ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

منەكان ئەو تێڕوانیە موڵك پەرستی و خۆپەرستیەیە كە هەرچی بەرژەوەندی هەیە لەدژی بەرژەوەندییە ئینسانییەكانی دیكە پەراوێز دەخات، منی نەتەوە كە بریتییە لەموڵكیەتی ناسیۆنالیستیانە و شوناسێكی دیاریكراو و قەوارەیەك كە لەجوغزێكی بچووكی ناوچەییدا جێگەی دەبێتەوە و ئەوانی دیكە دەسڕێتەوە، منی ئایینی ئەوەیە كە هەرچی باوەڕە بەناهەق و ناڕەوا تەماشا دەكات و خۆشی بەڕەوا، منێكی دیكە كە لەنێوان گشت و تاك هەیە و هەمیشە لە ڕەتكردنەوەی گشتدایە و گشتیش ڕەتكردنەوەی تاك بەناوی یاخی بوونی بێ‌ ماناوە، منێكی دیكە كە بریتییە لەكەسی باڵا، فەزایەك دەخوڵقێنن كە لەپێناو هەموو منە گشتییەكان دەبنە قوربانی منی باڵا كە ئیتر مانایەكی نامێنێ‌، كورد تائێستا سەرباری ئەوەی كە خاوەنی هەموو ئەم منانەیە، نازانێ‌ بۆ خاوەنی منی ڕەواداری نەتەوەیی خۆی نییە. 

یەكێك لەو منانەی كە ڕێگربووە لەیەكڕیزی و یەكدەنگی كوردەكان، ئەوەیە كە وەكو ژان ژاك ڕۆسۆ دەڵی "تاك ئیرادەی ڕاستەقینەی خۆی ڕادەستی كۆمەڵگە دەكات، ئیتر لێرەوە منە وەهمیەیكان دەستپێدەكات كە حالەتێكی دیاردەگەراییە و سەرەنجام گوتاری گشت دەنەخشێنێ‌ و جیاوازی دەكوژێت بەناوی جیاوازییەوە"، بۆ نموونە منی خێڵ و منی شێوەزار و منی بنەماڵە و منی خێزان و تادەگاتە منی خۆم، ئەم (من)ە نە ئەمیانە و ئەویان، واتە بەرزەخییەكە كە بەر لەهەر شتێك تاك دەكات بەقوربانی گشت، گشتێك كە دیسان تاكێك دەكاتەوە بەسەردار كە هەموو منەكان دەبنەوە موڵكی ئەو منەی كە بریتییە لەكوشتنی فەزای گشتی كە ویستەكە یەكسانیخوازییە و مافێكی ڕەوایە بۆ گشت، ئەگەر ئەم ڕەوایەتییە نەبێت، گەندەڵییەكی دیكەی سۆسیۆلۆژی دەخوڵقێ‌، دواجار سۆسیۆلۆژیست و سایكۆلۆژیستیش ناتوانن خوێندنەوە بۆ ئەو منە بكەن كە هەم تاك و هەم كۆمەڵگە ڕزگاریان نەبووە لەو وەهمە. 

