ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

چەند ڕۆژێك لەمەوپێش “نادیە موراد” خەڵاتی نۆبڵی ئاشتیی وەرگرت، دوو ڕۆژ پێشتر کچێکی کورد ڕایگەیاند دەبێتە یەکەم پۆڕنستاری کورد. وه‌ك دەردەکەوێت ئەم دوو هەواڵە هیچ پەیوەندییەکیان پێکەوە نییە، بەڵام دەتوانین لەنێوانیاندا هێڵیکی شاراوەی لۆژیکی بدۆزینەوە. لە لایەکەوە، کچێک لە بە کەنیزەکبوون و بەکارهێنان وەک ئوبێکتی سێکسی، هەڵدێت، دەبێتە کەسێکی چالاک دژ بە بەکارهێنانی ژنان لە جەنگەکاندا و خەبات دەکات دژ بە چەوساندنەوەی سێکسی و بەکۆیلەکردن، دژ بە ئوبێکتیڤەیشنی ژنان بۆ حەزی جەنگاوەران. لەلایەکیتر، کچێک بە ویستی خۆی بڕیار دەدات ببێت بە ئوبێکتی سێکسی و بچێتە دونیای فیلم و سایتە پۆڕنۆگرافییەکانەوە. نادیە موراد خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی بەدەستدەهێنێت و سایە کەریمیش دەکەوێتە بەردەم هەڕەشە و سووکایەتی. نادیە تەنها خۆی ئازارەکانی خۆی بە کردەیی ئەزموون دەکات و سایەش دەیەوێت چێژەکانی لەگەڵ ئەوانیتردا بەش بکات. نادیە بەسەر قوربانیبوونی خۆیدا هەڵدەگەڕێتەوە و سایەش تەسلیم بە قوربانیبوونی خۆی دەبێت. لەپاڵ ئەم جیاوازییانەدا، دەبێت سەرنج لەوە بدەین ئەم دوو حاڵەتە لە یەک کولتوورەوە سەرچاوە دەگرن؛ ئەو کولتوورەی نادیە دەکات بە کەنیزەک هەمان ئەو کولتوورەیە کە هەڕەشە لە سایە دەکات، دەسەڵاتەکەیشی هەمان دەسەڵاتی نێرسالارانەیە. داوێنپاکی و پاکیزەیی (یان پاکژی) لەم کولتوورەدا یەکێکە لە خواستە دەروونی و کۆمەڵایەتییە هەرە بنەڕەتییەکان، “مەریەم” قاڵبی گشتیی مێینەکانە. بەڵام ئەمە خواستێکی زۆریش ڕاستگۆیانە نییە، چونکە بەشێکە لەو ڕیاکارییە گشتییەی کە هەموو پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان لەسەری وەستاوە. بۆیە ئەم خواستە بە تووندی بەر خواستێکی دیکەی دەروونی دەکەوێت کە ڕەنگە هەمان هێزی هەبێت، ئەویش خواستی “لەپاکیزەییخستن”ـە، غەریزەی داماڵینی پاکژی و ئەتککردن. دەڵێن لە پەستگای “بیس”ـی خواوەندی میسری کۆندا ژوورێکی تایبەت بۆ لەشفرۆشان هەبووە، بەم لەشفرۆشانە گووتراوە “سۆزانییەکانی پەرستگا”. لە بابلی کۆنیشدا هەر ژنێک بۆ یەکجار لە تەمەنیدا ناچار کراوە لە ژێرزەمینی پەرستگای میلیتای عەشتاردا دابنیشێت و خۆی پێشکەشی نەناسێک بکات. ئەم ڕیتواڵە سێکسیانە نموونەی غەریزەی لە پاکیزەییخستنن کە لەم سەردەمەدا بە فۆڕمی دیکە درێژەیان هەیە، کەنیزەک یەکێکە لەو فۆڕمانە. بە کەنیزەککردن واتە شێواندنی پاکژیی ئەویتر، دەستدرێژی و لاقەکردن بەبێ خواستی خۆی. لە کۆمەڵگەکانی ئێمەدا سێکسی خۆویستانە حەرامێکی گەورەیە، بەڵام لەپاڵ ئەم حەرامەدا تاسەیەکی بێسنوور بۆ لاقەکردن هەیە. ئەگەر لاقەکردن بە واتای ناچارکردنی ئەویتر بێت بۆ سێکسکردن بەبێ خواستی خۆی، ئەوا تەنانەت بەشێکی زۆری سێکسی ژن و مێردەکانیش دەچنە خانەی لاقەکردنەوە.

