ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

دەگمەنن ئەو مرۆڤە تێکۆشەرانەی ماوەی زیاتر لە سێ چارەگە سەدە لە ژیانیان بۆ خەبات و نووسین و شیعر تەرخانکردبێت.

مامۆستا ئەحمەد دڵزاری شاعیر و تێکۆشەری کۆمەنیست یەکێکە لەم مرۆڤە دەگمەنانە، هەر لە چلەکانی سەدەی ڕابردووەوە تاکو ئەم مانگانەی دوایی کە چووبایتە لای و لەگەڵی دانیشتبایت هەستت بە مێژوو گەنجینەیەک لە سەروەری و شیعر و ورەی بەرزی خۆڕاگری دەکرد. مرۆڤێکی خاوەن بیروباوەڕی نیشتمانی و چینایەتی، مرۆڤێکی مرۆڤدۆست، مرۆڤێکی جوانپەروەر، ژیانپەروەر، سروشت و گوڵ و گوڵزار پەروەر.

شاعیرێک هەر لە تەمەنی لاوییەوە شیعری بۆ چەوساوەکان، بۆ جوانی و دڵگیری کوردستان، بۆ جوانی ئافرەت، بۆ ئەوینداران نووسیوە. شاعیر هەستی نەتەوەیی و چینایەتی بەیەک بەستاوەتەوە، دەڵێ؛ جوانی کوردستان بە من چی ئەگەر ڕۆڵەکانی چەوساوە و ماف خوراو بن.

ئەوینداری بۆ کوردستان و گوند و شاخ و دۆڵە جوانەکانی، ئەوینداری بۆ جوانی ئافرەت و کلتووری خۆشەویستی کوردەواری لە هۆنراوەکانی ڕەنگیان داوەتەوە.

دڵزار وەکو تێکۆشەرێکی کۆمەنیست هۆنراوەی سیاسی و نیشتمانی زۆر نووسیوە، لە زیندانەکانی ڕژێمی پاشایەتی هۆنراوەی "ئێمە شاگردانی فەهدی قارەمانین"ی نووسیوە و ئەم هۆنراوەیە بۆ ماوەی نیو سەدە بۆتە سروودی تێکۆشان لای کۆمەنیستەکانی کوردستان.

دڵزار نووسەر و ڕۆژنامەنووسێکی ڕاستگۆ و وردبین بووە، وشەکانی زۆر بە سەلیقە و وەستایی دادەڕشت، هەستی مێژوویی بەهێزە یان بەهێز بووە. بیرەوەرییەکانی بە شێوازێکی ئەدەبی و مێژوویی و بە کوردییەکی جوان و ڕەوان داڕشتووە. ئەوەی هەستی پێکردووە، ئەوەی بینیویەتی، ئەوەی ئارەزووی بووە تۆماری کردوون. گەنجینەیەکی دەوڵەمەندی بۆ پاراستووین. چەند لە خوێندنەوەیان چێژ وەردەگرین دوو ئەوەندەش وەکو سەرچاوە بۆ توێژەرانی بواری مێژوو ئەدەبیات سوودبەخش و گرنگە.

مامۆستا دڵزار تاکو ئەم دواییەش کە توانای گوێگرتن و لێدوانی باش بوو، هەر میوانێک، هەر ڕۆژنامەنووسێک چووبێتە لای بە سنگفراوانی و سەخاوەتەوە وەڵامی پرسیارەکانییانی داوەتەوە. پیاوێکی تا بڵێی بەڕێز و سادە و بێ گرێ و گۆڵی دەروونییە.

دڵزاری نیشتمانپەروەر هەر لە تەمەنی زووی لاوییەوە چۆتە ڕیزەکانی پارتی کۆمەنیستی عێراق، خەباتکارێکی خاوەن هزری مارکسی لینینی هۆشیار بووە، لە هەموو بارودۆخێکدا لەگەڵ حزبەکەی بووە، هەرگیز دانەبڕاوە، تاڵاوی زیندانەکانی ڕژێمی پاشایەتی چەشتووە، بە ورە بەرزی بەرگەی ئازاری دوژمنانی گرتووە. لە زیندان سروودی ئازادی و کۆڵنەدانی چڕیوە.

مامۆستا دڵزار لە دوای شۆڕشی چواردەی تەمموزی ١٩٥٨ زیاتر دەرکەوتووە، چ وەکو شاعیر، یان ڕابەرێکی سیاسی و کادیرێکی پێشکەوتووی پارتی کۆمەنیست. 

