ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

"فەرھاد سەنگاوی"، لە یەکێک لە بەرنامەکانی کەناڵێکی کوردیدا کە بەرنامەیەکی مێژوویی بوو، کۆمەڵێک لە ڕووداو و بەسەرھاتە سیاسییەکانی ناو لاپەڕەکانی مێژووی دوێنێى بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلەکەمان لە باشووری کوردستان ھەڵدایەوە. 

فەرھاد بێ ئەوەی ھیچ بەڵگەیەکی مێژوویی سەلمێنراو بخاتە ڕوو، کۆمەڵێک قسەی بێ مانا و چەواشەکارانەی خستەڕوو کە ھیچ بنەمایەکی درووستیان نییە و قسەکانیشی ناکەونە ناو خانەی ڕاستگۆییەوە.

لەبەشی دووەمی ئەو بەرنامەیەدا، پێشکەشکاری بەرنامەکە، لاپەڕەی ڕووداوەکانی شەڕی "پشت ئاشان" ھەڵدەداتەوە، فەرھاد سەنگاویش لەوەڵامدا پرسیارێک دەخاتەڕوو، ئاخۆ حیزبی شیوعی کە بەقسەی ناوبراو حیزبێکی عێراقی بووە، چییان کردووە لە شاخەکانی کوردستان؟

بێگوومان ھەرکەس تۆزێک ویژدان و تۆزێک زانیاری و کەمێک ھۆشیاری مێژوویی و تۆزێک"عەقڵی ساغ" بێت، شەرم دەکات لەوەی بڵێ:"حیزبی شیوعی چی کردووە لە شاخەکانی کوردستان؟".

یان بڵێ" ئەوانە عەرەب بوون و لە شاخەکانی کوردستان چییان کردووە؟

لێرەدا ھەوڵ دەدەم قسە لەسەر ئەو باسە بکەم و زانیارییە ھەڵەکانی "فەرھاد سەنگاوی" ڕاست بکەمەوە کە قسەکانی پڕبوون لە ڕق و کینە و دڵ ڕەقی بەرامبەر بە حیزبێکی تێکۆشەر و بەھەڵوێستی وەکوو حیزبی شیوعی کە خودان مێژوویەکی پڕ لە سەروەری و پاک و خاوێنە لەناو گۆڕەپانی سیاسی عێراق و کوردستاندا.

ئێستا پێویستە "فەرھاد سەنگاوی" و ھاوشێوەکانی بزانن کە حیزبی شیوعی عێراق، تاکە حیزبی عێراقییە کە بەشێوەیەکی ڕوون و ڕەوان دانی بە مافەکانی گەلی کوردستاندا ناوە و لەو پێناوەشدا قوربانییەکی بێ ئەژماری داوە.

لەو کاتەوەی کە حیزبی شیوعی عێراق دامەزراوە، لەساڵی ١٩٣٥ و لە سەروتاری ڕۆژنامەی (کفاح الشعب)دا، بەشێوەیەکی ڕوون ئاماژەی بە مافی بڕیاردانی چارەنووس بۆ گەلی کوردستان و سەربەخۆیی کوردستان کردووە.

ھەڵوێستی حیزبی شیوعی عێراق سەبارەت بە مافی بڕیاردانی چارەنووس و پرسی سەربەخۆیی کوردستان، ھەڵوێستێکی نەگۆڕ و مەبدەئی ئەو حیزبەیە و بەکردەوە باوەڕی پێیەتی، لەمەیدانی تێکۆشانیدا ئەوەی سەلماندووە.لەسەر ئەو ھەڵوێستەشی باجێکی زۆری لەناو شەقامی عەرەبی عێراقی داوە.

بەڵام ئاخۆ بۆچی "فەرھاد سەنگاوی" پرسیار دەکات:" حیزبی شیوعی حیزبێکی عەرەبییە، ئەوان چییان کردووە لە شاخەکانی کوردستان؟".