لێکدژییەکی دیکەی کولتوورەکەمان: نایەوێت بە ئاشکرا سۆزانی لە کۆمەڵگەدا هەبێت، بە هەموو جۆرێک سۆزانیخانە ڕەت دەکاتەوە، بەڵام نایشتوانێت تەواوی مێینەکانی کۆمەڵگەکەی وەکو سۆزانی نەبینێت، بەو مانایەی لە چاوی زۆربەی ئەندامەکانی ئەم کۆمەڵگەیەدا هەموو مێینەیەک بە هێزەکی سۆزانییە. هەر لەبەر ئەمەیشە تەحەروش و هەراسانکردن و دەستبۆبردن لە شوێنە گشتییەکاندا دیاردەیەکی زەقی کۆمەڵگەکانیشمانە. ئەم لێکدژییە نائاگاییانە بە تەواوی مانای پەیوەندیی جەستەیی و سێکسییان شێواندووە، لە پەیوەندییەکی مرۆیی ئەویندارانە و ئازادانەوە گۆڕیویانە بۆ مومارەسەیەکی پاتۆلۆژیک و دەسەڵاتخوازانە. کەنیزەک کە دەستکەوتی جەنگە، کۆیلە و خزمەتکارە، ئینجا ئامرازی چێژبەخشین و تێرکردنی هەوەسی جەنگاوەرانە، سۆزانی ئامرازی چێژبەخشین و تێرکردنی خواستی ئەوانەیە کە دەیکڕن. ستراکچەری دەروونی و کۆمەڵایەتی کۆمەڵگەکانی ئێمە بە جۆرێکە یەکەمین قبوڵ دەکات و دووەمیان ڕەت دەکاتەوە. لە کۆمەڵگە تەقلیدییەکانی وەک ئەوانەی ئێمەدا، کەنیزەک و سۆزانی لە پلەبەندیی بەهای کۆمەڵایەتیدا هەردووکیان لە پلەی نزمدان، بەڵام سۆزانی نزمترە و پێوانەی هەموو نزمییەکانیشە. ئازار و کۆیلایەتیی کەنیزەک خۆویستانە نییە، ئەو دەستکەوتی جەنگە، غەنیمەتێکی تایبەتە کە هەم دەفرۆشرێت و هەمیش دەشێت بۆ خزمەتی هەوەسی خاوەنەکەی و هاوڕێ جەنگاوەرەکانی بهێڵرێتەوە. سۆزانی بە ویستی خۆی لەشی دەفرۆشێت و “خاوەنی نییە”، بەڵکو دەڵاڵی هەیە. ئەم بێ خاوەنییەی (لە ڕووانگەی کۆمەڵگاوە) کردوویەتی بە نزمترین و سووکترین بوونەوەر، بەڵام پاڵنەری لەمە سەرەکیتری ڕق و کینەی زۆر بەرامبەر بە سۆزانی، ئەو پارادۆکسە بنچینەییەیە کە سۆزانی لە دەروونی تاکەکاندا دروستی دەکات. دەتوانین ئەم پارادۆکسە بنچینەییە ئاوا دابڕێژین: ویستن-ڕەتکردنەوە، نەک ویستن و ڕەتکردنەوە بە جودا، بەڵکو ویستن و ڕەتکردنەوە پێکەوە. نێرسالارەکان بە شاراوەیی ئەوە پەسەند دەکەن کە بە ڕووکەش بە تووندی ڕەتی دەکەنەوە. میا خەلیفە، پۆڕنستاری عەرەب، نموونەیەکی زەقە بۆ ڕوونکردنەوەی ئەم ئەرگومێنتە. ڕەنگە میا ناسراوترین کەسایەتی هەموو وڵاتانی عەرەب بێت، ئەم ناسراوییەیش دەلالەتی خۆی هەیە. نیوەی عەرەبەکان بە چاوی زەق و زەوقی وروژاوەوە تەماشای فیلمە پۆڕنۆکانی میا خەلیفە دەکەن، بەڵام هەر نیوەی عەرەبەکانیش بەردەوام هەڕەشەی کوشتن بۆ ئەم کچە دەنێرن، ئەمە وێڕای ئەو هەموو سوکایەتییەی تر کە پێیدەکرێت. لە تەواوی ئەم نکوڵییانەدا حەزێکی شاراوە و تاسەیەک بۆ سێکسکردن لەگەڵ ئەم کچەدا هەیە کە عەرەب وا هەست دەکەن شەرەفیانی لەکەدار کردووە. لە خۆپیشاندانەکانی