ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

پێشەکى ئەمەوێ واتاى (شێرپەنجە) کە لە بریتى ـ سەرەتان ـ بەکاردەهێنرێ ڕاست بکەمەوە بە هەڵەى دابنێم. چونکە لە کوردەوارى دا ئەم نەخۆشیە کوشندەیە پێى وتراوە ـ تیراوێ ـ کە لە ئەسڵدا تیر هاوێژە. چونکە برینەکە لەهەر کوێیەکى بەدەنى مرۆڤ دا سەرى هەڵدابێ بەهەر چوار دەورى خۆى دا تەنیوەتەوە ـ تیرى هاویشتوە و چارەسەرى نەبوە.

سەبارەت بە مەبەستى سەرەکى ئەم نوسینە واتە پیتاک بۆ ئەو نەخۆشخانەیە کە توشى ـ تیراوێ ـ هاتون ئەڵێم: ـ هەرچەندە بەشدارىکردنى هاووڵاتیان لەهەر کارێکى کۆمەڵایەتى مرۆڤانەدا دیاردەیەکى باشە. بەڵام لەلایەکەوە ئەو دەرزی و دەرمانانەى بۆ ئەم نەخۆشیە بەکاردێت زۆر گرانە بەهایە هەرگیز بەو پیتاکە, بەو سواڵ کردنە دابین ناکرێ. لەلایەکى ترەوە کەس نازانێ سەروبەرى ئەو پیتاکە کامەیەو چەندە و سەرچاوەکانى کامەیە و چۆن بەکارئەهێنرێ و کێ لێى بەرپرسە ؟ بۆچى مانگانە کۆى ئەو پیتاکە لە تەلەفزێونەکانەوە ڕانەگەیەنرێ چەندە و چۆن خەرج ئەکرێ...؟!!

لەلایەکى تریشەوە هەروەک لایەنە دەسەڵاتدارەکان لەکاتى پێویست دا پەردە لەسەر دەسکەوت و داهات و پاشەکەوتى یەکترى هەڵئەماڵن. دەرئەکەوێ کە هي هەریەکەیان بە ملیارەها دۆلار حساب ئەکرێ و ئەبرێتە دەرەوەى وڵات!! پرسیارەکە لەوەدایە ئەى ئەم کاربەدەستانە کە شەڕیانە لەسەر دەسەڵات و داهات و دەسکەوت. بۆچى ئاوڕێک لەو نەخۆش و نەخۆشخانەیە نادەنەوە؟ .. لەلایەکى تریشەوە ئەمانە کە خۆیان دەسەڵات بە دەستن و داهاتى ئەم هەرێمە لە ژێر دەستیان دایە بۆچى بڕە پارەیەکى ئەوتۆ بۆ ئەو نەخۆشخانەیە لە بودجەى حکومەت دا دابین ناکەن؟!!

بەمەرجێک ئەم نەخۆشیە (تیراوێ) ساڵ بە ساڵ لە زیاد بوون دایە.

       ئەمە لە کاتیکدا وەکو باس ئەکرێ بازرگانى دەرمان کە داهاتێکى بێ سنورى هەیە لە ژێر دەستى چەند کەڵە بەرپرسێکى حزبە حوکم بەدەستەکانى هەرێم دایە و ئەمڕۆ لە هەمو بابەتێکى تر بازارى گەرمترە!!

         بەهەر حاڵ لە کاتێکدا بۆ ئەم جۆرە ئەرکە کۆمەڵایەتیە پەنا بۆ سواڵ کردن ئەبرێ کە حکومەتەکە نابوت بوبێ و حزبە کاربەدەستەکان کەوتبنە سواڵ کردن, بەڵام ئەوان هەمویان ملیاردێرن!!

سەیرو سەمەرە لەوە دایە کە تەلەفزیونى (ئێن ئاڕ تی NRT) ئەم مەسەلەیەى بۆ مەبەستى تایبەتى وروژاندوە و یەک لەسەر یەک بڵاوى ئەکاتەوە:

١ـ بو تیروتوانج گرتن لە هەردو حزبە دەسەڵاتدارەکە و شکاندنیان لەبەر چاوى جەماوەر.

٢ـ بۆ پڕوپاگەندە و ڕاکێشانى کۆمەڵانى خەڵک بەلاى خۆيدا ـ گوایە ئەم لەسەریان هەڵئەداتێ و داکۆکیان لێ ئەکات بەڵام مەبەستى سەرەکى خاوەنى NRT))  هەڵخەڵەتاندنى خەڵکى ساویلکەیە کە دەنگى بۆ بدەن.

 

 

                                               

  • 1