ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

بەشی دووەم

سیاسەتی وڵاتە زلهێزەكان تا ئێستا توانای چارەسەركردنی قەیرانەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نەبووە. قەیرانەكانیش رۆژ لە دوای رۆژ ئاڵۆز تر دەبێت، و ئاكامەكانی قوربانی مرۆیی و هەڵتەكاندنی بنیاتی ئابووری ئەو وڵاتانەیە. هۆكاری ئەمەش دەگەرێتەوە بۆ ئەوەی ئەو ناوەندانە كە نە خۆیان و نە دەهێلن گەڵانی ناوچەكە دەستنیشانی سروشتی قەیرانەكان و شێوازی چارەسەركردنی بكەن، كە بێ گومان ئەم كارەش پێویستی بە دیالۆگی بێ مەرجی ناوخۆیی گەلانی هەر دەوڵەتێكە، هاوكات لە گەڵ دیالۆگی بێ مەرجی دەوڵەتانی ناوچەكە لە گەڵ یەكتردا.

یەكێك لە هەرە قەیرانە مێژووییەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست قەیرانی دەوڵەتە، بەڵام وڵاتە زەلهێزەكان لە روانگەی كێشەی نێوان پێَكهاتە دەولەتییەكان مامەڵە لە گەڵ كێشەكان دەكەن، و قەیرانی ناوخۆیی خودی دەوڵەت لە نێو ئەو دەوڵەتانە و ئەو وڵاتانە فەرامۆش دەكەن و دەیانەوێ وەزعی ناوخۆیی ئەو وڵاتانە لە سنورێكی دیاریكراو كە بەرژەەندییەكانیان دەپارێزێت، بمێنێتەوە. دەوڵەت لەم ناوچەیەدا كە لە دوای شەڕی جیهانی یەكەمدا لەلایەن براوەكانی شەڕدا، درووستكراوە، و چ دەوڵەتێكی براوەش بەشداری زیاتر و قوربانی زیاتری لەو شەڕەدا داوە بریارەكان و دابەشكردنی سنوورەكان بە گوێرەی بەرژەوەندی ئەو بووە، بۆتە قەیرانێكی ناوخۆیی لە بازنەی هەر دەوڵەتێك كە بە ناو لە نەتەوە یەكگرتووكاندا خاوەن سەروەرییە. قەیرانی دەوڵەت لە عێراق و سوریا و لوبنان و یەمەن و تا ڕادەیەك لە توركیادا بە ڕوونی زەقە. ئەم قەیرانە بەندە بە بوونی شوناسی جیاواز لە یەكتر كە بە خورتی و زۆرەمڵی ناكرێ لە قەوارەی یەك سنووری دەوڵەتیدا كۆبكرێنەوە. شوناسە جیاوازەكان لە بواری نەتەوەیی و ئاینی و تایفەگەری و ناوچەییە، و ئەو شوناسانە كە هاوكاتە لە گەڵ نەبونی كەلتوری نا ناوەندی و نەبوونی پرۆسەی مودرینی سەرمایەداری، و سەروەری ناوەندێتی ڕەها لە حوكمرانی، نابێتە هۆی درووستبونی پەیوەندی بەهێزی شوناسەكان و تێكەڵبوون و ئامێتەبوونیان، و لە دووایشدا سەقامگیری بۆ ئەو پێكهاتە دەوڵەتییانە. ئەم قەیرانەش بێ دیالۆگی ناوخۆیی ئەو گەل و شوناس و پێكهاتانە لە سەر بنەمای ئاشتییەكی عادیلانە و قایل بوون بە یەكتر لەسەر بنەمای بریاردانی مافی چارەنوسی گەلان و ئیرادەی ئازادانەی پێكهاتەكان، چارەسەر ناكرێت.