بەغدادا (کە هەندێ نووسەر هەر زوو بە بزووتنەوەی پرۆلیتاریی لەقەڵەمیاندا) خۆپیشاندەران وێنەکانی میا خەلیفەیان بەرزکردبووەوە و لەسەر وێنەکان هەندێ دروشم دژ بە دەسەڵاتدارانی عێراق نووسرابوون، لەوانە: “میا خەلیفە لە سەرکردەکان بەشەرەفترە”، “میا سەنگینترە لە پەرلەمانی عێراقی” و شتی لەم بابەتە. لەم دروشمانەدا میا وەک پێوانەی سووکترین و ڕسواترین بەکاردێت بۆ پێوانەکردنی سەرکردەکان و پەرلەمان. ئەمە یەک مانای هەیە: سۆزانی نزمترین پێگەیە، بۆیە دەشێت ببێتە پێوانەی هەموو نزمییەکانی تر. بەم جۆرە ئەم ڕاپەڕینەی گوایە پرۆلیتارییە، هێشتا بە تووندی نێرسالارانە و دژە-دەرکراوەکانی کۆمەڵگەیە. میا دەرکراوێک و سەرکەوتکراوێکی کۆمەڵگەی عەرەبییە کە ئەندامەکانی بە تووندی تاسەی دەکەن، بەڵام تەنها وەک دەرکراوێک دەتوانێت بژی کە لە ڕێگەی هەڕەشە و بە دروشمکردنەوە دەگەڕێتەوە. هیچ شۆڕش و ڕاپەڕینێکیش ڕاستەقینە نییە ئەگەر هاوکات بەرگری نەبێت لە دەرکراو و سەرکەوتکراوەکان. تەنها بەرگرییش نا، بگرە دەبێت دەرکراوەکان و پەراوێزخراوەکان (لە جۆری هۆمۆکان و سۆزانییەکان و ژنان) وەک سوبێکتە هەمەجۆرەکانی ڕاپەڕین و شۆڕشەکان تیۆریزە بکرێن، تاوەکو بەشداربن لە گۆڕینی ئەو هەلومەرجەدا کە دەریکردوون.

Pablo Picasso, 1906-1907, The young ladies of Avignon

لەمڕۆی سیستەمی سەرمایەداریدا فۆڕمی کۆیلایەتی و سۆزانییش گۆڕانی بەسەرداهاتووە. کەنیزەک هەندێک لە مانا کلاسیکییەکەی خۆی هەر پاراستووە، چونکە زیاتر لەلایەن هێزە فەندەمێنتاڵە ئیسلامییەکانەوە بە مۆدێل و چەمکە دێرینەکانی خۆی بەرهەم دەهێنرێت، بەڵام گەر کەنیزەکبوون جۆرێک بێت لە کۆیلایەتی زۆرەملێ، ئەوا لەمڕۆدا کۆیلە نوێیە ئازادەکانیش بۆ ئەم کۆیلە کۆنانە زیادبوون، کۆیلەی سێکسی Sex Slave یەکێکە لەم فۆڕمە نوێیانە. سۆزانیبوونیش تاڕادەیەک لە کۆمەڵگە پەراوێزی و هەژارەکاندا بە شێوازە کۆنەکانی خۆی ماوەتەوە بەڵام شێوازە سەرەکییەکەی ئەمڕۆی ئەو فۆڕمە سادەیەی پێشتری تێپەڕاندووە. سۆزانی لەم سەردەمەی جیهانگیری و فەزای مەجازیدا چیتر چێژفرۆشی نێو خانە و ماڵە تاریکەکان نییە، بەڵکو کەوتۆتە نێو وێنە و پۆڕنۆگرافیاوە. سۆزانیبوون وەک ئیش و پەیداکردنی مەعیشەت، پەیوەندییەکی ڕاستەوانەی لەگەڵ ناعەدالەتی و هەژاریدا هەبووە، تاوەکو هەژاری زیاتر بووبێت و هەلی کار کەمتر بووبێتەوە (بە تایبەتی لە وەختی جەنگەکاندا) ئەوا شتێکی ئەوتۆ بۆ دابینکردنی داهات نەدەمایەوە جگە لە شتێکی هەرە کەسییانە کە ئەویش جەستە یان چێژی جەستەییە. ئەم کارە کە لە کۆمەڵگە داخراوەکاندا ئەگەری مەترسی و سووکایەتیی لەگەڵدا بووە، بەزۆری مومارەسەیەکی