ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

ئەوەی ڕووداوی کوشتن و پارچەپارچەکردنی جەستەی جەمال قاشوقچی کردۆتە پرسێکی نێودەوڵەتیی و جیهانیی، نە کەسایەتیی خۆیەتی وەکوو ڕۆژنامەوانێکی پڕۆفێشناڵ و ڕاوێژکارێکی پێشووی دەزگای هەواڵگریی سعودیی و نە وەکوو باس‌دەکرێ بەدەنگەوەهاتن و بەدواداچوونی سیستەمی سەردەستی جیهانییە بۆ پرسەکانی پەیوەست بە مافەکانی مرۆڤ، بەڵکوو شەڕی دەستەڵات و هێژمۆنیی دوو بۆچوونی ناکۆکی جیهانی موسوڵمانیی سوننەیە کە لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوو دا بەرژەوەندییەکانیان بەر یەک‌کەوتووە و لەم دواییانە دا تا ئاستی تەقینەوە و تێکچوونی یەکجارەکیش چووە .

ئەردۆغان و حزبەکەی وەکوو دەمڕاست و نوێنەری جەمسەری ئیسلامی-ئیخوانیی، لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوو دا بەردەوام لە هەوڵی ئەوە دابوون بزووتنەوە هاوئاوازەکانی خۆیان لە دونیای ئیسلام بە گشتیی و وڵاتەعەرەبییەکان بە تایبەتی، بخەنە ناو بەرەی خۆیان و لە ژێر خێوەتیی خۆیاندا سەرۆکایەتییان بکەن و ئەمەش دەگەڵ بەرژەوەندییە جیهانیی و ناوچەییەکانی پاشایەتیی سعودیی وەکوو نوێنەری سەرەکیی ئیسلامی-وەهابی و موحافزەکار، یەکتری نەدەگرتەوە.

ناکۆکییەکانی ئەو دوو جەمسەرە لە یەکەم ڕۆژەکانی هاتنەسەرکاری محەمەد مورسی لە میسر دەستی پێکرد کە تێیدا تورکیا زۆر بە ڕاشکاویی پشتی ئیخوانییەکانی ئەو وڵاتەی گرت و گوێی بۆ داواکاری و خواست و بەرژەوەندییەکانی پاشایەتیی سعودیی نەدا و ئەمەش تا ڕادەیەک پەیوەندییەکانی هەردوو وڵاتی دوچاری لێکترازان کرد. نیزیک ساڵێک دواتر، سەرکەوتنی کودەتاسەربازییەکەی ژەنڕاڵ سیسی و لە ئەنجام دا گرتن و ڕاوەدوونانی مورسی و لایەنگرەکانی، سیاسەت و نفوزی تورکیای لە باکووری ئەفریقا دوچاری نوشوستی کرد .

ئەو لێک‌دووربوونەوە و لێک‌عاجزبوونانە، کاتێک زیاتر تەشەنەیان کرد کە شای سعودیی مرد و دەستەڵاتی سیاسی لەم وڵاتە جێگۆڕکێی پێکرا و محمد بن سەلمان وەکوو جێنشینی شا، هەموو جومگە ئابووری و سیاسی و ئەمنی و سەربازییەکانی بە دەستەوە گرت . تا پێش مردنی ئەو، تورکیا و سعودیی لە هەندێک شوێنان وەکوو سووریا تا ڕادەیەک هاوکاریی یەکتریان دەکرد بەڵام بەهۆی ڕەچاوکردنی سیاسەتێکی نوێ و جیاواز لە جاران لە لایەن سەلمان و کوڕەکەی، گۆڕانکاریی بە سەر پەیوەندییەکانیان داهات . 

