ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

لە یەکێك لە چیڕۆکە باوەکانی تایبەت بەحەقیقەتدا ناوەڕۆکێك هەیە کە سادەیە تێگەیشتن لێ ی،بەڵام تابڵێ ی بەئازارە، لەم چیڕۆکەدا: پیاوێکی ئاینی، پارێزەرێك، زانایەکی فیزیا هەر سێکیان بڕیاری لە سێدارەدانیان بۆ دەردەچێ. ئامێری سەرپەڕاندنەکە بریتیە لە چەقۆیەکی پان و قورس کە لەسەرەوە بە گوریسێک بەستراوە، لە خوارەوەش کەسی حوکم دراو ملی ئەخرێتە ئەو کەلێنەی کە چەقۆکەی سەرەوە وەکو چەکمەجە بە هەموو قورسایی خۆی لە کاتی بەردانی گوریسەکە بە خێرایی وهێز دێ بۆخوارەوەو ملی ئەو کەسە دەپەڕێنێ.

جەلادەکە لە پیاوە ئاینیەکە دەپرسێ دووا وتەت چیە؟ ئەویش دەڵێت "خودا، خودا، خودا" کە جەلاد گوریسەکە بەردەدات چەقۆکە پێش ئەوەی بە ملی پیاوەکە بگات دەوەستێت، ئاپورەی جەماوەرو کاربەدەستان کە لە دەوری مەیدانەکە کۆببونەوە هەموو وتیان:-

با ئازاد بێ خوا قسەی خۆی کرد. کە سەرەی پارێزەرەکە هات بەهەمان شێوە جەلاد پرسی دوا وتەت چیە؟ ئەویش هاواری کرد: "عەدالەت، عەدالەت، عەدالەت" جەلاد گوریسەکەی بەردا، دیسان چەقۆکە تا نیوە هات و نەگەیشت! دووبارە حەشاماتەکەو کاربەدەستان ووتیان عەدالەت قسەی خۆی کرد، دەبێ ئازاد بکرێت، پارێزەرەکەش ئازادکرا. کەسەرەی زاناکەی فیزیا هات، جەلاد ڕووی تێکردو پرسی دوا ووتەت؟ ئەویش ووتی: من وەکو کابرا ئاینیەکە خوداناس نیم، وەکو پارێزەرەکەش عەدالەتناس نیم. بەڵام، دڵنیام گوریسی ئەو ئامێرە گرێیەکی لەسەرەوە بۆ دروست بووە بۆیە ناهێڵێ چەقۆکە بە تەواوەتی بگاتە خوارەوە! جەلادو جەماوەر لەسەر ئەم قسەیە سەیری سەرەوەی ئامێرەکەیان کردو بینیان ڕاستەو گرێیەك دروست بووەو ناهێڵێ چەقۆکە بە تەواوەتی بگاتە خوارەوە. گرێیەکەیان چاك کردەوەو لەگەڵ بەردانی گوریسەکە لە چرکەیەکدا ملی زانای فیزیای پەڕاند .

دڵنیام بەشی زۆری خوێنەران ئەنجامێك کە پێی دەگەن ئەوەیە:- مەرج نیە زانینی حەقیقەت بەس بێ بۆ درکاندنی، بۆ نموونە ئەویش دەیتوانی دەمی خۆی بگرێت و دەیتوانی ووشەیەکی ئاسایی سێ جار دوبارەکاتەوەو ڕزگاری بێت. ئەم عیبرەتە لەم چیڕۆکە ئەوەندە بە هێزە کە وای کردووە وانەیتری گرنگی ئەم چیڕۆکە پەراوێز بکرێت، بە تایبەتی ڕۆڵ و هەڵوێستی ئەوجەماوەرەی کە لە گۆڕەپانی مل پەڕاندنەکە کۆبوونەتەوە. 

ئەوان هیچ لۆژیکێکی زانست لایان ئامادە نیە، بۆیەش وەستانی ئامێرەکە لە کەسی یەکەم و دووەم دەبەسترێتەوە بە ئیرادەیەکی ئەفسانەیی فریاکەوتنی خودا و عەدالەت. لە جاری سێیەم کە زاناکە حەقیقەتی ئیش نەکردنی ئامێرەکە بۆ حەشاماتەکە ئاشکرا دەکات و ئامێرەکە دەست بە ئیش دەکات، ئەوان هیچ گۆڕانێکیان بەسەر نایەت! تەنانەت نابن بە نیوە بە نیوەش بۆ داوای ئازاد کردنی زاناکە. بە پێچەوانەوە ئەوان بە خوێن ساردی و بێ دەنگیەکی فاشیستانە دڵنیابوون لە ئیش کردنی ئامێرەکە بە ملی کەسێك تاقیان کردەوە کە فێری حەقیقەتێکی کردن. 

جەماوەر،هەڵگری زۆر بارودۆخی تایبەتە، هێزێکی یەکلاکەرەوەیە کاتێ بەرەو یەك خاڵی دیاریکراو ئاراستەو کۆنتڕۆڵ دەکرێت. ئەم هێزە کۆمەڵایتیە پان و بەرینە لەیەك کاتدا دەتوانێ هێزێکی وێرانکەر بێت یان هێزێکی بنیاتنەر بێت، ئەم دوو ئیحتیمالە دژ بە یەکە پەیوەستە بەوەی چەندە ئەفسانە چەندە حەقیقەت لە نێویدا جێگیرە.

ئەو کەسانەشی کە دەیانەوێ حەقیقەت بچێنن نابێ هەڵیگرن بۆ کاتی لە سێدارەن کە تەنیا هەڵبژاردنی مردن لەبەردەمە، چونکە ئەو دەمە جەلاد و جەماوەر بۆ بینینی مردن هاتوون، نەک شاد بوون بە حەقیقەت !

 

  • 1