شاراوە بووە. هێشتایش ئەم دۆخە لە کۆمەڵگەکانی ئێمەدا هەیە و دژایەتییەکی تووند هەیە بۆ ئاشکرابوون و دانپێدانانی وەک کار. بەم جۆرە نهێنیبوون و شاراوەیی یەکێکی ترە لە خاسیەتەکانی کۆمەڵگەی ئێمە. ترسێکی زۆر لە ئاشکرایی و شەفافیەت هەیە و بەشێکی زۆری تاوانە قێزەونەکان لەژێر پەردەکەیدا مومارەسە دەکرێن. هاوکات حەزێکی زۆریش هەیە بۆ پەردەهەڵماڵین و ئابڕوبردنی ئەویتر. شاردنەوە و هاوکات گەڕان بەدوای سکانداڵدا ڕەگیان لە قووڵاییە دەروونییەکانماندا هەیە. لەگەڵ ئەمانەیشدا کۆمەڵگەی ئێمە دابڕاو نییە لە کاریگەرییەکانی سیستەمە جیهانییەکەی ئەمڕۆ کە جیهانی شاشە و بینین و پیشاندانە. شاراوەیی لە کۆمەڵگەی ئێمەدا بواری پانتایی تایبەت نەبووە بۆ مومارەسە کەسییە ئازادانەکان، بەڵکو ترس بووە لە ئاشکرابوونی شکاندنی حەرامەکان، بەڵام دەرخستن و ئاشکراییش لە سیستەمی ئەمڕۆدا دەربەستیی نییە بەرامبەر فەزای گشتی و غەمە هاوبەشەکان، پتر بردنی هەموو مومارەسە کەسییەکانە بۆ نێو بواری گشتی و پیشاندانییەتی لەسەر شاشەکان. لەمڕۆدا بەهۆی فەزای دیجیتاڵی و مەجازییەوە، هەموو شتێک دەشێت بچێتە بواری بینینەوە، مرۆڤی ئەمڕۆ حەزێکی زۆری بۆ ئەوە هەیە ببینرێت، بۆیە جارێکیان دێریدا گووتی: “سوبێکت تەنها نابینێت، بەڵکو بینراویشە”. ئەم تاسەیە بۆ بینین و بینران بە مانای وشە پۆڕنۆگرافیایە. دەیشتوانین لە ڕووی تیۆرییەوە ڕیسکی ئەوە بکەین بڵێین لەمڕۆدا فەزای مەجازی جێگای فەزای گشتیی گرتۆتەوە.

لەم هەلومەرجەدا مانای سۆزانیش، وەک هەموو شتەکانی دیکە، وەک خۆی نەماوەتەوە. سۆزانی وێرای ئەوەی پەیوەندییەکەی بە کار و بژێوییەوە نەپچڕاوە، بەڵام تێکەڵ بە لۆژیکی کۆمپانیا و سایتە پۆڕنۆکان بووە. ئەو ناوبانگ و پارەیەی ئەستێرەکان دەستیان دەکەوێت، زۆر زیاترە لەوەی لەشفرۆشەکانی پێشتر لە سۆزانیخانە ئاساییەکاندا دەستیان دەکەوت، چونکە ئێستا سۆزانی تەنها لەشی خۆی نافرۆشێت بەڵکو وێنە دەفرۆشێت. شتێک هاتۆتە نێوان لەشفرۆش و لەشکڕەوە کە هەردووکیانی تێپەڕاندووە، ئەویش کۆمپانیاکان و سایتەکانە، یان بە گشتی “وێنە”یە. بەشێک لە سەرمایەدار و دەوڵەمەندەکان پارەی ئێجگار زۆر تەرخان دەکەن بۆ مومارەسەکردنی سێکس لەگەڵ پۆرنستارەکاندا بە مەرجی هەڵگرتنەوەی ڤیدیۆ و وێنە و زۆربەیشیان دواتر لە سایتەکانەوە بڵاودەکرێنەوە. جگە لەمەیش، لەمڕۆدا بردنی مومارەسە تایبەتی و کەسییەکان بۆ نێو فەزا گشتییەکە کە فەزای مەجازییە، ویستێکی سەرەکیی مرۆڤەکانە. هەربۆیە بڵاوکردنەوەی وێنە ڕووت و سێکسییەکان تەنها هی سۆزانییەکان نییە، بەڵکو لەلایەن بەشێک لە خەڵکە ئاساییەکانیشەوە کارێکی خوازراو و چێژبەخشە.