یان ئەوەتا فەرھاد زۆر سادە و ساویلکەیە و ئاگای لە مێژوو نییە، یانیش ئاگای لێیەتی و تەنھا خاوەنی ھەست و بیرێکی شۆڤێنیستانەیە و ڕقی لە شیوعییە عەرەبەکانی عێراقە!.

شیوعییە عەرەب و تورکمان و کریستیانەکانی عێراق، بۆئەوە نەھاتبوونە شاخ تاکوو خاکی کوردستان لەکۆڵ بنێن و بۆ بەشەکانی دیکەی عێراقی بگوازنەوە. 

شیوعییەکانی عێراق بە ھزری داگیرکاری ڕوویان لە چیاکانی کوردستان نەکردبوو، ئەوان لەسەر ئامانجێکی پیرۆز ھاتبوون، ئامانج بۆ ڕووخاندنی ڕژێمێکی بۆگەن کە کورەی مەرگی بۆ گەلانی عێراق و کوردستان داخستبوو.

شیوعییەکانی عێراق، لەدژی زوڵم و زۆری و ستەمکاری ڕژێمە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق سەنگەری خەباتیان گواستبۆوە بۆ شاخەکانی کوردستان، لەو شاخانەشدا بە دەیان و سەدان کچ و کوڕی عەرەب و تورکمانی شیوعی لەسەنگەری بەرگری خەڵکی کوردستان گیانیان بەختکردووە.

ھێشتا لەدامێنی بەشێکی زۆری چیاکانی کوردستاندا، تەرمی پێشمەرگەی گیان بەختکردووی شیوعییەکانی عێراقی لێیە، بەشێکی ئەو پێشمەرگە گیان بەختکردوانە، بەدەستی ڕژێمی سەدام و بەشێکی زۆریشیان بەدەستی خودی کورد کوژراون کە بە ھزری ئێستای "فەرھاد سەنگاوی"بیریان کردۆتەوە و پێیان وابووە شیوعییەکانی عێراق مافیان نییە لە چیاکانی کوردستان تێکۆشان بکەن، "چونکە ئەوانە عەرەبی عێراقین و نابێ لەکوردستان بن"!.

بەشێکی زۆری شەڕە خوێناوییەکانی ناوخۆیی ھێزەکانی باشووری کوردستان، لە ئەنجامی ھەمان بیرکردنەوەکانی "فەرھاد سەنگاوی"بووە!، چونکە مەیدانی خەبات و تێکۆشان بۆ تاکە ھێزێک بەڕەوا دەزانێت و ئەو مافەش بۆ ھێزێکی دیکە دەستەبەر ناکات و پێی وایە ئەوانە عێراقین و نابێ لەچیاکانی کوردستان بن!.

ئەو عەقڵیەتە تاکڕەوانە و قۆرغکردنی مەیدانی تێکۆشان و ھەوڵدان بۆ وەدەرنانی ھێزەکانی دیکە لە مەیدانەکە بەبیانووی ئەوەی ئەوانە عەرەبی عێراقین و مافی ئەوەیان نییە لە چیاکانی کوردستان بن، دواجار شەڕێکی خوێناوی و ھەرگیز قەرەبوو نەکراوەی وەکوو کارەساتی خوێناوی"پشت ئاشان"ی لێکەوتەوە کە لەسەرەتای دەیەی ھەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا لەنێوان "یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و "حیزبی شیوعی عێراق" ڕوویداوە.

ئەوەیان باسێکی جیاوازە و لەبەشی دووەمدا ھەوڵ دەدەم چەواشەکارییە مێژوویەکانی "فەرھاد سەنگاوی" ڕاست بکەمەوە، چونکە لەوسەردەمەدا، فەرھاد بێژەری ئیستگەی "دەنگی گەلی کوردستان" بووە و بە دەنگە گڕ و ناخۆشەکەی خۆی، ھێزە چەکدارەکانی خۆیانیان ھاندەدا شەڕی پشت ئاشان بکەن و دواجاریش ئەو کارەساتەی لێکەوتەوە کە دیتمان.

محەمەد چاوشین/ قەڵادزێ

١٧/ ١٠/ ٢٠١٨

  • 1