناكۆكی سیاسیان هەبێت، بەشێوەیەك دەكەونە نێو فەزاكەوە كە بیریان چووە پڕۆژەی هەڵبژاردن، پرۆژەی دەستاودەستكردنی دەسەڵات و ئاڵو گۆڕی فەزای سیاسی و سیستمە، لەلایەكی دیكەوە بیریان چووە كۆمەڵگە بریتیی نییە لەیەك نەتەوە و یەك ئایینی دیاریكراو، بەڵكو كۆمەڵگەی كوردی بریتییە لە فرەیی لە ئایین و مەزهەب و نەتەوەی جودا، لەمەش خراپتر ئەوەیە بیریانچووە كە بۆچوونی تاكڕەهەندی كاریگەری خراپ دەكاتە سەر تاك بەتایبەتی تاكی كوردی زاڵە بەسەر تاكەكانی دیكەی نەتەوە و ئایینەكانی دیكە، بەتایبەتی تریش ئەو تاكانەی سەر بەئایینی كەمینەن، ئەمە لەكاتێكدایە ئەگەر رۆشنبیرێك دونیابینییەكی ئینسانی هەبێت، ئەمە بنەمای ئەو تێگەیشتنەیە لە ژیانی لۆكاڵی فرەیی كە پێش ئەوەی دەوڵەت و حكومەت بەرپرس بێت، ئەوان بەرپرسن ل تیۆریزە كردن و موناقەشە درووست كردن لەبابەت خۆیان. 

نموونەیەك كە رۆشنبیر لەسەرییەتی وەكو نواندنێكی دەرەوەی نواندنی كۆمەڵگە بۆ ژیانی سیاسی گوایە بەشداری دەكەن، جۆرێك موناقەشەیە لەگەڵ دەوڵەت و حكومەت لەلایەك و لەگەڵ دەزگا ئایینیەكان لەلایەكی تر، چونكە ئەوان رەهەندی زیاتری بەهای پێكەوە ژیان و فرەیی لە كولتوور و ئایین و ئاینزاكان هەست پێدەكەن، مەترسی داگیركردنی فەزای كۆمەڵایەتی بۆ ئایینێكی دیاریكراو بەتایبەتی لەكۆمەڵگەی كوردیدا و لەئاستی عێڕاقیش كە تاك مەزهەبێك گوتاری خۆی زاڵ كردووە بەسەر ئەوانی تر، دەرچەیەكی مەترسیداری بەرهەمهێنا كە دەرەنجام بینیمان چی روویداوە و چۆن كەوتۆتەوە، بەتایبەتی لەدوای شەڕی داعش و خراپ تێگەیشتن لەیەكتر لەنێوان مەزهەبەكان و نەتەوەكانی عێراق و كوردستان. ئەم دەستەبژێرە بەناو رۆشنبیرە نەك هەر كارێكتەر و گروپی خێری نەبوون بۆ چاكسازی لەسیاسەت و نێو كێشە بەناو ئایینیەكان، بەڵكو كێشەكەیان ئاڵۆزتر كرد، بەتایبەتی ئەوەی كە دەبینین بەناوی عەلمانییەتەوە چ ئاڵۆزییەكیان ناوەتەوە، چۆن نوێنەرایەتی كۆمەڵگەیەكی ناهۆشیار دەكەن كە لەفرەیی و لە دیموكراسییەت خراپ حاڵی بووە، چونكە تەنها ئەو ژاوەژاوەی بینیوە كە بەناوی دیموكراسییەتەوە بۆتە هەڵسوڕاوی. 

رۆشنبیری هەموو عێراق و كوردیش خەمخۆری ئەو دۆخە نەبوون كە بەو دەرەنجامە گەیشت، بۆ نموونە كە لەدوای ساڵی 1992 و دواتریش لەدوای نەمانی رژێمی بەعس لەسەر حوكم، بەدابڕاندن لەگەڵ یەكتر دونیایەكی لۆكاڵییان دوورست كرد كە نەك هەر گەنجی هەردوو زمان و ئەدەبیات و فكری یەكتر شارەزانین، بگرە بۆ گەورەو بەتەمەنەكانیش هەمان كێشە بەردەوامە، لەوەش دۆزەختر بۆ هەردوولا دانراوە، ئەوەیە كە لەبری ئەوەی كێشەی سیاسی عێراق و نێوخۆی كوردستان بە كێشەی نێوان پێكهاتە سیاسیی و مەزهەبییەكان پێناسە بكەن، بە كێشەی دیموكراسییەت پێناسەیان كرد، ئەوەیە كە وەزارەتێك بەناوی رۆشنبیری عێراق هەیە، بەرێوەبەرایەتی تایبەتی بە كورد و پێكهاتەكانی تر هەیە، كەچی ئەوەی كەلای لێناكاتەوە ئەو فەرهەنگە تێكەڵەیە كە بۆ نەوەی داهاتوو دەبێتە بنچێنە، یان لانیكەم ئاشتكردنەوە و ئاشناكردن و پێكەوە كاركردنی نەوەكان لەهەموو نەتەوە و پێكهاتەكان، بۆ كاری رۆشنبیری و فەرهەنگی، ئەمە دەبوو یەكەمین كاری ئامانجداری وەزارەت بێت نە فراوانكردنی دابڕانەكە، لەحاڵێكدا لەهەردوولا كورد و عەرەب و پێكهاتەكانی دیكەش، نەوەی خاوەن ئیرادە و توانای ئەدەبی و فكری و فەرهەنگی درووست بوون و یەكترناناسن، ئەمە خەسارەتێكی گەورەیە كە هەردوو سەركردایەتی سیاسی كورد و عەرەبیش بیری لێناكەنەوە، چونكە پێیانوایە كاری ئەوان تەنها سیاسەتە نەك خەمی هەمەلایەنی كۆمەڵگە، ئەمە بۆ دەستەبژێری رۆشنبیری هەمان مانایە كە بیر لەوە ناكەنەوە بۆچی نەوەی نوێ‌ ئاشنا نین بە زمانی یەكتر، وەكو ئەوەی لەساڵانی حەفتاكان و هەشتاكان هەبوو. لێرەوە تێدەگەین كە دەستەبژێری رۆشنبیری بەشێكە لەتێوەگلانیان بەو سیاسەتە بۆگەنەی كە حیزبە بەناو عیلمانی و مەزهەبگەراییەكان تێیكەتوون.

 

  • 1