ئەم پێشکەوتنانە، میسر و ئیمارات و سعودیی بە ڕەسمی خستە بەرەی دژی ئیخوانیزم کە پێکهاتبوو لە تورکیا و قەتەر و.. . بارگرژیی نێوان ئەو دوو جەمسەرە دەگەڵ ئاڵۆزییەکانی سوریا و هەروەها گەمارۆکانی سعودیی و هاوپەیمانەکانی بۆ سەر قەتەر گەیشتە لوتکە چوونکە لە پڕۆسەی بایکۆتکردنی قەتەر دا تورکیا بە ئاشکرا پشتگیری قەتەری کرد. لەولاشەوە لە هەر دوو وڵاتی عێڕاق و سوریا، داعش وەکوو گەورەترین دوژمنی ئایدیۆلۆژی سعودییەکان پەرەی بە دەستەڵاتی خۆی دەدا و تورکیاش زۆر بە وردی و بە زانابوون چاوپۆشی لە سەرکەوتنەکانی داعش لە هەردوو سنووری نێوان عێڕاق-تورکیا و سوریا – تورکیا دەکرد .

سەرکەوتنە یەک لە دوای یەکەکانی داعش لە عێڕاق و سوریا و سیاسەتی تورکیا لەم بارەوە، دەرباری سعودیی گەیاندە ئەو قەناعەتە کە سەرەڕای ناکۆکیی ئایدۆلۆژیک و سیاسیی دەگەڵ هەردوو دەستەڵاتیی ناوەندی دیمەشق و بەغدا، بە دوای ئاڵتەرناتیفێکی جودا و سێهەم دا بگەڕێ و بۆ جێبەجێکردنی ئەو سیاسەتەشیان پێویستییان بە پێکهێنانی هاوپەیمانییەکی ناوچەیی و تەنانەت جیهانیش هەبوو لە دژی داعش .

پاشایەتیی سعودیی بۆ بە جێگەیاندنی ئەم کارە، ویستی بە بەردێک دوو چۆلەکە بکوژێ واتە ڕێکارێک بگرێتە بەر کە هەم داعش وەکوو دوژمنێکی سەرەکی خۆی لاواز بکات و لەم ڕێگایەوە پێش بە بەرەوپێشچوونی سیاسەتی هەرێمایەتیی تورکیا لە سوریا و عێڕاق بگرێت و هەم ئەگەر بۆی بکرێت لە ڕێگای پشتیوانیکردن لە بەرهەڵستکارانی سووری دوور لە تورکیا،ڕژێمی بەشار ئەسەد وەها لاواز بکات کە ئیدی مەجالی هەستانەوەی دووبارەی نەبێت و بەمجۆرە هێژمونی ئێران بخاتە مەترسییەوە . هەربۆیە بە هەموو جۆرە ئیمکاناتێکی مادیی و دارایی و سەربازیی و لۆجەستیکیی و تەبلیغاتییەوە کەوتە ناو ئەو هاوپەیمانێتییە نێودەوڵەتییەی کە لە دژی داعش لە سوریا و عێراق پێکهاتبوو و بە هاوکاریکردنی ئەوان زەبری گورچکبڕ لە پێکهاتە و سەرچاوەئابوورییەکانی داعش وەشێنرا . 

لێدانی داعش لە لایەن هاوپەیمانانەوە، بەر لە هەر پێکهاتە و ڕێکخراوێک بە قازانجی کوردەکان شکایەوە و ئەوان توانیان بە پشتیوانی هاوپەیمانان داعش لە زۆربەی هەرە زۆری ناوچە کوردی و تەنانەت ناکوردییەکانیش دەربکەن . 

هێزگرتنی کوردەکان بە تایبەت لە سوریا، تورکیای نیگەران کردووە و بە پێچەوانەوە سعودی و هاوئاوازەکانی خەریکن دۆخەکە بە قازانجی خۆیان دەقۆزنەوە . لە لایەکی ترەوە هەرەسهێنانی پڕۆژەی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان کە لە لایەن نیزیکترین دۆست و هاوپەیمانی ئەردۆغان واتە بارزانییەوە سەرپەرشتی دەکرا، ئاکامی پێچەوانەی لێکەوتەوە و کەرکوک و بەشێکی بەرچاو و گرینگ لە ناوچەکانی ژێر دەستەڵاتی کوردەکان کەوتەوە بن کۆنتڕۆڵی هێزەکانی نیزیک لە ئێران و ئەم ڕووداوە تورکیای خستە ناو قەیرانێکی سیاسی بە جۆرێک کە ناچار بوو بۆ بە دەستهێنانەوەی نفوز و مەشروعیەتیی خۆی پەنا بۆ ڕووسیا بەرێ و بە هاوکاری و چاوپۆشینی ئەوان توانی شاری عەفرین داگیربکات و تەسلیمی نیزیکەکانی خۆی بکات .