ئەوەی كە ڕێگری گەورەی درووستكردووە لەبەردەم خۆ نەناسین لەئاستی مێژوویی و ئاستی دنیابینی و پێشكەوتنی كۆمەڵگە و تاكی كوردی بە نموونە، ترسە لەخۆ بینین و ڕەخنە لەخۆگرتنی تاك لەخود و لەكۆمەڵگە و سوننەتەكانی كە رۆژانە بە شێوەیەكی نێگەتیڤ كاری پێدەكات، رەخنەیە لەو فەزایەی كە دژایەتی گشت دەكات لەپێناو منێك كە بریتییە لەمنی ئایینەكەم و منی نەتەوەكەم و منی و خێڵەكەم و منی حزبەكەم و منی بنەماڵەكەم و منی خۆم، ئەم منانە جگە لەخۆپەرستی و سڕینەوەی كۆمەڵگەی مۆزائیك و فرەیی لەئاین و نەتەوە و كولتوور شتێكی تر نییە، بەڵام ئەم فەزا تایبەتە لەدەرەوەی ئەو فەزا گشتییەیە كە بەهای منەكان وەكو موڵكیەتێك بەنرختر نابینرێت، بەوپێیەی تاكی كوردی لەبەرانبەر ئەو منانەی كە پێشتر قوربانی بۆ داوە، چیتر ئەو نرخەی پێ‌ باڵانس ناكرێ‌ لەبەرانبەر بەرژەوەندییەكانی خۆی، ئەم حالەتە نێگەتیڤە ئێستا مۆدێكە كە منە بەهێز و بەهادارەكانی لەمنە بچووكەكاندا كورتكردۆتەوە، ئەویش خودی خۆیان و بەرژەوەندییەكانی خۆیان و كۆكردنەوەی موڵكییەت و خانەوادەی بەختەوەر و بڕوانامە و پوڵی زۆر و هتد بۆ قەوارەی خێزانی خۆیان، ئەلێرەوەیە كە بەهاپێدان بە منەكان ئەوەی لێبەرهەمدێت. 

لەدەرەوەی منەكان ئینسانی كورد، لەسەرەتادا هەمیشە بەدەوری منە باڵاكانەوەیە كە پێی وایە بەشێكە لەو موڵكایەتییە شەرعیانەی كە كۆمەڵگە ڕەواجی پێداوە، واتە موڵكیەتی كولتووری گشتی، ئەم تێڕوانینە وەهمیە بەهادارترە لەپاراستنی موڵكەكانی تر كە لەخود نزیك دەبێتە، چونكە ئەو فەزایەی كە تاكی داگیركردووە، ئاسایی ترە لەو موڵكیەتەی كە بەبێ‌ ئاگا دەكرێت بەموڵكی گشتی، مەبەست لەو نموونە باڵایەیە كە لەبری گشت بیردەكاتەوە وەكو بەرژەوەندخوازێكی سیحرباز لەگشت و لەوێشەوە بۆ بەرژەوەندی خود، بەڵام ئەوكاتە گشت دەسڕێتەوە كە هەم خەڵك بەگشتی و هەم تاك بێ‌ شوناسی ڕاستەقینەیە، بۆیە (من) دەبێتە وەهمێك بۆ ئەو منەی كە بەبێ‌ هەڵبژاردن دەبێتە سیمبولی گشت و نوێنەری گشت، ئەمە ئەوكاتە هەستپێدەكرێت كەموڵكیەت دابەشدەبێتە سەر گشت و تاك بەبێ‌ شوناس دەمێنێتەوە. 

ئەمە لەحاڵێكدا، (من) وەكو دوو جۆر لەموڵكیەت تەماشا بكەین، دەبینین ئەوەی كە لەڕاستایەكدا ئینسان دەكەوێتە بەرانبەر ئەویتر، یان دەكەوێتە نێوان ئارەزووی گشت و ئارەزووی خود، لەڕاستایەكی دیكەدا كە سیاسەت جێگۆڕكێی پێدەكات، (من) دەكەوێتە نێوان دوو وێنەی جیاواز، نموونەی ئەو حاڵەتە لەپرۆسەی هەڵبژاردندا هەستی پێدەكرێت، وەختێك كەسێك خۆی دەپاڵێوێ‌ بە مەبەستی بەرژەوەندییەكانی گشت و سەرەنجام بەهەر هۆكارێكی سیاسی یان تەكنیكی بێت دەچێتە تەلاری پارلەمان و خۆی دەوڵەمەند دەكات نەك نەتەوە و هەرێمێك بە یاسا بۆ بنچینەی دەوڵەت، ئیدی دەبێتە كارێكتەرێكی بەرژەوەندخواز كە بەرژەوەندی گشت لەبیر دەكات، سەرەنجام ئەو منەی كە مەبەستی گشتە، بەبێ‌ فۆڕمێكی ئاشكرا، دەبێتە خاوەنداری منەكان بەبێ‌ ئەوەی گشت منەكانی ڕادەستی تاكی خۆسەپێن بكات. 

  • 1