کۆمپانیا و سۆزانیی لەم جۆرە (وەک سایە کەریم دەڵێت: بەشێوەی پڕۆفیشناڵ) هێشتا لە کۆمەڵگەی ئێمەدا نییە، بگرە لە کوردستاندا هێشتا، بە ئاشکرا، سۆزانیخانەیەک بە شێوازە مۆدێرنەکەی و بە پشکنینی پزیشکی بوونی نییە، بەڵام لەژێرەوە سێکسی بەر شاشە و هەڵگرتنەوەی ڤیدیۆ و بڵاوکردنەوەی هەندێکیان، ژیانی کۆمەڵایەتیی تێکداوە و جێگیریی حەرامەکانی هەڵتەکاندووە، بۆیە شڵەژانێکی تەواوی لە دەروونی تاکەکانیشدا دروست کردووە، هەندێجاریش شكاندنی تابۆ زۆر ڕەقەکان و دەستدرێژیی خێزانیش ڕوودەدات کە هەستکردن بە تاوان و داڕووخانی کەسایەتیی بەدوادا دێت. دەسەڵاتی کوردی کە لە هەموو گۆشەیەکەوە بەشدارە لە تۆخکردنەوەی هەستی خێڵایەتی و سەلەفییەتدا، ئەم مومارەسە شاراوانەی شاشەکان وەک چەکێکی کۆمەڵایەتی بەکاردەهێنێت بۆ بێدەنکگردنی گەنجان لە کاتی خۆپیشاندانەکاندا، یان بۆ شکاندنی نەیارەکانی. لەلایەکیتریشەوە، بەهۆی نەبوونی پانتایی ئازاد بۆ بەستنی پەیوەندیی لەنێوان هەردوو ڕەگەزەکەدا، سێکسی بەر شاشە، بە نهێنیی بۆتە مومارەسەیەکی ڕۆژانەی کچان و کوڕان، بەهۆی کولتوورە پیاوسالارییەکەیشەوە هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی وێنەکان حاڵەتی دڵتەزێنی خۆکوشتن و خۆسوتاندنی لێدەکەوێتەوە. ئەم دۆخە هەرە شێواو و ئاڵۆز و نائاساییانە، کە ئیمکانێکی ئەوتۆیان بۆ عەشق و پەیوەندیی دوولایەنە و هاوسەنگ و ئازادانە نەهێشتۆتەوە، هەموو وزەکانی دیکەی داهێنان و خوێندنەوە و بیرکردنەوە و خەباتیان هەڵمژیووە کە بەشێوەی شپرزەیی و شڵەژان، یان بەشێوەی پاسیفیزم و خەمۆکی، هەندێجاریش بەفۆڕمی سینیزم و گاڵتەجاڕی دەری دەدەنەوە. دواجار ئەم شلۆقییە خۆی بەرهەمی بەیەکدادانی کولتوورێکی داخراوی چەقبەستووی خێڵەکییە لەگەڵ شەپۆلە تەکنۆلۆژییەکەی مۆدێرنەدا. ئەم شەپۆلە بە ئاسانی کۆنترۆڵ ناکرێت، بەڵام بەهۆی باڵادەستیی کولتوورە خڵەکییەکەوە ڕێڕەویی سروشتیی خۆیشی وەرناگرێت، هەر لەبەرئەمە تەنها شڵەژان و شپرزەیی لێدەکەوێتەوە. بەڵام هەردووکیان لە یەک خاڵدا بەیەک دەگەنەوە: لەعەشقداماڵین. ئەگەرچی عەشق بە تەواوی لە پەیوەندییەکانی دەسەڵات دابڕاو نییە، بەڵام هێشتا بۆ کۆمەڵگەی ئێمە ڕادیکاڵ دەکەوێتەوە، لایەنیکەم لەوێدا کە داهێنانی پەیوەندییەکی جوانتر و هاوسەنگتر بێت دژ بەم جۆرە پەیوەندییانە، عەشق لە یەک کاتدا هەم دژ بە کەنیزەکبوون و هەمیش دژ بە سۆزانیبوونە.

  • 1