دڵزار لە هەردوو قۆناغی شۆڕشی ئەیلوول و شۆڕشی نوێدا (١٩٦٣-١٩٩١) وەکو پێشمەرگە و ڕابەرێکی سیاسی لەتەک هاوڕێکانی ئەم گوند و ئەو گوند، ئەم شاخ و ئەو شاخ، ئەم دۆڵ و ئەو دۆڵی کردووە و ماندووبوونی نەناسیوە. هەمیشە لەکاتی پێشمەرگایەتیشدا وەکو کادیری سیاسی، ڕابەری ڕۆشنبیری و هزری، شاعیری شۆڕشگێڕ و جوان پەرست ناسراوە و ڕۆڵی بینیوە و لای هەموو لایەک خۆشەویست بووە.

دڵزار لە دوای ڕاپەڕینی ١٩٩١ تاکو ئەم ساڵانەی دوایی زیاتر خەریکی نووسین و بڵاو کردنەوەی نووسین و بەرهەمەکانی بوو. بیرەوەرییەکانی لە چەند بەرگێکدا بڵاو کردەوە، دووجار دیوانی شیعرەکانی بڵاو کراوەتەوە، وتار و دیمانەکانی لە گۆڤار و ڕۆژنامەکان بڵاو دەکرانەوە.

مامۆستا دڵزار بەهۆی تێکۆشانی سیاسی و حزبی و پێشمەرگایەتی زۆر کات و چەندین ساڵ لە دووری هاوژین و منداڵەکانی ژیاوە، نەیتوانیوە بەپێی پێویست ئەرک و سۆزی باوکایەتی بە منداڵەکانی ببەخشێت و هەمیشە لە تەک هاوژینەکەی بێت. ژن و منداڵەکانی بەهۆی خەبات و تێکۆشانی دڵزار ئازاری زۆریان چەشتووە، لە خۆشاردنەوە، لە زیندانی کردن و دوورخستنەوە بۆ ناوەڕاست و خوارووی عێراق.. بنەماڵەی دڵزار خۆڕاگر و سەربەرز بوون، سەرەڕای ئازارەکانیان. ئازاد دڵزار شاعیری داهێنەر، بەرهەمێکە لە بەرهەمە هەرە جوانەکانی مامۆستا ئەحمەد دڵزار، قەسیدەیەکە پڕاوپڕ لە جوانی، دڵسۆزی و وەفا، جێگای شانازی هەموو لایەکە. دایکی ئازاد، ڕووحی شاد، لە (١١/٧/١٩٩٦) بە نەخۆشی دڵ کۆچی دوایی کردووە. ئەو دڵەی زۆر ماندوو بووە، وەکو هاوسەری تێکۆشەرێکی کۆمەنیست و نیشتمانپەروەر، ساڵانێکی زۆر لە یەک کاتدا ئەرکی دایک و باوکی بینیوە لە پەروەردەکردنی منداڵەکانی دا. پەروەردەیەک کە بەرهەمەکەی شانازی پێوە بکرێت.

کۆچی دوایی (شیرین) کچە شیرینەکەی مامۆستا دڵزار لە ساڵی ڕابردوودا (٢٠١٧)، کۆستێکی گەورە بوو بۆ ئەم بنەماڵە تێکۆشەرە، بەتایبەتی بۆ (مامۆستا دڵزار) کە لە ماوەی بیست ساڵی ڕابردوودا هەمیشە شیرین خان و مامۆستا ئاواز لە دەوری بوون، وەک دوو کچی تا بڵێی دڵسۆز و بەڕێز زۆر بە جوانی خزمەتیان دەکرد. خزمەتی میوانەکانیان دەکرد.

هیوای تەمەندرێژی و ئاسوودەیی و سەرکەوتن بۆ مامۆستا ئاواز دەخوازم.ڕووحی (شیرین خان)یش شاد و یادی بەخێر.

لەکاتێکدا هیوای زوو چاکبوونەوە بۆ مامۆستا و شاعیری گەورەمان ئەحمەد دڵزار دەخوازم، دەڵێم ئەم مرۆڤە شایانی ئەوەیە زیاتر و زیاتر ئاوڕی لێبدرێتەوە، قوتابخانە و هۆڵی ڕۆشنبیری بەناو بکرێت، پەیکەری لە شوێنی شایستەی سەنتەری شار بۆ دابنرێت. شەقامی لە هەولێر و کۆیە بەناو بکرێت. سەرلەنوێ تەواوی بیرەوەرییەکانی لە بەرگێکی شایستەدا بۆ چاپ بکرێتەوە.

دڵزار مرۆڤێکە زیاتر لە سێ چارەگە سەدەیە لە کاروانی ژیان، لە ڕەوتی تێکۆشان، لە نووسین و هۆنراوەدانان دانەبڕاوە.

هەولێر

٨/١٠/٢٠١٨

  • 1