کودەتا سەربازییەکەی هاوینی ٢٠١٥ لە دژی ئەردۆغان و هەڵوێستی سارد و درەنگوەختی شانشینی سعودیی لە مەحکومکردنی دا، درزی نێوان دوو وڵاتی زیاتر لە پێشوو گەورەکردەوە و کەشێکی بێ‌متمانەیی باڵی بە سەر پەیوەندییەکانی هەر دوو لا دا کێشا .

لەم بارودۆخە سارد و سڕە دا، ڕۆژنامەنووسێکی ناڕازی بەڕەچەڵەک تورکی هاووڵاتی سعودیی و کۆنە هاوڕێ و هاوکاری دەستەڵاتدارانی پێشووتری ئەم وڵاتە،لە ناو خانووبەرەی کۆنسوڵخانەی سعودیی لە ئیستانبوڵ بێسەروشوێن کرا . جەمال قاشوقچی لە سەردەمی دەستەڵاتدارێتیی عەبدوڵڵا کوڕی عەزیز دا یەکێك بوو لە نیزیکترین کەسەکان لە پاشای سعودیی و هەروەها لە تورکی و سعود فەیسەڵ و جێگای متمانەی ئەوان بوو .

قاشوقچی لەوان سەردەمان دا لە نوسینەکانی دا جاربەجار نقورچێکیشی لە ئەردۆغان دەدا و ڕەخنەی لێدەگرت . دوو ڕوداو لە وەرسووڕانەوەی قاشوقچی دا دژ بە محەمەد بن سەلمان، ڕۆڵیان هەبوو کە بریتی بوون لە کودەتا سەربازییەکەی میسر و دواتر مردنی عەبدوڵڵا پاشای سعودیی .

دوای لەبەر یەکترازان و دوشەقەبوونی بەرەی سوننییەکان لە ناوچەکە، جەمال قاشوقچی کە وردەوردە لایەنگران و پشتیوانەکانی خۆی لە سیستەمی دەستەڵاتدارێتیی سعودیی دا لاواز دەدی، سەنگەرەکەی گۆڕی و کەوتە بەرەی تورکیا و قەتەر ( ئیخوانییەکان) و ڕێگای دژایەتیکردنی کاربەدەستانی سعودیی و بەتایبەت محەمەد بن سەلمانی گرتە بەر . 

لە میانەی ئەنجامدانی ڕیفڕاندۆمەکەی باشوری کوردستان، جەمال قاشوقچی بە توندی دژی سەربەخۆیی و ڕاگەیاندنی وڵاتێکی کوردیی ڕاوەستا و لە نووسینەکانی‌دا هەڵوێستی نیشاندا . هەروەها لە ڕۆژەچارەنووس‌سازەکانی هێرشی تورکیا بۆ سەر هەرێمیی عەفرین کە زۆربەی مرۆڤایەتیی پێشکەوتنخواز لە دژی هێرشە نابەرامبەر و نامرۆڤانەکەی تورکیا هەڵوێستییان هەبوو، قاشوقچی پشتگیری لە هێرشەکانی تورکیا کرد و داگیرکارییەکەی بە ڕەوا زانی . 

هاوکات دەگەڵ بڵاوبوونەوەی هەواڵی هاوکاریی سەربازیی و دارایی دەوڵەتی سعودیی بۆ کوردەکانی ڕۆژئاوای کوردستان، ناوبراو بە توندی دژی ئەو هەڵوێستەی محمەد بن سەلمان وەستایەوە و لاگیری لە سیاسەتی دوژمنکارانەی ئەردۆغان کرد بەرامبەر بە دەستەڵاتیی خۆجێیی ڕۆژئاوای کوردستان . 

