ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

لە سەردەمی نازیزمی هیتلەردا (هانا ئارنێت) لە وتارێکیدا بێزاریی خۆی بەرامبەر وشەی "پەنابەر" دەردەبڕێت، دەڵێت ئێمە خۆمان ناودەنێین "کۆچبەران"، ئەو پێی وایە "پەنابەر" ئەو کەسەیە کە لەسەر بیروڕای سیاسی بەشوێن پەناگەیەکدا دەگەڕێت، لە درێژەی وتارەکەیدا دەڵێت پێش هەڵگیرسانی جەنگیش ئێمە بەناوهێنانی پەنابەر زۆر هەستیار بووین، چونکە لەبەر کێشەی یەهود کۆچمان نەکردبوو، بەڵکو ئێمەی کۆچبەران لەبەرئەوە وڵاتەکەمان بەجێهێشت چونکە چیتر گونجاو نەبوو تیایدا بژین.. دەمانەوێت سەلەنوێ ژیانمان بونیاد بنێینەوە. بەپێی پێناسە "یاسایی" و نێودەوڵەتییەکان (پەیماننامەی جنێف)؛ کۆچبەر ئەو کەسەیە کە بەبێ ئەوەی لە وڵاتی خۆیدا ڕووبەڕووی هیچ هەڕەشە و مەترسییەک بووبێتەوە بەویستی خۆی کۆچ بۆ وڵاتێکی تر دەکات. بەڵام پەنابەر بەهۆکاری عیرقی و ئایینی و ڕەگەزی و جەنگەوە ناچار دەبێت لە وڵاتی خۆی هەڵبێت. 

ئایا ئەوانەی لە دەسەڵاتی کوردی هەڵدێن پەنابەرن یان کۆچبەر؟ بەپێی ئەم پێشەکییەی سەرەوە دەگەین بەو دەرەنجامەی کە هەڵهاتووەکانی ئێمە لە هەردوو جۆرەکەن، چونکە کۆچبەر ئەو کەسەیە کە بۆ باشترکردنی دۆخی ئابووری و دابینکردنی بژێوی ژیان ڕوودەکاتە ئەو وڵاتانەی هەلی کاریان بۆ دەرەخسێنێت. بەڵام ئەوانی بەهۆی دۆخی جەنگ و مەترسی و هەڕشەوە پەنا دەبەنە بەر بەهەشتی ئەوروپی پێیان دەوترێت پەنابەر. دەکرێت بڵێین کۆچبەر و پەنابەر دوانەیەکی دانەبڕاون، ئەوە جەنگ و قەیرانەکانی ڕۆژهەڵاتە کە کێشەی ئابووری دەخوڵقێنێت و خەڵکی ڕوودەکەنە ڕۆژئاوا بۆ "ژیانێکی باشتر".

پرسێکی تر کە شایەنی تێڕامانە بریتییە لە هەبوونی ئەو سنورە کوشندەی لە نێوان "دۆزەخی ڕۆژهەڵات" و "بەهەشتی ڕۆژئاوا"دا هەیە. دەریایەك کە تەنها سنوری نێوان دوو کیشوەر نییە بەڵکو سنوری نێوان دوو شارستانییەتە. سنووری نێوان جیهانی سێهەم و جیهانی پێشکەوتوو، نێوان پاشکۆ و سەنتەر، نێوان ئیسلام و مەسیح، نێوان ئەرتەدۆکس و کاسۆلیک، نێوان سەر ڕەش و سەر سوور، ...هتد. بۆچی ئینسانی ئێمە سەرکێشی بە ژیانی خۆیەوە دەکات، ئیحتیمالی مەرگ و ژیان لەسەر دەریا یەکسانە بە یەك، بۆچی پێی وایە بەگەیشتنی بە کەناری ئارام ئیتر لە هەموو دەردەسەرییەکانی نەجاتی دەبێت. مەسەلەی کۆچبەران و پەنابەران مێژوویەکی درێژی هەیە. بەپێی قۆناغە مێژووییەکانیش تەفسیری ئەم پرسە دەگۆڕێت. 

لێرەدا زۆر باسی پرسی نیولیبراڵیزم و نیوئیمپریالیزم ناکەین، بەڵام بەهۆی جیهانگیری و پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا و سۆشیال میدیاوە، چیتر ئەوە شاراوە نییە کە دەسەڵاتدارانی جیهانی سێهەم چۆن لەپێناو مانەوەی خۆیان و ڕژێمەکانیاندا بوونەتە دەڵاڵی وڵاتانی سەنتەر و باج و سەرانەیان پێدەدەن. لە ناوچەکانی ژێرهەژموونی بەریتانیا و ئەمریکاوە بیگرە تاکو دەگاتە موستەعمیرەکانی فەرەنسا و ئەڵمانیا. سەد ساڵ پێش ئێستا لینین وتی "لە سەدەی بیست و یەکدا چیتر قسەکە لەسەر دووبارە دابشکردنەوەی موستەعمیرەکانە، چونکە پێشتر سەرجەم خاکەکان لەنێوان زلهێزەکاندا دابەشکراوە". ئایا ئەگەر لێرە دۆزەخێك نەبێت چۆن ئەوێ ناوبنرێت بەهەشت؟ ئایا ئەگەر لە شام و عێراق دەروازە و پەنجەرەیەك بۆ تیرۆر و جیهادییەکان نەکرێتەوە، ئەوروپا دەبێتە زەلکاو یان موسڵ و حەلەب؟ ئایا ئەگەر سامانی خۆماڵی بەهەدەر نەدرێت و ئۆلیگارشییەکان وەك سەرانە نەیدەن بە ئەوروپی و ئەمریکییەکان شتەکە پێچەوانە نابێتەوە (کۆچی پێجەوانە)؟ یان غروری ئینسانی باڵا ڕێگە بەخۆی نادات ببێتە پاشکۆ و هەمیشە خۆی وەک سەروەر پیشان دەدات (له‌ فيلمه‌كانى هۆليۆددا؛ "كاوبۆى" وه‌ك ڕه‌مزى خێر و، هيندييه‌كه‌ش وه‌ك ڕه‌مزى شه‌ڕ، پێشكه‌ش ده‌كران). هەر یەک لەو پرسیارانە دەیان وەڵامیان لە هەناوی خۆیاندا هەڵگرتوو.

ئینسانی ئێمە لەبری ئەوەی لەم دەسەڵاتە هەڵبێت، پێویستە پۆتێنشاڵی دەستەجەمعی وەگەڕبخات و بزووتنەوەی زۆرینە بخاتە جێگەی کەمینەی بێباک لە بەهەدەرچوونی سامانی مرۆیی و سرووشتی، و لەم خاکە وەدەریان بنێن.

  • 1