یەكێك لە خاڵە سەرەكییەكان بۆ ئەوەی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی، و وڵاتە زلهێزەكان بتوانن كە هاوكاری سەقامگیری و ئاسایشی ناوچەكە و جیهان بن، باوەڕبوون و قایل بوونە بە مافی بریاردانی چارەنوسی گەلان، و تێكۆشانی گەلانی زۆرلێكراوە بۆ وەدیهێنانی ئەم مافە، و ناكرێ خەباتی گەلان بۆ ماف و ئازادی و دیموكراتی و عەدالەت بخرێتە خانەی تیرۆرەوە وەك ئەو بریارەی كە لەم دواییەدا حكومەتی وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا سەبارەت بە سێ سەركردەی پ.ك.ك، دەریكرد. هەرچەندە هەندێ لە شیكەرانی سیاسی پاساو بۆ ئەو بڕیارە دەهێننەوە كە گوایە مەبەستی حكومەتی ئەمەریكا رازیكردنی روكەشانەی حكومەتی توركیایە، و ونامەیەكە بۆ ئەوەی بڵێت پ.ی.د، لە رۆژئاوا جیاوازە لە پ.ك.ك، لە باكور، بەڵام ناكرێ ئەم بریارە لە روانگەی تومەتبارانی تەنها سێ كەس بە تریورەوە تەماشا بكرێت، چونكە بابەتەكە پەیوەندە بە تێكۆشانی گەلی كورد لە باكوردا، و ناكرێ تێكۆشانی گەلان لە پێناوی ماف و ئازادی و سەربەستی بە تیرۆر دابنرێت.

قەیرانی دەوڵەت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕستدا قەیرانێكی دیكەی لە گەڵ خۆیدا هێناوە، ئەویش قەیرانی دیكتاتۆری، و نەبوونی ئازادی و دیموكراتی و حوكمرانی باشە. هەر بۆیە دەبینین ئەم جۆرە حوكمرانانە بەردەوام لە قەیرانی ئابوری و مسۆگەر نەكردنی ژیانێكی پڕ كەرامەت بۆ جەماوەر، دان. تەنانەت لەو وڵاتانەش كە سەرچاوەی سەرەكی نەوت و گازە، ژیانی ئاسودەی بێ قەیران بۆ خەڵك دابین نەكراوە. بۆیە قەیرانی حوكمرانە دیكتاتۆرییەكان لە گەڵ قەیرانی ئابوری بەرخۆردا هاوتەبان و لەگەڵ یەكتردا دەژین، و چارەسەری دەسەڵاتدارانی ئەم ناوچەیەش كرانەوەی بازاڕ و قایل بوون بە ڕەچەتەی سندوقی دراو، و بانكی نێودەوڵەتییە بە ئاراستەیك كە هیچ ئەركێكی ئابوری و كۆمەڵایەتی دەوڵەت نەمێنێت، و سەرجەم چالاكی ئابوری بۆ مشەخۆرانی ناوخۆیی و حوكمرانە بیروكراتەكان كە وابەستن بە بەرژەوەندی وڵاتە زلهێزەكان تەرخان بكرێت. تێكرای ئەم ئاراستە سیاسییانە لە بەرژەوەندی جەماوەری زەحمەتكێشی ئەم پێكهاتە دەوڵەتییانە نین.

لەم هەلومەرجە ئالۆزەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا كە كوردستانی باشور گۆڕپانێكی ململانێی زلهێزەكانە، گەلی كوردستان پێویستی بە سەقامگیری سیاسی ناوخۆیی هەیە. ئەو سەقامگیرییە هۆكارێكە بۆ ئەوەی دامەزراوەكانی هەرێمی كوردستان وەك پەرلەمان و حكومەت كارابن، و بەهەمان شێوە سەقامگیری یارمەتیدەری بزاڤی جەماوەرییە و قورسایی بۆ كاری جەماوەری وداواكارییەكان دوور لە پۆپۆلیستی، زامن دەكات، و هەر ئەو سەقامگیرییەش یارمەتی یەك هەڵویستی گەلەی كوردستان و هێزە سیاسییەكانی بۆ مامەڵەكردن لە گەڵ هۆكاری نێودەوڵەتی لە ڕوانگەی بریاری نیشتمانی سەربەخۆ دەدات، و لەهەمان كاتدا زەمینە بۆ نزیكبوونەوە لە یەك هەڵوێستی سەبارەت بە مەسەلەی نیشتمانی كوردستانی، و هەنگاونان بۆ جێبەحێكردنی بریاری مافی چارەنووسی گەلی كوردستان، دابین دەكات.

 

  • 1