دەستبەسەرکردنی وەلیدبن تەلال یەک لە پشتیوانە سەرەکییەکانی قاشوقچی لە باری ماڵییەوە، لە لایەن ڕیازەوە، قاشوقچی خستە تەنگاوییەکی لە ڕادەبەدەر بە جۆرێک کە لە میانەی نووسینی وتارێک دا محمد بن سەلمانی بە پوتین شوبهاند. ناوبراو وردە وردە و بە سپایی بە ڕەسمیی کەوتە بەرەی ئیخوانییەکانەوە و ئەو پڕۆسەیەش کاتێک تەواو بوو کە دەگەڵ خانمە نووسەر و لێکۆڵەرێکی تورک ئاشنا بوو و پڕیاری هاوسەرگیری دەگەڵ دا و بوونە دەسگیرانی یەکتر . ئەو خانمە کە ناوی خەدیجەیە یەک لە ڕەخنەگران و دژبەرانی ئەنجومەنی هاوکاری کەنداو و کۆمکاری عەرەبیی و هەروەها داکۆکیکارێکی سەرسەختی سیاسەتەکانی دەوڵەتی تورکیا و قەتەر و بزووتنەوەی حەماس و هەموو ڕێکخراوەکانی سەر بە بزاڤی ئیخوانییەکانە . 

هەر لە یەکەم ڕۆژەکانی دیارنەمانی جەمال قاشوقچی و دواتر دانپێدانانی دەستەڵاتی سعودیی بە کوشتنەکەی لە ناو کۆنسوڵخانەی خۆیان لە ئیستەنبوڵ . تورکیا زۆر وەستایانە و شارەزایانە هەوڵیدا ڕووداوەکە بکاتە بیانوویەک بۆ درزخستنە نێوان پەیوەندییەکانی ئەمریکا و سعودیی بەڵکوو لەم ڕێگایەوە بتوانێ گوشار بخاتە سەر پاشایەتی ئالی سعود تا بەڵکوو لە کێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گشتی و سوریا بە تایبەتی واز لە هەندێ سیاسەتی پەیڕەوکراوی ئەم دواییەیان بهێنن کە بێگومان گرینگترینیان هاوکاریکردنی ئەمریکایە لە پڕچەککردن و پشتگیریکردنی کوردەکان لە سوریا . بێگومان تورکیا باش دەزانێ کە یەک لە هۆکارە سەرەکییەکانی سەرکەوتنی کوردەکان وەکوو هێزێکی چالاک و کاریگەر بەرامبەر داعش بێجگە لە ئازایەتیی و فیداکاری‌نواندنی خۆیان، هاوکاری سەربازیی ئەمریکا و پشتگیریی دارایی و لۆجەستیکی سعودییەکان بووە. 

تورکیا لەم کێشەیە دا زۆری هەوڵدا مەیلی ئەمریکاییەکان بەرەو لای خۆی ڕاکێشێت هەر بۆیە سەرەڕای ئەو کێشە و هەرایەی کە لە سەر قەشە ئەمریکییەکە دەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی تڕامپ دا هەیبوو و ڕازیی بە ئازادکردنیی نەبوو، لە ڕۆژەکانی زەقبوونەوەی کێشەی قاشوقچی دا لەپڕ ئازادی کرد بەڵکوو مەیلی ئەمریکا بۆ لای خۆی ڕاکێشێت .

تورکیا باش لەوە گەیشتووه کە هێز و کاریگەریی ڕووسەکان لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست سنووردارە و ئەوان تا ڕادەیەکی نەک زۆر، دەتوانن لە سەر ڕووداوەکان کاریگەرییان هەبێ ( وەکوو کێشەی عەفرین ) و دەستەڵات و هێزەکەیان لە چۆمی فورات ناپەڕێتەوە، هەربۆیە هەرچی هەیەتی و نییەتی دایناوە بۆ هەراجکردن لە پێناوی ئەوەی کە لە شیمالی سوریا دەستی باڵای هەبێ و نەهێڵێ کوردەکان قەوارەیەک سازبکەن بۆ ئەم مەبەستەش دەبێ هەموو هەوڵێک بدات بۆ دوورکردەوەی ئەمریکا و هاوپەیمانە ناوچەییەکانی کە گرینگترینیان سعودیی و ئیمارات و میسرن لە ڕۆژئاوای فورات.

جێبەجێکردنی پڕۆژە سیاسیی و فکرییەکەی ئەردۆغان، بەر لە هەموو شتێک بەستراوەتەوە بە کۆنتڕۆڵکردنی کێشەی کورد بەڵام نەک بە شێوازیی بەڕێوەبەرانی کەمالیست و سیاسەتی ڕەسمی پێشووی کۆماری تورکیا کە نکوڵیکردن و پاکتاوکردنی کوردەکان بوو لە هەر شوێنێک بەڵکوو ئەو هەوڵدەدات کێشەی کورد لە ڕێگای کۆنتڕۆڵکردنی لە لایەن کوردەکانی نیزیک لە خۆیەوە بکات و بۆ ئەم مەبەستەش لە هەر دوو پاڕچەکە هەوڵ دەدات ناسیۆنالیست- ئیخوانیستەکانی کورد بکاتە دەمڕاست و نوێنەری ڕاستەقینەی کێشەی کورد ( عەفرین لە ڕۆژئاوا و زۆنی زەرد لە باشوور ).بەم پێیە کێشەی کوشتنی قاشوقچی کردۆتە کراسەکەی عوسمان و ڕووداوەکە وەکوو دارێکی دووسەر زیڕین دەبێنێ کە لە لایەک بە گوشار خستنە سەر ئەمریکا و هاوپەیمانە عەرەبەکانی، ناچارییان بکات واز لە کوردەکان بهێنن و لە لایەکی ترەوە خۆی ئامادە بکات بۆ سەرکردایەتیکردنی جیهانی ئیسلامی سوننە دوای پەراوێزکەوتنی سعوودییەکان بەڵام ئەوەی ڕاستیی بێت بەرژەوەندییە ئابووری و سیاسییە ستراتژیکەکانی بەڕێوەبەرایەتیی ئەمریکا و پاشایەتیی سعودیی وەها چوونە دەباڵ یەکەوە و لێکتر گرێدراون کە دوور نییە دارەکەی تورکەکان لە دوو سەر زێڕەوە ببێتە دوو سەر پیسایی و دیسان خەونەکانیان وەدی نەیەت .

ئەمریکا بۆ زیاتر لاوازکردنی هەر سێ وڵاتی خاوەن هێژمۆنی و ئایدۆلۆژیا، پێویستیی بە هەبوونی هەر هەموویان هەیە و بۆ ڕاگرتنی باڵانس قەت یەکێکیان فیدای ئەوی تر ناکات هەر بۆیە مەحاڵه ڕێگا بدات ئەو هێزە ناوچەییانە ئەوەندە بەهێز بن کە سبەی ڕۆژ ببنە هێزی جیهانیی . لەم ناوە دا تورکیا هەوڵ دەدات لە ئەگەری سەرنەکەوتنی لە سیناریۆی یەکەم دا موشتەری تازە پەیدا بکات و لە ڕێگای ئەوروپا و ڕووسیاوە بۆ مەسەلەکە بچێت(کۆبوونەوە چوارقۆڵییەکەی ڕووسیا و تورکیا و ئەڵمانیا و فەرەنسا) و تەنانەت ئەگەر ناچار بێت هەوڵی زیندووکردنەوەی داعشیش دەدات ( هێرشی بەرفراوانی داعش بۆ سەر هێزەکانی سوریای دیموکرات لە دێرەزوور و هەروەها تۆپبارانکردنی کۆبانێ ). 

 

 

  • 1